22/03/2024
DidiMn Logo
Top

مەزرای ئاژەڵان و 1984: شۆڕشە سەرنەکەوتووەکان، بەشی یەکەم

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

جۆرج ئۆروێڵ

دیدی من – ئای ئێس ڕیڤیو
ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد

به‌شی یه‌كه‌م:

نوسینی ھەردوو ڕۆمانی مەزرای ئاژەڵان و 1984، ناڕەزایی جۆرج ئۆروێڵ بوو لە چەپ و چینی کرێکاران بۆ دەرخستنی توڕەیییەکی زۆری لە سیستەمی تۆتالیتاری. 1984 لەبارەی چەکی ئەتۆمی و کارەساتی کاپیتاڵیزمی بەڕیتانیایە. ئۆروێڵ دەڵێت: “کاپیتاڵیزم و کۆمۆنیزم دوو ڕێگان بۆ بوون بە کۆیلە. کاپیتاڵیزم واتە پێشبڕکێ بۆ مارکێت و جەنگ. سۆشیالیزمیش ئەنجامەکەی دروستبوونی ئۆردوگای زۆرەملێ و پەرستنی ڕێبەر و جەنگە. جگە لە دابەشبوونی جیھان بۆ دو یان سێ زلھێز هیچ ئەنجامێک بەدەست نایەت، بێگومان ئەمەش کاتێکە کە پلانێکی ئابووری و ئازادیی بیرمەندەکان بوونی نییە و بە دڵنیایی ئەم ھێزانەش لە جەنگدا دەبن، ڕەنگە جەنگێکی خوێناویش نەبێت بەڵام ھەمیشەیی دەبێت.”

مەزرای ئاژەڵان کە لە ساڵی 1945 و ڕۆمانی 1984 کە لە ساڵی 1949 نوسراون، چیرۆکی شۆڕشی سەرنەکەوتوون. مەبەستی ئەم کتێبانە لەلایەن چەپ و ڕاستێش دیبەیتێکی زۆری لەسەر کراوە.

GEORGE.jpg

ئۆروێڵ

ئۆروێڵ لە ساڵی 1944 مەزرای ئاژەڵان‌ـی تەواو کرد و زۆر دڵخۆش بوو بە ئەنجامەکانی. مەبەست لەم کتێبە تەنزگرتن بوو لە شۆڕشەکانی ڕووسیا و ناپاکییەکانی. بەدڵنیایییەوە مەزرای ئاژەڵان زۆر بەجوانی نوسراوە، کە تێیدا ئۆروێڵ کارەکتەری ئاژەڵ و سیمبولی سیاسی بەکار ھێناوە. مەیجەر، کە بەرازێکی ژیرە و ھێمایە بۆ مارکس، سنۆوبۆڵ ھێمایە بۆ ترۆتسکی، بۆکسەر ھێمایە بۆ چینی کرێکارە گەندەڵەکان و ناپلیۆن  نوێنەری ستالین یان لینین‌ـە. ناپلیۆن لە دوای شۆڕشەکە، سنۆوبۆڵ لە مەزراکە دەکاتە دەرەوە  و دواتر لەگەڵ مرۆڤەکان پێک دێتەوە. لە ڕۆمانەکەدا ئۆروێڵ بەناوبانگترین وتەی ستالین دەڵێتەوە: “ھەموو ئاژەڵەکان ئازادن، بەڵام ھەندێک ئاژەڵ لە ئاژەڵانی دی ئازادترن.”
1984-by-george-orwell-eye

ئۆروێڵ مەزرای ئاژەڵان بەکار دێنێت  بۆ ڕەخنەگرتن لەو کەسانەی پێشتر لە چینی کرێکاران بوون و ئێستاش بوون بە کاسانی خاوەن دەسەڵات و گەندەڵ. ئاژەڵەکانی ئەم مەزرایە شۆڕشێکی سەرکەوتوو دژی مرۆڤەکان بەرپا دەکەن لە جەنگی کاوشێد، بەڵام گروپێک لە بەرازەکان لە کۆتاییدا یەکسانی ناو مەزراکە لەناو دەبەن و خۆیان دەبن بە چینێکی نوێی خاوەن دەسەڵات. ئۆروێڵ بەڕوونی نەفرەت لە دروستبوونی ستالینیزم دەکات. بەڵام  جێگرەوەی ئەم سیستەمە چییە؟  لەم ڕووەوە ئۆروێڵ لە لایەن چەپەوە ڕەخنەی لێ گیراوە. ئەوان دەڵێن ئۆروێڵ ناگات بە ھیچ ئەنجامێک. لەلایەک دەڵێت سیستەمی چینایەتی ڕیزبەندییەکی دەستکردە وە لەلایەکی دیش لە ڕۆمانەکەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەرازەکان بە شێوەیەکی بۆماوەیی لە ئاژەڵەکانی تر پلەیان بەرزترە و بەدڵنیایی بەرەو پلەی بەرزتری کۆمەڵگە دەڕۆن. بە وتەیەکی دی، ھەموو شۆڕشێک بە سیستەمی زۆرداری کۆتایی دێت.

3145162135_9a9492b1b5_469504744

لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدا، بەرازە دەسەڵاتدارەکان دەبنە ھاوشێوەی مرۆڤەکان. بەرازەکان لەسەر دوو پێ دەڕۆن وھیچ جیاوازییەکیان نابێت لەگەڵ ئەو مرۆڤانەی کە لە شۆڕشەکەدا خۆیان لە مەزراکە دەریان کردبوون. لە دیمەنی کۆتاییدا دەبینین بەرازەکان لەگەڵ مرۆڤەکان نانی ئێوارە دەخۆن و ئاژەڵەکانی دیش لە دەرەوە تەماشایان دەکەن.

سۆشیالیستەکان پرسیاری ئەوە دەکەن: دەبێت ئۆروێڵ ھەوڵی دابێت چی دەربارەی لینین و سەرھەڵدانی ستالینیزم بڵێت؟ لەڕاستیدا ئۆروێڵ ڕایگەیاندووە کە ترۆتسکی و لینین بەشێکن لە ھۆکاری سەرھەڵدانی تۆتاڵیتاریانیزم لە ڕوسیا، هەروەها بەلشەفیزم ھۆکاری دروستبوونی زۆردارییە. مۆلینو، سۆشیالیستی بەڕیتانی، وتارێکی سەرنجڕاکێشی ھەیە، کە خوێندنەوەیەکی پڕ وردەکارییە بۆ ھەموو کارەکتەرەکانی مەزرای ئاژەڵان و دەگات بەو ئەنجامەی کە ئۆروێڵ لینین و ستالین بە یەکسان و لە ھەمان ئاست دادەنێت و ھەردووکیانی لە کارەکتەری ناپلیۆن کۆ کردووەتەوە. مۆلینۆ دەڵێت کە ئۆروێڵ ھیچ ھۆکارێکی سەرنەکەوتنی شۆڕشەکانمان پێ ناڵێت، جگە لەوەی دەیگەڕێنێتەوە بۆ سروشتی مرۆڤ. ھەردوو ڕۆمانەکە تەنھا کاردانەوەیەکن دژی ڕەوشی سیاسیی ئەو سەردەمە و ناوەڕۆکی پەیامەکەش: ھەموو شۆڕشێک شکست دەھێنێت.

هاوبەشی بکە

1984, Animal Farm, George Orwell, پەڕاوی ئۆروێڵ,