Tag Archives: Theater

دەربارەی پانێڵی سینۆگرافیا لە فێستیڤاڵی سلێمانی بۆ دەقی شانۆی کوردی

دیدی من

مەولان حەمەدەمین

لە پانیلی سینۆگرافیا لە ڤیستیڤالی سلێمانی بۆ دەقی شانۆی کوردی، چەند سەرنجێکم بۆ دروست بوو، کەوا جێگەی تێرامانێکە، ناتوانین ھەڵەیەک و ناتێگەیشتنێک ھەبێت بەسەریدا ڕەت بین و لێکۆلینەوەی بۆ نەکەین. بزانین ھۆکارەکان چین، بە یەک زمان گفتو گۆ بکەین، تێکنەگەین گەر باس بێتە سەر پانێلەکە، ئەوا بێگومان زۆر چاک و پرزانیاری دروست و جوان بوو لە لێھاتوویی خۆیان باسەکەیان کورت کردەوە، گەرچی توانای چەند سەعاتێکی تر مانەوە لەسەر باسەکەیان ھەبوو، لە بەرانبەریشدا گوێگریش بە ھەمان نەفەس لە گوێگرتندا بوون، کێشەیان لە تێگەیشتن و مانەوەدا نەبوو، بەڵکو توانای مانەوەی زیاتریشیان ھەبوو.

پۆستەری فێستیڤاڵ

باشە، کە ئێمە لە دەربرین و دەرخستنی زانیارییەکان و گوێگرتن و تێگەیشتن کێشەمان نەبێت، ئەی بۆچی نماییشەکانمان پر لە ھەڵەی سینۆگرافیایە؟ ئەوەی ئەم پرسیارە وەلام دەداتەوە، پرسیارێکی ترە، کە بە کۆمەڵ دەیانپرسی پێناسێکی دروستی سینۆگرافیامان دەوێت، بۆ زیاتر چەسپاندنی شرۆڤەکان، پێویستە پێداچوونەوەیەک بۆ ھەڵەکان بکەین، وەک توێژینەوەیەک بیخەینە بەرباس، بەدوای ئەو ھۆکارانەدا بگەڕێین کە ھەڵەکانی پێ ئەنجام دەدەین. بەگشتی تاکی ئێمە ھەمیشە بەدوای کورتکردنەوەی شتەکانەوەیە، حەز دەکەین بۆ ھەر شتێک چەند وشەیەک پێناس بێت، وەک ئەوەی بڵێین دەرھێنەر واتا ”سید العمل”، لە ھەڵگرتنی شرۆڤەی زۆر بۆ ئەم چەمکە وای کردووە پەرتبوونێک دروست بێت لە کاتی کاری دەرھێناندا، دەرھێنەر بە ئاسانی خۆی بۆ کۆ نابێتەوە و پێچەوانەی ماناکەی ئاڕاستەیەک وەردەگرێت، بۆیە بەگشتی بەدوای پێناسێکی تر یان لە کورتکراوەی ویستی ئەواندان داوای دەکەن ئێمە لە تێگەیشتنی ئەم چەمکەدا کێشەمان نییە، کێشەمان لە بیرکردنەوەیە لەم چەمکەدا لە کاتی کارکردندا، کە جۆری بیر کردنەوەمان ھەڵەی تێدایە و دەبێت ئێمە عەقلی یەکتر بخوێنینەوە، کەسی بەرانبەر ھەرگیز دان بە ھەڵەدا نانێت لەبەر ئەوەی بەھەڵەی نازانێت و گەر بیزانیایە ھەڵەیە، بێگومان خۆی نەدەخستە ناو ھەڵەوە، بۆیە دەبێت بەدوای ئەو ھۆکارانەدا بگەڕێین کەوا لە بیر کردنەوەدا بەر یەک دەکەوین.

ئەوەی من سەرنجم داوە، سێ جۆر بیرکردنەوە ھەیە، کەوا دوانیان ھەڵە دروست دەکەن: یەکێکیان دەکەوێتە سەر ھێلێکی دروست، ئەو کاتەی دەرھێنەر بیر لە شوێنێکی ڕازاوە بۆ نماییش دەکاتەوە، بۆ ئەوەی نماییشی تێدا بکات، واتا ئەو شوێنەی لە خەیاڵیدایە ھەولی نماییشی بۆ بدات (شوێنێکی ڕازاوە). مەبەستم لەم وشەیە، ھەمان ڕازاندنەوەی شوێنێکە بۆ ئاھەنگ یان بۆ ھەر بۆنەیەکی تر، لەبەر ئەوەی پەیوەندیی تۆکمەی بە نماییشەوە نابێت، بۆچی دەکەوێتە بازنەی ھەڵەی سەرەتا دەبێتە ھۆی ئەوەی دیالۆگ بەسەر شێوە و ژمارە و چۆنێتیی دیکۆر و شوێنەکە دابەش بکرێت بۆ ئەوەی ئەم شوێنەی ڕازینراوەتەوە بۆ نماییش، ھەولی دیارخستنی بۆ دەدرێت، بینەر دەخرێتە حاڵەتی چاوەڕوانییەوە، تا بزانێت چیتر ماوە بەکار بێت لە سەر تەختە یان چ شتێکی پێشبینینەکراوی تر ماوە بیبینێت، بڕبڕەی پشتی کارە ھونەرییەکە دەبێت بە سینۆگرافیا و لەوێدا ئەکتەرەکان ون دەبن لەژێر ڕۆشنایی زاڵی سینۆگرافیادا و وەک ئامێرێکی بەکارھاتووی نێو سینۆگرافیاکە دێنە ھەژمار. ئەوی تریان بیرکردنەوەیە لەوەی چۆن نماییش بڕازێنینەوە بەشوین واتا پێچەوانەی خاڵی یەکەمدا، کەوا سەرەتا شوێنی ڕازاوە بۆ نماییش ھەڵدەبژێرن. لێرەدا نماییش ئامادە دەکرێت، پاشان ھەوڵی ڕازندنەوەی شوێنی نماییش دەدرێت، واتا زیاتر بۆ بە گەورەپیشاندانی نماییشە نەوەک خزمەتکردن. بەھەمان ئاست ھەڵەیە تەختەی شانۆ پڕ بکرێتەوە لە چەندین کەلوپەلی ناپێویست و بەکارنەھاتووی نێو نماییشەکە. لێرەدا ئەکتەر دەکەوێتە حالەتێک بە جلوبەرگ و بە نواندن کەسایەتیی دیاریکراوی ھەبێت، بەڵام لە ڕووی شوێنەوە ژینگەیەکی جیاوازی دەبێت و دەکەوێتە خاڵێکی بەتاڵ، ھەمیشە بەشوین خۆیدا دەخولێتەوە، بۆیە دەبینین لەم ئاڕاستە پێچەوانەی بیرکردنەوەدا، ڕەنگدانەوەی بەسەر ھەموو بەشەکانی تری سینۆگرافیادا دەبێت، خۆی بۆ ڕاست نابێتەوە، وەک ڕووناکیی شانۆ، مەبەست لێی ڕووناککردنەوەی شانۆیە، کەچی بۆ تاریککردنی شانۆ بەکار دێت، دەکرێت ساتی تاریکی بۆ مەبەستی دیاریکراو یان بەکارھێنانی ڕەنگ وەک دەرخستنی کەشی گشتی و تایبەتی کارەکتەرکان بێت، بەڵام کاتێک ئەکتەر بە بەردەوامی لە تاریکیدا دەمێنێتەوە یان لە کاتی دیالۆگی ڕاستەوخۆی لەگەل ئەکتەری بەرانبەردا مەودا و زەمانیان یەکسانە، کەچی دەکەونە ناو دوو بازنەی ڕووناکیی جیاواز لە یەک، دادەبڕێن وەک دوو جیھانی جیاواز، ھەمان ئاڕاستەی پێچەوانە لە بیرکردنەوە ڕەنگدانەوەی بەسەر کاریگەریی دەنگییەکانیشەوە دەبێت. یەکێکی تریان ئاڕستەی دروستە، کەئەو کەسانەن کەوا بیر دەکەنەوە ئەو شتانەی وابەستەی نماییشن، لە پێکھاتەی دەقن و ناتوانن خۆیانیان لێ دەرباز بکەن، دەیھێلنەوە، خۆیان ڕزگار دەکەن لەو شتە زیاد و بێکەڵکانەی خزمەت بە نماییشیان ناکات. بە کورتی وا بیر ناکەنەوە چ شێوەیک بۆ پڕوژەکەیان ھەڵببژێرن یان چ شتێک جوانە بیکەن، بەڵکو تەنها وا بیر دەکەنەوە چ شتێک ناشیرینە تا نەیکەن، گەر وابوو ئەوەی بیکەیت دروستە و جوانە.

دەرهێنەری ئێرانی ئەمین بەهرۆزی شانۆییی ڕۆژانی بێ باران دەباتە تەبلیسی

دیدی منتەهران تایمز

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال


دەرهێنەری ئێرانی ئەمین بەهرۆزی، پلانی داناوە بۆ نماییشکردنی شانۆییی ڕۆژانی بێ باران، کە لە ئێستادا لە هۆڵی سایەی تاران نماییش دەکرێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا بباتە شاری تەبلیسی.

بەهرۆزی ئاشکرای کرد کە شانۆییەکە لە لایەن کاستێکی ئێرانی و جۆرجیایییەوە لە شانۆی گڵۆب نماییش دەکرێت. ئەم گروپە لە لایەن دەرهێنەری جۆرجیایی ساندرۆ مرێڤلیشڤیلی بانگهێشت کراون، ئەمیش شانۆیییەکەی لە مانگی شوباتدا لە ٣٤ـهەمین خولی فێستیڤاڵی فەجری تاران‌ـدا بینیووە.

بەهرۆزی سەردانی شانۆی گڵۆب‌ـی کردووە بۆ دیاریکردنی کاستی شانۆیییەکەی.

ئەو دەڵێت: “شانۆییی گڵۆب کە کەسانی زۆر شارەزا و ئەندام و گروپی زۆر پڕۆفیشناڵی تێدایە، ئامادەکاریی زۆر باشیان کردووە بۆ نماییشکردنی شانۆیییەکە.”

هەروەها دەڵێت: “لە یەکەم سەردانمدا، چاوم بە هەندێک لە ئەندامەکان کەوت و کۆمەڵێک مەشقی سەرەتایییمان ئەنجامدا.”

ئەو گوتی کە ئەکتەرە جۆرجیایییەکان زۆر گونجاون لەگەڵ شانۆیییەکەدا: “چەند جارێک شانۆیییەکەیان خوێندبووەوە پێش ئەوەی چاوم پێیان بکەوێت.”

بەهرۆزی دەڵێت کە ئەو پەیوەندییەکی زۆر باشی هەیە لەگەڵ ئەندامی کاستە جۆرجیایییەکەدا و توانایان هەیە کە لە شانۆیییەکە تێبگەن، هەرچەندە شانۆیییەکە پڵۆتێکی لۆکاڵیی هەیە.

شانۆییی ڕۆژانی بێ باران باس لە پوریا دەکات، کوڕێکی گەنج لە کێشەی ئەوەدا دەژی کە نازانێت لە نێوان نەشتەرگەریی سەری، کە ڕەنگە کاریگەریی هەبێت بۆ سەر یادەوەرییەکانی، یاخود   ژیانێکی کەم لەگەڵ ئەویندارەکەیدا و بە هەبوونی هەموو یادەوەرییەکانی ئەو پەیوەندییەی هەیبووە کامیان هەڵبژێرێت.

پینتەر، نووسەری زمانی چیا

دیدی من– وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

هارۆڵد پینتەر (١٩٣٠-٢٠٠٨) شانۆنامەنووس، سیناریۆنووس، دەرهێنەر و ئەکتەری بەڕیتانیی خاوەن خەڵاتی نۆبڵە. یەکێکە لە بەناوبانگترین درامانووسەکانی بەڕیتانیای نوێ، ئەو توانی بۆ ماوەی زیاتر لە ٥٠ ساڵ دراما بنووسێت. لە بەناوبانگترین شانۆنامەکانی پینتەر بریتین لە ئاهەنگی جەژنی لەدایکبوون (١٩٥٧)، گەڕانەوە بۆ ماڵ(١٩٦٤)، خیانەتکار(١٩٧٨).

دەرکەوتنی پینتەر وەک شانۆنامەنووسێک لە نووسینی شانۆنامەی ژوور (١٩٥٧)ـەوە، دەست پێدەکات. شانۆنامەی دووەمی ئاهەنگی جەژنی لەدایکبوون لە پاش هەشت نماییش وەستێنرا، بەڵام لەلایەن ڕەخنەگری بەناوبانگ هارۆڵد هۆبسن ەوە لەبارەیەوە نووسرا. کارە شانۆیییەکانی سەرەتای ئەم شانۆنامەنووسە بە کۆمیدیای هەڕەشە ئامێز دادەنرێن، بەڵام کارەکانی وەکو خاکی بێ خاوەن و خیانەتکار وەک شانۆنامەی یادەوەری ناسراون. پینتەر زیاتر لە ٥٠ خەڵات و ڕێزلێنانی وەرگرتووە لە نێویاندا لە ساڵی ٢٠٠٥ خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەب پێبەخشرا.

پینتەر پاش ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠١ تووشی شێرپەنجە دەبێت، بەڵام بەردەوام دەبێت لە نماییشکردنی شانۆیی هەم وەک ئەکتەر و هەم وەک دەرهێنەر. دواهەمین نماییشی پینتەر لە ساڵی ٢٠٠٦ دەبێت، کە بریتییە لە دواهەمین شریتی کراپ_ی ساموێل بیکێت. ئەو لە ساڵی ٢٠٠٨ بەهۆی شێرپەنجەی جگەرەوە گیان لەدەست دەدات.

21pint_CA0.600

جگە لە دەرکەوتنی وەک شانۆنامەنووسێک، پینتەر  وەک نووسەرێکی سیاسی و چالاکوانی مەدەنیش کاری کردووە. ئەو لە کۆتا ٢٥ ساڵی تەمەنیدا زیاتر لە بارەی کێشە سیاسییەکانەوە نووسین و چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە. ئەو فەرمانبەر دەبێت لە دەزگای پێن و لەگەڵ شانۆنامەنووسی ئەمریکی، ئارسەر میلەر، لە ساڵی ١٩٨٥ سەردانی تورکیا دەکەن تاوەکو لە ڕەوشی نووسەرە زیندانییەکان بکۆڵنەوە. لەوێ زیندانییەکان و خێزانیەکانیان دەبینێت. هەموو ئەم سەردانە و ئەو زانیارییەی پینتەر لەم سەردانەدا دەستی دەکەوێت لە ساڵی ١٩٨٨ شانۆیی زمانی چیا_ی پێدەنووسێت.

پینتەر بە هەموو شێوەیەک لە دژی جەنگی کەنداو دەبێت، هەروەها دژی کەمپینی ناتۆ دەبێت بۆ بۆمباراکردنی یوگوسلاڤیا لە جەنگی کۆسۆڤۆدا. ئەو دژی جەنگی ئەفغانستان و داگیرکردنی عێراقیش دەبێت. پینتەر سەرۆک وەزیرانی بەڕیتانیا تۆنی بلەیر بە گەمژە ناودەبات و کارکردنی سەرۆکی ئەمریکاش، جۆرج بۆش، بەراورد دەکات بە کارکردنی نازییەکانی ئەڵمانیا.

Harold-Pinter-photo

لە ئۆکتۆبەری ٢٠٠٥دا، ئەکادیمیای سویدی ئاشکرای کرد، کە بڕیاریان داوە خەڵاتی نۆبڵی ئەو ساڵە بۆ ئەدەب پینتەر وەریبگرێت. ئەکادیمیای سویدی لەبارەی کارەکانی پینتەرەوە گوتیان: “ئەو لە شانۆنامەکانیدا شتێک لە چەنەبازییەکانی ژیاندا دەدۆزێتەوە و هەوڵ دەدات بچێتە ناو ئەو ژوورە داخراوانەی ستەمیان تێدا دەکرێت.”

ئەو دەربارەی هەقیقەت و ئەوەی هەقیقەت نییە دەڵێت: “هیچ جیاوازییەکی بەهێز لە نێوان ئەوەی ‘هەقیقەتە’ و ئەوەش کە ‘هەقیقەت’ نییە، نییە، هەروەها لە نێوان ئەوەی کە دروستە و ئەوەشی کە چەوتە. مەرج نییە شتەکان چەوت یان ڕاست بن. دەکرێت هەردووکیان بێت، واتە ڕاستیش بن و چەوتیش.

پێم وایە ئەم وتانە ئێستاش وتەی بەجێن و بەکاردێن بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت لە ڕێگای هونەرەوە. من وەک نووسەر ئەم وتانە بەڕاست دەزانم، بەڵام وەک هاوڵاتی دەبێت بپرسم چی ڕاستە و چی ڕاست نییە.”

Pinter460x276

سەرچاوە: ویکیپیدیا، نۆبل پرایز