20/04/2024
DidiMn Logo
Top

خوێنەر و کتێب: خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی ڕووەکی

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منخوێنەر و کتێب

کتێب: ڕووەکی
نووسەر: هان کانگ
خوێنەر: سەرکەوت جەبار

ڕۆمانی ڕووەکی، ڕۆمانێکە بۆ وێرانکردنی خوێنەر، وێرانکردنی کارەکتەرەکان و خوێنەر ئاوێزانی یەکدی دەبن و ڕۆمانی ڕووەکی دروست دەکەن. من ھەمیشە ئەو بەرھەمانەم بۆ گرنگە کە خوێنەر وێران دەکەن، ڕۆمانێک کە خوێنەرەکەی وێران بکات، ڕۆمانێکە درۆ لەگەڵ خۆی و خوێنەرەکەی ناکات. ڕووەکی ھەڵکۆڵینی زەین و مێشکی خوێنەرە، وشە و ڕستەکان مێشک و دونیابینیی خوێنەرەکەی وێران دەکات، ڕوخساری مرۆڤ پیشانی خۆی دەداتەوە. ڕۆمانێک ئەگەر بتوانین بیخەینە ناو ژانرێکەوە، ئەوا دەچێتە ناو ژانری ڕۆمانی ترسناک، ترسناک بەو مانا باوەی نا کە ھەیە و تەفسیری بۆ دەکرێت، بەڵکو بەو مانایەی کە ڕۆمانەکە لە ڕێگەی گێڕانەوەوە ترسناکی ئەو جیھانەمان پیشان دەدات کە ئێمە و ئەوانی دی تێیدا دەژین. دونیای ناو ڕۆمانی ڕووەکی دونیایەکی تەڵخ و تاریکە، ھەندێک لە ڕووداوەکان وەک کابووس وەھان و بۆ کارەکتەرەکانی و خوێنەرەکانیشی دەبنە شۆک و تاسان. ڕۆمانەکە ھاوشێوەی فیلمەکانی ئەنتۆنیۆنییە، کە تیایدا کارەکتەرەکان لە یەکدی نامۆ بوون و یەکتری ناناسنەوە، یانیش ناتوانن پێکەوە بژین. کارەکتەری ڕۆمانەکە، یۆنگ ھێ، ڕێک لە مۆنیکا ڤیتی کارەکتەری فیلمەکانی ئەنتۆنیۆنی دەچێت. کارەکتەرێک ھێندەی بە خێزان و کۆمەڵگەکەی نامۆیە، ھێندەش نامۆیە بە خۆی.

یۆنگ ھێ نازانێت چیی دەوێت، ناشزانێت دەبێت چیی بوێت. دەژی، چونکە ھیچ ڕێگەچارەیەکی تری لە بەردەمدا نییە. ئەو ناچارە بژی، چونکە نازانێت ئەگەر نەژی دەبێت چی بکات. کەمیی دیالۆگ لە نێوان  یۆنگ ھی و مێردەکەی، سقووتی مرۆڤی مۆدێرنمان پیشان دەدات. ژنێک و پیاوێک پێکەوە دەژین، بێ ئەوەی ھیچ خۆشەویستییەک یان دیالۆگێک لە نێوانیاندا ھەبێت. ھان کانگ لە ڕێی دەسەڵاتی گێڕانەوەوە، ھەرچیی توندوتیژیی ناو ناخی مرۆڤی کۆریایە دەترنجێنێتە ناو ڕۆمانەکەی و دەتوانێت تۆڵستۆییانە تا قیامەت بگێڕێتەوە، بێ ئەوەی ھیلاک و شەکەت بێت، کەچی خوێنەر تا ڕۆمانەکە تەواو دەکات، چەندین جار تووشی تەنگەنەفەسی و ھەڵکشان و داکشانی دەروونی دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا فزوولە و دەیەوێت بزانێت کارەکتەرەکان چییان بەسەر دێت، لە کاتێکدا کارەکتەرەکان بۆ خۆشیان نازانن چییان بەسەر دێت و چاوەڕوانی چی دەکەن.

نووسه‌ری ڕۆمانی ڕووه‌كی، هانك كانگ
فۆتۆگرافه‌ر: ئه‌لێكساندرا ئاڵته‌ر

 

ڕۆمانی ڕووەکی ڕۆمانێکە پڕ لە شۆک و پڕ لە ڕووداوی چاوەڕواننەکراو، ھەم بۆ کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە و ھەم بۆ خوێنەر. ھان کانگ بێڕەحمانە لە ڕێگەی وشە و ڕستەکانیەوە جیھانێکی سەیروسەمەرە بۆ خوێنەرەکانی دروست دەکات و توندوتیژییەکانی مرۆڤی مۆدێرن دەکات بە ڕۆمان. دەکرێت لە ناخی ھەر مرۆڤێکدا دونیایەک توندوتیژی خۆی مەڵاس دابێت، بەڵام پێویستە مرۆڤ بخەیتە بارودۆخێکەوە تا بتوانێت توندوتیژییەکانی لێ دەربھینێت. ھان کانگ کابووسێک بۆ یۆنگ ھی دروست دەکات، تا توندوتیژییەکانی ناو ناخی کارەکتەرەکانی بھێنێتە دەرەوە. لە ڕێگەی ئەم کابووسەوە پەی بە توندوتیژیی ناو خێزانی کۆمەڵگەی کۆری دەبەین. بە زۆر دەمکردنەوەی یۆنگ ھی لە لایەن باوکییەوە و بە زۆر قوتدانی گۆشت بە یۆنگ ھی کە بڕیاری داوە گۆشت نەخوات، دەکرێت ترسناکترین بەشی ڕۆمانەکە بێت، یانیش ترسناکترین کارێک کە مرۆڤ بەرامبەر بە مرۆڤێکی دیکە بیکات. دواتریش لە بەشەکانی کۆتایدا تێدەگەین، کە ئەم کردەی توندوتیژییە لە منداڵییەوە بەردەوامە و دواتر ژیانی یۆنگ ھی وێران دەکات.

من پێم وایە وەرگێڕان تەنیا گواستنەوەی مانا و ڕستەکان نییە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دی، بەڵکو جۆرێکە لە دونیابینیی وەرگێڕ بۆ بەرھەمەکە. وەرگێڕانی ڕۆمانی ڕووەکی وەرگێڕانێکی گرنگ و پێویست بوو، دونیای ئێمە دونیای ناو ڕۆمانەکەیە. ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی پڕ لە توندوتیژیدا دەژین، کۆمەڵگەیەکی سارد و بێبەزەیی، بەڵام پێویستمان بە ڕۆماننوسێکە ئەو دونیا سارد و توندوتیژەمان پیشان بداتەوە.

هاوبەشی بکە

Han Kang, Hazhar Osman, Sarkawt Jabar, The Vegetarian, Xwenar u Kteb,