25/04/2024
DidiMn Logo
Top

بینەر و فیلم: ئاگەداری درزەکان بن

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منبینەر و فیلم

فیلم: فرۆشیار
دەرهێنەر: ئەسغەر فەرهادی
بینەر: سەرکەوت جەبار


ئەسغەر فەرھادی و تارمایی ھانکە

فیلمی  فرۆشیاری فەرھادی بە چەند دیمەنێک لە شانۆ دەست پێ دەکات، چەند کەسێک سەرقاڵی ڕێکخستنی ڕوناکین، دیمەنەکان ھێمن و لەسەرخۆن، بێ ھیچ ژاوەژاوێک. دیمەنی کۆتایی ڕێکخستنی ستەیجی شانۆ زۆر ھێمنە و کامێرا بۆ چەند چرکەیەک بە وەستاوی دەمێنێتەوە، پاشان ئەم ھێمنی و بێدەنگییە لەپڕ دەگۆڕێت بۆ ژاوەژاو و ھاوار و ناڵە و گریان، کارەکتەرەکان شپرزەن و لە ھەوڵی ڕزگارکردنی خۆیان و خێزانەکانیاندان، کامێراش لەگەڵ کارەکتەرەکان شپرزە دەبێت، وەک ئەوەی ئەویش لە ھەوڵی ڕزگارکردنی خۆیدا بێت. باڵەخانە بەگشتی شوێنێکی پارێزەرە بۆ مرۆڤ، بەڵام لە دەرەوە ھیچ شتێک پارێزراو نییە و شتەکانی دەرەوە دەبنە ھۆی مەترسی بۆ کەسانی ناو باڵەخانەکە.

ئەم دیمەنانەی سەرەتا دەمانخاتەوە بیری شانۆنامەکانیھارۆڵد پینتەر، چیتر کارەکتەرەکان لە ناو ماڵەکانیاندا ئارام و پارێزراو نین. شتێک لە دەرەوە درز دەخاتە ناو ژوورەکان و دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی کارەکتەرەکان، کە ئەمە دواتر لە فیلمەکەدا دەیبینین. عیماد (شەھاب حوسەینی) لەگەڵ ڕەعنا (تەرانە عەلیدۆستی)، ژنومێردێکن و لە باڵەخانەیەکدا دەژین. یەکەم بەریەککەوتنی بینەر و کارەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمەکە، ترس و تۆقینی ژنومێردەکەیە، کە دواتر ئەم ترس و تۆقینە وەک کابووس و خەوی ناخۆشی لێ دێت.

ئەسغەر فەرھادی بە سیناریۆی پۆڵایین لە دەرھێنەرەکانی دیکەی ئێران جیا دەکرێتەوە. کارەکتەری ناو فیلمەکانی لە ناو فیلمەکانیدا دەژین، کارەکتەرەکانی پڕن لە پارادۆکسی ئەخلاقی و ئینسانی. کارەکتەری عیماد لە سەرەتای فیلمەکەدا دەیەوێت کوڕێکی ئیفلیج لە باڵەخانەکە ڕزگار بکات، بەڵام دواتر عیماد بە ھۆی زبری و دڵڕەقیی کۆمەڵگەی ئێرانەوە دەگۆڕێت، دەبێتە کەسێکی تۆڵەسێن، دەبێتە کەسێکی توندوتیژ. لە کۆتایی فیلمەکەدا ئەسغەر ئەوەمان پیشان دەدات، کە چۆن کۆمەڵگە و دەسەڵاتی سیاسی، مرۆڤ دەگۆڕێت. عیماد مامۆستایە و وانەی ھونەر بە خوێندکارەکانی دەڵێت، ڕۆژێک باسی فیلمی مانگای داریوش میھرجویی بۆ خوێندکارەکانی دەکات. خوێندکارێک پرسیاری ئەوە لە عیماد دەکات، کە چۆن دەکرێت مرۆڤ ببێتە مانگا. عیمادیش دەڵێت: ”بە تێپەڕینی کات.” ئەسغەر بە تێپەڕینی زەمەن لە فیلمەکەیدا ئەو مەسخبوونەی مرۆڤمان لە کۆمەڵگەدا پیشان دەدات، عیماد کەسێکی ھێمن و لەسەرخۆیە، بەڵام دواتر ئەم کەسایەتییەی دەگۆڕێت. فیلمی پرتەقاڵی میکانیکیی ستانلی کوبریک، دیالۆگێکی تێدایە و یەکێکیشە لە دیالۆگە گرنگەکانی مێژووی سینەما: ”توندوتیژی، توندوتیژی دروست دەکات.” فیلمەکەی ئەسغەریش بە ھەمان شێوەیەیە، توندوتیژیی کۆمەڵگە، توندوتیژیی تاک دروست دەکات. کارەکتەرەکانی ئەسغەر بە تەواوی مرۆڤن، واتە ھەم ڕاستگۆ و ھەم درۆزنن، ھەم نەرمونیان و ھەم دڵڕەقن…

عیماد «شەھاب حوسەینی»

فەرھادی پێش ئەوەی دەرھێنەر بێت، کۆمەڵناس و مرۆڤناسێکی گەورەیە، ئەو دەروونی مرۆڤی کۆمەڵگەکەی باش دەناسێت، دەزانێت دەرد و نەخۆشیی کۆمەڵگەکەی چییە. ئەو دەتوانێت تەنها نەخۆشی و دەردەکەی دەستنیشان بکات، بێ ئەوەی بەدوای چارەسەرێکدا بگەڕێت. فیلمی فرۆشیار ڕەخنەیەکی قووڵ و کوشندەیە، ھەم بۆ کۆمەڵگەی ئێران و ھەم بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران. فرۆشیار لە چیرۆکەکانی پیراندێلۆ دەچێت، ھیچ دیمەن و دیالۆگێکی زیادە نییە. فیلمی فرۆشیار لە یاریی پازڵ دەچێت، ھیچ دیمەنێکی زیاد یان کەم نییە، وەک چۆن پارچەکانی یاریی پازڵ ھەموویان شتێک دروست دەکەن، ئەوھاش فیلمەکەی فەرھادی شتێک دروست دەکات. ھەموو شتێک پێشتر لای ئەسغەر پلانی بۆ دانراوە؛ لابردنی ھەر دیمەنێک، یان ھەر دیالۆگێک فیلمەکە ناتەواو دەکات.

لە سەرەتای فیلمەکەدا بینەر جێگەخەوی عیماد و ڕەعنا دەبینێت، کە دیوارەکەی درزی تێبووە. لەوانەیە بینەر وەک شتێکی لاوەکی لەو درزانە بڕوانێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەو درزانەی کەوتوونەتە سەر دیوارەکان، درزگەلێک و ھەڕەشەگەلێکن کە مەترسین بۆ سەر ژیانی دوو کارەکتەرەکە و کاتێک ڕەعنا و عیماد دەچنە باڵەخانەیەکی تر، گرنگیی ئەو درزانە دەزانین، کە کەوتوونەتە دیوارەکان. فیلمی فرۆشیار چیرۆکی دونیایەکە، بچوکترین شت دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی کارەکتەرەکان، دونیایەک کە ھیچ شتێک پارێزراو نییە و ئامادەیە بۆ لەناوچوون. سەیرنەکردنی ئایفۆنێک کە لە ماڵێکدا دانراوە، دەبێتە ھۆی وێرانکردنی ژیانی ژنومێردێک (عیماد و ڕەعنا). کارەکتەرە سەرەکی و لاوەکییەکانی فیلمی فرۆشیار، لە سەرەتاوە تا کۆتایی ھەر یەکەیان دەبنە قوربانی، دەبنە قوربانیی دونیایەک، کە ھیچ عەدالەتی و ئارامییەکی تێدا نییە، دەبنە قوربانیی دونیایەکی تۆقێنەر و ترسێنەر. عیماد لە کۆتایی فیلمەکەدا دەبێتە ھۆی کوشتنی پیاوێک، پەیوەندیی ڕەعنا و عیماد درزێکی گەورەی تێدەکەوێت، درزێک کە دەمانخاتەوە بیری فیلمەکانی ئەتۆنیۆنی. دواتر ڕەعنا و عیماد لە یەکتری نامۆ دەبن و پەیوەندییەکەیان دەشێوێت. کاتێک عیماد و ڕەعنا دەچنە باڵەخانەیەکی دیکە، ئەم گواستنەوەی ماڵە دەبێتە ھۆی وێرانبوونی ژیانیان، چونکە ئەو ماڵەی ئەمانی تێدەچن، پێشتر ژنێکی سۆزانی تێدا ژیاوە. بەڵام ژنێکی سۆزانی لە دەرەوەی ژیانی ئەم دوو کارەکتەرە، دەبێتە ھۆی مەترسی بۆ سەر ژیانی ئەمانیش، ژیانیان بەرەو نەمان و لێکترازان دەبات. ژنە سۆزانییەکە لە ناو فیلمەکەدا بوونی نییە، بەڵام چەقی ڕووداوەکانی ناو فیلمەکەیە. واتە ئەگەر ئەو ژنە لە فیلمەکەدا دەربھێنرێت، ئەوە ڕووداو و شۆکەکانی ناو فیلمەکە بوونیان نامێنێت. تارمایی مێشێل ھانکە لەم فیلمەی ئەسغەردا ھەستی پێ دەکرێت؛ فەرھادی سوودی لە شۆکی ھانکەیی بینیوە، بەڵام بە شێوازی خۆی بەکاری دێنێتەوە. عیماد و ڕەعنا چوونەتە ئاپارتمانێکی نوێوە، ڕۆژێک لە دەرگە دەدرێت، ڕەعنا سەیری ئایفۆنەکە ناکات و دەرگەکە دەکاتەوە، چونکە پێی وایە عیمادی ھاوسەریەتی، کامێرا لەسەر لە دەرگەکە دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو کەسەی دێتە ژوورەوە، نابینرێت. بینەر، یان ئەوانەی ئاگەداری سینەمای فەرھادین، چاوەڕێی ئەوە ناکەن، ئەو پیاوەی دێتە ژوورەوە، پیشان بدرێت. بەڵام بە ھێواشی دەرگەکە دەکرێتەوە، ئێمە ھەست دەکەین ئەو کەسەی دێتە ژوورەوە، کەسێکی نامۆیە. پاشان ”کەت”.

هاوبەشی بکە

Asghar Farhadi, Binar u Film, Sarkawt Jabar, The Salesman, پەڕاوی فەرهادی,