25/04/2024
DidiMn Logo
Top

پڕۆژه‌ی یۆلۆكۆست شێوازی یادكردنه‌وه‌ی كاره‌ساتی هۆڵۆكۆستی گۆڕی

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
 ژیوار جەوهەر

ئه‌گه‌ر سه‌ردانی وڵاتی ئه‌ڵمانیا بكه‌یت و به‌ لای مۆنۆمێنتی هۆڵۆكۆست‌دا بڕۆیت، گه‌نجانێكی چالاک و پڕوزه‌ ده‌بینی به‌ ناو مۆنۆمێنته‌كه‌دا دێن و ده‌چن، یاریی چاوشاركێ ده‌كه‌ن، ئیستێک ده‌كه‌ن و جگه‌ره‌یه‌ک ده‌كێشن، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا سێڵفی به‌ شێوازی جیاواز ده‌گرن و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌.

شاهاك شاپیاره‌، نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندی ئیسرائیلیی دانیشتووی به‌رلین، ته‌حه‌مولی بینینی ئه‌م جۆره‌ دیمه‌نانه‌ی نه‌كرد و به‌ پڕۆژه‌یه‌ک كۆتایی به‌م دیارده‌یه‌ هێنا، ”پێم وایه‌ خه‌ڵكی له‌ ئامانج و مه‌به‌ستی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م مۆنۆمێنتانه‌ تێنه‌گه‌یشتوون“.

شاپیاره‌ ده‌یان فۆتۆی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هێنا، كه‌ له‌ مۆنۆمێنته‌كه‌ گیرابوون، پشته‌وه‌ی فۆتۆكانی گۆڕی به‌و فۆتۆیانه‌ی كه‌ تاوانی نازییه‌كان و  كۆمه‌ڵكوژیی جووله‌كه‌كان پیشان ده‌ده‌ن؛ دواتر، ١٨ی ئه‌م مانگه‌ پڕۆژه‌یه‌كی به‌ ناوی یۆلۆكۆست –  Yolocaust –  ڕاگه‌یاند، كه‌ ماڵپه‌ڕێک بوو،‌ دوازده‌ فۆتۆی  له‌خۆ ده‌گرت. به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م، فۆتۆ ده‌ستكاریكراوه‌كان له‌ زۆربه‌ی ماڵپه‌ڕ و لاپه‌ڕه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو بوونه‌وه‌.

شاپیاره‌ له‌ خواره‌وه‌ی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ پێشنیارێكی كردبوو:‌ ئه‌گه‌ر خاوه‌نی فۆتۆكه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ شاپیاره‌وه‌ بكات، ئه‌وا فۆتۆكه‌ی له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ده‌سڕدرێته‌وه‌.

«بازدان به‌سه‌ر جووله‌كه‌ مردووه‌كاندا»

پاش ئه‌وه‌ی زۆرێک له‌ خاوه‌نی فۆتۆكان په‌یوه‌ندییان به‌ شاپیاره‌وه‌ كرد و داوای لێبوردنیان كرد كه‌ به‌م جۆره‌ فۆتۆیان له‌م شوێنه‌ گرتووه‌ و پێیان گوتووه‌ له‌ په‌یاماكه‌ی تێگه‌یشتوون، ٢٦ی ئه‌م مانگه‌، ته‌واوی فۆتۆكان له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌كه‌ سڕانه‌وه‌.

له‌ ئێستادا، ته‌نها په‌یامێكی كورتی شاپیاره‌ و ئه‌و نامانه‌ له‌سه‌ر ماڵه‌په‌ڕه‌كه‌ ده‌بینرێت، كه‌ بۆ شاپیاره‌ ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌كه‌ نێردراون، هه‌روه‌ها نامه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یش كه‌ فۆتۆكانیان له‌ پڕۆژه‌كه‌دا به‌كار هێنرابوو.

به‌شێك له‌ په‌یامه‌كه‌ی شاهاک شاپیاره‌:
ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ زیاتر له‌ دوو ملیۆن و نیو بینه‌ری هه‌بووه‌. شته‌ سه‌یره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پڕۆژه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و دوازده‌ كه‌سه‌ش كه‌ سێڵفییه‌كانیان له‌ پڕۆژه‌كه‌دا نماییش كرابوو. نزیكه‌ی هه‌موویان له‌ په‌یامه‌كه‌ تێگه‌یشتوون، داوای لێبوردنیان كردووه‌ و بڕیاریان داوا سێڵفییه‌كانیان له‌ هه‌ژماره‌ تایبه‌ته‌كانیان له‌ فه‌یسبووک و ئینستاگرام بسڕنه‌وه‌. بێجگه‌ له‌مه‌ش، نامه‌ و ده‌ستخۆشیی زۆر دڵخۆشكه‌رم بۆ هاتووه‌ له‌ لایه‌ن لێكۆڵه‌ره‌وه‌كانی هۆڵۆكۆست، ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ مۆنۆمێنته‌كه‌ كاریان كردووه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی خێزانه‌كانیان له‌ كاتی كاره‌ساتی هۆڵۆكۆستدا له‌ده‌ست داوه‌، ئه‌و مامۆستایانه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ وه‌ک وانه‌ له‌ فێرگه‌كه‌ندا ده‌ڵێنه‌وه‌، هه‌روه‌ها كه‌سانێكی شه‌یتانیش كه‌ وێنه‌ی هاوڕێ و ئه‌ندامی خێزانه‌كانیان بۆ ناردووم بۆ ئه‌وه‌ی فۆتۆشۆپیان بكه‌م…

هاوبەشی بکە

Conceptual Art, Holocaust, Yolocaust, ZhiwarNazanin,