23/09/2020
DidiMn Logo
Top

لە یادی ئینگمار بێرگمان‌ـدا،  بەشێک لە کتێبی چرای ئەفسووناوی

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

ئەم بابەتەی خوارەوە، بەشێکە لە کتێبی چرای ئەفسووناوی، کە بریتییە لە یادەوەرییەکانی گەورە سینەماکار و شانۆکاری سویدی، ئینگمار بێرگمان؛ وەرگێڕ و نووسەر دلاوەر قەرەداغی بۆ زمانی کوردی وەریگێڕاوە و بەم نزیکانە چاپێکی نوێی بڵاو دەکرێتەوە.

بەر لەوەی تاریكاییی تافی باڵقبوون گەمارۆم بدا و جەستە و زەین بشڵەژێنێ‌، لە ئەزموونی ئەڤینێكی بەختەوەرانەدا ژیابووم. ئەوە لەو هاوینەدا بوو كە بە تەنێ‌ لە ڤورۆمس، لە لای نەنكم دەژیام.

  هۆكاری ئەو پەیوەندییەم لە بیر نییە، بەڵام ئەو هەستی قایلی و دڵنیایی و ئاسودەیییەم لە یادە كە دای گرتبووم. ناو بە ناو میوان دەهاتن و چەند ڕۆژێک دەمانەوە و دەڕۆیشتن. ئەمەش شادمانییەكەمی زیاتر دەكرد. گەرچی هێشتا منداڵ بووم، شێوەم منداڵ و هێشتا دەنگم گڕ نەبووبوو، كەچی نەنكم و لالا وەک كوڕێكی جاحێڵ تەماشایان دەكردم و هەر بەو چاوە مامەڵەیان دەكردم. لە پاڵ بەشداریكردن لە ئەركە زۆرەملێكانی ماڵدا (داربڕین، گزگل كۆكردنەوە، وشككردنەوەی قاپ و قاچاخ و هێنانی ئاو)، ئازاد بووم و بە ئازادی دەهاتم و دەچووم. بە زۆری تەنیا بووم و لەزەتم لەو تەنیایییەی خۆم دەبرد. نەنكم لێم گەڕابوو لەتەک خەونەكانمدا بژیم. وتووێژە ئەفسوناوییەكانمان و خوێندنەوە بە دەنگی بەرز لە ئێواراندا هەروا درێژەی هەبوو، بەڵام هەرگیز بە تۆپزی نا. ئیدی من خۆم حوكمڕانیم بە سەر ژیانی خۆمدا دەكرد، كە جاران هەرگیز بەو شێوەیە نەبوو. هەروەها پابەندبوونی وردیش بە كات و وادەكانەوە وەك جاران نەما. هێشتا هەر درەنگ بە ژەمەكانی خواردندا ڕادەگەیشتم، هەمیشە بابۆڵەیەک و پەرداخێک شیرم لە دۆڵابی خواردنەكەدا هەبوون.

  تاقە شتێكی چەسپیو كە نەدەكرا لێی لا بدرێت، بەیانیانی زوو بوو، سەعات حەوتی بەیانی وادەی فیقەنەلێدان بوو، یەكشەمموانیش وەک ڕۆژانی تری هەفتە. بە خاولی تەڕكردنی جەستە بە ئاوی سارد كە لە لایەن خودی نەنكمەوە سەرپەرشتیی ئەو ڕێوڕەسمە دەكرا. پاقژڕاگرتنی نینۆک و شتنی گوێچكە، بەزاندنی ئەو ئازادییە بوون كە من بە حەوسەڵانە؛ بەڵام بە بێ‌ لێکتێگەیشتن بەرگەیم دەگرت. پێم وایە نەنكم مەزەندەی دەكرد كە پاكوتەمیزیی دەرەكی، شتە ڕۆحییەكان دەپارێزێ‌ و بەهێزیان دەكات.

13672211_10154330710607878_558482098_n

 سەبارەت بە خۆم هێشتا بە چ كێشەیەكەوە گیرۆدە نەبووبووم. ئارەزووە سێكسوالییەكانم تەمومژاوی بوون و ڕەنگیشە بە شێوەیەكی شاراوە، بە ژێر هەستكردن بە گوناهەوە بووبن. هێشتا گوناهی خەتەرناكی جاحێڵی بەرۆكی نەگرتبووم. بە هەموو تەرزێک بێ‌ تاوان بووم. ئەو توێكڵی درۆیانەی كە لە ماڵی قەشەی باوکمدا شانیان قورس كردبووم، هەنووكە كەوتبوونە خوارێ‌ و ڕۆژ دوای ڕۆژ ئازاد لە هەر جۆرە شپرزەیییەک و بە بێ‌  ترس و ئازاری ویژدان، دەژیام. دونیا شتێک بوو كە لێی حاڵی دەبووم و دەمتوانی خەون و واقیعی خۆم كۆنترۆڵ بكەم. خودا بێدەنگ و مەسیح بە خوێن و بانگهێشتە تاریكە تەمومژاوییەكانییەوە عەزابی نەدەدام. بە تەواوی لە لام ڕوون نییە كەنگێ‌ مێرتا هاتە ناو هەموو ئەو پەیوەندییانەوە. خێزانێک هەبوو خەڵكی فالیون بوو، هاوینان بە ژمارەیەک منداڵەوە نهۆمی سەرەوەی كڵێسای هاوبەشی دیوفنێس و یورموـیان بە كرێ دەگرت، كە زستانان ئەو نهۆمە بۆ وانەگەلی ڕۆشنبیری و نماییشی سینەمایی بەكار دەهات. چەند مەترێک لەولا خانووەكەوە، هێڵی قەتار ڕاكێشرابوو، لەسەر ئەرزی تایبەت بەو خانووبەرەیەدا زۆنگاوێک هەبوو، لە خوار نشێوەكەوە كارگەیەكی گچكەی داربڕین هەبوو كە بە ئاوی گیمۆن، ڕێک بەر لەوەی بڕژێتە ڕووبارەكەوە ئیشی دەكرد. هەروەها ئەستێركێكی زۆر لێژی پڕ لە زەرووی لێ بوو كە ڕاو دەكران و بە نێزیكترین ئەجزاخانە دەفرۆشران. هەموو شتێک بۆنی ئەو دارە تازە بڕدراوە بە تیشكی هەتاو گەرمانەی لێ دەهات كە لە دەوروبەری كارگە خۆڵەمێشییە نیوە وێرانەكەدا هەڵچنرابوون.

  براكەم زۆر پێشتر هاوڕێیانی هاوتەمەنی خۆی لە نێو براكانی مێرتاـدا دۆزیبوونەوە. ئەوانە چاوقایم، شەڕانگێز و تامەزرۆی شەڕوشۆڕ بوون، لەگەڵ منداڵانی خانەی میسیۆنێرەكاندا، كە لەوسەری باشوری گوند دەژیان، یەكیا دەگرت. ئەوسا  دەكەوتنە وروژاندنی منداڵە هاروهاجەكانی گوند تا لە نشێوێكی زۆر لێژدا، كە تەواوێک بە دڕكەزی پۆشرابوو، لە یەک بەر ببن. لە هەر لایەكەوە لە یەک ئاشکرا دەبوون، بە دوای یەكتریدا ڕایان دەكرد و بە دار و بەرد لە یەكیان دەدا. من خۆم لەو شەڕە سروتئاسایانەی ئەوان بە دوور دەگرت. هێندەم بەس بوو لە بەرامبەر براكەمدا بەرگریی لە خۆم بكەم كە هەر كاتێک ویستبای لێی دەدام.

  گەرمترین ڕۆژی هاوین، لالا بۆ پشتیرێكی هەناردم كە كەوتبووە ئەوبەری ڕووبارەكەوە و ئەودیو عەردە ڕووتەنەكانەوە. پیرێژنێک ساڵ دوازدەی مانگ لەوێ‌ دەژیا كە ناوی لیس-كیوللا بوو و بەڵام بە پوورێ‌ بانگ دەكرا. ئەو كەسێكی سەیربوو، بە هۆی ئەزموونی دەرمانسازی و بەرهەمهێنانی پەنیرەوە، ڕێزی خەڵكی وەدەست هێنابوو. چەند ساڵێک گیرۆدەی نەخۆشیی دەروونی بووبوو، لە بری ئەوەی ڕەوانەی شێتخانەكەی ساتێرـی بكەن، چونكە ئەوە بە ڕیسوایی بۆ كەسوكارەكەی لێک دەدرایەوە، لە كوختێكی كێڵگەكەدا حەپس كرابوو. هەندێک جار هاوار و قیژەی دەگەیشتە گوند. بەیانییەكیان زوو لە دەرەوەی ڤۆرومس ڕادەوەستێ‌، دەسەسڕێكی وەكی سینی لە نێو دەستیدا دادەنێ‌ و داوا لە نەنكم دەكا چوار كرۆنی بۆ بكاتە سەر دەسەسڕەکە. خۆ گەر ئەو پارەیەی نەداتێ‌ ئەوا پەلک و چڵی درەخت بە ڕێگەكەدا بڵاو دەكاتەوە تا كوڵەوەیبابی تێدا كۆ ببنەوە و بە قاچ و قوولی ڕووتی منداڵانەوە بدەن. نەنكم قسان لەگەڵ لیس- كیوللاـدا دەکا، بانگی دەکاتە ژوورەوە‌ و خواردن و ئاوی پێ دەدا، وێڕای ئەوەش پارەکەی دەداتێ، ئەویش دوعامان بۆ دەکا، زمان لە براكەم دەردێنێ و بە كاوەخۆ دوور دەکەوێتەوە.

  ئێوارەیەكی ساردی زستان هەوڵیدابوو لە گرۆدان خۆی لە بێسنەـدا بخنكێنێت. چەند زەلامێک لە بەلەمێكدا بینیبوویان و دەریان هێنابووەوە. دوای ئەو ڕووداوە ئیدی هێمن و ئاقڵ بەڵام كەمدوو دەبێ. لە ئەمباری دانەوێڵەكە خۆی گۆشەگیر دەکا، لەوێ‌ خۆی بۆ سەرپەرشتیكردنی ئەو مەڕوماڵاتانە تەرخان دەکا كە هاوینان دەبرانە ئەوێ‌، زستانانیش قوماش دەچنێتەوە و دەرمانی گژوگیا دەگرێتەوە، داوودەرمانەكانی ئەو لە كوڵاتەكانی  پزیشكی گوند كاریگەرتر بوون.

  ڕۆژێكی گەرم بوو. لە ئاوە ڕەشەكەی سڤارت خیۆن‌ـدا مەلەم دەكرد، لاولاوی ئاوی قەدە هەڵفڕیوێنەرەكانیان لە قووڵایییەوە هێنابووە دەرێ‌. ئاوی ئەو زەریاچەیە هەمیشە زۆر سارد و زەریاچەكەش بێ‌ بن وە پێش چاو دەهات، كەناڵێكی ژێرزەمینی توێژینەوە لەسەرنەكراوی هەبوو كە بە ڕووبارەكە كۆتایی دەهات. كوڕێک كە لە سڤارت خیۆندا غەرق بووبوو، چەند مانگێک دواتر لاشەكەی بە كۆڵەگەیەكی لای سولباكێن‌ـەوە گیرسابۆوە. بینیبوویان زگی پڕ بووە لە مارماسی و کە لە دەم و پاشەڵییەوە هاتبوونە دەرەوە.

  بە ڕێگە زەلكاوییەكەدا ڕۆیشتم. ئەو ڕێگەیە قەدەغە بوو، بەڵام من ڕێگەكە بەڵەد بووم. بۆنێكی تیژ دەهات و ئاوە قاوەیییەكەش لە نێوان پەنجەكانی پێمدا بڵقەبڵقی بوو. گەواڵە هەورێكی گچكە لە مێش و مێشەكەرانە شوێنم كەوتبوو.

 پشتیرەكە كەوتبووە گوێ‌ دارستان و بناری تەپۆڵكەكەوە. لەوەڕگەكە بە شێوەی شەپۆل بەرەو باشوور لێژ دەبۆوە. جەنگەڵەكە ڕووەو باكوور بەرەو چیاكە درێژ دەبۆوە. تەویلە و ماڵ و ئەمبارەكە بە ڕەنگی سوور بۆیاخكراو و ڕێكوپێک بوون، تازەكی بە خشت ساپیتەی بۆ كرابوو، زەوییە گوڵ تێداڕوێنراوەكان باش خزمەتكراو بوون. كەسوكارەكەی لیس- كیوللا لە جوتیارە باشەكان بوون، هەنووكەش كە پوورێ‌ ئەقڵی وەبەر هاتبۆوە، چ شتێكی لە شانازییەكانی ئەوان پێ‌ گرینگ نەبوو.

  پوورێ‌ كەسێكی بەژن زراڤ و تەوقە سەری چەند تەڵێكی ماشوبرنجی تێكەوتبوو. چاوانی شینێكی تۆخ. ڕوخساری بەهێز، دەمێكی درێژكۆلە، كەپووی گەورە، نێوچەوانی پان و گوێچكەی قووت. قۆڵ و قاچ ڕووت لە حەوشە خەریكی داربڕین بوو. مێرتا لاكەی تری مشارەكەی گرتبوو.

دەركەوت مێرتا بۆیە بۆ پشتیرەكە گواستویەتییەوە تا بەرامبەر كرێیەكی كەم یارمەتیی لیس- كیوللا لە سەرپەرشتیكردنی ئاژەڵان و كاروباری تردا بدات.

  شەربەتی ترێی فەرەنگی و بابۆڵەیان بەش دام، لە سەر مێزی بەردەم پەنجەرەكە دانیشتم. لیس- كیوللا و مێرتا لای تەباخەكەوە دانیشتن و لە ژێرپیاڵەدا كەوتنە قاوەخواردنەوە. ئەو ژوورە تەسکوتروسک و گەرمە بۆنی شیری ترشاوی لێ دەهات، مێش بە هەموو شوێنێكەوە و ئەو ناوە پڕ لە گیزەگیزیان بووبوو. ئەو دەرمانە لینجەی كە بۆ مێشكوشتن بەكار دەهات، لەبەر مێش وەک قوڕێكی بزۆزی هێور ڕەش دەچۆوە.

  لیس-كیوللا هەواڵی تەندروستیی خاتوو نیلسۆن و خاتوو ئۆكێربلوم‌ـی لێ پرسیم. منیش وەڵامم دانەوە باشن. سەلكە پەنیرێكی گەورەیان پێچایەوە و لە هەگبەكەمدا دایاننا، تەوقەم لەگەڵ كردن و نوشتامەوە و سوپاسی ئەو میواندارییەم كردن و پاشان خوداحافیزیم كرد. لەبەر هۆیەک لە هۆیەكان مێرتا تا نەختێک لە ڕێگەكە لەگەڵم هات.

  گەرچی لەگەڵ مێرتادا هاوتەمەن بووین بەڵام ئەو نیو سەر لە من كەڵەگەتتر بوو. ئەو بەخۆ و كەتە بوو، پرچە كورتەكەی بە هۆی هەتاو و مەلەوە تا ڕادەیەک سپی هەڵگەڕابوو. لێوی باریک و دەمی پان، كە پێدەكەنی پێم وابوو ئەملاولای دەمی دەگاتە گوێی و ددانە سپی و بەهێزەكانی وەدیاردەكەوتن. چاوانی شینێكی كاڵ و وەک بڵێی سەرسوڕماو. برۆی زەرد وەک پرچی، كەپووی ڕێک و درێژ و گرێیەک لە كۆتایییەكەیدا، شانی تۆكمە، بەڵام سمتی بەرز نەبوو، قۆڵ و قاچیشی درێژ و سووتاو بە هەتاو و بە گەندەمووی ئاڵتوونی ڕەنگ پۆشراو. بۆنی تەویلەی لێ دەهات و بۆنەكەی وەک بۆنی زەلكاو تیژ بوو. ڕەنگی جلكەكەی لە بنەڕەتدا شین بوو، بەڵام نەشۆراو و شڕوپڕ. ژێر قۆڵ و بن باڵەكانی بە ئارەقە ڕەش دەچۆوە.

  خۆشەویستییەكەمان لە چاوتروكانێكدا دروست بوو- وەک ئەوەی نێوان ڕۆمیۆ و ژولێت. بە جیاوازی ئەوەی كە هیچ كام لە ئێمە لە خەیاڵی ئەوەدا نەبووین دەست لەوی ترمانەوە بدات، بۆ ماچ ئەوە هەر هیچ.

  ئیدی بە بیانووی ڕاپەڕاندنی كاروبارەوە، من هەر لە بەیانی زووەوە لە ڤۆرومس بزر دەبووم و دوای خۆراوابوون دەگەڕامەوە. ئەوە چەند ڕۆژێک بەردەوام بوو. تا دواجار نەنكم ڕاشكاوانە لەو بارەیەوە پرسیاری لێ كردم و ئیدی منیش دانم پێدانا. نەنكم لە داناییی خۆیەوە مۆڵەتێكی بێ‌سنووری لە سەعات نۆی بەیانییەوە تا نۆی ئێوارە پێ دام. هەروەها پێشی گوتم مێرتا هەمیشە ڤۆرومس ماڵی خۆیەتی، ئەوە نیعمەتێک بوو كە من و مێرتا بە حاڵ دەمانتوانی كەڵكی لێوەربگرین، لەبەر ئەوەی برا گچكەكانی خێرا پەییان بە كەینوبەینەكەمان بردبوو. ڕۆژێكیان زاتمان كرد و بە جووتە بەرەو گیمۆن، بۆ ڕاوەماسی دابەزین، لە نزیک یەكەوە دانیشتین بێ‌ ئەوەی دەستمان بەر یەک بكەوێت، لە پڕ كۆمەڵێک منداڵی چەتوون لە تەڵانێكەوە سەریان دەرهێنا و گۆرانییەكی حەیابەرەیان بەسەردا هەڵداین. منیش پەلامارم دان و دەستێكم وەشاند، بەڵام لێدانێكی تا ڕادەیەک باشم خوارد. مێرتا هیچ بۆ یارمەتیدانم نەكەوتەخۆ، پێدەچوو بیەوێت بزانێت چۆناوچۆنی دەتوانم دەرەقەت دێم.

  چ قسانی نەدەكرد، ئەوە من بووم قسەم دەكرد، هیچ كاممان دەستی بەر ئەوی ترمان نەدەكەوت، یان دادەنیشتین یاخۆ ڕادەكشاین یاخود نزیک لە پاڵ یەكدیدا ڕادەوەستاین، برینی یەكدیمان دەلێسایەوە و ئەو جێگەیانەی یەكتریمان دەخوراند كە مێشوولە پێوەی دابوو. بە شەرمەوە لەهەموو جۆرە كەشوهەوایەكدا مەلەمان دەكرد بە بێ‌ ئەوەی هیچ كاممان تەماشای ڕووتیی ئەوی ترمان بكات. من هەرچەندێک توانیبام لە كاروباری پشتیرەكەدا یارمەتیی ئەوم دەدا بەڵام نەختێک لە مانگاكان دەترسام. وێڕای ئەوەش تانژییەكە بە ئیرەیییەوە چاودێریی دەكردم و هەمیشە گازی لە لاقم دەگرت. هەندێک جار مێرتا سەرزەنشت دەكرا. ئاخر پوورێ‌ لە بەجێهێنانی كاروبارەكاندا زۆر ورد بوو، جارێكیان مێرتا شەپازلـلەیەكی خوارد، لە حەژمەت تووڕەیی گریا، من نەمتوانی دڵی بدەمەوە.

  ئەو بێدەنگ و منیش ڕیز ڕیز دەدوام. بۆم گێڕایەوە كە ئەو باوكەی ئێستا هەمە باوكی ڕاستەقینەی خۆم نییە، بەڵكو من كوڕی ئەكتەرێكی بەنێوبانگم كە ناوی ئەندێش دی وال‌ـە. پێیم گوت بێریگمان‌ـی قەشە ڕقی لێمە و دەمچەوسێنێتەوە و ئەمەش شتێكە كە پێویستە مرۆڤ تێی بگات. پێیم گوت هێشتا دایكم ئەندێش دی وال‌ـی خۆشدەوێ‌ و بۆ هەموو یەكەمین ئێوارانی نماییشەكانی دەچێت. جارێكیان ڕوخسەتم پێ درا و لە دەرەوەی شانۆكە بینیم، بە چاوانێكی فرمێسک تێزاوەوە تەماشای كردم و نێوچەوانی ماچ كردم. بە دەنگە خۆشەكەی بە گوێمدا چرپاندی: “منداڵەكەم خودا بەرەكەتت بدات.” پێیم گوت مێرتا تۆ دەتوانیت لە ڕادیۆدا گوێت لە باوكم بێت كاتێک ناقوسەكانی ساڵی نوێ‌ دەخوێنێتەوە! پێم گوت ئەندێش دی وال باوكی ڕاستەقینەی منە و منیش دەمەوێ‌ دوای قوتابخانە یەكسەر لە شانۆی دراماتن ببمە ئەكتەر.

پاسكیلە كۆنەكەی نەنكم بە پردی هێڵی قەتارەكەدا كێشكرد، بە ڕێگە باریک و پێچاوپێچەكانی خوار دارستانەكەدا، لار و خوار دەڕۆیشتین. مێرتا پاسكیلەكەی دەئاژوو و منیش لە دواوە دانیشتبووم و بە پەنجەی وشكهەڵگەڕاوەوە توند پەڕەكانی زینی پاسكیلەكەم گرتبوو. بەرەو سەردانی كۆڕێكی ڕابوونەوە دەچووین لە لێنهێدێن. مێرتا كەسێتییەكی ئیماندار و بە دەنگێكی پڕ خرۆشەوە گۆرانییە سەبووریهێنەرەكانی دەچڕی. نەمدەتوانی كۆنترۆڵی بێ‌ ئارەزووییی خۆم لە ئایین بكەم، من ڕقم لە خودا و لە مەسیح دەبۆوە، بەتایبەتی مەسیح بە نەغمەی دەنگ و خوانە خودایییە قوڕاوییەكەی و خوێنەكەیەوە لە لام شتێكی قێزەون بوو. خودا نییە، كەس ناتوانێ‌ بیسەلمێنێ‌ هەیە. گەر خودا هەبێ‌ ئەوا خودایەكی بە ئاشكرا دزێو، هیچوپووچ، نا بەخشندە و لایەنگیرە. ئەمە ئیدی كەی خودایە! تەنێ‌ تەورات بخوێنەرەوە، لەوێدا ئەو، بە هەموو درەوشانەوەیەكی خۆیەوە دەبینیت. دەبوو ئەو خودای ئەڤین با و هەمووانی خۆشویستبا. هەڵبەت وەك ستریندبێری دەڵێ‌ “دونیا چاڵێک گووە.”

مانگ چواردە و بە ڕەنگێكی سپی بەسەر گردۆڵكەكانەوە پرشنگی دەدا. ئەو تەمەی لە زەریاچەكەوە بەرز دەبۆوە بێ‌ جووڵە بوو. گەر زۆر قسانم نەكردبا ئەوا بێدەنگی سەراپاگیربوو، ناچار بووم بە مێرتا بێژم لە مردن دەترسێم. بۆم گێڕایەوە کە قەشەیەكی پیری كتوپڕ دەمرێ، لە ڕۆژی بەخاکسپاردنیدا لە تابوتێكی سەركراوەدا ڕایدەکشێنن، میوانەكان لە ژوورەكەی تەنیشتەوە شەراب دەخۆنەوە و كێك دەخۆن. هەوا گەرم دەبێ. مێش بە دەوری لاشەكەدا گیزەگیز دەکەن. ڕووخساری بە قوماشێكی سپی داپۆشراوە لەبەر ئەوەی نەخۆشییەكە شەویلاگەی سەرەوە و لێوی كرۆژتووە. بە هۆی بۆنی قورسی گوڵەوە بۆنێكی خۆش دەگەیییە كەپوو، كتوپڕ قەشەی نەفرەتی دەجوڵێ و دادەنیشێ، قوماشە پەڵەپەڵاوییەكەی سەر ڕووخساری دەدڕێنێ و دەموچاوە گەنیوەكەی دەکەوێتە ڕوو، پاشان بە لادا دەکەوێت، تابووتەكە هەڵدەگەڕێتەوە و هەموو شتێک دەکەوێتە ڕوو. ئەوسا بنیادەم سەرنج دەدرێ كە قەشەژن ئەڵقەیەكی ئاڵتونی كردووەتە زەكەری مێردەكەی و ئەنگوستیلەیەكیشی ڕۆبردووەتە قونییەوە. بە مێرتاـم گوت: “مێرتا بە ڕاستمە، من خۆم لەوێ‌ بووم، خۆ گەر باوەڕیشم پێ ناكەیت ئەوا لە براكەم بپرسە كە ئەویش هەر لەوێ‌ بوو، بەڵام هەڵبەت بوورایەوە. نا، مردن شتێكی دزێوە، مرۆڤ نازانێ‌ لە دوای ئەوەوە چیتر دێت. ئەوەیشی مەسیح دەیڵێ‌ كە لە ماڵی بابمدا مەسكەن زۆرە، ئەوە من باوەڕم پێی نییە. وێڕای ئەوەش سوپاسی دەكەم. گەر من هەر بە ڕاستی لە مەسكەنی باوانم ڕزگارم بووبێ‌ ئەوا ئیتر ناگوێزمەوە لای كەسێكی تر كە بە ئەگەری زۆر لەو خەراپترە. مردن ترسناكە و دەربازبوون لێی مەحاڵە، نەک لەبەر ئەوەی بەسۆیە، بەڵكو لەبەرئەوەی پڕە لە خەونگەلی دزێو كە مرۆڤ ناتوانێ لێیان وەئاگابێتەوە.”

  ڕۆژێكیان باران بەخوڕ دەباری. پوورێ‌ بۆ سەردانی هاوسێیەک چووبوو كە ئازاری گەدەی هەبوو. من و مێرتا لە ژوورە گەرمە تەسکوتروسكەكەدا بە تەنێ‌ بووین. ڕوناكیی ڕۆژ هاوسەنگ و باران بە سەر شووشەی هەردوو پەنجەرە گچكەكەدا دەهاتە خوارێ‌ و لە سەربانەكە خوڕەی دەهات. مێرتا گوتی: “دوای ئەم بارانە دەبینی كە ئیدی هەر بە ڕاستی پاییز دێت.” من كوتوپڕ پەیم بەوە برد ڕۆژەكان لە تەواوبووندان و ئەبەدییەتەكەمان بەرەو كۆتایی دەچێ‌ و ساتەوەختی جیابوونەوە بەڕێوەیە. مێرتا بەسەر مێزەكەدا نوشتایەوە، هەناسەی بۆنی شیری لێ دەهات. گوتی: “سەعات حەوت و چارەک قیتارێكی شمەک لە بورلێنگێ‌ـەوە دەردەچێت. دەتوانم گوێم لێی بێ‌ كە دەكەوێتە ڕێ‌. ئیدی ئەوكات بیرت لێ دەكەمەوە. تۆیش گوێ ڕادێرە و بنۆڕە، هەركاتێک قیتارەكە بە ڤۆرومس‌ـدا تێپەڕی، ئەوا تۆیش بیر لە من بكەوە.

  دەستە پانە بە هەتاو سووتاوەكەی بە نینۆكە پیسە كرۆژراوەكانییەوە ڕایەڵ كرد، دەستم نایە نێو دەستی و ئەویش دەستمی لە نێو دەستی خۆی نا. من ئیدی بێدەنگی دایگرتم لەبەر ئەوەی خەمێكی قورس واقی وڕماندبووم.

  پاییز هات و ناچار بووین بە پێڵاو و گۆرەوییەوە ڕێ‌ بكەین. كۆمەكی ئەوانی ترمان لە كۆكردنەوەی شێلم و سێوی گەییودا دەكرد. پاشان شەختە هات و هەموو شتێک لە فەزا و لە ئەرزدا وەک شووشەی لێهات. ئەستێركەكەی نزیک خانەی میسیۆنێران بە چینێكی تەنک لە زوقم پۆشرا، دایكی مێرتا خەریكی شكاندنی بوو. هەتاو لە نیوەڕۆدا تینی تێدەكەوت، بەڵام لە ئێوارەدا ساردی دەكرد. كێڵگەكان كێڵراو و دەڕاسەكان وڕەیان دەهات. ئێمە هەندێ جار بۆ یارمەتیدان دەكەوتینە خۆ بەڵام حەزیشمان لەوە بوو خۆمان ون بكەین. ڕۆژێكیان بەلەمەكەی بێرگلوندـمان قەرد كرد و بۆ ڕاوی ماسییەمراوی چووین. ماسییەمراوییەكی گەورەمان ڕاو كرد كە پەنجەی گەزیم. كاتێ‌ لالا ناوزگی ماسییەكەی هەڵدڕی، ئەڵقەیەكی هاوسەری تێدا دۆزییەوە، بە شووشەیەكی زەڕەبین نەنكم توانی ناوی هەڵكۆڵراوی كارین لە سەر ئەڵقەكە بخوێنێتەوە. باوكم چەند ساڵێک لەوەوبەر ئەڵقەكەی خۆی لە گیمێن بزر كردبوو، بەڵام چ مەرج نەبوو ئەوە هەمان ئەڵقەكەی باوكم بێت.

بەیانییەكی سارد و شێدار، نەنكم ناردینی بۆ دوكانێک كە دەكەوتە نێوان دیوفنێس و یورمۆـوە. كوڕەكەی بێریلوند بە پیكاپەكەی گەیاندینی كە ئەویش دەچوو بۆ ئەوێ‌ تا ئەسپێكی پیر بفرۆشێت. ئێمە لە دوای پیكابەكەدا دانیشتبووین، پیكابەكە هێواش و قورس ڕێی دەكرد كە باران پڕی لە چاڵوچۆڵی كردبوو. ئێمە خەریكی ژماردنی ئەو ترومبێلانە بووین كە بە لاماندا تێدەپەڕین یاخود بەرەو ڕوومان دەهاتن. ژمارەیان لەماوەی دوو سەعاتدا گەیشتە سێ‌ ترومبێل. لە دوكانەكە كەلوپەلەكانمان لە كۆڵەپشتەكانماندا پێچانەوە و بە پێ‌ بەرەو ماڵ بووینەوە. كاتێ‌ گەیشتینە شوێنی جارانی بەلەمەكان، لەسەر كەڵەكێكی ڕەش دانیشتین، ئاوی سێومان خواردەوە و ئەو بابۆڵانەمان خوارد كە پێمان بوون. من لە بارەی جەوهەری ئەڤینەوە قسانم بۆ مێرتا كرد. بۆم ڕاڤە كرد كە بڕوام بە خۆشەویستیی ئەبەدی نییە، خۆشەویستیی خەڵک خۆپەرستانەیە، ئەمەش  قسەی ستریندبێری‌ـیە لە شانۆنامەی سەقاقوش‌ـدا. پێم گوت خۆشەویستیی نێوان پیاو و ژن زیاتر بەرەڵایییە. باسی خانمێكی جوان بەڵام قەڵەوم بۆ كرد كە هەموو ئێوارانی پێنجشەممەیەک دوای ڕێوڕەسمی شێوی ڕەببانی لە ژووری شتە پیرۆزەكانی كڵێسادا سێکسی لەگەڵ باوکمدا دەكرد.

  ئاوی سێوەكە چۆڕبڕ بوو، مێرتا شووشەكەی فڕێ دایە ناو ڕووبارەكەوە. ئیدی لە بارەی جووتە عاشقە تراژیكییەكانی ناو ئەدەبیاتەوە بۆی دوام و كەمێک بە پارێزەوە بە زانیارییە ئەدەبییەکانمەوە خۆم بادا. كوتوپڕ خەمێک لە خۆوەی پێچام و سەرەسوووڕەیەكی سەیر دایگرتم، بە جۆرە شپرزەیییەكەوە بە مێرتاـم گوت ئاخۆ من قسان زۆر دەكەم. ئەویش گوتی: “نا، هەرگیز.” وای گوت و بە حیرسەوە سەری لەقاند. ماوەیەكی درێژ بێدەنگ بووم و بە زەینمدا هات چیرۆكێک لە بارەی ئەزموونە ئیرۆتیكییەكانی خۆم بهۆنمەوە، بەڵام زیاتر دڵم تێكەڵ هات و لە دڵی خۆدا گوتم بڵێی ئاوی سێوەكە پیس نەبووبێت. دەبێ‌ لەسەر گژوگیای ڕێگەكە ڕاكشێم. بارانێكی جوان و سارد دایکرد. ڕۆخی ڕووبارەكەی ئەوبەر لە تەمدا دیار نەما.

  شەوێكیان بەفر باری. ڕەنگی ڕووبارەكە ڕەشتر هەڵگەڕا، هەموو سەوزایی و زەردایییەک دیار نەما، با خستی و بێدەنگییەكی قورس چۆكی دادا. گەرچی هێشتا دونیا نیوەڕووناک بوو، كەچی ڕەنگێكی سپی پرشنگی دەدا و لەبەر ئەوەی لە خوارەوەڕا دەهات، لەو شوێنەی چاوی دەدا كە پارێزراو نەبوو. بە سەر وردە زیخی هێڵە ئاسنەكەدا بەرەو خانەی میسیۆنێران چووین. كارگەی خۆڵەمێشیی ڕەنگی داربڕینەكە، ئەژنۆ شكاو لەژێر قورساییی ئەو ڕەنگە سپییەدا، بێنەوایانە چەمیبۆوە. ئاوی زۆنگاوەكە كەمی كردبوو، شەختەیەكی تەنک لە نزیک دەریچە داخراوەكانەوە كەوتبوو.

  نەماندەتوانی بدوێین، نەشماندەوێرا لە یەكدی بنۆڕین، ئازارەكە زۆر بەسۆ بوو. تەوقەمان كرد و گوتمان خواحافیز، ڕەنگە هاوینی داهاتوو یەكتر ببینینەوە.

  مێرتا بە خێرایی لە دوورەوە ئاوڕی دایەوە و پاشان بە ڕاكردن بەرەو ماڵ گەڕایەوە. منیش بە هەمان ڕێگەی زیخینی هێڵی قەتارەكەدا بەرەو ڤۆرومس بوومەوە و لە خەیاڵی ئەوەدا بووم ئەگەر ئێستا قیتارێک بێت ئەوا ڕەنگە بمكات بە ژێرەوە.

ئه‌م بابه‌ته‌ شه‌یر بكه‌

Bergman, Dilawar Qaradaghi, Ingmar Bergman,