20/04/2024
DidiMn Logo
Top

فۆتۆگرافەرێک پیشانمان دەدات چەند ئاڵوودە بووین

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من کۆلێکتیڤ ئڤۆڵیوشن
لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ

 

بەپێی لێکڵینەوەکان لە %65ی پێگەیشتوانی ئەمەریکا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە کار دەهێنن و ئەم ژمارەیەش تا دێت ڕوو لە زیادبوونە. بڵاوبونەوەی بەردەوامی تەکنەلۆژیا هێندە توندوتۆل بووە کە ئێستا کاتی ڕەتبوونت بە لای کەسێکدا لەسەر شەقام خەریکی مۆبایلەکەی بێت، ئاساییترە وەک لەوەی بە لای کەسێکدا ڕەت ببیت و مۆبایلی پێ نەبێت و زەردەخەنەیەک ئاڵوگۆڕ بکەن.

فۆتۆگرافەر ئیریک پیکەرگیل بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە و پیشاندانی ئەم دیاردەیە زنجیرەیەک فۆتۆی ژیانی ڕۆژانەی گرتووە و یەک گۆڕانکاریی بچووکی تێدا کردوون، ئەویش بریتییە لە لابردنی گشت ئامێرە تەکنەلۆژییەکان.

 بەیانییەک لە کاتی دانیشتن لە کافێیەک، ڕوانین لە چواردەور بووەتە جێی سەرنجی فۆتۆگرافەر و هانی داوە بۆ ئامادەکردنی ئەم پڕۆژەیە بە ناوی پڕۆژەی لابراو.

”خێزانێک لە کافێیەک لە تەنیشتمدا دانیشتوون، خەڵکانی نیویۆرک لە ناو یەکتردا ئێجگار لە یەکتر دابڕاون. قسەکردن کەم بووەتەوە. باوکێک و دوو کچەکەی مۆبایلەکانی خۆیانیان بە دەستەوەیە. دایکەکە مۆبایلی پێ نییە، یان ئەوەتا خۆی بڕیاری داوە پێی نەبێت. لە پەنجەرەکەوە لە دەرەوە دەڕوانێت، لە حزووری نزیکترین کەسەکانی و خێزانەکەیدا خەمبارە و بە تەنیایە. باوکەکە جار نا جارێک سەر بەرز دەکاتەوە بۆ گەیاندنی ئەو پارچە زانیارییەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خوێندوویەتیەوە. دوو جار باس لەو ماسییە گەورەیە دەکات کە ڕاو کراوە، کەس وەڵام ناداتەوە. من خەمبارم بە مامەڵەکردنی تەکنەلۆژیا بۆ کارلێکنەکردن لەگەڵ یەکدی لە بەرانبەر کارلێکردندا. هەرگیز پێشووتر ئەمە ڕووی نەداوە. گومان دەکەم کە ئێمە ڕوخساری کاریگەریی کۆمەڵایەتیی ئەم ئەزموونە نوێیەمان ڕووشاندبێت. دایکەکە ئێستا مۆبایلەکەی دەرهێناوە.“

گەر بەشێک بیت لەم ئالوودەبوونی تەکنەلۆژییە یاخود نا، بە دڵنیاییەوە لەم زنجیرەفۆتۆگرافییەدا شتێک هەیە لێوەی وانە وەربگریت. بۆ ئەوانەمان کە بەشێکین لەم ئالوودەبوونە، ئەمە بیرخەرەوەیەکە کە ئاگاییمان هەبێت سەبارەت بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و ئازادی، تا چاودێریی ئەو کاتانە بکەین و هەوڵ بدەین هەنگاو بە هەنگاو جێگایان بە ئامادەیی جەستەیی پڕ بکەینەوە.

ئاسانترین ڕێگا بۆ ئەزموونکردنی ئەوەیە بە چالێنجێک لەگەڵ خۆتدا دەست پێ بکەیت، هەوڵ بدە لە هەر ڕۆژێکدا بۆ ماوەی 30 خولەک تەواو خۆت لە تەکنەلۆژیا دوور بخەیتەوە. پیاسەیەک بکە، خوانێک ئامادە بکە، کتێبێک بخوێنەرەوە یاخود لەگەڵ هاوڕێیەکتدا گفتوگۆ بکە، هەر شتێک کە بیری خۆتی بخەیتەوە ژیان بەبێ تەکنەلۆژیا دەکرێت چەند چالاک بێت.

بۆ ئەوانەشی کە بەشێکی باشی ڕۆژانەکەیان دوور لە تەکنەلۆژیا بەسەر دەبەن، با ئەم فۆتۆیانە زیاتر هانت بدەن و بەردەوام بیت و ببیت بەو کەسەی ئامادەیی هەیە لە ژیان و ساتەکاندا و بیری کەسانی دی دەخاتەوە کە ژیان دەکرێت چەند جوان بێت دوور لە تەکنەلۆژیا.

 

هاوبەشی بکە

Photo Story, Photography,