20/04/2024
DidiMn Logo
Top

نووسراوی گەورە نووسەران دەربارەی هێزی موزیک

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

فرێدریک نیتچە: ”بەبێ بوونی موزیک ژیان هەڵەیەک دەبوو.“

دیدی من – برەین پیکینگ
لە ئینگلیزییەوە: ساڤان عه‌بدولڕه‌حمان

”موزیک باشترین یەدەگە کە هەمانە بۆ هەرسکردنی کات.
ئیگۆر ستراڤینسکی

”موزیک شەپۆلی دەنگی ڕۆحە.
 مۆرلی

سایکۆلۆژیستەکان توێژینەوەیان دەربارەی ئەوە کردووە کە بۆچی ژەنینی موزیک سوود بە مێشک دەگەیەنێت زیاتر لە هەر چالاکییەکی تر و چۆن گوێگرتن لە موزیک مێشک شاد دەکات. زیاتر لەوەش، موزک کاری هەیە بەسەر ڕۆحی مرۆڤەوە و وەک ڕوونکردنەوەیەکی زاڵی مرۆڤایەتیی خۆمان دەوەستێت.

لێرەدا کاردانەوەی هەندێک لە نووسەرە گەورەکانی ناو مرۆڤایەتی خراونەتە ڕوو، کە  بە درێژایی چەندەها ساڵ لە خوێندنەوە کۆ کراونەتەوە.

 

سوزان سۆنتاگ

سوزان سۆنتاگ

سوزان سۆنتاگ، زۆرینەی کاتی ژیانی گەنجیی بە خوێندنەوە لە نێوان ٨ بۆ ١٠ کاتژمێر بەسەر دەبرد و هەرگیز نەبووە لە چوار کاتژمێر کەمتر بخوێنێتەوە، خۆشەویستییە قووڵەکەی بۆ ئەدەب هاوتەریبب بووە بە خۆشەویستییەکەی بۆ موزک. لە یادەوەرییەکدا کە ژیانی تایبەتی سوزانی تێدایە، لە تەمەنی پانزە ساڵیدا دەنووسێت:
”موزیک لە هەمان کاتدا جوانترین و زیندووترینی هەموو هونەرەکانە؛ ئەبستراکترین، نایابترین، هەستبزوێنترینە. بە جەستە گوێی لێ دەگرم و جەستەمە کە ئازاردەکێشێت لە کاردانەوەی ئەو سۆز و هەستەی لەم موزیکەدا بەرجەستە دەکرێت.

کۆرت ڤۆنێگت

کۆرت ڤۆنێگت

کۆرت ڤۆنێگت لە کۆتا کۆمەڵە گوتاریدا بە ناوی پیاوێک بەبێ وڵات نووسیویەتی کە موزیک لە سەروو هەمووشتێکی ترەوەیە، ”بە نزیکەی بوونی لە ژیاندا سوودمەند کردووە.
لە وەسیەتنامەیەکیدا دەڵێت:
”خوانەکردە، گەر بڕیاربێت ڕۆژێک بمرم،
با ئەمە گۆڕنامەکەم بێت:
تاکە بەڵگە کە پێویستی بوو
بۆ سەلماندنی بوونی خودا
موزیک بوو.

فرێدریک نیتچە

فرێدریک نیتچە

فرێدریک نیتچە لە قسەی نەستەقی ناو کتێبەکەیدا نووسیویەتی: ”بەبێ بوونی موزیک ژیان هەڵەیەک دەبوو.

نیتچە لە یادەوەرییەکی خۆیدا درێژەی داوەتێ و دەڵێت:
”خودا موزیکی داوینەتێ تا سەرەڕای هەموو شتێک بەرزمان بکاتەوە، موزیک هەموو کوالێتیەکان کۆ دەکاتەوە، دەتوانێت پێشمان بخات، بمانگۆڕێت، خۆشحاڵمان بکات، یان ڕەقترینی دڵەکان بشکێنێت بە نەرمترین ئاوازی. بەڵام کاری سەرەکی بردنی بیرکردنەوەکانمانە بۆ شتی باڵاتر، بەرزکردنەوەمانە، تەنانەت لەرزاندنمانە. هونەری موزیکی هەندێک جار زۆر ژیرانەتر لە وشەی شیعر دەدوێت و دەست دەگرێت بە درزە شاراوەکانی دڵەوە. گۆرانی بوونمان زیندوو دەکاتەوە و بەرەو باش و ڕاستمان دەبات. گەر بە هە رجۆرێک، موزیک وەک گاڵتەجاڕی یان وەک جۆرێک  لە خۆپیشاندانی بەتاڵ خزمەت بکات، تاوانە و بەزیانە.

ڤێرجینیا وۆڵف

ڤێرجینیا وۆڵف

ڤێرجینای ٢١ ساڵ، لە یادەوەرییەکیدا بە ناوی سەمایەک لە دەرگەی شاژندا، باس لە کاریگەریی ژەهراویی موزیک دەکات:
”کوالێتییەک کە موزیکەسەما هەیەتی هیچی تر نییەتی: غەریزەیەکی دڕندانە تێک هەڵدەدات، خەوتنێکی کپ لە ژیانی ئاگاییماندا، سەدەیەک لە شارستانییەت لە بیر دەچێتەوە لە ساتێکدا و بەرت دەداتە ئەو سۆزە نامۆیەی شێتانە دەتخولێنێتەوە بە دەوری ژوورەکەدا، بێئاگا لە هەموو شتێکی پارێزراو کە لار دەبیتەوە لەگەڵ موزیکەکە، لە ناوەوە و دەرەوە، خولانەوە و خولانەوە.

ڤیکتۆر هۆگۆ

ڤیکتۆر هۆگۆ

ڤیکتۆر هۆگۆ دەڵێت:
”موزیک ئەو هەستە دەخاتە ڕوو کە ناتوانرێت بکرێت بە وشە و ناتوانرێت بێدەنگ بمێنێتەوە.

ئەدۆڵس هوکسلی

ئەدۆڵس هوکسلی

ئەدۆڵس هوکسلی لە گوتارێکدا بە ناوی پشوو بێدەنگییە، دەڵێت:
”دوای بێدەنگی، ئەوەی نزیکترینە لە دەربڕینی دەرنەبڕاوەکاندا موزیکە، کاتێک دەرنەبڕاو دەبوو دەرببڕێت، شکسپیر قەڵەمەکەی دانا و داوای موزیکی کرد.

واڵت ویتمان

واڵت ویتمان

واڵت ویتمان لە گوتارێکیدا بە ناوی دیمەنە دیموکراسییەکان نووسیویەتی:
”موزیک کۆکەرەوەیە، هیچ شتێک ڕۆحانیتر نییە لێی، هیچ شتێک هەستەنیتر نییە لێی، خودایەک لە هەمان کاتدا بە تەواوی مرۆڤ دەست دەگرێت، سەر دەکەوێت، بەرزترین لوتکە دەگرێت.

هاوبەشی بکە

Hugo, Music, Nietzche, Susan Sontag, WaltWhitman, Woolf,