25/04/2024
DidiMn Logo
Top

ڕیچارد فەینمن، خاوەنى نامە جەرگبڕەکە

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

ڕیچارد و ئاڕلين، 1940

ڕیچارد و ئاڕلين، 1940

دیدی من – لێتەرس نۆت
له‌ ئینگلیزییەوە: تەنیا ئەحمەد شیهاب

 

ڕيچارد فەينمن (1918 – 1988)، فيزياوان و مامۆستا و خاوەن خەڵاتى نۆبڵ بۆ زانست، خاوەن حەوت کتێب، يەکێک لە ئەندامانى درووستکردنى ئەتۆم، يەکەمين کەس کە فيزياى کوانتەمى خوێند.

ئاڕڵين، خۆشەويست و هاوسەر و هاوپۆلى خوێندنى ڕيچارد بوو، بەڵام ئەفسووس لە تەمەنى 25 ساڵيدا بە نەخۆشيى سيل ماڵئاوايى لە ڕيچارد دەکات و ئۆغر دەکات. 16 مانگ لە دواى مەرگى هاوسەرەکەى، ساڵى 1946 ڕيچارد نامەيەکى دڵشکان و پڕ لە هەست بۆ ئاڕلين دەنووسێت، بەڵام تا ڕۆژى مردنى ڕيچارد لە ساڵی 1988، کەس ئەو نامەيە نابينێت.

پاش 22 ساڵ ئەو نامەيە کرايەوە و تێيدا نووسرابوو:

ئاڕلين،

عاشقتم، خوێنشيرينەکەم.

من دەزانم چەندە حەزت بە بيستنى ئەو ڕستەيە هەيە، بەڵام من نەمنووسيوە لەبەر ئەوەى تۆ حەزت لێيە، بەڵکو نووسين بۆ تۆ لە ناخەوە گەرمم دەکاتەوە. ماوەيەکى ئێجگار درێژ بەسەر کۆتا نامەى من بۆ تۆ تێپەڕيوە – نزيکەى دوو ساڵ – بمبوورە، بەڵام تۆش من دەناسيت کە چۆنم، ئينکار و ڕياڵيستيک، بۆيە وا بيرم دەکردەوە کە هيچ هۆيەک نييە تا دابنيشم و نامەت بۆ بنووسم. بەڵام هاوسەرە ئازيزەکەم، ئێستا کاتى کردنى ئەو شتە هاتووە کە ماوەيەکى درێژە پشتگوێم خستووە، لەگەڵ ئەوەى پێشوو زۆرم بۆ نووسيويت. دەمەوێ پێتى بڵێم کە خۆشم دەوێى، دەمەوێ خۆشم بوێيت، تا ئەبەد خۆشم دەوێى.

دەزانى ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆشويستنى تۆ و واقيعى مردنى تۆ زۆر ئەستەمە، بەس من هێشتا دەمەوێ تۆ ئاسوودە بيت و گرنگيت پێ بدەم، هەروەسا تۆش منت خۆش بوێ و بايەخم پێ بدەيت. حەزم لێيە کێشەم هەبێت تا لەگەڵ تۆ و چارەى بکەم – من دەمەوێ پڕۆژەى بچووک بچووکت لەگەڵ ئەنجام بدەم. ئێمە زۆر شتمان کرد پێکەوە – ئەها فێربوونى زمانى چينيت لە بيرە؟ – ئێستا من نکارم و ناتوانم هيچ چشتێک بکەم! من بێ تۆم، بێ تۆ! تۆ خانمە پڕ ئەندێشە و فيکرەکەى من بووى، تۆ داڕێژەرى گشتيى هەموو سەرکێشى و سەرشێتييەکانى ئێمە بوويت.

کاتێک نەخۆش بوويت، دڵگران و نيگەرانى ئەوە بوويت کە ناتوانيت پێداويستييەکانى من فەراهەم بکەيت. بەقوربان، پێويستى نەدەکرد نيگەران بيت. چونکێ من بە چەندين ڕێگە و شێوە و ڕێژە و ئاستى تر تۆم خۆش دەویست. ئێستاش ئەوە تەواو ڕوونە لام کە ئێستا تۆ نيت و ناتوانيت هيچم بۆ بکەيت! کەچى هەر خۆشم دەوێيت، تۆ گەورەترين کۆسپى خۆشەويستيى سەر ڕێگەى منى و من دەمەوێ هەر وا بمێنيتەوە، تۆ مردووى بەڵێ، بەڵام لە زۆر کەسى زيندوو باشترى.

 لەوانەيە ئەو قسەيەى من گێلانە بێت ها؟ چونکێ تۆ دەتەوێت من بەختەوەر و خۆشنوود بم، بەڵام بڕوام پێ بکە لە دواى دوو ساڵيش تا ئێستا من هيچ کچە هاوڕێ و خۆشەويستم نەبووە (جگە لە تۆ، قشتيلەکەم) – من تێناگەم، تا ئێستا لەگەڵ چەندين کچى جوان و شۆخ قسەم کردووە و ڕووبەڕوو و چاو بە چاو دانيشتووين، بەڵام پاش چەند دانيشتنێکى تر لەبەرچاوم کەوتوون. تەنیا تۆ تاقانەى منى، تەنیا تۆ ڕاستەقينەکەى منيت.

هاوسەرە ئازيزەکەم، عاشقتم.
من هاوسەرەکەمم خۆش دەوێت، هاوسەرەکەم مردووە.

تێبينى: بمبوورە کە ئەو نامەيە پۆست ناکەم، چونکێ نازانم ناونيشانت لە کوێيە.

ڕيچ
17/10/1946

 

هاوبەشی بکە

Letter, nama, Richard Feynman, Science, Tania Ahmad Shihab,