19/04/2024
DidiMn Logo
Top

خوێنەر و کتێب: دەربارەی ڕۆمانى گرەوى بەختى هەڵاڵە

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کتێب: گرەوی بەختی هەڵاڵە

نووسەر: عەتا نەهایی

خوێنەر: یونس ئەحمەد سلێمان

ڕۆمانى گرەوى بەختى هەڵاڵە لە نووسینى نووسەرى ڕۆژهەڵاتى کوردستان عەتا نەهایی‌ە، باس لە کچێک دەکات بە ناوى هەڵاڵە کە دواى ئەوەى لەگەڵ خێزانەکەى ڕوو دەکەنە شاخ بە هۆى ئەوەى باوکى یەکێکە لەو کەسانەى لە ڕیزى شۆڕشدایە. هەڵاڵە هەر لە شاخ تووشى چەندین ڕووداو دەبێت، گرنکترینیان ناسینى کوڕێکە بە ناوى برایمۆک کە زۆر خۆشى دەویت، هەردووکیان بە یەکەوە لە ڕادیۆ کار دەکەن و بەرنامەى پێشکەش دەکەن، بەڵام باوکى هەڵاڵە ئەم کوڕەى خۆش ناوێت دواى ئەوەى برایمۆک ماوەیەک دیار نامێنێت، تەرمەکەى دەدۆزرێتەوە و ئەم ڕووداوەش کاریگەرىی زۆر لەسەر هەڵاڵە دروست دەکات.

دواى ماوەیەک هەڵاڵە لەگەڵ برایەک و ماڵ مامى ڕوو دەکاتە دەرەوە لە سوید دەگیرسێتەوە و لەوێ دەست دەکات بە ژیانێکى نوێ لە زانکۆش دەخوێنێت.

بەڵام پاش چەند ساڵێک باوکى هەڵالە پێشنیازدەکات بۆ شێرزاد کە کوڕێکى هاوڕێی بووە و هاتووەتە ناو شۆڕش بڕواتە دەرەوە خۆى لە کوردستان ڕزگار بکات ئەم پێشنیازەى بە دڵە و ڕوو دەکاتە دەرەوە، بەڵام گرفتى شێرزاد ئەوەیە کە نازانێت چۆن بگاتە ئەوروپا، بۆیە باوکى هەڵاڵە بیر لەوە دەکاتەوە کە داوا لە هەڵاڵە بگات یارمەتیى بدات ڕای بکێشێت، ئەویش بەوەى بە ناوی هاوسەرگیرى بەمەش شێرزاد دەگاتە سوید داوا لە هەڵاڵە دەکات بە فەڕمى هاوسەرگیریى لەگەڵ بکات، بەڵام سەرەتا هەڵاڵە ڕازى نابێت، پاش ئەوەى شێرزاد باسى ئەوەى بۆ دەکات کە خۆشەویستییەکى زۆرى بە هەبووە هەر لەو کاتەوەى کە هاتووە ماڵیان لە شاخ. داواجار هەڵاڵە ڕازى دەبێت هاوسەرگیرى لەگەڵ شێرزاد بکات، بەمەش ژیانێکى نوێ دەست پێ دەکەن، سەرەتا زۆر ژیانیان خۆش دەبێت، دەبنە خاوەنى منداڵێک بە ناوى ئارەزوو.

74040

هەڵاڵە لە زانکۆ دەخوێنێت، لەوێ ئاشناى مامۆستایەکى زانکۆ دەبێت بە ناوى دکتۆر سەعید هەر ئەمەش چیرۆکى گرەوى بەختى هەڵاڵە دەنووسێتەوە، ناسینى سەعید دەبێتە قۆناغێکى تر لە ژیانى هەڵاڵە ڕۆژ دواى ڕۆژ هەڵاڵە و دکتۆر سەعید پەیوەندییان زیاتر دەبێت تێکەڵى یەکتر دەبن، دکتۆر سەعیدیش کچێکى هەیە بە ناوى فەرزانە و لەگەڵ ئارەزوو دەبنە دوو هاوڕێ.

پەیوەندىی نێوان هەڵاڵە و دکتۆر سەعید، زیاتر شێرزاد نیگەران دەکات، دەبێتە سەرەتاى دروستبوونى کێشە لە نێوان هەڵاڵە و شێرزاد تا دەگات بەوەى کە لە یەکتر جیا ببنەوە و پاشان دکتۆر سەعید ماڵەکەى دەگوازێتەوە بۆ ئەو ئەپارتمانەی کە هەڵاڵەى لێە و بەمەش پەیوەندىی نێوانیان زیاتر دەبێت چوونەدەرەوەیان لە جاران زیاتر دەبێت.

کاتێک شێزاد بەمە دەزانێت زۆرى پێ ناخۆش دەبێت، هەر بۆیە لە دەرفەتێکدا بە بیانووى بردنەوەى کەلوپەلە تایبەتەکانى دێتەوە بۆ لاى هەڵاڵە، پاش ئەوەى شتەکان کۆ دەکاتەوە یەکێک لەو شتانە خەنجەرێکە کە کاتى خۆی باوکى هەڵاڵە بە دیارى داویەتى بە شێرزاد، ئەویش لەگەڵ خۆى هێناوەیەتى بۆ سوید بەو خەنجەرە لە هەڵاڵە دەدات و بە سەختى بریندارى دەکات و پاشان هەڵدێت، دواتر هەڵاڵە دەبرێتە نەخۆشخانە و ئەم ڕووداوە دەنگدانەوەیەکى زۆر بەدواى خۆیدا دەهێنێت.

دواتر شێرزاد لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت.

سەرەتاى ڕۆمانەکە بەم دێڕانە دەست پێ دەکات:

”ئەوە چارەنووسى تۆیە هەڵاڵە، کە خەنجەرێک شاخە و شاخ، شارە و شار و وڵاتە و وڵات شوێنت بکەوێت، تا لێرە لە ستۆکهۆڵم لە گەڕەکى فلەمیسنبێرگ نهۆمى چوارەمى باڵەخانەى ژمارە هەژدە لە سنگت بچەقێ.”

خوێندنەوەى ئەم ڕۆمانە چێژى خۆى هەیە و خوێنەر دەباتە ناو ڕووداوەکان.

هاوبەشی بکە

Ata Nahayi, Grawi Baxti Halala, Younis Ahmad Sleman,