Tag Archives: Gotenburg

کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌رەجوانه‌کانی یۆتۆبۆری داهاتی چالاکییه‌ هونه‌رییه‌کانی به‌خشییه‌ نه‌خۆشخانه‌ی سۆزی ده‌روونی له سلێمانی

 

دیدی من ڕاگەیاندنی گشتیی کۆمەڵەی هونەرەجوانەکانی یۆتۆبۆری

 

 

ڕۆژی ٢٩\١٢\٢٠١٦، نوێنه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌کانی یۆتۆبۆری نه‌خۆشخانه‌ی سۆزی ده‌رونییان له‌ شاری سلێمانی به‌سه‌ر کرده‌وه‌، که‌ تاکه‌ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونییه‌ له‌ عێراقدا.

به ‌ئاماده‌بوونی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی نه‌خۆشخانه‌که‌، بڕی په‌نجاوحه‌وت هه‌زار و دووسه‌د و په‌نجا کرۆنیان وه‌ک دیاری به‌خشییه‌ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌، که‌ به ‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌که‌ توشی گرفتی چاره‌سه‌رکردن ببووەوە.

This slideshow requires JavaScript.

شایانی گوتنه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌ کۆمه‌کی مانگانه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌رەجوانه‌کانی یۆتۆبۆری  ‌و داهاتی چالاکییه‌ هونه‌رییه‌کانی له‌ وڵاتی سوید کۆ کراوه‌ته‌.

وه‌ک نه‌ریتی هه‌میشه‌یی کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌کانی یۆتۆبۆری، که ‌له‌ ڕابردوو کۆمه‌کی نه‌خۆشخانه‌ی هیوای کردووه،‌ له ‌ئایینده‌شدا ئه‌و یارمه‌تییه ‌به‌رده‌وام ده‌بیت و بڕیاره‌ هه‌ر یه‌که‌ له کۆمه‌ڵه‌ی که‌مئه‌ندامان و خانه‌ی بێسه‌رپه‌رشتانیش به‌ هه‌مان شیوه‌ هاوکاری بکرێن.

سێیەمین دیداری شانۆی کوردیی یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید به‌ڕێوه‌ ده‌چێت

دیدی من – ڕاگەیاندنی سێیەمین دیداری شانۆی کوردیی یۆتۆبۆری

ئاگەداری بۆ شانۆکارانی هەرچوارپارچەی کوردستان و هەندەران، کۆمەڵەی هونەرەجوانەکانی یۆتۆبۆری سێیەمین دیداری شانۆی کوردیی تایبەت بە مونۆدراما، لە رۆژانی و ٢٤-٢٥-٢٦-٣\٢٠١٧، لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید ساز دەکات.

کارە بەشداربووەکانی دیدارەکە لە لیژنەیەکی تایبەتەوە هەڵدەبژێردرێت، بفەرموون ئارەزوومەندانە بە پێشکەشکردنی داواکاریی بەشداربوون لە ڕێگەی ئەم ئیمەیڵەوە  isk.gbg2@gmail.com.

لە بەرواری ١\٢\٢٠١٧، دوا مۆڵەتە بۆ داواکاریی بەشداربوون، دوای ئەم بەروارە هەموو داواکارییەکان ڕەت دەکرێتەوە.

پێویستییەکانی بەشداربوون:

  • کارەکە لە شەست خولەک زیاتر نەبێت.
  • زانیاریی تەواو لە سەر ستاف و کارە شانۆییەکەی بنێردرێت.
  • بۆ هەر کارێک تەنیا ئەکتەر و دەرهێنەر بانگهێشتنامەی بۆ دەکرێت.
  • بانگهێشتنامەی ڤیزە بۆ کۆنسوڵخانەی سوید لە ئیران دەنێردرێت.
  • لە کاتی ڕەتکردنەوەی ڤیزەدا، کۆمەڵەکەمان بەرپرسیار نییە.
  • بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر و فۆڕمی بەشداربوون، پەیوەندی بکەن بەم ئیمه‌یڵ و ژمارەتەلەفۆنەوە:

      تەلەفۆن: 0046707405717       ئیمه‌یڵ: isk.gbg2@gmail.com

سینەماکارانی کورد لە سێیەمین ڤێستیڤاڵی فیلمی کوردیی یۆتۆبۆری رێزیان لێ گیردرا

 

دیدی منبەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی یۆتۆبۆری

ڕێوڕەسمی کۆتایی سێیەمین خولی ڤێستیڤاڵی فیلمی کوردیی یۆتۆبۆری بە ئامادەبوونی دڵشاد ئەحمەد سەرۆکی فێستیڤاڵەکە و سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، لاگێ بیۆرک بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، پیتێر ئۆلف سەرۆکی دەزگای ABFی شاری یۆتۆبۆری، شوان عەتووف ئەکتەری ناوداری کورد، د. دڵشاد مستەفا دەرهێنەر، ئەکتەر و سەرۆکی بەشی تازەدامەزراوی سینەمای کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، شەماڵی عەبەڕەش ئەکتەری ناوداری شانۆ، شادان فوئاد ئەکتەری بەئەزموونی شانۆ، د. رێبوار سەعید ڕاگری کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، عومەری کەریم ئاغا ئەکتەری بەئەزموونی باشووری کوردستان، بەکر فەرەج بەڕێوەبەری وێنەگرتن، ئاسۆ جەماڵ موختار دەرهێنەر، هەروەها و کۆمەڵێک لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوید، لە  لە شاری یۆتۆبۆریی لە وڵاتی سوید بەڕێوە چوو، کە سینەماکارانی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە بەرهەمە کورت و درێژە سینەماییەکانی خۆیان بە پێشکەش کردنی چوارچێوەی شانازیی رێزی تایبەتیان لێ گیردرا.

لەم رێوڕەسمەدا و لە بەشی بەرهەمە سینەماییەکاندا، چوارچێوەی شانازیی فێستیڤاڵەکە بە فیلمی سینەمایی کوێستانی قەندیل لە دەرهێنانی سینەماکاری کۆچکردووی کورد تەها کەریمی بەخشرا، کە شەماڵی عەبە ڕەش، ئەکتەری شانۆی باشووری کوردستان و دانیشتووی وڵاتی بەڕیتانیا بە نوێنەرایەتی لە بنەماڵەی ئەم هونەرمەندە کوردە ئەم خەڵاتەی وەرگرت.

د. دڵشاد مستەفا دوای ڕێزلێنانی فێستیڤاڵەکە لە تەها کەریمی، سەبارەت بەم سینەماکارە کۆچکردووە کوردە گوتی: ”یەکێکی دیکە لە بەدبەختییەکانی ئێمەی کورد ئەوەیە کە کەسە داهێنەرەکانمان زۆر جار بە زووترین کات و بە خێرایی ئەو دونیایە بەجێ دەهێڵن و یەکێک لەوانە تەها کەریمی بوو. تەها کەریمی هونەرمەندێکی چوست و چالاک و لێهاتوو و بەتوانای کورد بوو، کە خەونی زۆر گەورەتری هەبوو کە ئێمە بەرهەمە کورت و درێژە سینەماییەکانیمان بینیوە. خەونی تەها کەریمی خەونی بەدیهێنانی سینەمای کوردی بوو، کە بتوانێت مۆر و شوناسێکی کوردانەی هەبێت و بەو مۆر و شوناسەوە بڕواتە دونیای ئەوانی دیکەوە. بەڵام جێی داخە تەها بە کارەساتێکی دڵتەزێنی ئۆتۆمبێلەوە لە شاری سلێمانی دونیای بەجێ هێشت و نەیتوانی خەونەکانی بێنێتە دی.”

گوتیشی: ”بە دڵنیاییەوە ئەگەر تەها لەم دونیایە بوایە بەرهەمی زۆر جوانتر و لاوازەترمان لێ دەبینی، هیوادارم ڕۆحی تەها بە هەموو یادکرنەوەکانی شاد بێت.”

هەروەها چوارچێوەی شانازی بە فیلمی سینەمایی عاشقەکان بە پێوە دەمرن لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد شەهرام مەسلەخی بەخشرا، کە شوان عەتووف ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە ئەم خەڵاتەی بە نوێنەرایەتی لە دەرهێنەر وەرگرت.

هەر لەم بەشەدا رێز لە فیلمی سینەمایی مناڵانی دیاربەکر لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد میراز بێزار لە شاری ئامێد گیرا، کە هەڤاڵ بایرام بە نوێنەرایەتی لە دەرهێنەر ئەم خەڵاتەی وەرگرت.

لە بەشی کورتەفیلمەکانی فێستیڤاڵەکە، چوارچێوەی شانازیی ئەم فیستیڤاڵە بە کورتەفیلمی ماڵی سپی لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد ئەرەستوو مەفاخیری و بە  ڕۆڵبینینی ئەکتەری کورد شیما مولایی بەخشرا، کە مەنسوور جیهانی، رۆژنامەنووسی سەربەخۆی سینەمایی خەڵاتەکەی بە نوێنەرایەتی لە دەرهێنەری سنەیی ئەم کورتەفیلمە کوردییە وەرگرت.

هەروەها چوارچێوەی شانازیی ئەم فیستیڤاڵە بە کورتەفیلمی ئاوێنە ڕەنگبزڕکاوەکان لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد سالم سەڵەواتی لە شاری سنە بەخشرا، کە مەسعوود یۆسفی ئەکتەر و دەرهێنەری کوردیی دانیشتووی وڵاتی سوید، بە نوێنەرایەتی لە دەرهێنەر ئەم خەڵاتەی وەرگرت.

چوارچێوەی شانازیی فێستیڤاڵەکە بە کورتەفیلمی وڵاتی ونبوو لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد هەوراز محەمەد لە باشووری کوردستان بەخشرا، کە هیوا جاف لە ئەندامانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری ئەم خەڵاتەی بە نوێنەرایەتی لە درەهێنەر وەرگرت.

هەروەها چوارچێوەی شانازیی ئەم فیستیڤاڵە بە کورتەفیلمەکانی کوڕانی چیا و کاتژمێر 14:36 و 22:8 لە دەرهێنانی هاوبەشی ژیرۆ ئاگا هەستیار و فریدریک کارلسۆن بەخشرا، کە خەڵاتەکەیان لە لاگێ بیۆرک بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری وەرگرت.

سێیەمین خولی ڤێستیڤاڵی فیلمی کوردیی یۆتۆبۆری بە سەرۆکایەتیی دڵشاد ئەحمەد سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری و بە هاوکاریی دەزگای ABFی شاری یۆتۆبۆری و هاندەریی هونەرمەندان و بەرهەمە هونەرییەکانیان، بە سەرۆکایەتیی پیتێر ئۆلف سۆن و بە نماییشی بەرهەمی سینەماکارانی کورد لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و بە نماییشی بەرهەمی فۆتۆگرافی هونەرمەندانی کورد ناسح عەلی خەیات، بابان ساڵح، هۆشمەند هەڵگورد و هونەرمەندی سویدی لاگێ بیۆرک لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.

This slideshow requires JavaScript.

فۆتۆ: مەنسوور جیهانی

سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید دەستی پێ کرد

 

دیدی من – بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی یۆتۆبۆری

   

ڕێوڕەسمی دەسپێکردنی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی یۆتۆبۆری بە ئامادەبوونی دڵشاد ئەحمەد سەرۆکی فێستیڤاڵەکە و سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، لاگێ بیۆرک بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، پیتێر ئۆلف سەرۆکی دەزگای ABFی شاری یۆتۆبۆری، شوان عەتووف ئەکتەری ناوداری کورد، د. دڵشاد مستەفا دەرهێنەر، ئەکتەر و سەرۆکی بەشی تازەدامەزراوی سینەمای کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، شەماڵی عەبەڕەش ئەکتەری ناوداری شانۆ، شادان فوئاد ئەکتەری بەئەزموونی شانۆ، د. رێبوار سەعید ڕاگری کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، عومەری کەریم ئاغا ئەکتەری بەئەزموونی باشووری کوردستان، بەکر فەرەج بەڕێوەبەری وێنەگرتن، ئاسۆ جەماڵ موختار دەرهێنەر، هەروەها و کۆمەڵێک لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوید، سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی یۆتۆبۆری بە دروشمی سینەما و دیدی نەتەوە لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید دەستی پێ کرد.

3min-xoli-festivali-filmi-kurdi-yotubori-la-wlati-sweed-dasti-peykrd-1

لە سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمەدا کە بە پێشکەشکاریی کەماڵ هەڵویست و ڕێبین رەشید بەڕێوە چوو، لاگێ بیۆرک گوتی: ”فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانیم لە نزیکەوە بینی و لە ڕاستیدا زۆر حەزم لێ کرد و کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری بە نیازە کە لەگەڵ ئەم فێستیڤاڵە هاوکاری بکات و لە داهاتوودا هەڵسوکەوتی فەرهەنگی و چالاکیی هونەریی زیاتر لەگەڵ یەکتری دەکەین، هەر بەم هۆیەوە سێ فیلمی براوەی سەرەکی ئەم فێستیڤاڵەمان بۆ بەشداری لە سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی یۆتۆبۆری بانگهێشت کرد تاکو ئەم فیلمانە لێرە نماییش بکەین.”

گوتیشی: ”هونەر و بەتایبەت سینەما و شانۆ، رۆڵی ئێجگار زۆر گرنگ و کاریگەریان لە نەهێشتنی توندوتیژی و هەروەها بەرەنگاربوونەوەی و بەتایبەت هێورکردنەوەی تیرۆر هەیە و فەرهەنگی جیاوازی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی دونیا یەکێک لە جوانترین و گرنگترین وێنە جوانەکانی ئەم جیهانەی بەدی هێناوە.”

لە درێژەی دەستپێکی فێستیڤاڵەکەدا، پیتێر ئۆلف سۆن گوتی: ”ئێمە لەم کۆمەڵەیە لە هونەرمەندان و بەرهەمەکانیان پشتگیری دەکەین و هیوادارین کە رێژەی ناوەندە هونەرییەکانی وەک کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری لەوە زیاتر بێت، کە لە ڕاستیدا یەکێکە لە نموونە سەرکەوتووەکان لەم بوارەدا کە ئێمە لەگەڵیان هاوکاریی بەردەواممان هەیە و بێگومان لە داهاتووشدا درێژە بەم هاوکارییە دەدەین.”

3min-xoli-festivali-filmi-kurdi-yotubori-la-wlati-sweed-dasti-peykrd-12

گوتیشی: ”ئێمە نزیکەی سێ ساڵە کە لەگەڵ فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی یۆتۆبۆری هاوکاری دەکەین و یەکێکە لە فێستیڤاڵە سەرکەوتوو و بەرچاوەکان لە شاۆی یۆتۆبۆری کە هیوادارین ساڵ بەدوای ساڵ بەرەو پێشەکەوتن بە خۆیەوە ببینێت.”

لە بەشێکی دیکەی ئەم رێوڕەسمەدا، دڵشاد ئەحمەد گوتی: ”لەم دۆخەی دونیای ئێمە پێیدا گوزەر دەکات رەنگە سانا نەبێت لە توانای بەرهەمهێنانی جوانی بکەینەوە، جوانییەک بتوانێت گوزارشت لە دیدێکی مرۆیانە بکات و هەوڵێک بێت بۆ وروژاندنی پرسیارگەلێکی زیندوو، کە زەینی چەند نەوەیەکی داگیر کردووە. پرسیارگەلی شێوەی لەم سەردەمی جیهانگیری و تێکەڵاوبوونی کلتوورانەدا ئێمە لە کوێی گوتاری نەتەوەییداین؟ ئایا ئەم سەردەمە سەردەمی زیندووکردنەوەی دیدێکە بە ئاراستەی بیرکردنەوە لە قەوارەی گەلێکی بێ دەوڵەت؟”

گوتیشی: تایبەتمەندتر دەتوانین لەمیانەی دیداری فیلمەوە بپرسین ئاخۆ سینەما وەک نێوەندێکی فرەهەستەوەر و گرنگ لە کوێی پرسەکانی ئێمەدایە؟ ئایا ئێمە دەتوانین فیلم بکەینە ئامڕازێک بۆ بەرهەمهێنانی دیدێکی نوێ کە دەیەوێت لە ناو دنویای نوێدا جێی خۆی بکاتەوە؟ دیدێک گوزارشت لە خواستی تۆلێرانس و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بکات لەم رۆژگارەی تیرۆر وەک ڕمۆزن چووەتە وردترین جومگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییەوە.”

3min-xoli-festivali-filmi-kurdi-yotubori-la-wlati-sweed-dasti-peykrd-10

سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری ئەوەشی خستە ڕوو: ”هەڵبژاردنی هونەر بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە لەوێوە دێت کە هونەر رێگەیەکی ئاسانتر و کاریگەرترە بۆ گەیشتن بە دونیای ئەوانی دی، وەک لە زۆری تر لەو لەو رێگەیانەی بەربەستی فرەیان لە بەردەمدا قوت دەبێتەوە. هونەر دەتوانێت وێنەکانی واقع بگوێزێتەوە و وەرگر بهێنێتە سەر ئەو بڕوایەی ئەوەی ئەو پیشانی دەدات هەقیقەتە و هەموو شتێک لە دەرەوەی ئەو کایەیە درۆیەکی ڕووتە. هونەر فاکتەرێکی کاریگەری گواستنەوەی یادەوەری و مێژووە و دەتوانێت دونیا ڕووبەڕووی وێنەکانی خۆی لە هەر سەردەمێکدا بکاتەوە. فیلمە هەڵبژێردراوەکانی ئەم دیدارە هەروا لامسەلایی نەهاتوون، بەڵکو بەو ئاڕاستەیە کار بۆ کۆکردنەوەیان کراوە کە ببنە بەشێک لە گەیاندنی ئەو گوتارەی خودی دیدارەکە دەیەوێت ئاڕاستەی دونیای بکات.”

لە کۆتایی قسەکانیدا راشی گەیاند: ”سێیەم دیدار بە دروشمی سینەما و دیدی نەتەوە بەرێوە دەچێت، کە بە هەموو پێودانگەکان دەبێت لە ئێستای ئێمەدا سینەما ئەرکی وێناکردنی دونیای کورد لە ئەستۆ بگرێت، وێنەیەک لەم گەردوونە فراوانەدا پێگەیەکی شاییستەمان بۆ فەراهەم بکات. ئومێدی گەورەمان لەسەر ئەو ستراتیجە هەڵچنیوە و چاوەڕوانیی زۆریشمان لێی هەیە.”

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمی دەسپێکردنی فێستیڤاڵەکەدا، ئەندامانی گروپی موزیکی نەوا، کە لە هونەرمەندانی کوردی شارە جۆراوجۆرەکانی کرودستان پێک هاتبوون، هاتنە سەر تەختەی شانۆ و لە سەرەتا بە دەنگی هەڵبەست دیلان، یەکێک لە بەستە ڕەسەنەکانی مامۆستای نەمری کورد محەمەد ساڵح دیلان پێشکەش کرا و پاشان گۆرانیی هەی نار بە دەنگی هونەرمەندی کرماشانی فەریبورز کەرەمی ئاڕاستە ئامادەبوان کرا.

3min-xoli-festivali-filmi-kurdi-yotubori-la-wlati-sweed-dasti-peykrd-14

لە درێژدەدا فێستیڤاڵەکە بە نماییشی کورتەفیلمی زەویی ونبوان لە درهێنانی سینەماکاری کورد هەوراز محەمەد دەستی پێ کرد و لە پاشان فیلمی سینەمایی عاشقەکان بە پێوە دەمرن لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد شەهرام مەسلەخی و لە ڕۆڵبینینی ئەکتەری ناوداری کورد شوان عەتووف و چەندین ئەکتەری ناوداری ئێرانی لەوانە سرووش سیحەت، لەعیا زەنگەنە و پووریا پوورسورخ نمایی شکرا، کە لە لا یەن بینەرانەوە بە گەرمی پێشوازیی لێ کرا.

لە درێژەی بەرنامەکانی فێستیڤاڵەکە و لە رۆژی دووەمیدا، کورتەفیلمەکانی کوڕانی چیا و کاتژمێر 14:36 و 22:8 لە دەرهێنانی هاوبەشی ژیرۆ ئاگا هەستیار و فریدریک کارلسۆن و هەروەها کورتەفیلمی ئاوێنە ڕەنگبزڕکاوەکان لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد سالم سەڵەواتی نماییش کران و پاشان فیلمی سینەمایی مناڵانی دیاربەکر لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد میراز بێزار چووە سەر پەردەی سینەما.

هەروەها لە سێیەمین رۆژی ئەم فێستیڤاڵەشدا فیلمی سینەمایی کوێستانی قەندیل لە دەرهێنانی سینەماکاری کۆچکردووی کورد تەها کەریمی نماییش دەکرێت و پاشان کورتەفیلمی ماڵی سپی لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد ئەرەستوو مەفاخیری و بە  ڕۆڵبینینی ئەکتەری کورد شیما مولایی پێشکەش دەکرێت.

سەرجەم داهاتی فرۆشی بلیتەکانی ئەم فێستیڤاڵە  پێشکەش بە نەخۆشخانەی سۆزی دەروونیی تایبەت بە خانمان دەکرێت لە شاری سلێمانی.

فۆتۆ: مەنسوور جیهانی