دیدی من – پشتیوان کەمال
فیلمسازان، ڕۆژنامەنووسان، کەسایەتییە ناسراوەکان، بەرپرسانی حکومی و بینەرانی فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک لە پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامنەدانی خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە بەهۆی نەبوونی پشتگیری و قەیرانی دارایییەوە، هەریەکە و بە جۆرێک پشتگیریی خۆیان بۆ بەردەوامبوونی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی دهۆک پیشان دا.
شەهیان تەحسینی ڕۆژنامەنووس دەڵێت: “نکوڵی لەوە ناکەین کە ئێمە لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاژاوەدا دەژین، لەگەڵ داعشدا شەڕمان هەیە و پەنابەرێکی زۆریش ڕووی لە ناوچەکە کردووە، بەڵام هەر لەبەر ئەمەیە کە ئێمە پێویستمان بەو فێستیڤاڵە هەیە! بڕوام وایە کە هەڵوەشاندنەوەی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی دهۆک کۆتایی هاتنی پڕۆژەیەکی ئاسایی نییە، ئەمە کۆتایییەکی تراژیدییە بۆ خەونێکی گەورە.”
مانۆ خەلیلی فیلمساز لە سویسراوە پەیامی خۆی ناردووە و دەڵێت: “من ئامادەم، خۆم و فیلمەکەشم بۆ ئەوەی بەشداری لە فێستیڤاڵەکەی خۆماندا بکەین. دەتوانین ئەم کارە بکەین و بۆ خۆشمان ئاهەنگ بگێڕین، پێویستمان بە پشتگیریی دارایی نییە. ڕێزی بگرن.”
سەهیم عومەر خەلیفەی فیلمساز لە بەلجیکاوە دەڵێت: “فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک باشترین و گەورەترین فێستیڤاڵی فیلمی کوردییە لە جیهاندا. لەدەستدانی شەرمەزارییەکی گەورەیە، داوا دەکەین ئەم فێستیڤاڵە بەردەوام بێت.”
سۆلین یوسفی فیلمساز لە بەرلینی ئەڵمانیاوە دەڵێت: “فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک و ستافەکەی شتەکان شیاو دەکەن، کە لە ڕاستیدا شیاو نەبوون بۆ بەدەستهێنان ئەمەش نموونەیەکی گەورەیە کە هونەر، سینەما و فیلم لە کاتی پەژارە و جەنگدا دەتوانن بەدەستی بهێنن. خەڵکی یەک دەخەن، هیوایان پێ دەبەخشێت و وایان لێ دەکات بڕوا بەوە بهێنن کە هەموو شتێک شیاوی ڕوودانە.”
زانیار ئادەمی فیلمساز لە ستۆکهۆڵمی سویدەوە: “فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک گرنگترین ڕووداوی فیلمی کوردییە. وەک فیلمسازێکی کورد لە غەریبیدا پشتمان بە فێستیڤاڵەکە بەستووە، هەم بۆ پیشاندانی فیلمەکانمان بۆ بینەرانی کورد هەروەها بۆ دروستکردنی فیلم لە ناوچەکەدا.”
سینسیا غاناتیۆس، یاریدەدەری ڕێکخەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەیروت دەڵێت: “دڵگرانین بە بیستنی هەواڵی داخستنی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی دهۆک، هیوا دەخوازم تەواوی قەیرانەکانی ناوچەکە کۆتایی پێ بێت لە زووترین کاتدا.”
ڕێناس میرانی بەرهەمهێنەری موزیک لە بەرلینی ئەڵمانیاوە دەڵێت: “ئەمە شەرمەزارییەکی گەورەیە، فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی دهۆک هیوای پێ بەخشین بۆ هونەر و کلتوور لە ناوچەکەدا، ئێستا ئەم هیوایە نەما!”
تۆماس کۆسلەر لە ئینستیتوتی گۆتەوە: “هیوا دەخوازم ئەمە کۆتایی نەبێت.”
فێریت کاراهانی فیلمساز لە ئیستەنبوڵی تورکیاوە: “هەروەها سینەماش دەکرێت ئاشتی و لێکتێگەیشتن دروست بکات. فێستیڤاڵەکانی فیلم بینەر و کلتوور دروست دەکات. هەموان دەبێت پشتگیری فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی دهۆک بکەن کە یەکێکە لە فێستیڤاڵە بەنرخەکانی فیلمی کوردی. بۆ سینەما، بۆ کلتوور و بۆی ڕزگارکردنی ڕۆحی مرۆڤایەتی.”
تیم ڕێدفۆرد لە کلێرمۆنتی فێراندی فەڕەنساوە دەڵێت: “من زۆر دڵتەنگم بە بیستنی هەواڵی داخستنی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی دهۆک.”
کامیران بێتاشی فیلمساز لە زاخۆوە دەڵێت: “لە زۆر شوێن و لە زۆر کاتدا، زۆر بە شانازییەوە گوتوومە کە من کوردم، فێستیڤاڵێکی گەورەشمان هەیە، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک، کە دەتوانێت خۆی دروست بکات و لە ماوەیەکی کەمیشدا توانی ناوبانگێکی زۆر باش بۆ خۆی دروست بکات لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. من سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە توانیان ئەم فێستیڤاڵە ڕێک بخەن، زۆر دڵتەنگیشم بە ئەنجام نەدانی فێستیڤاڵەکە لەم ساڵدا بەهۆی نەبوونی پشتگیرییەوە.”
زانیار عەزیزی، فیلمسازی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەڵێت: “پشتگیریی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی دهۆک دەکەین.”
پشتیوان کەمال، ڕۆژنامەنووسی کلتووری لە شاری سلێمانییەوە دەڵێت: “فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک یەکێکە لە باشترین فێستیڤاڵەکان کە لە لایەن کۆمەڵێک گەنجی بەتواناوە ڕێک دەخرێت.”
کاردۆ مەنسووڕ، فیلمساز لە ئۆسلۆی نەرویجەوە: “ئەمە جێگەی دڵتەنگییە کە فێستیڤاڵەکە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیرانی دارایی بووەتەوە و دەکرێت دابخرێت. ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کاریگەریی دەبێت لەسەر من و زۆر جێگەی شانازی و دڵخۆش بووم کە ساڵی پار لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبووم. ئێوە پشتگیریی منتان هەیە و هیوا دەخوازم کە فێستیڤاڵە بچووکە جوانەکەمان پشتگیریی زیاتر بەدەست بهێنێت و داخستنیشی هەرگیز ڕوو نەدات.”
ئۆزکان کوجوکی فیلمساز لە ئامەدی کوردستانی باکوورەوە دەڵێت: “سینەما پێویستییەکی سەرەکییە بۆ مرۆڤایەتی.”
ئانا دێ مانینکۆر، فیلمسازی زیمەرفرێی لە ئیتاڵیاوە دەڵێت: “من زۆر بەداخم بۆ داخستنی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی دهۆک، فێستیڤاڵەکە ڕووداوێکی کلتووریی گەورەیە و لە ئیتاڵیاوە بەدوایدا دەچین.”
ئارتور زابۆرسکی لە ڕوسیاوە: “من زۆر بەداخم بۆ بیستنی هەواڵی داخستنی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی دهۆک. وزە و هەستی باش دەنێرم بۆ فێستیڤاڵەکە. هیوا دەخوازم ئەمە کۆتا جار بێت فێستیڤاڵەکە ئەنجام نەدرێت.”
گیولیا دۆبرێ، ڕەخنەگری فیلم لە بوخاریستەوە: “دڵگرانم بە بیستنی ئەنجامنەدانی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی دهۆک. من هەر وەک پشتگیریکارێکی بەردەوام دەمێنمەوە لە هەموو خوداکان دەپاڕێمەوە کە یارمەتیتان بدەن و ساڵی ئایندە فێستیڤاڵەکە ئەنجام بدەن و ئێوەش یارمەتیمان بدەن تاوەکو کاتی پڕ لە ئاشتیمان هەبێت پێکەوە.”
ئیبراهیم سەعیدی، فیلمساز لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە: “ئەنجامنەدانی فێستیڤاڵەکە لەدەستدانێکی گەورەیە ۆ بزووتنەوەی سینەمای کوردی.”
عەباس عەبدولڕەزاقی سەرۆکی فێستیڤاڵی کورتە فیلمی کەلار لە گەرمیانەوە دەڵێت: “فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی دهۆک لە هەر سێ خولەکەیدا، توانیوویەتی دەربڕی سینەمای کوردی بێت لە تەواوی جیهاندا و جێی شانازیش بووە بۆ فیلمسازانی کورد لە تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. بە هەموو توانایەکمەوە پشتگیری ئەم فێستیڤاڵە دەکەم.”
لە کۆتاییدا و لە ژێر هەموو ئەم فشار و پشتگیرییەی فیلمسازان، ڕۆژنامەنووسان، کەسایەتییە ناسراوەکان، بەرپرسانی حکومی و بینەرانی فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک، ئەیوب ڕەمەزان، سەرۆکی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی دهۆک، بەردەوامبوونی خولی چوارەمی فێستیڤاڵەی ڕاگەیاند و بڕیارە ئەمساڵ لە بەرواری ٩-١٦\٩\٢٠١٦ خولی چوارەمی ئەو فێستیڤاڵە بەڕێوە بچێت.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.