Tag Archives: ZhiwarNazanin

پێنج فیلمی تارکۆڤسکی بە کوالێتیی بەرز

دیدی من ژیوار جەوھەر

ئەندرێ تارکۆڤسکی (١٩٣٢-١٩٨٦)، جێگەی خۆی وەک دەرھێنەرێکی ڕووسیی سەردەمی دوای جەنگ جێگیر کرد، بەڵام کاریگەرییەکەی یەکێتیی سۆڤێتی تێپەڕاند. ڕۆژنامەی بەناوبانگی فەڕەنسیی کاھێرێس دو سینەما فیلمەکانی تارکۆڤسکی بە بەردوامی لە لیستی باشترین دە فیلمی ساڵانەی جێگیر کردووە. ئینگمار بێرگمانی فلیمساز گوتوویەتی: ”بۆ من تارکۆڤسکی گەورەترین دەرھێنەرە، ئەو کەسەیە کە زمانێکی نوێی داھێناوە، زمانێکی ڕاستگۆ بە سروشت، کە ژیان وەک وێنەدانەوەیەک، وەک خەونێک پیشان دەدا.” ئەکیرا کورۆساواش دانی بە کاریگەرییەکەی ئەودا ناوە: ”خۆشیم لە گشت فیلمەکانی تارکۆڤسکی دێ. ئارەزووم لە کەسایەتی و ھەموو کارەکانی دیکەیەتی. ھەر کەتێک لە فیلمەکانی وێنەیەکی نایاب و سەرسووڕھێنەرە. تارکۆڤسکی شاعیرێکی ڕاستەقینە بوو.”

حەوت فیلمە درێژەکەی تارکۆڤسکی، کە لە نێوان ساڵانی ١٩٦٢ و ١٩٨٦دا بەرھەم ھێنراون، لە ململانێیەکی سەخت دان لە نێوان تێما مێتافیزیکی و ڕۆحییەکان؛ ئەم تێمایانەش بە ستایلێکی سینەمایی ناوازە کاریان لەسەر کراوە. دیمەنە درێژەکان، ڕێکردنە ھێواشەکان و وێنە مێتافۆرییەکان – ھەموو ئەمانە تایبەتمەندیی فیلمەکانی تارکۆڤسکین.

ئێستا دەتوانی بە خۆڕایی و کوالێتیی بەرز، سەیری فیلمەکانی تارکۆڤسکی بکەیت؛ کەناڵی ستۆدیۆی مۆسفیلم لە یوتیوب، گەورەترین و کۆنترین ستۆدیۆی فیلمی ڕووسی، پێنج فیلمی تارکۆڤسکی بە کوالێتیی بەرز لە کەناڵەکەی، بە ژێرنووسی ئینگلیزی دانەوە.

بۆ ژێرنووسی فیلمەکان لە یوتیوب، کرتە لە ‹CC› بکە.

  • منداڵیی ئیڤان (1962)
    منداڵیی ئیڤان
  • ئه‌ندرێ ڕوبلێڤ (1966)

     

  • سۆلاریس (1972)

     

  • ئاوێنە (1975)
  • ستاڵكه‌ر (1979)

دایکم پاشناومە 

دیدی من
لاوک ئەبووبەکر – لاوک بەناز

دایکم پاشناومە، ناونیشانی کورتەڤیدیۆیەکە کە تیایدا چەند کەسیاتییەکی کورد لە جێی ناوی باوکیان، ناوی دایکیان وەک پاشناو بەکار دەهێنن.

ئامانج لەم هەوڵ و چالاکییە، خستنە ژێر پرسیاری هەژموونی پیاوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا و دروستکردنی گومانە لەسەر ئەو تێڕوانینە باو و کلاسیکییانەی بۆ دوانەی ژن و پیاو هەیە، کە تەواویان لە نایەکسانییەکی قووڵدا خۆیان دەبیننەوە. ئەمەش لە ڕێگەی کارکردن لەسەر یەکێک لەو تێما سەرەکییانەی کە وێنەی ئەو هەژموون و تێڕوانینانەیە، ئەویش پاشناو و ناوی دووەمی هەر یەکێک لە ئێمەیە، کە بە باپەندبوونێکی کەلتووری، ئایینی و یاسایی دەبێت ناوی باوکمان بێت.

هەڵبژاردنی ئەم تێمایە بۆ کارکردن، دەگەڕێتەوە بۆ سادەیی و گرنگیی تێماکە لە یەک کاتدا؛ سادەیە بەوەی دەتوانرێت لە ڕێی ئەم تێمایەوە، ئاسان ئەو پرسیارانە دروست بکرێن کە سەبارەت بە یەکسانیی جێندەریین و لە کۆمەڵگەی کوردیدا گەڕان بۆ وەڵامیان تابۆن، هەروەها گرنگە چونکە دەکرێت لە ڕێیەوە لەو تێڕوانینە نالۆژیکیانە بدرێت، کە سەبارەت بە سەروەریی پیاو و نمرە دووییی ژن هەن.

دەکرێت ئەم جۆرە کارکردنە لەسەر ئەم تێمایە، لە هەر تێمایەکی تردا کە ڕەنگ و بۆی نایەکسانیی جێندەری لێ دێت، مانیفێست بکرێتەوە؛ بەو واتایەی جگە لە پاشناوی هەر یەکێک لە ئێمە، کۆمەڵێکی زۆر تێمای تر هەن، کە تیایاندا پیاو سەروەرە و ژنیش پەراوێزکەوتوو. هەر ئەم تێمایانەشن، کە تەواوی سیستەمی کلتووری، ئایینی و یاساییی کۆمەڵگە و وڵاتی ئێمەیان داڕشتووە و ژیانمانیان ڕێک خستووە و لە دەرئەنجامدا ئەو نایەکسانییە جێندەرییە قووڵەیان بەرهەم هێناوە.

دواجار پاشناوی هەر یەکێک لە ئێمە ناوی دایک یان باوکمان بێت؛ گرنگ ئەوەیە درک بەو نایەکسانییە جێندەرییە بکەین کە لەسەر ژیانی ژنانی کۆمەڵگەی کوردی بەرهەم هاتووە و لێرە بەدوا، بە چەشنی کارکردن و ئامانجی ئەم کورتەڤیدیۆیە، لە هەوڵدا بین بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە یەکسانیی جێندەری.

”دایکم پاشناومە،“ پڕۆژەیەکی هاوبەشی کۆمەڵەی 68 و سەنتەری جێندەر و لێکۆڵینەوە زانکۆی ئەمریکی، سلێمانی‌ە. ژیوار نازەنینژیوار جەوهەر کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.

ئۆسكاری ٢٠١٧: ڕووداوی گۆڕینی زه‌رفی خه‌ڵاتی باشترین فیلم چۆن ڕووی دا؟

دیدی منئی‌تی ئۆنلاین
ژیوار جه‌وهه‌ر

به‌رواری ٢٦ـی ٢ـی ٢٠١٧، مه‌راسیمی دابه‌شكردنی خه‌ڵاته‌كانی هه‌شتاونۆیه‌مین خولی ئۆسكار به‌ڕێوه‌ چوو و مه‌راسیمه‌كه‌ش به‌ ڕووداوێكی نه‌خوازراو و به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌كان شه‌رمهێن بۆ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ران، كۆتاییی هات.

دوابه‌دوای ڕاگه‌یاندنی براوه‌كان و دابه‌شكردنی زۆربه‌ی خه‌ڵاته‌كان، ته‌نیا یه‌ک خه‌ڵات مابوو دابه‌ش بكرێت: خه‌ڵاتی باشترین فیلم، كه‌ گرینگترین خه‌ڵاته‌. هه‌ردوو ئاكته‌ران وارێن بیتی و دونه‌وه‌ی فایی هاتنه‌ سه‌ر سته‌یج و ڕایان گه‌یاند كه‌ ڵا ڵا ڵاند خه‌ڵاتی باشترین فیلمی ئۆسكای ٢٠١٧ی به‌ده‌ست هێناوه‌؛ كاستی فیلمه‌كه‌ به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ هاتنه‌ سه‌ر سته‌یج – بۆ دوو خوله‌ک بوونه‌ خاوه‌نی خه‌ڵاتی باشترین فیلم. به‌ڵام دواتر یه‌كێک له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ ده‌ركه‌وت، پاشان به‌رهه‌مهێنه‌ری فیلمی ڵا ڵا ڵاند ڕایگه‌یاند كه‌ فیلمی تریفه‌ی مانگ خه‌ڵاتی باشترین فیلمی به‌ده‌ست هێناوه‌.

چۆن ڕووی دا؟ 

پێش ڕاگه‌یاندنی ئه‌و خه‌ڵاته‌، خه‌ڵاتی باشترین خانمه‌ ئه‌كته‌ر دابه‌ش كرا، كه‌ ئێما ستۆن بۆ ڕۆڵی له‌ فیلمی ڵا ڵا ڵاند بوو به‌ خاوه‌نی خه‌ڵاته‌كه‌. ئێما ئه‌و زه‌رفه‌ی كه‌ ناوی خۆی و ئه‌و فیلمه‌ی له‌سه‌ره‌ كه‌ به‌شداری تێدا كردووه‌، له‌گه‌ڵ خۆی ده‌باته‌وه‌ پشت سته‌یج. لای ڕاست و چه‌پی سته‌یجه‌كه‌ دوو كه‌س هه‌ن كه‌ جانتایه‌كیان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ و هه‌ر یه‌كه‌یان كۆپییه‌كان له‌و زه‌رفه‌ لایه‌ كه‌ ناوی براوه‌كانی له‌ سه‌ره‌. دوای ئه‌وه‌ی دوو ئه‌كته‌ره‌كه‌ دێنه‌ سه‌ر سته‌یج، زه‌رفێكی هه‌ڵه‌یان ده‌درێته‌ ده‌ست، كۆپییه‌كه‌ی دیكه‌ی خه‌ڵاتی باشترین خانمه‌ئه‌كته‌ر، ئه‌وانیش وه‌ک خۆی ده‌یخوێننه‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت كه‌ زه‌رفه‌كه‌ به‌ هه‌ڵه‌ دراوه‌ به‌ ئه‌وان و فیلمی تریفه‌ی مانگ خه‌ڵاته‌كه‌ی بردووه‌ته‌وه‌، ته‌واوی ئاماده‌بووانی ناو هۆڵه‌كه‌ سه‌ریان سووڕما. دواتر وارێنت بیتی ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ڵه‌یه‌ک له‌ زه‌رفه‌كاندا ڕووی داوه‌ و فیلمی تریفه‌ی مانگیش خه‌ڵاتی باشترین فیلمی بردووه‌ته‌وه‌.

دیمه‌نێک له‌ فیلمی تریفه‌ی مانگ

فیلمی تریفه‌ی مانگ له‌ ده‌رهێنانی باری جانكینزه‌ و ئه‌كته‌ران نائومی هریس و ماهێرشاڵا عه‌لی ڕۆڵی سه‌ره‌كی له‌ فیلمه‌كه‌دا ده‌گێڕن. بابه‌تی سه‌ره‌كیی فیلمه‌كه‌ هاوڕه‌گه‌زبازییه‌؛ چیرۆكی فیلمه‌كه‌ ده‌رباره‌ی ژیانی هاوڕێگه‌زبازێک و پیاوێكی ڕه‌شپێسته‌ كه‌ له‌ گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژارنشینه‌كانی مه‌یامی ده‌ژین. ڕه‌خنه‌گران پێیان وایه‌ بابه‌تی هاوڕه‌گه‌زبازی له‌ فیلمه‌كه‌دا وا ده‌كات فیلمه‌كه‌ گرینگ و پێویست بێت، چونكه‌ ئه‌م جۆره‌ فیلمانه‌ به‌ ده‌گمه‌ن ده‌چێنه‌ سه‌ر شاشه‌ی گه‌وره‌. له‌ ماوه‌ی پێشوودا تریفه‌ی مانگ خه‌ڵاتی باشترین فیلمی درامیی گۆڵدن گڵۆبی بردەوە‌. تێچووی فیلمه‌كه‌ ١.٥ ملیۆن دۆلاره‌؛ تریفه‌ی مانگ هه‌رزانترین فیلمه‌ كه‌ تا ئێستا خه‌ڵاتی باشترین فیلمی ئۆسكاری به‌ده‌ست هێنابێت، ماهێرشاڵا عه‌لیش یه‌كه‌مین موسڵمانه‌ كه‌ خه‌ڵاتی باشترین ئاكته‌ری پاڵپشتیكاری بردبێته‌وه‌.

ئۆسكاری ٢٠١٧: په‌یامه‌كه‌ی فه‌رهادی دژی ”یاسا نامرۆڤانه‌كه‌“ی تره‌مپ بوو

دیدی منڤۆكس
ژیوار جه‌وهه‌ر

شه‌وی ڕابردوو، به‌رواری ٢٦ـی ٢ـی ٢٠١٧، مه‌راسیمی دابه‌شكردنی خه‌ڵاته‌كانی هه‌شتاونۆیه‌مین خولی ئۆسكار به‌ڕێوه‌ چوو. فیلمی فرۆشیاری ده‌رهێنه‌ری ئێرانی ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی خه‌ڵاتی باشترین فیلمی بیانی به‌ده‌ست هێنا. ئه‌مه‌ دووه‌مین جاره‌ فه‌رهادی ئه‌م خه‌ڵاته‌ به‌ده‌ست ده‌هێنێت؛ ساڵی ٢٠١١ خه‌ڵاتی باشترین فیلمی ئۆسكاری بۆ فیلمی جیابوونه‌وه‌ی سیمین له‌ نادر برده‌وه‌.

له‌ دژی بڕیاره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، كه‌ گه‌شتكردنی له‌ خه‌ڵكی حه‌وت وڵات بۆ ئه‌مه‌ریكا قه‌ده‌غه‌ كردبوو، ئه‌سغه‌ری فه‌رهادی بڕیاری دا به‌شداریی مه‌راسیمی دابه‌شكردنی خه‌ڵاته‌كان نه‌كات.

فه‌رهادی له‌ مه‌راسیمه‌كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نووشه‌ ئه‌نساڕی، یه‌كه‌مین ژنه‌گه‌شتیاری بۆشایی ئاسمان و فه‌یروز نادری، ئه‌ندامی پێشووی ئاژانسی ناسا نوێنه‌رایه‌تی كرا. فه‌یروز نادری په‌یكه‌رۆكه‌كه‌ی وه‌رگرت و ئه‌نووشه‌ ئه‌نساڕیش په‌یامه‌كه‌ی فه‌رهادی خوێنده‌وه‌.

ئه‌نووشه‌ ئه‌نساڕی و فه‌یروز نادری له‌ كاتی وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

وه‌رگرتنی ئه‌م خه‌ڵاته‌ بۆ جاری دووه‌م شانازییه‌كی گه‌وره‌یه‌. پێم خۆشه‌ سوپاسی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ئه‌كادیمی، كاستی فیلمه‌كه‌م له‌ ئێران، به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كه‌م، كۆمپانیای ئه‌مازۆن و هاوڕێ كاندیده‌كانم بكه‌م.

ببوورن كه‌ ئه‌مشه‌و له‌گه‌ڵتان نیم. ئامه‌ده‌نه‌بوونم بۆ به‌رگریكردنه‌ له‌ خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌م و شه‌ش وڵاته‌كه‌ی دیكه‌ كه‌ به‌و یاسا نامرۆڤانه‌یه‌ بێڕێزییان به‌رانبه‌ر كراوه‌، كه‌ ناتوانن بۆ ئه‌مه‌ریكا گه‌شت بكه‌ن. جیاكردنه‌وه‌ی جیهان بۆ ”ئێمه‌“ و ”دوژمنه‌كانمان“ جێگه‌ی مه‌ترسییه‌.  پاساوێكی فریوده‌رانه‌یه‌ بۆ توندڕه‌وی و شه‌ڕ. ئه‌م شه‌ڕانه‌ دیموكراسی و مافی مرۆڤ له‌و وڵاتانه‌ له‌ناو ده‌به‌ن كه‌ خۆیان قوربانیی توندڕه‌وین. فلیمسازان ده‌توانن به‌ كامێراكانیان دۆخی مرۆڤه‌كان تۆمار بكه‌ن و ئه‌و تێگه‌شتنه‌ باوه‌ی له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌ جیاوازه‌كان هه‌یه‌ تێکی بشكێنن. ئه‌وان هاوسۆزی و هاوخه‌می له‌ نێوان ئێمه‌ و ئه‌وانی دیكه‌دا دروست ده‌كه‌ن. هاوسۆزی و هاوخه‌مییه‌ک كه‌ ئێستا زیاتر له‌ هه‌ر كاتێک پێویستمان پێیه‌تی.

مێژووی خه‌ڵاتی ئۆسكار

دیدی من ته‌له‌گراف
ژیوار جه‌وهه‌ر

بیرۆكه‌ی خه‌ڵاته‌كه‌ پێشتر له‌ لایه‌ن لویس بی. مایه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری ئێم‌جی‌ئێم فیلم ستۆدیۆ، داڕێژرابوو و دواتر له‌ مانگی پێنجی ساڵی ١٩٢٧دا ڕێكخراوی زه‌ ئه‌كادمی به‌ ئامانجی به‌ره‌وپێشبردنی پیشه‌سازیی فیلم، دامه‌زرا. یه‌كه‌مین ڕێوه‌ڕه‌سمی دابه‌شكردنی خه‌ڵاته‌كان له‌ ساڵی ١٩٢٩، له‌ هۆڵی یه‌كێك له‌ هۆتێله‌كانی هۆڵیوود و به‌ ئاماده‌بوونی ٢٥٠ كه‌س، به‌ڕێوه‌چوو. به‌ پێچه‌وانه‌ی ئێستا، ئه‌وكات براوه‌كان پێش مه‌ڕاسیمی دابه‌شكردنی خه‌ڵاته‌كان ڕاده‌گه‌یێنران. یه‌كه‌مین فیلم كه‌ بووه‌ خاوه‌نی خه‌ڵاتی باشترین فیلمی ساڵ، فیلمی بێده‌نگی باڵه‌كانی ده‌رهێنه‌ر ولیام وێڵمان بوو – تا ئێستاش، باڵه‌كان تاكه‌ فیلمی بێده‌نگه‌ كه‌ خه‌ڵاتی باشترین فیلمی ئۆسكاری به‌ده‌ست هێنابێت. تێچووی ئه‌و فیلمه‌ ته‌نیا دوو ملیۆن دۆلار بوو و گرانترین فیلمی سه‌رده‌می خۆی بوو. چیرۆكی فیلمه‌كه‌ باس له‌ دوو فڕۆكه‌وانی جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م ده‌كات، كه‌ هه‌ردووكیان ده‌كه‌ونه‌ داوی ئه‌وینی ژنێكه‌وه‌. هه‌روه‌ها فیلمی خۆرهه‌ڵاتن: گۆرانی دوو مرۆڤی ده‌رهێنه‌ر ئێف. ده‌بلیو. مورناو خه‌ڵاتی باشترین فیلمی به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ فیلمه‌ بێده‌نگه‌كه‌ی ولیام وێڵمان به‌ده‌ست هێنا. ئه‌كته‌ری ئه‌ڵمانی ئیمیل جانینگس خه‌ڵاتی باشترین كوڕه‌ئه‌كته‌ری به‌ده‌ست هێنا. هه‌روه‌ها، جانێت گه‌ینۆر، كه‌ ئه‌وكات ته‌مه‌نی ٢٢ ساڵان بوو، تاكه‌ كچ بوو كه‌‌ ئه‌و شه‌وه‌ خه‌ڵاتی به‌ده‌ست هێنا.

چالاكییه‌كانی مه‌ڕاسیمی دابه‌شكردنی خه‌ڵاته‌كه‌ له‌ ساڵی ١٩٣٠ ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ی ڕادیۆوه‌ په‌خش ده‌كرا و له‌ ساڵی ١٩٥٣ بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ ڕێگه‌ی ته‌له‌ڤیزیۆنه‌وه‌ مه‌ڕاسیمی دابشكردنی خه‌ڵاته‌كان په‌خش كرا.

ئه‌و شه‌وه‌، خه‌ڵاتی شانازیی تایبه‌ت به‌ چارلی چاپلن به‌‌خشرا، كه‌ پێشتر بۆ خه‌ڵاته‌كانی باشترین ئه‌كته‌ر، باشترین نووسه‌ر، باشترین ده‌رهێنه‌ری كۆمیدی كاندید كرابوو، به‌ڵام دواتر ناوی له‌ لیسته‌كه‌ ده‌رهێنرا و ئه‌و خه‌ڵاته‌ تایبه‌تان پێی دا. ئه‌و بڕیارگۆڕینه‌ وه‌ها لێكدانه‌وه‌ی بۆ كرا كه‌ گوایه‌ ئه‌و‌ یه‌كێك نه‌بووه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌ هۆڵیوود خۆشه‌ویست بوون.

خه‌ڵاته‌كه‌ له‌ ساڵی ١٩٣٩ به‌ فه‌رمی ناوی ئۆسكاری لێ نرا؛ ده‌نگۆیه‌كی به‌نێوبانگ، به‌ڵام پشتڕاستنه‌كراوه‌، هه‌یه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، گوایه‌‌ به‌ڕێوه‌به‌ری زه‌ ئه‌كادمی مارگه‌رێت هێریك ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ په‌یكه‌رۆكی خه‌ڵاته‌كه‌ شێوه‌ی له‌ خاڵه‌ ئۆسكاری چووه‌.

فۆتۆگرافه‌رێكی به‌نێوبانگی چینیی له‌ ته‌مه‌نی ٢٩ ساڵیدا ’خۆی ده‌كوژێت‘

دیدی منكره‌یچه‌رس

ژیوار جه‌وهه‌ر


به‌رواری ٢٤ـی ٢ـی ٢٠١٧، وته‌بێژی كلێین سه‌ن گه‌له‌ری ڕایگه‌یاند كه‌ فۆتۆگرافه‌ری به‌نێوبانگی چینیی ڕێن هانگ له‌ به‌رلین، له‌ ته‌مه‌نی ٢٩ ساڵیدا كۆچی دوایی كردووه‌.

پڕۆژه‌ فۆتۆگرافییه‌كانی ڕێن هانگ به‌ ڕووتیی مۆدێله‌كانی و هه‌ستیاریی تێماكانی جیا ده‌كرێنه‌وه‌. ڕێن هاوڕێكانی وه‌ك فۆتۆمۆدێل له‌ فۆتۆكانیدا به‌كار ده‌هێنا: ”به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی فۆتۆی هاوڕێكانم ده‌گرم، چونكه‌ كه‌سه‌ بێگانه‌كان ده‌مشڵه‌ژێنن.“ ڕێن چه‌ند جارێک كاره‌كانی سانسۆر كراوه‌ و خۆیشی له‌ لایه‌ن حكومه‌تی چینه‌وه‌ ده‌ستگیر كراوه‌.

ده‌ترسم بچمه‌ ده‌ره‌وه‌
به‌ده‌م پیاسه‌كردن به‌ شه‌قامێكدا
بیر ده‌كه‌مه‌وه‌:
جانتای هه‌موو كه‌س
پڕ نییه‌ له‌ پاره‌
به‌ڵكو له‌ چه‌قۆ
هه‌ندێ كه‌س به‌ پاره‌ چه‌قۆ ده‌كڕن
هه‌ندێ كه‌س به‌ چه‌قۆكه‌ پاره‌ ده‌دزن
چه‌قۆیه‌ک ده‌كڕن و پاره‌ی زیاتر ده‌دزن
پاره‌ی زیاتر ده‌دزن و چه‌قۆیه‌كی گه‌وره‌تر ده‌كڕن

له‌ كه‌ناری شه‌قامه‌كه‌ داده‌نیشم
ده‌ترسم بگریم

كلێین سه‌ن گه‌له‌ری له‌ مانگی پێنجی ٢٠١٦ له‌ پێشانگه‌یه‌كدا به‌م جۆره‌ وه‌سفی ڕێن هانگی فۆتۆگرافه‌ر ده‌كات، ”ڕێن هه‌م شاعیر بوو، هه‌م فۆتۆگرافه‌ر. ژینگه‌ی شار و گونده‌كان له‌ فۆتۆكانیدا تێكه‌ڵ ده‌كات و وه‌ک مێتافۆرێک بۆ تایبه‌تمه‌ندیی شار له‌ ڕۆژگاری ئێستادا به‌كار ده‌هێنێت. ده‌ربڕین وهه‌ستی سه‌بجێكتی ناو فۆتۆكانی ئاسایین، به‌ڵام ده‌توانن كاریگه‌رییه‌كی زۆر دروست بكه‌ن.“

ڕێن هانگ له‌ شه‌ڕێكی به‌رده‌وامدا بوو له‌گه‌ڵ خه‌مۆكیدا، كه‌ به‌شێكی تایبه‌تی له‌ ماڵپه‌ڕه‌ تاكه‌كه‌سییه‌كه‌یدا به‌ ناوی «خه‌مۆكیی من» بۆ كردبووه‌وه‌ و به‌ شێوه‌ی شیعر و نووسینی كورت خه‌مۆكییه‌كانی خۆی تێدا یادداشت ده‌كرد. چه‌ند مانگێک پێش ئێستا، له‌ یه‌كێک له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا نووسیویه‌تی: ”هه‌موو ساڵێک ئاره‌زووه‌كه‌م وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه‌: زووتر بمرم. هیوادارم ئه‌مساڵ ئه‌م ئاره‌زووه‌م بێته‌ دی.“

ڕۆژنامه‌ی دی مۆرگانی هۆڵه‌ندی ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ ڕێن هانگ خۆی كوشتووه‌، به‌ پێی وته‌ی یه‌كێك له‌ هاوڕێ نزیكه‌كانی، به‌ڵام هێشتا ڕاستیی ئه‌م هه‌واڵه‌ دووپات نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

له‌ ڕێگه‌ی ماڵپه‌ڕه‌كه‌یه‌وه‌، ته‌واوی كاره‌كانی ڕێن هانگ ببینن: ماڵپه‌ری تایبه‌تیی ڕێن هانگ

This slideshow requires JavaScript.

گوگڵ ئاڕت پڕۆجێكت: ورده‌كاریی نیگاره‌كانی ڤان كۆخ‌

دیدی منژیوار جه‌وهه‌ر

گوگڵ ئاڕت پڕۆجێكت، پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شی مۆزه‌خانه‌ گه‌وره‌ و بچووكه‌كان، كلاسیک و مۆدێرنه‌كان و ده‌زگا ئه‌كادیمییه‌ نێوده‌ڵه‌تییه‌كانی چل وڵاته‌. پێكه‌وه‌ توانیویانه‌ زیاتر له‌ چل‌ هه‌زار فۆتۆی ئاستبه‌رزی ئه‌و نیگارانه‌ بگرن، كه‌ له‌سه‌ر كانڤاس دروست كراون.

هه‌ندێک له‌ نیگاره‌كان به‌ فۆڕماتی گیگاپیكسڵ به‌رده‌ستن؛ ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ورده‌كار‌یی ته‌واوی ئه‌م شاكارانه‌ ببینیت.

له‌ پڕۆژه‌كه‌دا، بێجگه‌ له‌ فۆتۆ ئاستبه‌رزه‌كان، به‌ ڤیدیۆ و به شێوازی  ده‌نگی، باس له‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كان ده‌كرێت، به‌ نووسراویش چه‌ند زانیارییه‌كی ورد له‌سه‌ر نیگاره‌كان‌ هه‌یه‌، چه‌ندین خزمه‌تگوزاریی دیكه‌ش.

ئه‌م فۆتۆیانه‌ی خواره‌وه‌، هه‌ڵبژارده‌یه‌كی كه‌من له‌ كاره‌كانی نیگاركێشی هۆڵه‌ندیی ئیمپرێشیۆنیست، ڤان كۆخ.

ده‌توانیت ته‌واوی كاره‌كانی ڤان كۆخ له‌ پڕۆژه‌ی گوگڵ ئاڕت پڕۆجێكت، له‌ ویكیمێدیا ببینیت.


The Starry Night – 1889
73 × 92 cm (28.7 × 36.2 in). Oil on canvas
Museum of Modern Art



Enclosed Wheat Field with Peasant / Landscape at Saint-Rémy – 1889
29 × 36.25 in (73.7 × 92.1 cm). Oil on canvas
Indianapolis Museum of Art





Poppy field – 1890
Height: 827 mm (32.56 in). Width: 1,020 mm (40.16 in). Oil on canvas
Gemeentemuseum Den Haag




Starry night over the Rhône – 1888
Height: 720 mm (28.35 in). Width: 920 mm (36.22 in). Oil on canvas
Musée d’Orsay



Olive Orchard / Olive Grove – 1889
73.03 × 92.08 cm (28.8 × 36.3 in). Oil on canvas
Nelson-Atkins Museum of Art



The Rocks – 1888
Height: 549.402 mm (21.63 in). Width: 657.352 mm (25.88 in). Oil on canvas
Museum of Fine Arts, Houston



Wheat Field with Cypresses – 1889
Height: 73 cm (28.7 in). Width: 93.4 cm (36.8 in). Oil on canvas
Metropolitan Museum of Art



Self-portrait, 1889
Oil on canvas
National Gallery of Art

پڕۆژه‌ی یۆلۆكۆست شێوازی یادكردنه‌وه‌ی كاره‌ساتی هۆڵۆكۆستی گۆڕی

دیدی من
 ژیوار جەوهەر

ئه‌گه‌ر سه‌ردانی وڵاتی ئه‌ڵمانیا بكه‌یت و به‌ لای مۆنۆمێنتی هۆڵۆكۆست‌دا بڕۆیت، گه‌نجانێكی چالاک و پڕوزه‌ ده‌بینی به‌ ناو مۆنۆمێنته‌كه‌دا دێن و ده‌چن، یاریی چاوشاركێ ده‌كه‌ن، ئیستێک ده‌كه‌ن و جگه‌ره‌یه‌ک ده‌كێشن، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا سێڵفی به‌ شێوازی جیاواز ده‌گرن و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌.

شاهاك شاپیاره‌، نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندی ئیسرائیلیی دانیشتووی به‌رلین، ته‌حه‌مولی بینینی ئه‌م جۆره‌ دیمه‌نانه‌ی نه‌كرد و به‌ پڕۆژه‌یه‌ک كۆتایی به‌م دیارده‌یه‌ هێنا، ”پێم وایه‌ خه‌ڵكی له‌ ئامانج و مه‌به‌ستی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م مۆنۆمێنتانه‌ تێنه‌گه‌یشتوون“.

[playbuzz-item url=”//www.playbuzz.com/didimn10/yolocaust” info=”false” shares=”false” comments=”false” recommend=”undefined”]

شاپیاره‌ ده‌یان فۆتۆی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هێنا، كه‌ له‌ مۆنۆمێنته‌كه‌ گیرابوون، پشته‌وه‌ی فۆتۆكانی گۆڕی به‌و فۆتۆیانه‌ی كه‌ تاوانی نازییه‌كان و  كۆمه‌ڵكوژیی جووله‌كه‌كان پیشان ده‌ده‌ن؛ دواتر، ١٨ی ئه‌م مانگه‌ پڕۆژه‌یه‌كی به‌ ناوی یۆلۆكۆست –  Yolocaust –  ڕاگه‌یاند، كه‌ ماڵپه‌ڕێک بوو،‌ دوازده‌ فۆتۆی  له‌خۆ ده‌گرت. به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م، فۆتۆ ده‌ستكاریكراوه‌كان له‌ زۆربه‌ی ماڵپه‌ڕ و لاپه‌ڕه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو بوونه‌وه‌.

شاپیاره‌ له‌ خواره‌وه‌ی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ پێشنیارێكی كردبوو:‌ ئه‌گه‌ر خاوه‌نی فۆتۆكه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ شاپیاره‌وه‌ بكات، ئه‌وا فۆتۆكه‌ی له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ده‌سڕدرێته‌وه‌.

«بازدان به‌سه‌ر جووله‌كه‌ مردووه‌كاندا»

پاش ئه‌وه‌ی زۆرێک له‌ خاوه‌نی فۆتۆكان په‌یوه‌ندییان به‌ شاپیاره‌وه‌ كرد و داوای لێبوردنیان كرد كه‌ به‌م جۆره‌ فۆتۆیان له‌م شوێنه‌ گرتووه‌ و پێیان گوتووه‌ له‌ په‌یاماكه‌ی تێگه‌یشتوون، ٢٦ی ئه‌م مانگه‌، ته‌واوی فۆتۆكان له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌كه‌ سڕانه‌وه‌.

له‌ ئێستادا، ته‌نها په‌یامێكی كورتی شاپیاره‌ و ئه‌و نامانه‌ له‌سه‌ر ماڵه‌په‌ڕه‌كه‌ ده‌بینرێت، كه‌ بۆ شاپیاره‌ ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌كه‌ نێردراون، هه‌روه‌ها نامه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یش كه‌ فۆتۆكانیان له‌ پڕۆژه‌كه‌دا به‌كار هێنرابوو.

به‌شێك له‌ په‌یامه‌كه‌ی شاهاک شاپیاره‌:
ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ زیاتر له‌ دوو ملیۆن و نیو بینه‌ری هه‌بووه‌. شته‌ سه‌یره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پڕۆژه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و دوازده‌ كه‌سه‌ش كه‌ سێڵفییه‌كانیان له‌ پڕۆژه‌كه‌دا نماییش كرابوو. نزیكه‌ی هه‌موویان له‌ په‌یامه‌كه‌ تێگه‌یشتوون، داوای لێبوردنیان كردووه‌ و بڕیاریان داوا سێڵفییه‌كانیان له‌ هه‌ژماره‌ تایبه‌ته‌كانیان له‌ فه‌یسبووک و ئینستاگرام بسڕنه‌وه‌. بێجگه‌ له‌مه‌ش، نامه‌ و ده‌ستخۆشیی زۆر دڵخۆشكه‌رم بۆ هاتووه‌ له‌ لایه‌ن لێكۆڵه‌ره‌وه‌كانی هۆڵۆكۆست، ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ مۆنۆمێنته‌كه‌ كاریان كردووه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی خێزانه‌كانیان له‌ كاتی كاره‌ساتی هۆڵۆكۆستدا له‌ده‌ست داوه‌، ئه‌و مامۆستایانه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ وه‌ک وانه‌ له‌ فێرگه‌كه‌ندا ده‌ڵێنه‌وه‌، هه‌روه‌ها كه‌سانێكی شه‌یتانیش كه‌ وێنه‌ی هاوڕێ و ئه‌ندامی خێزانه‌كانیان بۆ ناردووم بۆ ئه‌وه‌ی فۆتۆشۆپیان بكه‌م…

This slideshow requires JavaScript.

ئیکزستێنشیاڵیزم لە ڕۆمانی ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختمان‌دا

دیدی من – ئەکادیمیا

ئیبتیسام تەوھامی عەدی

لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد

ئەبستراکت

لە ڕۆمانی ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختماندا، جۆن گرین گەشتێکی خۆدۆزینەوە بە دوو مێردمنداڵی توشبوو بە شێرپەنجە ئەنجام دەدات. کارەکتەری سەرەکی، ھەیزڵ گرەیس، تووشبوویه‌کی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ی سییه‌کانه‌، ھەر بۆیە بەبێ بۆریی ھەناسەدان توانای ھەناسەدانی نییە. لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا دەبینین کە ھەیزڵ لە دوورەوە چاودێریی ژیانی خۆی دەکات وەک لەوەی تێیدا بژی. بە ھۆی پێداگیریی دایکییەوە، ھەیزڵ به‌شداریی گرووپێکی پشتگیری ده‌کات، له‌و گرووپه‌ش ئۆگەستس واتەرسی حەڤدەساڵ و چەند کەسێکی دیکه‌ی ھاوتەمەنی خۆی دەناسێت، کە بە ھەمان شێوە دژی شێرپەنجە دەجەنگن. لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا ھەیزڵ دەگات بەو باوەڕەی کە جوانیی ژیان لە ژمارەی ڕۆژ و مانگ و ساڵەکاندا نییە، بەڵکو لە ھەڵبژاردنی ئەو کارەدایە کە لە ماوەی ئەو کاتەدا ئه‌نجامی ده‌ده‌یت.

پێشەکی

ئەم ڕۆمانە بە ڕووکەش چیرۆکێکی غەمگینی خۆشەویستیی نێوان ھەیزڵ و ئۆگەستسە، ھەروەھا چیرۆکی ژیانکردنی دوو مێردمنداڵە لەگەڵ شێرپەنجەدا. ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا، زیرەکی و خوێنشیرینی و دیدی ئەوانە بۆ ژیان و باوەڕەکانیان. ھەیزڵی لاو ناوی “تایبەتمەندیی شێرپەنجە” و “نارنجۆک”ی  بۆ ناساندنی خۆی هه‌ڵبژاردووه‌. گەورەترین ترسی ئۆگەستس ئەوەیە کە بە تەواوی لەبیر بکرێت، ھەر بۆیە ئامانجی ئەو لە ژیاندا دۆزینەوەی مانایەکە بۆ ئەو ژیانە کورتەی لە بەردەستیەتی. لە ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختماندا، جۆن گرین ئیکزستێنشیاڵیزم بەکار دێنێت و لە ڕێگه‌ی کارەکتەرەکانیەوە بێمانایی و پووچیی ژیان پیشان دەدات. ئامانجی ئەم خوێندنەوەیە ڕوونکردنەوەی فەلسەفەی ئیکزستێنشیاڵیزم و بیرۆکەی ئەبسێردە لەم ڕۆمانەدا.

ئیکزستێنشیاڵیزم

کاتێک گەنجەکان عاشقی یه‌کدی ده‌بن، چاویان پڕ ده‌بێت لە وزە و ھەست بە بوونی جیھانێکی پڕ لە دەرفەت دەکەن. لە کارەکتەرەکانی ئەم ڕۆمانەدا ھەمان تایبەتمەندی بەدی دەکرێت.ھەیزڵ چیرۆکی ئه‌ڤینی خۆی و ئۆگەستس بە چیرۆکێکی ئەفسانەیی بەراورد دەکات: “ئەوەی ئێمە چیرۆکێکی خۆشه‌ویستیی ئه‌فسانه‌یی بوو.” (به‌شی بیسته‌م، لاپه‌ڕه‌ ٢٩٨) بەڵام پەیوەندییەکەیان جیاوازتر و ئاڵۆزترە، ئاڵۆزییەکی وەک ڕۆمیۆ و جولێت نا، بەڵکو سەختیی پەیوەندییەکەیان بە ھۆی بارودۆخی تەندروستییانەوەیە. بۆری ھەناسە و خێزانێکی ھەمیشە نیگەران، بەردەوام بیرخەرەوەی ئەو بارودۆخەن کە ئەوان تێیکەوتوون، کە توانیویانە گەشەی گرێکانیان ھێواش بکەنەوە، بەڵام نەیانتوانیوە بیوەستێنن.

بەھۆی شێرپه‌نجه‌که‌یانه‌وه‌، ھەیزڵ و ئۆگەستس کاتێکی  زیاتر بە بیرکردنەوە لە گرنگیی ژیان بەسەر دەبەن بە بەراورد لەگەڵ گه‌نجه‌ ئاساییه‌کان. بە ھۆی ئاگاییانەوە لەو کاتە سنووردارەی لە ژیاندا ھەیانە، ھەست بە گرنگیی دۆزینەوەی وەڵامەکان دەکەن. جۆن گرین خوێنەرەکانی بە کارەکتەرەکانی ئاشنا دەکات لە کاتی غەمگینی و تەنیایی و نائومێدییان، ئەمانەش سێ لێنزی تایبەتی ئیکزستێنشیاڵیزمن بۆ سه‌یرکردنی ژیان لێوەی.

ئۆگه‌ستس سیزیفێكی یه‌ك قاچه‌
ئۆگه‌ستس سیزیفێكی یه‌ك قاچه‌ || ئیلوستره‌یته‌ر: سابات عه‌باس

سەختە پێناسەیەکی ڕوونی ئیکزستێنشیاڵیزم دیاری بکرێت؛ خاڵی سەرەکیی ئەم فەلسەفەیە باس لەوە دەکات کە ژیانی تاک بریتییە لە دیاریکردنی مەبەستی سەرەکیی بوون، ئەمەش واتا تاک بەئاگایە و خواستی ئازادییان ھەیە، تا بە سەربەخۆیی بژین و کار بکەن، پێش ئەوەی بۆ پۆل و جۆرێکی تایبەت جودا بکرێنه‌وه‌. ژان پۆڵ سارتەر لە ئێکزستێشیاڵیزم مرۆڤبوونە نووسیویەتی: “مرۆڤ سەرەتا دێتە بوون، دواتر ڕووبەڕووی خۆی دەبێتەوە، بە جیھاندا شەپۆل دەدات، دواتر خۆی دەدۆزێتەوە.” بە ھەمان شێوە دوو کارەکتەرە سەرەکییەکەی ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختمان لە پۆلێنکردنی منداڵە نەخۆشەکانەوە یان کاریگه‌رییه‌ لاوه‌کییه‌کانی شێرپه‌نجه‌وه‌، دەگەنە قۆناغێک کە وەک تاکێک، سەرەڕای ڕاستییەکان، خواستی ئازادییان ھەیە بۆ بڕیاردانی گرتنە دەستی کۆنترۆڵی ژیانیان، دروستکردنی بەھاکانی خۆیان و دیاریکردنی مانای ژیانیان.

خاڵێکی تری گرنگی تیۆری ئیکزستێنشیاڵیزم هەقیقەتە (فاکتیسیتی)، کە سارتەر لە بوون و نه‌بووندا باسی لێوە دەکات. هەقیقەت سنوور و مەرجدانانە بۆ ئازادی. ئەو سنوورەی کە تاک لە ژیانیدا ھەڵینەبژاردووە، بەڵام پێی مەحکوومە، بۆ نموونە شێرپەنجە. بەڵام لەگەڵ ئەم مەحکوومبوونەش، گرنگی و مانای بوونی کەسێک بەند نییە بەم هەقیقەتەوە. بە واتایەکی دی، تاک ئازادانە بڕیار دەدات چەندێک گرنگی بدات بەو هەقیقەتەی پێوەی بەندە. بۆ نموونە، کاردانەوەی ھەیزڵ بۆ شێرپەنجە بە بەراورد لەگەڵ ئۆگەستس، ڕوونکردنەوەیەکە بۆ ئەو دوو مامەڵەیەی کە تاک بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەقیقەت ھەڵیدەبژێرێت.

وەڵامی دوو کارەکتەری ناو ڕۆمانەکە بۆ هه‌قیقەت جیاوازە؛ ھەیزڵ ھیچ بەرھەڵستیی هەقیقەتەکەی ناکات  و گرنگ نییە بۆی بژیێ یان بمرێت، ئەو ھەموو بوونی خۆی وەک “تایبەتمەندیی شێرپەنجە” دەبینێت و خۆی بە نارنجۆکێک بەراورد دەکات کە له‌ خاڵێکدا ده‌ته‌قێته‌وه‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌وره‌به‌ری ئازار ده‌دات:

”له‌ کۆتاییه‌کانی زستانی حه‌ڤده‌ساڵیمدا، دایکم پێی و ا بوو که‌ تووشی خه‌مۆکی بووم. له‌وانه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێی وا بووبێت چونکه‌ به‌ ده‌گمه‌ن له‌ ماڵ ده‌چوومه‌ ده‌ره‌وه‌، زۆربه‌ی کاته‌کانم له ‌ناو جێخه‌وه‌که‌مدا به‌ڕێ ده‌کرد، خوێندنه‌وه‌ی هه‌مان کتێب به‌ به‌رده‌وامی، به‌ ده‌گمه‌ن نانم ده‌خوارد، هه‌روه‌ها زۆربه‌ی زۆری کاته‌ به‌تاڵه‌کانیشم بۆ بیرکردنه‌وه‌ له‌ مردن ته‌رخان کردبوو.”

(به‌شی یه‌که‌م، لاپه‌ڕه‌ ١٧)

”به‌ڵام وه‌ک هه‌میشه‌، من نه‌مردم. له‌ که‌ناره‌که‌ به‌جێ مام و شه‌پۆله‌کان بێهۆش و بێئاگایان کردم، به‌ڵام نقوم نه‌بووم.”

( به‌شی حه‌وته‌م، لاپه‌ڕه‌ ١٣١)

ئەو غەمگینییەی بووە بە تایبەتمەندییەکی دیدی ئیکزستێنشیاڵیزم، لە گوتەیەکی ھەیزڵدا بە ڕوونی ئاشکرا دەبێت، کاتێک ھەیزڵ بۆ خێزانەکەی ڕوون دەکاتەوە کە دەبێت ئاشنایی لەگەڵ کەسانی نوێ دروست نەکات، چونکە ئەو لە کۆتاییدا دەمرێت و بەمەش ئازاریان دەدات. وەک سارتەر دەڵێت: “ئێمە  مه‌حکوومین بە غەمگینی، چونکە ھیچ ڕێگەیەکی ترمان نییە جگە لەوەی ھەست بە قورسایی ھەڵبژاردنەکانی خۆمان بکەین بەسەر ژیانی خۆمان و ژیانی ئەوانی دیکه‌شەوە.”

”دایه‌، من وه‌ک… وه‌ک… من وه‌ک نارنجۆکێک وام. من نارنجۆکێکم و له‌ خاڵێکدا ده‌ته‌قمه‌وه‌ و ده‌مه‌وێت ڕێژه‌ی قوربانییه‌کان که‌م بکه‌مه‌وه‌… من نارنجۆکێکم. ته‌نیا ده‌مه‌وێت له‌ خه‌ڵک دوور بم و کتێب بخوێنمه‌وه‌ و بیر بکه‌مه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئێوه‌ بم، چونکه‌ هیچ شتێک نییه‌ بتوانم بیکه‌م ئێوه‌ ئازار بدات؛ ئێوه‌ زۆر به‌هێزن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ تکایه‌ ته‌نیا لێم گه‌ڕێن ئه‌وه‌ بکه‌م، باش؟ من غه‌مبار نیم. چیتر پێویستم به‌وه‌ نییه‌ بڕۆمه‌ ده‌ره‌وه‌. هه‌روه‌ها من ناتوانم ببم به‌ هه‌رزه‌کارێکی ئاسایی، چونکه‌ من نارنجۆکێکم.”

(به‌شی شه‌شه‌م، لاپه‌ڕه‌ ١٢٥)

چاپی كوردیی ڕۆمانه‌كه‌ || فۆتۆ: هه‌رێم عه‌لی

بەڵام ھەیزڵ خولیای دۆزینەوەی کۆتایی کتێبە دڵخوازەکەی، ئازارێکی مەزن، ده‌که‌وێته‌ سه‌ری، کە دەربارەی فەلسەفەی ئیکزستێنشیاڵیزمە و دەڵێت بوونی مرۆڤ واتا گەڕان بەدوای مانایەک بۆ ژیانیان. ویستی ھەیزڵ بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی کارەکتەرە ڕزگاربووەکان لە شێرپەنجە ھێمایەکە بۆ ویستی دۆزینەوەی مانایەک بۆ ئەم ژیانە و ژیانی دواتری خۆی:

”هه‌روه‌ک چۆن جه‌سته‌ و بیرکردنه‌وه‌کانم هیی خۆم بوون، ئازارێکی مه‌زنیش کتێبی من بوو.”

(به‌شی دووه‌م، لاپه‌ڕه‌ ٥١)

دواتر دەبینین ئه‌و بێباکییه‌ی ھەیزڵ بەرامبەر به‌ ژیان ھەیەتی، دەگۆڕێت بۆ ویستی ژیانکردن و خۆشویستن، ئەمەش لەپاش ئەوەی بۆی ڕوون دەبێتەوە گرنگیی ژیانی ئەو لە ساتە خۆشەکان و دەستکەوتەکانیەتی، وەک لەوەی لە ژمارەی ساڵەکانیدا بێت. دەڵێت :

”من ژماره‌ی زیاترم ده‌وێت له‌وه‌ی که‌ به‌ده‌ستی ده‌هێنم، خودایه‌، ژماره‌ی زیاتریشم ده‌وێت بۆ ئۆگه‌ستس له‌وه‌ی که‌ به‌ده‌ستی هێناوه‌. به‌ڵام گه‌س، ئه‌ڤینداری من، ناتوانم پێت بڵێم که‌ چه‌نده‌ سوپاسگوزارم بۆ ئه‌و ناکۆتا که‌مه‌ی خۆمان. به‌ هه‌موو جیهانی ناگۆڕمه‌وه‌. تۆ هه‌تاهه‌تاییه‌کت پێ به‌خشیم به‌ کۆمه‌ڵێک ڕۆژی دیاریکراوه‌وه‌، من سوپاسگوزارم.”

(به‌شی بیسته‌م، لاپه‌ڕه‌ ٢٩٩)

ھەرچەندە ھەیزڵ و ئۆگەستس کاتێکی سنوورداریان پێکه‌وه‌ هه‌بوو، بەڵام دەکرێت پەیوەندییەکەیان وه‌ک په‌یوه‌نییه‌کی ناکۆتا تەماشا بکرێت. ئۆگەستس ھاوکاریی ھەیزڵی کرد لە خۆدۆزینەوە و ھێنانەدیی خەونەکەی و بینینی نووسەری ئازارێکی مەزن. بوونی ئۆگەستس لە ژیانی ھەیزڵدا دیدی ئه‌وی بۆ ژیان گۆڕی و هه‌یزڵ لە نارنجۆکێکەوە بوو بە تاکێک کە دەتوانێت ژیانی کەسێک بگۆڕێت، ئەمەش ئەو وانە سەرەکییەیە کە جۆن گرین لە ڕۆمانەکەیدا بۆمان ڕوون دەکاتەوە. ئەم بیرۆکەیە لەم بەشەی خوارەوەی کتێبەکەدا ڕوون دەبێتەوە، کە تێیدا ئۆگەستس گرنگیی ڕزگارکردنی ئەو منداڵانە لە یارییە ڤیدیۆییه‌کاندا بۆ ھەیزڵ ڕوون دەکاتەوە:

”هه‌موو ڕزگارکردنێک شتێکی کاتییه‌. من خوله‌کێکم بۆ کڕین. له‌وانه‌یه‌ ئه‌و خوله‌که‌، یه‌ک کاتژمێری بۆ کڕیبن و ئه‌و کاتژمێره‌ش ساڵێکی بۆ کڕیبێتن. هه‌یزڵ گره‌یس، هیچ که‌س ناتوانێت ئه‌به‌دییه‌تیان بۆ ده‌سته‌به‌ر بکات، به‌ڵام ژیانم خوله‌کێکی بۆ ده‌سته‌به‌ر کردن. ئه‌مه‌ش شتێکی که‌م نییه‌.”

(به‌شی چواره‌م، لاپه‌ڕه‌ ٨٠)

بە پێچەوانەوەی ھەیزڵەوە، ئۆگەستس هەقیقەتەکانی خۆی پشتگوێ دەخات. ڕووبەڕووبونەوەی مەرگ ھەمیشە ترسێکی زۆر بووە بۆ ئەو، چونکە دوای مردنی، ئه‌و بە ته‌واوی لەبیر دەکرێت، بەڵام دواتر ئەم ترسە دەبێتە ھۆی دروستبوونی ویستی خۆدۆزینەوە. لە ڕۆمانەکەدا ھەڕەمی ماسلۆو، کە دەروونناسی ئەمریکیی ئەبراھام ئێچ ماسلۆو نووسیویه‌تی، دەری دەخات کاتێک ویستە سەرەتاییەکان بەدی دێن، تاکەکان بەرەو قۆناغی بەرزتری پلەبەندییەکە سەر دەکەون تاکو دەگەنە ویستی کۆتایی بۆ خۆدۆزینەوە. ئەمەش واتا دیاریکردنی ڕێگەیەک لە ژیاندا و جێھێشتنی میراتییه‌ک تا بە ھۆیەوە یاد بکرێتەوە و ببێت بە بەڵگەیەک بۆ بوونی ئەو:

”ئه‌گه‌ر تۆ ژیانێکی مانادار و پڕبایه‌خ نه‌ژیت، به‌ لایه‌نی که‌مه‌وه‌ ده‌بێ مردنێکی مانادار و پایه‌دار بمری، خۆشت ئه‌مه‌ ده‌زانی؟ هه‌روه‌ها، من له‌وه‌ش ده‌ترسم که‌ نه‌ ژیانێک ده‌ژیم هیچ مانایه‌کی هه‌بێ و نه‌ مردنێک ده‌مرم که‌ هیچ مانایه‌کی هه‌بێ.”

(به‌شی یازده‌یه‌م، لاپه‌ڕه‌ ١٩٨)

”زۆربه‌ی که‌سه‌کان ده‌یانه‌وێت له‌دوای خۆیان نیشانه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌م جیهانه‌ به‌جێ بهێڵن. به‌جێهێشتنی میراتییه‌ک. که‌ دوای مردنیش، تا ماوه‌یه‌کی دوورمه‌ودا بمێنێته‌وه‌. ئێمه‌ هه‌موو ده‌مانه‌وێت یاد بکرێینه‌وه‌. به‌ هه‌مان شێوه‌، منیش. ئه‌وه‌ی که‌ زۆر بێزارم ده‌کات ئه‌وه‌یه‌، بوون به‌ قوربانییه‌کی تری له‌یادکراو له‌ جه‌نگێکی دێرین و شه‌رمه‌زارکه‌ردا؛ جه‌نگی دژ به‌ نه‌خۆشی.”

(به‌شی بیستوپێنجه‌م، لاپه‌ڕه‌ ٣٥١)

بیرۆکەی هەقیقەت لە ناوی ڕۆمانەکەوە، ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختمان، باس دەکرێت. لە شانۆنامەی قەیسەر جولیوسی شەکسپیردا، قەیسەر دەڵێت: “بروتوسی ئازیز، ھەڵەکە لە ئەستێرەکانی بەختی ئێمه‌دا نییە، بەڵکو لە خۆماندایە، چونکە ئێمە کەسانی نزمین.” لەم دێڕەدا قەیسەر دەڵێت کە مرۆڤ بە ھۆی ئەو هەقیقەتەی پێی مەحکوومە لەناو دەچێت، نەک بە ھۆی چارەنووسەوە. بەڵام جۆن گرین لە ڕۆمانەکەیدا ناوی ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختمان ھەڵدەبژێرێت تا بتوانێت بڵێت ھەندێک کات ھەڵەی خۆمان نییە، ھەندێک ڕووداو ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت یان گۆڕانکاریی تێدا بکرێت، وەک شێرپەنجە. بەڵام جوانیی پەیامەکە لەوەدایە کە ھێشتا دەتوانین بژین و بڕیار بدەین سەرەڕای ئەو ھەڵەیەی لە ئەستێرەکانماندا ھەیە.

جۆن گرین

بیرۆکەی ئەبسێرد لە ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختماندا

گەشتی ئەم دوو مێردمنداڵە زیرەک و قسەخۆشە ڕوونکردنەوەیەکە بۆ ئەو چەمکەی کامۆ پێی ده‌گوت “ھەستی ئەبسێرد”. بیرۆکەی ئەبسێرد لە زۆر کاری ئیکزستێنشیاڵیزمدا ھەیە. کامۆ ئه‌بسێرده‌ پاڵه‌وان بە کەسێک دادەنێت کە ژیان وەک ھەوڵێکی بەردەوام دەبینێت و لە ناخیدا یاخیبوونێکی بەردەوام دژی دۆگمابوونی ھەیە. ئەمەش ھەمان حاڵەتی ئەم دوو نەخۆشەیە کاتێک بە بێھیواییەوە لە دژی ئەو سنوورانە یاخی دەبن، کە بە ھۆی نەخۆشییەکەیانەوە پێی مەحکوم بوون.

“ئەم یاخیبوونەیە کە بەھا بە ژیان دەبەخشێت. خۆی بەسەر ھەموو ژیاندا بڵاو دەکاتەوە و مەزنیه‌تی بەو ژیانە دەدات. بۆ کەسێکیش چاوبەست مەودای بینینی نەگرتبێت، ھیچ دیمەنێک نییە جوانتر لە دیمەنی ئاوەز لە ململانێیدا لەگەڵ واقیعێکدا کە لە سەروو خۆیەوەیەتی.”

(ئەفسانەی سیزیف، ئەلبێر کامۆ، و: ئازاد بەرزنجی، ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ٢٠١٥)

ئەلبێر کامۆ باوەڕە ئایینییەکان وەک ھەوڵێک بۆ ڕاکردن لە ئەبسێرد دەبینێ. ئایین بۆ ئەو چارەسەرێکی ھەڵخەڵەتێنەرە بۆ ئەو سروشتە ئەبسێردەی لە هەقیقەتدا ھەیە. بەپێی کامۆ مرۆڤی ئەبسێرد دەبێت ئاگاییەکی تەواوی به‌رانبه‌ر به‌ شوێنی خۆی هه‌بێت، کە لە ئەنجامگیرییەکی پوچگەرایانە دەڵێت:

“مرۆڤی ئەبسێرد لە پنتێکی ڕێگه‌ی ژیانیدا ڕووبەڕووی ھەڵفریوان دەبێتەوە. مێژوو ھەم ئایین ھەم پێغەمبەر و تەنانەت پێغەمبەری بێخوداشی تێدایه‌. مرۆڤی ئەبسێرد داوای لێ دەکرێ ئەو بازدانە ئەنجام بدات. ھەموو وەڵامەکەی ئەویش ئەوەیە کە بە تەواوی تێناگات و شتەکان بە لایەوە ڕوون نین. لە ڕاستیدا ئەو شتێک ناکات کە بە تەواوی لێی تێنەگەیشتبێت.”

(ئەفسانەی سیزیف، ئەلبێر کامۆ، و: ئازاد بەرزنجی، ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ٢٠١٥)

بە ھەمان شێوە کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانی ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختمان، ھەیزڵ، ھیچ گرنگییەک بە ئایین نادات. مرۆڤ چیرۆک یان خودا دروست دەکات بۆ پڕکردنەوەی بەتاڵی و ویستی دۆزینەوەی وەڵام و مانا. بەڵام، ھەیزڵ زۆر کات ئایینی وەک دژی ئینتێلێکچواڵیزم دەبینی. هه‌یزڵ باوه‌ڕی به‌ گه‌ردوون هه‌یه‌ و ئۆگه‌ستسیش باوه‌ڕی به‌ ”شتێک” هه‌یه‌. بیرۆکه‌ی ئه‌بسێردیی ئایین بۆ پڕکردنه‌وه‌ی پووچیی بوونی مرۆڤه‌کان له‌ ژیاندا له‌ ڕۆمانه‌که‌دا له‌ گرووپی پشتگیرییه‌که‌ ده‌رده‌که‌وێت:

 ”ئێمه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی بازنه‌یی ڕێک له‌ ناوه‌ڕاستی خاچه‌که‌دا داده‌نیشتین، له‌و شوێنه‌ی که‌ دوو داره‌که‌ به‌ یه‌ک ده‌گه‌ن، له‌و شوێنه‌ی که‌ دڵی مه‌سیحی لێیه‌. شته‌کان به‌م شێوه‌یه‌ له‌ دڵی خودادا به‌ڕێوه‌ ده‌چوون: شه‌ش، حه‌وت، بۆ ده‌ که‌س له‌ ئێمه‌ به‌ پێ یان عه‌ره‌بانه‌ ده‌چووینه‌ ژووره‌وه‌، هه‌ندێ کولیچه‌ و ئاوی لیمۆمان ده‌خوارد، له‌ بازنه‌ی باوه‌ڕدا داده‌نیشتین و گوێمان له‌ چیرۆکه‌ خه‌ماوییه‌ هه‌زارجار گێڕدراوه‌که‌ی ژیانی پاتریک ده‌گرت، که‌ چۆن تووشی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ی گون ببوو و هه‌موان پێیان وا بووه‌ که‌ ده‌مرێت، به‌ڵام ئه‌و نه‌مرد و ئه‌وه‌تا ئه‌و لێره‌یه‌، گه‌نجێکی ته‌واو پێگه‌یشتوو، له‌ ژێرزه‌مینی که‌نیسه‌یه‌ک له‌ ١٣٧ه‌مین جوانترین شاری ئه‌مه‌ریکا، له‌ هاوسه‌ره‌که‌ی جیا بووه‌ته‌وه‌، مودمین بووه‌ به‌ یارییه‌ ڤیدیۆییه‌کان، بێ هاوڕێ و دۆست، خه‌ریکی بونیادنانی ژیانێکی نوێیه‌ به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ ژیانی ڕابردووی.”

(به‌شی یه‌که‌م، لاپه‌ڕه‌ ١٩)

سەرنجی وەرگێڕ: بۆ دێڕەکانی ڕۆمانەکە، سوود لە چاپی کوردیی ڕۆمانی هه‌ڵه‌ی ناو ئه‌ستێره‌کانی به‌ختمان وەرگیراوە، کە ساڵی ٢٠١٦ به‌ وه‌رگێڕانی ژیوار جه‌وهه‌ر له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووسوە چاپ و بڵاو کرایه‌وه‌.

​ چیرۆک: نووسینی داهێنه‌رانه‌


نووسینی داهێنه‌رانه‌

ئێتگار كێرێت

له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: ژیوار جه‌وهه‌ر

یه‌كه‌مین چیرۆك كه‌ مایا نووسیی، ده‌رباره‌ی جیهانێك بوو تێیدا خه‌ڵكی له ‌بری خستنه‌وه‌ی وه‌چه ‌خۆیان دابه‌ش ده‌كرد. له‌و جیهانه‌دا، هه‌ر كه‌سێك، له‌ هه‌ر ساتێكدا ده‌یتوانی ببێت به‌ دوو كه‌س و هه‌ر کەسێکیان ده‌بوو به‌ نیوه‌ی ته‌مه‌نی خۆی. هه‌ندێكیان له‌ ته‌مه‌نی گه‌نجیدا ئه‌م كاره‌یان ده‌كرد؛ بۆ نموونه‌، كه‌سێكی ته‌مه‌ن هه‌ژده‌ساڵان، دابه‌ش ده‌بوو بۆ دوو كه‌سی ته‌مه‌ن نۆساڵ. ئه‌وانی دیكه‌ چاوه‌ڕێیان ده‌كرد تاکوو له‌ ڕووی پڕۆفێشناڵی و ئابوورییه‌وه‌ جێی خۆیان ده‌گرت و ئینجا له‌ ناوه‌ڕاستی ته‌مه‌نیاندا خۆیان ده‌كرد به‌ دوو به‌شه‌وه‌. ئازایه‌تیی ژنه‌ی ناو چیرۆكه‌كه‌ی مایا دابه‌شنه‌بوون بوو. ئه‌و ته‌مه‌نی گه‌یشتبووه‌ هه‌شتا ساڵ، سه‌رباری گوشاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ به‌رده‌وامه‌كان، پێداگریی له‌سه‌ر دابه‌شنه‌بوونی خۆی ده‌كرد. له‌ كۆتاییی چیرۆكه‌كه‌دا ئه‌و مرد.

Continue reading ​ چیرۆک: نووسینی داهێنه‌رانه‌