08/12/2023
DidiMn Logo
Top

کتێبی غەزەلەکانی مەولانا بە ناوی سوڵتانی من بڵاو بووەوە

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

به‌رگی كتێبی سوڵتانی من

به‌رگی كتێبی سوڵتانی من

دیدی من

کتێبی سوڵتانی من بریتییە لە غەزەلەکانی مەولانای ڕومی – شاعیری ناودار و کلاسیکی فارس، کە شاعیر و وەرگێڕ شاڵاو حەبیبە کردوویە بە کوردی و کتێبخانەی یادگار چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

ئەم کتێبە جگە لە غەزەکانی ڕومی، هاوکات شەرحی غەزەلەکانیشی لە خۆ گرتووە، لەگەڵ باسێک سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان شەمسی تەبریزی و مەولانای ڕومی، هەروەها نووسینێکی وەرگێڕیش دەربارەی جیهانی ڕومی و نووسینەکانی.

شاڵاو حەبیبە لە پێشەکیی کتێبی سوڵتانی مندا سەبارەت بە چۆنیەتیی کارکردنی لەم کتێبەدا نووسیویەتی: ”من لەم وەرگێڕانەدا، هەم ویستوومە ئەمانەتپارێز بم، هەمیش دەقێکی کوردیی کلاسیک بخەمە ڕوو. دیارە لە بابەت وەرگێڕانی شیعری کلاسیکەوە باس لە ئەمانەتپارێزی بکەین شتێکی سەیر و کارێکی قورسیشە، بەڵام پێم خۆش نەبووە، کاتێک بە دەقی وەرگێڕاوی ڕومیدا دەچمەوە، فارسییەکەی فەرامۆش بکەم و تەنیا کار لە کوردییەکەیدا بکەم، هەڵبەت ئەگەر کەسێک وا بکات – کە لێرەولەوێ بینیومە و و زۆر جوانیش دەرچووە- ئاسایییە، بەڵام من سەبارەت بە وەرگێڕانەکەی خۆم، حەزم کردووە خوێنەر شیعرێک بخوێنێتەوە، کە ڕومی نووسیویەتی/ یان گوتوویەتی، نەک شیعرێک کە من نووسیبێتم/ یان من مەبەستم بێت. لەم ڕووەوە جەختم لەسەر ئەو وشە و جۆری ئەو دەربڕینانە بووە، کە ڕومی بە جەختەوە دایناون، تا لە کوردییەکەیدا لە شوێن و بە شێوەی گونجاو، لێ وەک خۆیان دایان بنێمەوە. کورتەی مەبەست ئەوەیە: تەنیا پەخشانێکی کوردیم دانەڕشتووەتەوە و بە بیانووی کلاسیکبوونەوە دەقە بنەڕەتییەکە فەرامۆش بکەم، دیارە ئەمە کارەکەی بۆ سەختتریش کردووم. هەربۆیە کاتێکیش شەرحم بۆ ئەم غەزەلانە داناوە/وەرگێڕاوە، بە پێی دەقە فارسییەکان بووە و لەگەڵ کوردییەکەیشدا- وشەبەوشە- کۆک و تەبایە، بەم جۆرە خوێنەر زیاتر لە واتا و مەبەستی ڕومی نزیک دەبێتەوە.“

لە کتێبی سوڵتانی مندا لە پەراوێزی غەزەلەکانی ڕومیدا هەندێک نیوبەیتی کلاسیکی کوردی دەبینین، کە شاڵاو حەبیبە لەم بارەیەوە دەڵێت: ”لە کلاسیکی کوردیدا دەربڕین و وشەی فارسی، عەرەبی و بگرە تورکییش ڕێپێدراو بوون. بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەم دەقانە، بۆ ئەوەی زیاتر بۆنوبەرامەی دەقی کلاسیک بدەن، جارێکی تر کلاسیکانی کوردیم خوێندوونەتەوە و سەرنجم لە وشە و دەربڕینەکانیان داوە. ئەو وشانەیش کە لە وەرگێڕانەکەمدا هاتوون و هیی زمانانی دیکەن، هەوڵم داوە- هەروەک چێژێکی ئەدەبی و بەرچاوڕوونیی تێکستەکان- لە پەراوێزدا نموونەیان بە شیعر لە کلاسیکی خۆماندا دابنێمەوە، کە ڕەنگە بۆ خوێنەریش چێژبەخش و هاوکات سوودبەخش بێت.“

کتێبی سوڵتانی من لە دووتوێی 260 لاپەڕەدا بە نرخی (4000) دینار بڵاو بووەتەوە. ئەم کتێبە حەوتەمین کتێبی شاڵاو حەبیبەیە، کە پێشتر شەش کتێبی شیعریی بە ناوی جیاجیا و لەناو بۆکسێکدا بە ناوی مۆسیقا فەرامۆشی کردم بڵاو کردەوە کە ناوەندی غەزەلنووس لە 2015ـدا چاپی کرد

ئه‌م بابه‌ته‌ شه‌یر بكه‌

Rumi, Shalaw Habiba,