01/06/2023
DidiMn Logo
Top

باوەشی عوسمانم دەوێ

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

کتێبی سوڵتانی من، غەزەلەکانی مەولانای ڕومی |شاڵاو حەبیبە کردوویە بە کوردی

دیدی من

ئەوەی دەیخوێننەوە نموونەیەکە لە غەزەلەکانی مەولانای ڕومی، کە لە کتێبی سوڵتانی منـدا بڵاو بووەتەوە و کتێبەکە لە لایەن شاڵاو حەبیبەوە وەرگێڕدراوە. ئەم کتێبە ئێستا لە کتێبفرۆشییەکاندایە.

 

باوەشی عوسمانم دەوێ
ڕومی

 

ڕووی خۆت وەدەرخە، کە باخ و گوڵستانم دەوێ
لێو ببزوێ، کە شەکری فەراوانم دەوێ

ئەی هەتاوی حوسن، دەرکەوە ساتێ لەنێو هەور
ڕووخساری درەخشان و ئەز تابانم دەوێ[1]

بیستم لە هەوای تۆ، ئاوازی تەپڵی باز
باز هاتمەوە وا، باسکی سوڵتانم دەوێ

گوتت بەناز، پتر لەوە مەمڕەنجێنە بڕۆ
ئەو پەیڤەی پترمەڕەنجانم دەوێ

لەو بڕۆ بڕۆیەت، کە بڕۆ شا نییە لە ماڵ
ئەو ناز و مەکرە و توندیی دەرکەوانم دەوێ

لەبەر هەر دەستێ هەبێ چاکە، سەر بە خاشاکە
ئەو مەعدەنەی مەلاحەت و من کانم دەوێ

ئەم نان و ئاوی چەرخە، بێوەفایە وەک سەیلە
من ماسیم نەهەنگم، عوممانم دەوێ

یەعقووبئاسا هەموودەم هەر شین و ناڵینمە
دیداری جوانی، یووسفی کەنعانم دەوێ

بە ئەڵڵا کە شار بێ تۆ دەبێتە بەندیخانەم
ئاوارەیی و شاخ و بیابانم دەوێ

لەم هاوڕێ ئەندام‌سستانەم دڵم گیرا
شێری خودا و ڕۆستەمی دەستانم دەوێ

گیانم جاڕز بوو لە فیرعەون و زوڵمی ئەو
نووری ڕووخساری، مووسای عومرانم دەوێ

لەم خەڵقی پڕشکایەتی گریان، مەلوول کەوتم
من حەشروحەلا و نەعرەیی مەستانم دەوێ

خۆشبێژترم لە بولبول، بەڵام لە ئیرەیی عام
قفڵە لەسەر زارم و ئەز ئەفغانم دەوێ

شێخ دوێنێ بە چرا، بە دەوری شاردا گەڕا
کە لە دێوودرنج مەلوولم و ئینسانم دەوێ

گوتیان نادۆزرێتەوە، بۆی گەڕاوین ئێمە
گوتی ئەوەی نادۆزرێتەوە، لەویانم دەوێ

هەرچەند نەدارم، نامهەوێ وردەعەقیق
کانی عەقیقی، نادری شایانم دەوێ

پەنهان لە دیدەکان و گشت دیتنێ لەوڕایە
ئەوی ئاشکرا سەنعەت پەنهانم دەوێ

کاری من تێپەڕی لە هەر ئاوات و مەیلێ
لە کان و لە مەکان پایەی ئەرکانم دەوێ

گوێم بیستی چیرۆکی ئیمان و بوو مەست
کوا پشکی چاو؟ ڕووخساری ئیمانم دەوێ

لە دەستێکم جامی بادە و لە دەستێکم زوڵفی یار
سەمای ناو حەشامات و مەیدانم دەوێ

دەبێژێ ئەو ڕوبابە، کە مردم لە ئینتیزار
دەست و ئامێز و زەخمەیی عوسمانم دەوێ

منیش ڕوبابی عەشقم و ئەڤینم ڕوبابییە
لەو لوتفانەی زەخمەیی ڕەحمانم دەوێ

باقیی ئەم غەزەلە، ئەی موتریبی زەریف
گەڕیانی‌کە لەم چەشنە، کە لەم چەشنانم دەوێ

بنوێنە شەمسی پڕشکۆی تەبریز، ڕوو لە ڕۆژهەڵات
من هودهودم، حزووری سولەیمانم دەوێ

 

[1] حوسن: جوانی

ئەی جیلوەدەری حوسن و جڵەوکێشی تەماشا
سەڕشتەیی دین بێ مەدەدی تۆ نییە، حاشا

نالی

 

ئه‌م بابه‌ته‌ شه‌یر بكه‌

DidiMnPoetry, Rumi, Shalaw Habiba,