03/12/2020
DidiMn Logo
Top

سیانە شانۆیییەكەی بێرگمان: وشە‌ و ئەكتەر ‌و بینەر

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

د. فازیل جاف

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: دلێر میرزا
 

بەرهەمەكانی هەرسێ نووسەر شەكسپیر، ئیبسن‌ و ستریندبێرگ، بەردی بناغەی ئەزموونی دوور‌ودرێژی شانۆی بێرگمان‌ـن. خودی بێرگمان دەڵێت، هەر لەمنداڵییەوە خولیای شانۆ بووە، كاتێ لەگەڵ یەكێک لەهاوڕێكانی‌ و لەگەڵ خوشكەكەیدا، لەتەمەنی 14 ساڵیدا، شانۆیەكی بچووكی دروسـت كرد، یەكەمین نماییشی ئەم شـــانۆ ساوایە، شانۆگەریی باڵندەی شین‌ـی مۆریس مترلینگ بووە.

خۆی بۆ دوو كاری دیكەی بلوێری جادوویی‌ـی مۆزارت ‌و شانۆگەریی داستانێكی زستانەـی شەكسپیر ئامادە دەكرد، بەڵام بە هۆی كێشەی دارایییەوە، نەخشەی تیپەكە شكستی هێنا ‌و بێرگمان دەڵێت، خەونی دەرهێنانی ئەو دوو كارە، بە درێژایی تەمەنی لە بیریدا بووە.
1101600314_400

دەرفەتی دەرهێنانی ئەو دوو شانۆگەرییەی تا ساڵی 1971 بۆ نەڕەخسا، كە بلوێری جادوویی دەرهێنا، بەشێكی ئەو خەونەی بەدی هێنا، كە هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە لە هزریدا بوو. بێرگمان لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: “كوڕ‌ و كچێكم هەیە كە لەبواری شانۆدا بەهرەیان هەیە‌ و هەردەم جەختی ئەوەم لەگەڵدا دەكردن، كە بایەخ بەم شانۆگەرییە بدەن، چونكە شانۆگەرییەكە بۆلاوان.” لە ماوەی ئەو ڕەوتە هونەرییە دوور‌ودرێژەدا، بێرگمان پتر لە ١٠٠ كاری شانۆی پێشكەش كرد، كە زۆربەیان بۆ ئەو سێ نووسەرە دەگەڕێنەوە، كە لەسەرەوە ئاماژەم بۆیان كرد. بەڵام تەنیا لەم وەرزی ئێستای شانۆدا، خەونەكەی بەدی هات. ئەوەتا شانۆی پاشایانە لە ستۆكهۆڵمدا، داستانێكی زستانەـی لە دەرهێنانی ئینگمار بێرگمان پێشكەش دەكات.

سەبارەت بە خولیابوون بە شانۆی كلاسیكییەوە، بێرگمان دەڵێت: “هۆكاری ئەژماركردنی بەرهەمی كلاسیكی بە كلاسیكی، لە پەیوەندیی كلاسیک بە هۆشیاریی مرۆڤایەتییەوەیە. بەوەی بە شێوەیەكی نهێنی دەكەوێتە ئاخاوتن لەگەڵتدا. هیچ نیازێک بەوە نییە، كە ناخمان لە ڕێگەی ئەو بەرهەمانەوە ڕاڤە بكەین. ئەگینا باشتر وایە كە بۆ خۆمان دەست بدەینە نووسین، یان وەكو بریخت لەسەر دەقی ئەوانی دیكە كار بكەین.” ئەوانەی بە دوای كارە شانۆیییەكانی بێرگمان‌ـدا دەچن، دەبینن هێشتا بێرگمان بەو شێوەیەی كە لە شەستەكاندا‌ و بەم جۆرە كە لە خوارەوە دایڕشت، جەخت لەسەر بیرۆكە دێرینەكەی لەمەڕ شانۆ دەكات: “بە پێی تیۆرەكەم لەمەڕ شانۆ، سێ خاڵ گرنگن: وشە (بە پێی بێرگمان، ڕووداویش دەگرێتەوە)، ‌ئەكتەر ‌و بینەر.”

وشە لە داستانێكی زستانە
ئەم شانۆنامەیە بەر لە دوا شانۆگەریی شەكسپیرـە‌ و لەم سەردەمەدا، كەمتر لەسەر شانۆ برەوی هەیە، ئەگەرچی لە سەردەمی ئەلێزابێس‌ـدا، یەكێک بوو لە شانۆگەرییە بە برەوەكان. شەكسپیر لە سەرەتای ساڵی 1611، لەتەمەنی ٤٧ ساڵیدا نووسی. لە ١٥ـی ئایاری هەمان ساڵدا، بۆ یەكەم جار لەسەر شانۆی گڵۆپ نماییشی كرا.
download

لیۆنتیس‌ـی پاشای سیسیلیا، بانگەشەی پاشای بۆهمین دەكات، تاوەكو ٩ مانگ بە خۆشی ‌و شادی ‌و ئاهەنگی بەردەوام بەسەر بەرن. كاتێ پاشا لیۆنتیس بەوە دەزانێت، كە هاوسەرەكەی دووگیانە، دڵپیس دەكات ‌و شاژن لە بەندیخانە توند دەكات ‌و كیژۆڵەكەیش لە چۆڵەوانیدا توڕ دەدات. تا ڕۆژگار بە كوڕی پاشا بۆلیكسینیسی دەناسێنێت‌ و پەیوەندیی خۆشەویستی لە نێوانیاندا دروست دەبێت ‌و لەسەر ڕەزامەندیی پاشای سیسیلیا بە هاوسەری یەكدی دەبن. شانۆگەرییەكە بە شادی كۆتایی دێت. پاشا پەیكەرێكی لەو بەردە بۆ دەتاشێت، كە ئەگەر هەموو لایەنەكان ئاشت ببنەوە، ئەوا ژیانی بۆ دەگێڕێتەوە.

لە ڕاستیدا، كرۆكی شانۆگەرییەكە، چەند ڕەخنەیەكی لێ دەكەوێتەوە، گرنگترینیان ئەوەیە ژیان بۆ پەیكەرە بەردینەكەی شاژن دەگەڕێتەوە!‌  چۆن ئەم دیمەنە ڕاڤە بكرێت؟ ئایا شاژن بە درێژایی ئەم چەند ساڵە زیندوو بووە‌ و ژیانی لە پشتی پەیكەرێكی بەردینەوە بەسەر بردووە؟ ئایا مەبەستی شەكسپیر ئەوەیە كە هونەر مردن دەبەزێنێت؟ جۆرج بێرناردشۆ لەو بڕوایەدایە، كە شەكسپیر لەم شانۆگەرییەدا، پیتەكان خاڵڕێژ ناكات‌ و نووسینەكەی ڕوون نییە. دیدی هاوچەرخانەی ئەم شانۆگەرییە هەرچییەک بێت، لە كاتی خۆیدا، مایەی ئافەرینی جەماوەر بووە. بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵی 1642ـدا، شانۆی گڵۆپ داخرا‌ و دوای 18 ساڵ دووبارە كرایەوە، چیتر ئەو شانۆگەرییە نەچووەوە سەر شانۆ‌ و نزیكەی سەدەیەک پشتگوێ خرا. ڕەنگە کین‌ـی ئەكتەر یەكێک لەو ئەكتەرانە بووبێت، كە بۆ یەكەم جار ڕۆڵیان لە شانۆگەرییەكەدا گێڕابێت. بەڵام لەم سەردەمەدا، دەتوانین بڵێین كە دەرهێنانی پیتەر برووک لە ساڵی 1952، لەگەڵ ئەكتەر جۆن گیلگیود، لە رۆڵی لیۆنتیس‌ـدا، هەنگاوێكی گرنگ بووبێت بۆ ئەوەی دەرهێنەران بایەخ بەم شانۆگەرییە بدەن. شانۆگەرییە، سەرەڕای جیاوازیی ڕا‌وبۆچوونەكان، بەڵگەیە بۆئەوەی كە شەكسپیر بە پێچەوانەی تراژیدییە بەناوبانگەكانییەوە، چیتر نەیویستووە درێژە بە وێناكردنی دەروونی قووڵی كەسایەتییەكانی خۆی بدات. میكایل تیمی، ڕەخنەگری سویدی دەڵێت: “ڕەنگە شایستەتر بێت، كە بڵێین شەكسپیر لە دوا ساڵانی تەمەنیدا، هەوڵی دەدا شانۆكەی خۆی بە داهێنانی فۆڕمێكی شانۆی سادەی میللی ‌و هۆنینەوەیەكی پڕ لە ڕووداوی خێرای یەک لە دوای یەک ‌و گۆرانی‌ و سەما، نوێ بكاتەوە.”

لە یەكێک لەهۆنراوەكانی كارڵ جوناس لاوڤە ئالمكفیست‌ـی شاعیری سویدیدا، هاتووە كە هۆڵی قەڵای شكار، ئاهەنگێكی شانۆیی بە شكۆ دەگێڕێت. ئاهەنگێک لە زەردەپەڕی غەمگینیی پاییز ‌و شەوانی تاریكی زستاندا، دڵ شاد بكات. لە سۆنگەی هۆنراوەكانی ئالمكفیست‌ـەوە، بێرگمان ڕووداوەكانی داستانێكی زستانە بە زەمینە شینەكەیەوە، بۆ قەڵای شكار دەگێڕێتەوە، سەرەڕای جیاوازیی فراوانی كات (سێ سەدە)، لە نێوان ئەو دوو جیهانەدا. ئەوانەی لە هۆڵە گەورەكەدا ئامادەن، جەماوەری ڕاستەقینەن، كە چاوەڕوانی دەست پێ كردنی نماییشەكە دەكەن.

images

 بینەران لەكاتی چوونە نێو هۆڵی نماییشەكەوە، لە پڕ لووتیان بە لووتی ئەكتەرەكاندا دەتەقێت‌ و تێكەڵ بە یەكدی دەبن. دەرهێنەر نماییشەكەی لەسەر زەمینەی دەقە شاعیرانەكەی شەكسپیر، بە مۆسیقاوە زاخاو دەدات. لێرەدا مۆسیقا لە جموجوڵە داڕێژراوەكانی ئەكتەرەكان و ڕیتمەكانیان، لە ئاماژە‌ و هێما قەشەنگەكانیان و لەتێگەیشتنیان بۆ كاتی شانۆیی، بەرجەستە دەبێت. ئەكتەر كانگای هەست دەتەقێنێتەوە، ئەمەیش گەورەترین ئامانجە بە لای بێرگمان‌ـەوە، كە ئەكتەر بتوانێ پێی بگات: “پەیوەندیم بە شانۆوە، پەیوەندییەکی هەست ئامێزە.” (بێرگمان/گفتوگۆ) هەمان پەیوەندیی نێوان بینەر ‌و ئەكتەرەكانە. كەشی شانۆیی لە بۆچوونی بێرگمان‌ـدا، خۆی لەو قەوارە شانۆیییەدا نابینێتەوە، كە بە سەكۆی شانۆ ناو دەبرێت، بەڵكو لەوە تێدەپەڕێت، تا هەموو ئەو بۆشایییەی نێوان ئەكتەرەكان‌ و بینەران بگرێتەوە.

“پانتاییی شانۆ، ئەو بینەرانە دیاری دەكەن، كە ڕوو لە یەک دەكەن. نماییشی شانۆیی لە ناخی بینەراندا گەڵاڵە دەبێت. لەهەر شوێنێكی سەر شانۆدا، شوێنێک هەیە كە ئەكتەر تیایدا باشتر دەبینرێت ‌و باشتر دەبیسترێت. ئەگەر ئەكتەر لە وەها شوێنێكدا دانرا، ئەوا ئەوپەڕی كاریگەریی دەبێت. هەر فەزایەكی شانۆیی لە ڕووی پەیوەندیی نێوان سەكۆی شانۆ ‌و هۆڵی نماییشەوە خاڵێكی پرشنگداری تایبەت بە خۆی هەیە، ئەركی ئێمە ئەوەیە بەر لەهەر شتێک، بە دوای ئەو فەزایەدا بگەڕێین.” (بێرگمان/گفتوگۆ)
Ingmar Bergman

زمانی شانۆیی لە داستانێكی زستانەـدا، لە پێكهاتەی مۆسیقاییی جەستەی ئەكتەران لە پانتاییی ڕووتدا، هەڵدەقوڵێت. بە كەمترین دیكۆر، بێرگمان ئەوە دەسەلمێنێت كە ئەو پانتایییە ڕووتە، كە بزاوت ‌و جموجوڵ رێك دەبێت‌ و جەستەیش ئەندازیاریی خۆی بەرجەستە دەكات‌ و هێماكان دەكەونە ژێر سووربوونی ترپەی ناوەوەی نماییشی شانۆییەوە.

“یەكێک لەو هۆكارانەی ناچارم دەكات كەمتر ‌و كەمتر، دیكۆر بەكار بهێنم، ئەوەیە كە فاكتەری دیكۆر لەسەر شانۆ، هەر لە لابردنی پەردەیەک، بەرزكردنەوە‌ و داگرتنی هەر پارچەیەكی دیكۆردا، نمایشی شانۆیی دەشێوێنێت.”

تێبینی: ئەم نووسینە لە کتێبی “شانۆی هاوچەرخی سوید، چەند بیروبۆچوونێکی ڕەخنەئامێز” بڵاوکراوەتەوە.

 

ئه‌م بابه‌ته‌ شه‌یر بكه‌

Bergman, Fazil Jaff, Ingmar Bergman,