22/05/2019
DidiMn Logo
Top

هاوڕێ کەمال: هەندێک کەس تەنیا لەبەر وشەی پەیامبەر داوای ڕاگرتنی شانۆیی دوو پەیامبەریان دەکرد

لە لایەن دیدی من 2 هەفتە پێش ئێستا

دیمه‌نێك له‌ شانۆیی دوو په‌یامبه‌ر

شانۆیی دوو پێغەمبەر لە ماوەی رابردوودا لە شاری سلێمانی بۆ ماوەی دە ڕۆژ نماییش کرا، کە چەندین بیروڕای جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا، لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ هاوڕی کەمال، یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم نماییشە شانۆییە، هەوڵدەدەین تیشک بخەینە سەر چەند لایەنێکی نمایشەکە.

پرسیار: دوای دە ڕۆژ لە نمایشکردنی شانۆیی دوو پەیامبەر، فیدباگی بینەرانی نماییشەکە چۆن بوو بۆ بەرهەمەکەتان؟
شانۆیی دوو پەیامبەر (دوو پێغەمبەر) یەکێک بو لەو نمایشانەی تا ئێستا گفتو گۆ و تێڕامان لەسەری بەردەوامە، کە ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ چەند لایەنێک لەوانە (ناوەڕۆکی نمایش، شێوازی کارکردن وەک دەرهێنان و نواندن، وە پەیوەندی ئێستای و ڕاستەوخۆی سینۆگرافیا و موزیک بە نمایشەوە)خاڵێکی گرنگی تر کاتی نمایش بو کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە کاتی ئێستای میلەتەکەمانەوە هەیە، هەمو ئەمانەش وایکردبوو کە خوێندنەوە و ڕاگەلێکی جیاواز لەدوای تەواو بونی نمایش بوروژێت.

تۆ لەم نماییشەدا ڕۆڵی کارەکتەری وەسیت هەبوو، دەتوانیت بەکورتی باسی ئەو کارەکتەرە بۆ خوێنەران بکەیت؟
من لە شانۆی دوپێغەمبەردا کارەکتەری (وەسی) کە کارەکتەرێکی باڵای سیاسیی ناو کۆشکە بەرجەستە دەکرد، کە کارەکتەرێک ی بارز و گەمە کەرێکی سەرەکییە لە نمایشەکەدا، کە بەشێکی زۆری پلان و گەمەکان لەژێر دەستی ئەمدا دەکرێن، ئەم سەرکردەی ئێستای دەقە وەک گەمە و وەک جوڵە پێکەری ڕوداوەکان.

بەلای خۆتانەوە، پێشوازیی بینەران چۆن بوو بۆ کارەکەتان؟
پێشوازیی بینەران لە بەرجەستە کردنی کارەکتەر لای من و سەر جەم ئەکتەرەکانی تر پێشوازییەک \ی باش بوو، تا ڕادەیەکی زۆر جێی دڵخۆشیمان بو، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ فۆڕمی نواندن لەم کارەدا، کە فۆڕمێکی نەبینراو جیاواز بو لەناو شانۆی ئێمەدا وەک ئەداکردن لە جەستە و دەنگدا، هەنگاومان نابو بۆ دورکەوتنەوە لە نواندنێکی سایکۆلۆژی کە بینەر فریو بدات، بەڵکو پێویستە بینەر ڕاستەو خۆ بەر گەمەی هونەری بکەوێت و بزانێت کە ئەم سەیری کارێک ی هونەری دەکات، تا بە وریاییەوە لە دیمەن و ڕوداوەکان بڕوانێت، بۆیە ئەمە بەرەو پێشەوە چونێکی باشی نمایش بو لە وروژاندنی بینەر هەریەکە و بە ئاڕاستەی خۆی.

پێم باشە بەکورتی باسێکی ناوەڕۆکی کارەکە بۆ خوێنەران بکەیت، بەتایبەت ئەو خوێنەرانەی کە دەرفەتیان نەبووە نماییشەکەتان ببینن.
بۆ ناوەڕۆکی نمایش ناچارم بە کورتی باسی بکەم چونکە ئەمە زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام بەکورتی ناوەڕۆک و چیرۆک ی نمایشەکە ناوە ڕۆکێک ی سیاسی هەیە، کە میلەتێک لەبێ سەرکردەیدا گوزەر دەکات، چاوەڕێی سەرکردەیەکن تا بێت ڕابەرایەتییان بکات، لە دوای چاوەڕوانییەکی زۆر ئەم ئاواتەیان دێتە دی، بەڵام ئەوەی کە سەیرە لە جیات پێخەمبەرێک دوانیان بۆ دێت، کە ئەمە زۆر قورس و ناڕەحەتە بۆ خەڵک و کەانی ناو کۆشک، چونکە ئاڵۆزی لە دەستنیشان کردنیدا دروستدەکات، کە کێ ڕاستییە و کێ ساختە، کەسانی ناو کۆشک لەم گەمەیەدا بڕیاری جیاواز و سەیر دەدەن، لە کۆتایدا ناگەنە هیچ ئەنجامێک ی دڵخۆشکەر، لە کۆتایدا هەرەکەو بە جۆرێک سەریان لە لاشە جیادەکرێتەوە، بەما ئاڵۆزی پەشێوی زیاتر لەناو خەڵک و کەانی کۆشکدا دروست دەبێت، کۆتای ئەمەش بە سەرپەڕاندنی وەسی و پڕۆفیسۆر و دکتۆر کۆتای دێت، لە ئەنجامی ئەم گەمەیەشدا یاوەر کە کەسێکی گەمە کەرو جوڵە پێکراوی کۆشکە دەسەڵات ئەگرێتە دەست.

چیرۆکی ئەم نمایشە زۆر گونجاوە بۆ ئێستای کۆمەڵگەی ئێمە، ئەوە ئێمەین کە پێویستمان بە سەر کردە و پێغەمبەر و فریاد ڕەسێکە کەچی نایات، نەک ئەم هەمو گەمەیەی سیاسیەکانمان کە لەچەندین گروپ دابەش بوون، بۆیە ئەم نمایشە زۆرترین ڕا و سەرنج و ڕەخنەی جیاوازی ڕوبەڕو بۆوە بە باش و بە خراپ کە هەندێکیان ئەکرێت بڵێین ترسێنەریش بو. مەبەستت چییە لە ترسێنەر؟
ترسێنەر مەبەستم ئەو ڕەخنانەیە کە بەدەر لە لایەنی هونەری و شێوازی کارکردن ڕوبەڕومان بۆوە، کە دابەش ببو بەسەر دو کۆمەڵەدا(سیاسی و ئاینی) ئەکرێت بڵێین سیاسیەکە چاوەڕوان کراو بوو بەڵام بەو شێوە زەقە نا، بەڵام ڕەخنە ئاینیەکان زۆر ترسێنەر و ناڕەوا بون، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی زۆر زەق تەشەنەی کرد، کە گوایە مەبەستی سەرەکی ئێمە و نمایش لێدانە لە بەها ئاینیەکان بەتایبەت ئاینی ئیسلام، بەڵام ئەمە نەک وانییە بەڵکو زور دوربو لە ڕاستییەوە،هەمو ئەوانەش لەو کەسو گروپانەبون کە نمایشەکەیان نەبینیوە، وە ئەمە بەجۆرێک تەشەنەی کرد کە بەرپرسی ڕاگەیاندنی کارەکە لە چەندین بڵاوکراوەو ماڵپەڕدا لێدوانیدا کە دورە لە ڕاستییەوە، تا گەیشتە ئەوەی دەرهێنەری کارەکە ڕاستەو خۆ لە هەنێک لە میدیاکاندا لێدوانی لەو بارەیەوە دا. لە سەرو هەمو ئەمانەشەوە ئەمە وای نەکرد کارەکەمان بوەستێنین، چونکە پەیامی کارەکەی ئێمە دوربو لەو پشێویەی بەناو موسڵمانەکان بۆیان کرد.

کۆمەڵگاکەمان کۆمەڵگایەکی ئیسلامییەبە ستافی کارەکەشەوە نەدەکرا ڕایگرن؟
– سەرەتا من کەسێک ی بێ ئاینم، بەڵام ڕێزێکی زۆرم بۆ هەمو ئاینەکان هەیە بەتایبەتیش ئیسلام، وەک پێشتر وتم ئەوانە ی کە ئەو داوایەیان هەبو نەک بینەری کارەکە نەبون بەڵکو دژی هونەریشن، تەنها وشەی پەیامبەر لە دورەوە ئەو بۆچونەی لای ئەوان دروست کردبو گوایە ئێمە سوکایەتی بە ئیسلام دەکەین. دەمەوێت دەربارەی دوایین کاری هونەریت بپرسم، ئایا بەم نزیکانە بەنیازن کاری هونەریی دیکە ئەنجام بدەن؟ لە ماوەی ڕابردوودا جیا لە کاری نواندن، من وەکو سەماکار و کۆریۆگراف بەشداریی چەندین کار و پرۆژەی هونەرییم کردووە، لە ئێستادا بیرم لەوەکردووەتەوە کە شانۆنامەی “ماڵەکەم پڕە لە کافر”ی تریفە کەریمیان بەشێوازی سەما دابڕێژمەوە و بەهیوام لە ئاییندەیەکی نزیکدا بتوانم چ وەک کۆریۆگراف و چ وەک سەماکەر ئەم پرۆژە هونەرییەم بخەمە سەر تەختەی شانۆ بۆ بینەرانی شارەکەم و دواتریش بردنی کارەکە بۆ شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.

du peyambaer, Shano,