23/09/2018
DidiMn Logo
Top

بینەر و شانۆ: هەتاھەتایە و ڕۆژێکیش، یان ملوانکەیەکی پچڕاو؟!

لە لایەن دیدی من 5 مانگ پێش ئێستا

دیمه‌نێك له‌ شانۆییه‌كه‌ | فۆتۆ: سامان به‌شاره‌تی

دیدی منبینەر و شانۆ

شانۆیی: ملوانکەی پچڕاو
دەرهێنەر: دێرین حامید
شوێن: شاری سلێمانی، هۆڵی بەدیعە دارتاش
ساڵ: بەهاری 2018
بینەر: میران ڕەشید

 

چرکەساتی بینینی پۆستەری شانۆییەک ھیوابەخشە. بەو مانایەی شانۆ تێڕامان لە بینەردا دروست دەکات و دواتر پەیامەکانی خۆی لە بینەردا بەجێ دێڵێت. لەوەش گرنگتر ھەواڵی دروستکردن و ڕاگەیاندنی ناوەندێک یاخود ئەکادیمیایەک، کۆمەڵەیەکە بۆ پەرەپێدانی شانۆ و شانۆکار، لە دۆخێکدا کە شانۆ پەراوێزخراوترین و فەرامۆشکراوترین ھونەری ناو کۆمەڵگەی کوردییە، زۆر مایەی سەرنج و دڵخۆشییە.

نزیکەی مانگێک دەبێت ناوەندی شانۆیی تاڤ لە لایەن چەند گەنجێکی بەتواناوە دامەزراوە، وێڕای دەستخۆشیی بێئەندازەی بینەرانی شانۆ، بەڵام بە داخەوە لە یەکەمین کاری ئەو ناوەندەدا بینەری شانۆییەک بووین تووشی شۆکی کردین و پرسیار و گومانی زۆری لا دروست کردین. ئەویش بە کۆپیکردنی فیلمێکی بەناوبانگی ئێرانی و گواستنەوەی بۆ سەر تەختەی شانۆ، بەبێ کەمترین دەستکاری و بە ناوی شانۆییەکی کوردییەوە پێشکەش بە بینەر دەکرێت!

وەرگرتن یان نووسینەوە یاخود وەرگێڕانێکی خراپ و وەرگێڕێکی ون؟!
لە مێژووی ھونەردا گەلێک ئاڵوگۆڕی ھونەری ڕوویان داوە کە دەچنە چوارچێوەی ئیقتیباس و وەرگێڕان و نووسینەوەوە و زۆر ڕۆمانی بەناوبانگ کراون بە فیلم، چیرۆک کراوە بە تابلۆ، شانۆنامە کراوە بە فیلم و تا دوایی. بەڵام کاتێک کارێکی ھونەری دەقاودەق وەردەگێڕرێت، بە هیچ شێوەیەک نەک هەر ناچێتە خانەی کارێکی هونەریی نوێ و داهێنەرانەوە، بەڵکو دەچێتە خانەی دزیی هونەرییەوە و ڕاستەوخۆ مافی نووسەر و دەرهێنەری بەرهەمە ئۆرجیناڵەکە و بگرە کلتوورەکەشی کە بەرهەمی هێناوە، پێشێل دەکات و لەبەرچاوی ناگرێت.

پۆستەر وەک یەکەم ڕێنماییکاری دیاری شانۆییەک
لەسەر پۆستەر بە گەورەیی نووسراوە ”نوسینەوەی بۆ شانۆ: بەرهەم ئەنوەر“. لە خوارەوە زۆر بە وردی نووسراوە ”بۆ نووسینی ئەم دەقە سوود وەرگیراوە لە فیلمی ‘ابد و یک روز’، نووسین و دەرهێنانی سەعید ڕوستایی“! ئەم 2 دێڕەی پۆستەرەکە زۆر مایەی ڕامان و لەسەروەستانە. کاتێک دەنووسرێت ”بۆ نووسینی ئەم دەقە“ ( کام دەق؟!) سو د وەرگیراوە لە فیلمی ”ابد و یک روز“، واتە ستافی شانۆکە بڕوایان وایە بەرهەم ئەنوەر دەقێکی نووسیوە و بۆ نووسینی دەقەکەی سوودی لەو فیلمە وەرگرتووە! لێرەدا دەبێت بپرسین بڕی ئەو سوودە چەندە؟! ئایا بەرهەم ئەنوەر تەنها لە ڕووی بیرۆکەوە سوودی وەرگرتووە یان کەسێتییەک یان دوان یان سیان یان چەند دیمەنی کورت و کەمی فیلمەکەی وەرگرتووە یان لە سەدا پەنجا؟! لە ڕاستیدا هیچ کام لەمانە نییە و گەر نەڵێین لە سەدا سەد، دەتوانین بە ڕەهاییەوە بڵێین لە سەدا نەوەدوپێنجی دەقەکەی وەک خۆی کۆپی کردووە و گواستوویەتیەوە بۆ سەر تەختەی شانۆ! بۆ دەرکەوتنی ئەو ڕاستییەش هەر بینەرێکی شانۆیی ملوانکەی پچڕاو فیلمی ”ابد و یەک روز“ ببینێت پەی بەو ڕاستییە دەبات شانۆییەکە دەقاودەق وەرگیراوە لە فیلمی بەناوبانگی ئێرانی، ”ابد و یک روز“ لە دەرھێنان و نووسینی سەعید ڕوستایی.

ئەم فیلمە خاوەنی 9 خەڵاتی ئێرانی و 4 خەڵاتی دەرەوەی ئێرانە. دەقە شانۆییەکە ڕاستەوخۆ لە فیلمەکەوە وەرگیراوە. ناشمەوێت بەراوردی فیلمەکە و شانۆییەکە بکەم لە ڕوی ئاستە جیاوازەکانەوە، چونکە ئاشکرایە فەزای فیلم ئێجگار فراوانە و دەستی شانۆکە زۆر کورت و لاوازە لە ئاست فیلمەکەدا.

دەکرا ئەم وەرگرتنە ھێندە دەقاودەق نەبوایە، چونکە بینەرانی فیلمەکە ڕاستەوخۆ ھەست بەوە دەکەن کە تەنانەت کۆکە و پژمە و لووت پاککردنەوە لە لایەک و جلوبەرگی ھەندێک لە ئەکتەرەکان لە لایەکی ترەوە، بە تەواوی کۆپی کراون.

ملوانکەی پچڕاو: کۆمیدیا یان تراژیدیا؟!
بابەت و ناوەڕۆکی فیلمەکەی سەعید ڕوستایی، کە خۆی نووسیویەتی و دەرهێنانی بۆ کردووە و ناوبانگێکی زۆری لە ئێران و دەرەوەی ئێراندا بۆ بەدەست هێناوە و بەرهەم ئەنوەر و دێرین حامید گواستوویانەتەوە بۆ سەر تەختەی شانۆ، تێمایەکی تەواو تراژیدی تێیدا بەرجەستەیە و بینەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی غەمگین و دڵتەنگە بە بینینی ئەو دیمەنانەی ژیانی ئەو کارەکتەرە پەراوێزخراوانەی کۆمەڵگە و غەم دای دەگرێت. بە تایبەتییش لە سات بە ساتی نواندنی ڕۆڵی موحسین لە فیلمەکەدا کە هونەرمەندی گەورەی ئێرانی و جیهانی نەوید محەمەدزادە دەیبینێت و لە شانۆکەدا زەریا سامی ڕۆڵ دەبینێت، ناتوانێت خۆی ڕابگرێت و نەگری. بەڵام بە داخەوە، لە شانۆکەدا تێگەیشتنێکی دروستی نەبووە بۆ ڕۆڵەکە و بگرە بۆ دونیابینیی کۆی بەرهەمەکەی سەعید ڕوستایی و زیاتر لە بیری بینەری گشتی و ڕەشۆکیدا بوون و کەسێتیی موحسین بە پێچەوانەی ڕۆڵە ڕاستەقینەکەیەوە، بووە بە ڕۆڵێکی کۆمیدی و بینەر دەخاتە پێکەنین و چەپڵەی بۆ لێ دەدەن! شانۆیی ملوانکەی پچڕاو و نواندنی ئەکتەرەکانی ھێندە دەق سادە دەکەنەوە، کە بینەر ھەست دەکات بینەری دەمەبۆڵەی 2 کەسی تەواو بازاڕییە، لە دواتریشدا یەکێک لە جوانترین دیالۆگەکانی سەعید ڕوستایی دەبینێت، کە دەڵێت: ”خودا پشتی لێمانە یاخود ڕوو؟“ هەروەها دەکەوێتە بۆشایی ڕیتمی خاو و مردووی نواندنەوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ زیاد لە پێویست سادەکردنەوەی دەق.

وەرگێڕان یان شێواندن؟
کاتێک وەرگێڕ شارەزاییەکی بەرچاوی لە ھەردوو زماندا نەبێت، کێشەی تێگەیشتن بۆ خوێنەر دروست دەکات، بەڵام لە وەرگێڕانی دەقی شانۆییدا 2 جار کێشە دروست دەکات، جاری یەکەم بۆ خوێنەر و جاری دووەم بۆ بینەر. لەم شانۆییەدا کە وەرگێڕەکەی بکەرێکی نادیارە، پرۆسەی وەرگێڕانی لە ئاستێکی خراپدا ئەنجام داوە. بۆ نموونە کاتێک وەرگێڕی ناشارەزا لە وەرگێڕانی وشەی ”مواد مخدر“ وشەی ”مواد“ دادەنێت، ھەڵە دروست دەبێت، چونکە لە ڕاستیدا ماناکەی دەبێتە ”مادەی ھۆشبەر”. یان لەوەرگێڕانی وشەی ”حمال“دا وشەی ”حەماڵ“ دادەنێتەوە، کە لە زمانی کوردیدا دەبێت بە ”حەپۆل” یاخود ”گەمژە”. چونکە ”حەماڵ” ناوی پیشەوەرە نەوەک جنێو. یاخود کاتێک وشەی ”شیشە” وەردەگێڕێت و لە دەقە کوردییەکەدا وشەی ”حەشیش” دادەنێت، ھەڵەی زەق لە دیالۆگێکی گرنگدا دروست دەبێت، چونکە سزای یاسایی ”شیشە“ زۆر قورسترە لە سزای یاسایی ”حەشیش“. ھەروەھا دیمەنێکی ھەڵە بۆ بینەر نمایش دەبێت کە ڕەنگی ”حەشیش“ ڕەشە و ڕەنگی ”شیشە“ سپییە. یان لەکاتی وەرگێڕانی ناوی فیلمەکەدا (ابد و یک روز) لە وەرگێڕانە کوردییەکەدا ”ھەتاھەتایە و ڕۆژێک“ دادەنرێتەوە، ھەڵە ڕوو دەدات، چونکە مانا کوردییەکەی نابێتە ئەو وشەیە و دەبێتە ”ھەتا ھەتایە و ڕۆژێکیش“، چونکە ئەم ڕستەیە لە بنەرەتدا ئیدیۆمە و نابێت وەرگێڕانی وشە بە وشە و حەرفیی بۆ بکرێت. ھەروەھا مانایاکی قووڵی ھەیە و بە بچووکترین ھەڵە ماناکەی دەگۆڕێت و ھەڵە بە ئەکتەر دەکات و نمایشێکی ناڕوون پێشکەش دەکرێت، چونکە وشەکە ڕوون ناکاتەوە و دیالۆگەکە مانا نادات بە دەستەوە وەک لە شانۆکەدا دەیبینین. ”وافور” ئامرازێکە تلیاکییەکان تلیاکی پێ دەکێشن و وەک وەرگێڕ بە هەڵە کردوویەتی بە ”سەبیل”! دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکی بە سەبیلەوە نییە کە ناسراوە بۆ تاکی کورد.

نەبوونی دەرھێنان لە نمایشی شانۆیی ملوانکەی پچڕاودا
هەر دەقێکی سەرکەوتوو و داهێنەرانە دەکرێت بە شێوازی زۆر جۆراوجۆر و جیاواز دەرهێنانی بۆ بکرێت و هەر دەرهێنانێکیش ڕەنگوبۆ و تایبەتمەندیی سەرکەوتووی خۆی هەبێت و هاوشێوەی یەک نەبن. بە گۆڕینی لۆکەیشنی دیمەنێک لە ناو ئۆتۆمبێلەوە بۆ سەر مێزی نانخواردن ناوترێت داھێنان، بە گۆڕینی موزیکێک ناوترێت داھێنان، بەڵکو تەنها ماکیاژکردنی پرۆسەی کۆپیکردن و وەرگرتنەوە دوورە لە ھەر داھێنانێکی ھونەرییەوە وەک ئەوەی لە شانۆیی ملوانکەی پچراودا دەبینین کاتێک هەست دەکەین لەبری پەردەی سینەما، هەمان شت لەسەر تەختەی شانۆ بە کوالێتییەکی لاوازەوە دەبینین.

کۆپیی سینۆگرافیا بە هەمان شێوەی کۆپیی دەرهێنان
لە شانۆیی ملوانەکەی پچڕاودا تەنها دەق و دەرهێنان و جووڵەی ئەکتەر نییە کە کۆپی کراوە، بەڵکو لەوەش خراپتر سینۆگرافیاش بە هەمان شێوە کۆپیی فیلمەکەی سەعید ڕوستاییە و دەقاودەق ماڵەکەی ناو فیلمەکە گواستراوەتەوە سەر تەختەی شانۆ! کاریگەریی سینۆگرافیا ھەمان ڕێژە و گرنگیی پێکهاتەکانی دیکەی شانۆی ھەیە، بەڵام لە شانۆیی ملوانکەی پچڕاودا نەک داھێنانی سینۆگرافیا نابینین، بەڵکو بینەر ھەمان سینۆگرافیای فیلمەکە دەبینێت: ھەمان ماڵ، ھەمان حەوشە، ھەمان شپرزەیی لە خێزانێکدا کە لە غیابێکی تۆقێنەری پەروەردەییدا دەژین، ھەمان جلوبەرگ، تەنانەت ھەمان سەنتەری نمایش کە حەوشەی ماڵەکەیە. ئەمەش کار دەکاتە سەر چێژ و ڕوانینی بینەری هۆشیار و وای لێ دەکات ھەست فریودانی بکات.

هیوادارم هەموو بینەرە ئازیزەکانی شانۆیی ملوانکەی پچڕاو بە هەر ڕێگەیەک بێت، سەیری فیلمەکە بکەن بۆ ئەوەی ڕاستییەکەیان زیاتر بۆ ڕوون ببێتەوە. خوازیارم چیدی لە دنیا ھەژارەکەی شانۆی کوردیدا، ئەم جۆرە ڕووداوە هەرگیز ڕوو نەدات و هەرگیز دووبارە نەبێتەوە.

Binar u Shano, Shano, Tav Theater Center,