19/04/2024
DidiMn Logo
Top

ئەسپی تورین وەک کۆتایی هەموو شتێک: گفتوگۆ لەگەڵ بێلا تار

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان

ئەسپی تورین بە نیسبەت دەرهێنەری هەنگاری، بێلا تارەوە، کۆتاییە. نەک تەنها کۆتایی ژیانیەتی وەک فیلمسازێک، بەڵکو کۆتایی هەموو شتێکە.

بێلا تار زۆر جار بەراورد دەکرێت بە دەرهێنەری ڕووسی، ئەندرێ تارکۆڤسکی، بەڵام فیلمەکانی ئەم پێچەوانەی تارکۆڤسکی مامەڵە لەگەڵ غیابی خودا و ناتەواوی لە خەلقدا دەکەن.

ئەسپی تورین، چیرۆکی ئەسپێک دەگێڕێتەوە، کە چیی بەسەر دێت، هەروەها چییش بەسەر ئەو کەسەدا دێت کە خاوەنی ئەسپەکەیە – ئۆهڵسدۆرفەری جووتیار و کچەکەی، کە ئێمە لە فیلەمەکەشدا ناوی نازانین. تەواوی فیلمەکە چیرۆکی وجودی ڕۆژ دوای ڕۆژی ئەم دوو کەسە دەگێڕێتەوە لە کێڵگەیەکی بچووکدا، کە تێیدا دەژین. هەموو ڕۆژێک هەمان ڕووداوەکان و شتەکان دووبارە دەبنەوە: دەرکێشانی ئاو لە بیر، جل لەبەرکردنەوە و داکەندن، بەزەحمەتداخرانی دەرگەی ماڵ بە هۆی ڕەشەبای لەگەردەلوولچووەوە، پەتاتەکوڵاندن و خواردنی. هەروەها خەوتن و هەستان.

ئه‌سپه‌كه‌ی تورین

بە درێژایی فیلمەکە، کە سەد و چلوشەش خولەکە، چەند دیالۆگێکی کەم لە نێوان کارەکتەرەکان دەگۆڕدرێتەوە (لەو کێڵگە چۆڵەدا دوو سەردانیکەریان دەبێت). یەکیان پیاوێکی سەرخۆش و ئەوانی دیکەش کۆمەڵە قەرەجێکی ڕاگوزەرن.

موزیکی فیلمەکە، کە وەک بێلا تار خۆیشی لە چاوپێکەوتنەکەدا وەک یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکان باسی دەکات، لە لایەن میهالی ڤیگەوە دانراوە. لە فیلمەکەدا ئەسپەکە ڕەتی ئەوە دەکاتەوە کە بخوا و  بخواتەوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی هیچ کردەیەکی ترادیشناڵی سینەمایی لە فیلمەکەدا نییە و تەواوی فیلمەکە ست گرتەی درێژە.

بێلا تار ئەوەی ڕاگەیاندووە، کە هیچی تر فیلم دروست ناکات و بۆ خۆی سەرقاڵی دامەزراندنی قوتابخانەیەکی فیلم دەبێت لە کرواتیا و کاری بەرهەمهێنانی فیلمە هەنگارییەکان دەکات لە کۆمپانیای بەرهەمێنانەکەیدا و لەژێر چاودێریی خۆی.

ئەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ دەرهێنەری ئەسپی تورینە و قسەکردنە لەسەر فەلسەفەی فیلمسازیی ئەو و دیدە تاریکەکەی لەمەڕ ژیانەوە.

چ شتێکی بەسەرهاتەکەی نیتچە سەرنجی ڕاکێشایت؟
لەبیرمە ساڵی ١٩٨٥ بوو (کاتێک بۆ یەکەم جار ئەو بەسەرهاتەم بیست)، ئەم چیرۆکەیان بۆ گێڕامەوە، کە دەربارەی نیتچە و ئەسپەکەیەتی. بەڵام ئێمە ئەم پرسیارەمان خستە سەر بەسەرهاتەکە: ”ئەسپەکە چیی بەسەر هات؟ ئاخۆ چیی بەسەر هاتبێت؟ دەزانین فرێدریک نیتچە چیی بەسەر هات، بەڵام هیچ لەبارەی ئەسپەکەوە نازانین کە چیی بەسەر هاتووە؛ ئەسپەکە بۆ من زۆر گرنگ بوو.

بۆچی سەرنجت لەسەر ئەم ئەسپەیە؟ بۆچی ئەم ئەسپەت هەڵبژارد؟
چونکە ئەوە بابەتی ڕیاڵە – ئەسپەکە یەکێکە لە کاراکتەرە سەرەکییەکان. لات وایە بەبێ ئەم ئەسپە، ئێمە خەریکی چی بین؟

بۆچی لە فیلمەکەدا گرتەی درێژت هەڵبژاردووە؟
کاتێک کە ئیش بە گرتەی درێژ دەکەیت، لە کامێرادا هەموو شتێک دەتوانیت بکەیت، هەر لە کامێرادا ئیدیت دەکەیت. بڕین (کەت) ناکەیت، لەبەر تەنگژەی کات، هەروەها تەنگژەی جووڵە و تەنگژەی دۆخی نێوان ئەکتەرەکان و کامێرا و ئەکتەرەکان و تەواوی شتەکان پێکەوە، دەتوانیت بە گرتەی درێژ ئیش بکەیت و هەموان دەبێت بەشێک بن لە بارودۆخەکە – نەتوانن لێی ڕابکەن. ئەگەر بە گرتەی کورت ئیش بکەیت، هەر پازدە یان بیست چرکەیەک دەبێت گرتەیەک بڕوات و ئینجا کەت. ئاوا ئەکتەری داماو بەختی ئەوەی نابێت بەشێک بێ لە بارودۆخەکە و ئەوەی ئێمە حەزمان لێیە، هەروەها ئەوەی بۆ خۆشم زۆر حەزم لێیەتی.

 

مەبەستت چییە کاتێک دەڵێیت ڕیاڵ؟
دەبێت گوێ بۆ بارودۆخەکە ڕادێریت، دەبێت بەڕاستی گوێ ڕادێریت و بزانیت خەڵک چیی لێ دێت، چیی لەژێر مێزەکەدا ڕوو دەدات، ئاخۆ هەموان چییان شاردووەتەوە، لە کۆتاییدا دەیزانیت.

فیلمەکانت زۆر بایەخ بە پیشاندانی ژیانی ڕیاڵ/هەقیقەت دەدەن… چۆن خەتی نێوان ڕیاڵ و ڕیاڵی دروستکراو بۆ بینەرەکانت دەکێشیت؟
دەزانم کە بەردەوام زەڕب بەسەر سنوورەکاندا دێنم. زەڕب بەسەر هێڵی جیاکردنەوە و دابڕکردندا دێنم. ئەگەر کۆنسێپت/بیرۆکەیەکت هەبێت، ئەوا بە جۆرێک ئەو بیرۆکەیە دروستکراوە – هەموو کۆنسێپتەکان دروستکراون. کاتێک فیلم دروست دەکەیت، ئەوە جۆرێکە لە لەڕووداوەستان و بەربەرەکانێکردن. کۆنسێپتەکەت، [ئەگەر] هەقیقەت بێ، دەتوانیت هەندێک شتی لێوە هەڵێنجیت.

چ شتێکی گرنگت لە دووبارە گێرانەوەی ئەم چیرۆکەدا بینییەوە؟
ئێمە بەردەوام خەریکی ئەنجامدانی شتە بچووکەکانین، بەڵام هەموو ڕۆژێک هەمان شتەکان دووبارە دەکەینەوە – تۆش لاواز و لاواتر دەبیت، ڕۆژ دوای ڕۆژ وزەت کەمتر و کەمتر دەبێتەوە و پیریش دەبیت. تا وای لێ دێت ناتوانیت لە ژیانتدا لەگەڵ هیچ شتێکدا بژیت، بەردەوام شتەکان دووبارە دەکەیتەوە بە ڕێگەی جیاواز و بە داخ و کەسەرێکی زۆریشەوە ڕۆژ بە ڕۆژ دەکەویت و دادەبەزیت، منیش هەر وام لێ دێ، هەموو شتێک دەکەوێت و بەرەو نزمایی دەڕوات.

بۆچی لە فیلەمەکانتدا ئەکتەری ناپرۆفێشناڵ بەکار دێنیت؟
من خۆم کاستی فیلمەکە دەسازێنم، بەردەوامیش گوێ لە کەسایەتیی کارەکاتەرەکان دەگرم، کەسایەتیی ڕاستەقینەی ئەکتەرەکان، ئەوەی کە خۆیان چۆنن. من تەنها گوێ لە خەڵکی دەگرم. بەلاشمەوە گرنگ نییە کە کەسێک پرۆفێشناڵە یان نا، من تەنها گوێ لە ئامادەگیی ئەوان دەگرم.

چۆن شوێنی دیمەنی فیلمەکەت دەستنیشان کرد و لات وابوو چۆن دەبێت؟
دیمەن دەموچاوی هەیە! لاندسکەیپەکە/دیمەنی شوێنەکەیش یەکێکە لە کاراکتەرە سەرەکییەکان، هەمان گرنگیی ڕوخساری کارەکتەرەکان و موزیکەکەی هەیە – کە موزیکەکەیش بۆ خۆی زۆر گرنگە و یەکێکە لە کارەکتەرە سەرەکییەکان.

ڕۆڵی خودا لەم فیلمەدا چییە؟
خودا بۆ خۆی ئەم بەزموڕەزمەی خولقاندووە، ئەوەی کە ئێستا ئێمە هەمانە. ئێمە تەنها دەمانەوێت پیشانت بدەین کە چۆن بزر دەبین. بەڵام ئەگەر لەبیرت بێ، نیتچە وەڵامی ئەو پرسیارەی ڕاگەیاندبوو.

وا دیارە کە شتەکان بەرەو خراپبوون دەڕۆن، لەبەر هۆیەکی ڕووننەکراوە، هەتا کۆتایی، تەنانەت چراکەش ئیتر ڕووناکیی نامێنێ و ئاگردانەکەیش دەکوژێتەوە – لێرە چی دەگوزەرێ؟
هەمان ئەو شتەیە لە ژیاندا دەگوزەرێ. تا ڕادەیەک هەموو شتەکان وێران بوونە و لەناوچوونە. تەنها هەندێک شت، شتە بچووکەکان نەبێ، کە ئەوانیش لاواز بوونە. نابینیت! پێم وایە… پێم وایە جیهان وەک ئەمەیە.

لە چاوپێکەوتنێکدا گوتوتە ”هەموو فیلمەکانم کۆمیدین! بێجگە لە ئەسپی تورین“ – ئەمە بۆ وایە؟
لەم فیلمەدا لەوانی دیکە کەمتر پێدەکەنیت.

بۆچی ئەمە دوایین فیلمت بوو؟
چونکە لە ماوەی سیوچوار ساڵدا هەموو ئەو شتانەی ویستوومن، کردوومن، چیم بوێ تا پیشانت بدەم؟ ئەوەی ویستوومە پیشان دراوە.

هاوبەشی بکە

Andrei Tarkovsky, Bela Tarr, Hazhar Osman, The Turin Horse,