18/04/2024
DidiMn Logo
Top

جێرارد نیجێندا، فۆتۆگرافه‌ره‌ نابیناکه ‌

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ژیوار جه‌وهه‌ر

 

فۆتۆگرافیی نابینا

فۆتۆگرافه‌رانی نابینا ده‌کرێن به‌ سێ به‌شه‌وه‌، جۆری یه‌که‌م ئه‌و که‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ که‌ ته‌واو نابینان، له‌ ناو سه‌ریاندا گه‌له‌ریی تایبه‌ت به‌ فۆتۆ و بیرۆکه‌کانیان ده‌که‌نه‌وه‌ و دواتر کامێرا به‌کار ده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و وێنه‌ ناوه‌کییانه‌ پیشانی جیهانی ده‌ره‌وه‌ بده‌ن. جۆری دووه‌م ئه‌و که‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ که‌ ته‌نیا کامێرایه‌ک ده‌گرن به‌ ده‌سته‌وه‌ و فۆتۆکانی جیهانی ده‌ره‌وه‌ تۆمار ده‌که‌ن. جۆری سێیه‌م ئه‌و که‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ که‌ که‌مێک ڕووناکی ده‌بینن و ته‌واو نابینا نین، ئه‌وان پێیان ده‌گوترێت نابینای یاسایی.

 

جێرارد نیجێندا، فۆتۆگرافه‌ره‌ نابیناکه‌

جێرارد نیجێندا فۆتۆگرافەرێکی ته‌واو نابینای مه‌کسیکی بووه‌ و له‌ ساڵی ١٩٦٧ له‌دایک بووه‌ و له‌ ساڵی ٢٠١٠ کۆچی دوایی کردووه‌. جێرارد له‌ ته‌مه‌نی ٢٥ ساڵیدا بینانیی له ‌ده‌ست ده‌دات، سه‌ره‌تای ئاشنابوونی ئه‌و به‌ فۆتۆگرافی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی ١٩٩٩، ئه‌وکات له‌ کتێبخانه‌یه‌کی تایبه‌ت به‌ نابینایان کاری کردووه‌ و له‌ هه‌مان ئه‌و بینایه‌ش که‌ کتێبخانه‌که‌ی لێ بووه‌، ڕێکخراوێکی فۆتۆگرافی لێ بووه‌.‌ ڕۆژێکیان، هه‌ر بۆ خۆشی، پرسیار‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێکخراوه‌که‌ ده‌کات که‌ ئه‌و چۆن فۆتۆگرافی فێری که‌سێکی نابینا ده‌کات، ئه‌ویش کامێرایه‌کی مارکه‌ی لێسیای پێ ده‌دات و پێی ده‌ڵێ ده‌ست به‌ فۆتۆگرتن بکات، ئه‌ویش ده‌ست پێ ده‌کات. دواتر، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠٠٠، ئێلین مارکی فیلمساز کامێرایه‌کی جۆری یوشیکای پێ ده‌به‌خشێت، که‌ تا کۆتایی ژیانی به‌کاری ده‌هێنێت.

بۆ جێرارد فۆڕم یان ته‌کنیکی فۆتۆ هیچ گرنگ نه‌بوو، ئه‌وه‌ی که‌ گرنگ بوو ناوه‌ڕۆکی فۆتۆکه‌ بوو. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ جێرارد بیری له‌وه‌ کردووه‌ که‌ کاری ئه‌و ته‌نیا فۆتۆگرتن نه‌بێت؛ زۆر گرنگ بوو بۆ ئه‌و فۆتۆی شتێک بگرێت که‌ هه‌ستی ده‌جوڵێنێت، که‌ سه‌رنجی ڕاده‌کێشێت. فۆتۆی ئه‌و دیمه‌نانه‌ی ده‌گرت که‌ له‌ ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماڵ هه‌ستی پێ ده‌کردن. بۆ ئه‌وه‌ی نابینایانی تر بتوانن وێنای فۆتۆکه‌ی ئه‌و بکه‌ن، چه‌ند په‌راگرافێکی به‌ شێوازی بڕه‌یڵ له‌سه‌ر فۆتۆکه‌ ده‌نووسی، که‌ ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ بوو که‌ له‌ وێنه‌که‌دا هه‌ن. به‌ڵام دواتر ئه‌م شێوازه‌ی گۆڕی؛ ئه‌م چه‌ند په‌ره‌گرافه‌ی کرد به‌ ڕسته‌یه‌ک یان چه‌ند وشه‌یه‌ک که‌ ڕوونی ده‌کرده‌وه‌ چی هه‌ستێک وای لێ کردووه‌ فۆتۆکه‌ بگرێت، یان له‌ کاتی گرتنی فۆتۆکه‌ هه‌ستی به‌ چی کردووه. پاشان، ئه‌م نووسینه‌ بوو به‌ به‌شێک له‌ لایه‌نی گرافیکی و مانا و ئیستاتیکای کاره‌کانی.

که‌سانی نابینا شتێک له‌ فۆتۆکانی جێردارددا ده‌بیننن که‌ بۆ ئێمه‌ نادیاره‌.

nigenda_02

فۆتۆ: جێرارد نیجێندا، ١٩٩٩

بۆ ئه‌و فۆتۆگرافی په‌یوه‌ندیی به‌ هه‌موو هه‌سته‌کانه‌وه‌ هه‌بووه‌، نه‌ک ته‌نیا بینین

بۆ ئه‌و، فۆتۆگرافی به‌ ته‌نیا گواستنه‌وه‌ی خودی دیمه‌نه‌که‌ نه‌بوو، به‌ڵکو ئه‌و هه‌سته‌ش بوو که‌ بووه‌ هۆکاری گرتنی فۆتۆکه‌: ”ئه‌و فۆتۆیانه‌ی که‌ ده‌یانگرم، ئه‌و شتانه‌ن که‌ ئه‌زموونیان ده‌که‌م، ئه‌وه‌ی بۆنی ده‌که‌م، ئه‌وه‌ی ده‌ستی لێ ده‌ده‌م و گوێم لێ ده‌بێت. ئه‌م یاده‌وه‌رییانه‌ له‌ زه‌ینمدا ده‌مێننه‌وه‌. کاتێک ده‌یانخوێنمه‌وه‌ [به‌ شێوازی بڕه‌یڵ]، بیرم ده‌که‌وێته‌وه‌ له‌ کوێ گرتوومه‌ و چی شتێک بووه‌. ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ که‌ ئه‌گه‌ر نه‌توانم ئه‌وه‌ پەسن بکه‌م که‌ له‌ فۆتۆکه‌دایه‌، ئه‌وه‌ی که‌ گرنگه‌ ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌سته‌یه‌ که‌ له‌ کاتی گرتنی فۆتۆکه‌ هه‌مبووه‌؛ هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ فۆتۆکان هه‌ڵده‌بژێرم. گرنگ نییه‌ ئه‌گه‌ر دانه‌یه‌کیان له‌ ڕووی ته‌کنیکییه‌وه‌ له‌وه‌ی دیکه‌یان باشتر بێ؛ مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ گه‌یاندنی ئه‌و هه‌سته‌یه‌ که‌ له‌ کاتی گرتنی فۆتۆکه‌دا هه‌مبووه‌.”

که‌واته‌ یه‌کێک له‌ سه‌ره‌کیترین ئه‌و هۆکارانه‌ی که‌ وای له‌ جێرارد کردووه‌ فۆتۆ بگرێت دیمه‌نه‌که‌ نه‌بووه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ هۆکاری سه‌ره‌کیی فۆتۆگرافه‌ره‌ چاوساغه‌کانه‌. ئه‌وه‌ی که‌ له‌ کاره فۆتۆگرافییه‌کانی ئه‌ودا گرنگ بووه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ بووه‌ که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌سته‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌وه‌ک لایه‌نی ته‌کنیکی و ئیستاتیکای فۆتۆکه‌. جێرارد له‌ شوێنێکدا ده‌ڵێت: ”ده‌بێت ته‌واو تێکه‌ڵی دیمه‌نه‌که‌‌ ببیت، پێوسیته‌ ده‌ستی لێ بده‌ی، بۆنی بکه‌ی، ته‌نانه‌ت بیشیلێسیته‌وه‌ ئه‌گه‌ر پێوسیت بکات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی فۆتۆیه‌کی باش بگریت.”

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌شێک له‌ کاره‌کانی جێرارد نیجێندا:

 

بەشێکی تر لە کارەکانی فۆتۆگرافەر:

هاوبەشی بکە

Blind, Gerardo Nigenda, Photography,