26/04/2024
DidiMn Logo
Top

زانکۆ دژ بە مزگەوت: دەربارەى تابلۆ ڕووتەکە

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

فۆتۆ: تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

دیدی من
هاوار محەمەد

 

”زانکۆ دژ بە مزگەوت“: ئەم ناونیشانە لە واقیعدا بوختانێکە بۆ زانکۆ، چونکە لە واقیعی باوی کۆمەڵگەی ئێمەدا، زانکۆ دژ بە مزگەوت نییە و دژ بە زۆر شتی تریش نییە. بۆ نموونە دەتوانین بوختانی تری لەم جۆرە دابڕێژین: ”زانکۆ دژ بە بازاڕ”، ”زانکۆ دژ بە دەسەڵات“، ”زانکۆ دژ بە خێڵ“ و تا دوایی. لە هەموو حاڵەتەکاندا زانکۆ درێژکراوەی هەریەکێک لەو ڕەگەزانەیە، بەڵام هێشتا ئەم بوختانانە و بوختانێکی پەتی نین، بەڵکو جۆرێک ئەگەر و ئیمکانیشن، بەو مانایەی لە ڕاستیدا دەکرێت زانکۆ دژ بەوانە بێت، ئەمەش پێویستى بە گۆڕینى ڕوانینمانە بۆ زانکۆ. گۆڕینى ڕوانینمان بۆ زانکۆ وەک شوێنى سەرگەرمى و خۆشىی ژیانى گەنجى، وەک شوێنى خۆپێگەیاندن و هاوڕێیەتى و بەرەنگارى.

تاقە دوو دامەزراوە کە لە ساتی سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە تا ئێستاش پڕۆژەکانیان نەوەستاوە و بەردەوام وەک ڤایرۆس لە جەستەی شار و گوند و ڕێگاکاندا بڵاو دەبنەوە، دەزگای ئایینی و دەزگای سەربازین؛ ڕۆژ بە ڕۆژ مزگەوتەکان زۆرتر دەبن و ڕۆژ بە ڕۆژ بازگە و بارەگا سەربازی و پۆلیسییەکانیش. لە هەر 10 کیلۆمەترێکدا تابلۆی دروستکردنی مزگەوتێک دەبینیت کە گوایە لە لایەن ”خێرخوازان“ەوە دروست دەکرێت و بە هەمان شێوە لە هەمان مەساحەدا بەر دەزگا و دیوار و بازگەی ئاسایش و پۆلیس دەکەویت، بگرە لە دەشتودەر و پەراوێزە هەرە دوورەکانیشدا ئەم دوو دەزگایە هەتابێت زیاتر دەبن. وەزیفەی هەردووکیشیان لە ناوەوە و دەرەوەی شار تەنها سەرکوت و ڕێگریکردنە لە ئازادییە بچووکەکانی خەڵک، ئینجا ڕێگریکردن لە هونەر و مۆسیقا و ئەدەب و فەلسەفە. مزگەوت دژی فەلسەفە و مۆسیقا و هونەرە و بە دەستکرد و عیلمی شەیتانیان دادەنێت و پۆلیس دژی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و ئینجا ڕێگریکردن لە ڕازونیازێکی بچووک و سادەی پڕ لە ترسی کچان و کوڕانێک کە لە حەشمەت و ترسی فەزا خنکێنەر و پڕ لە چاوەکانی شار، جاروبار بۆ کەنار و پەراوێزەکانی دەوروبەری شار هەڵدێن. کەنارى شارەکان (بۆ نموونە چیاى ئەزمڕ و گۆیژە لە سلێمانى) هەمیشە شوێنێکى چەپەک و لاتەریک بوون بۆ هەندێک مومارەسەى ئاسایى، کە لە ناوشاردا قەدەغە و تابۆ بوون. بۆ نموونە هەندێک لە مەشرووبخۆران لەوێ شوێنێکى ئارامیان بینیوەتەوە، کچان و کوڕانێک کە ویستوویانە تاوێ پێکەوە دابنیشن.

بەرلەوەى تەکنۆلۆژیاى ئینتەرنێت و مۆبایل بەم جۆرە بڵاو ببێتەوە، تانەیەک بۆ چیاى ئەزمڕ هەبوو: ”گردە مژە“. ئەمە خۆى نیشانەى دەردێکى کۆمەڵایەتى بوو، نیشانەى نەبوونى نەفەسێک بوو لە ناوشاردا، بۆیە خەڵکى بۆ گرد و دۆڵەکانى دەرەوە هەڵدێن. ئێستا هەم تەکنۆلۆژیا و هەم پۆلیس، ئەم پەراوێزەشیان کۆنتڕۆڵ کرد. ئاخر کە فەزا دەکرێتە فەزایەکى پۆلیسى و کە عەقڵییەتى سەلەفى تەشەنە دەسێنێت، ئیدى پێویست دەکات ئەم پەراوێزانەش دابخرێن، بگیرێن و کوێر بکرێنەوە. ساڵى پار دادوەرى دادگاى چوارتا، بەپێى پێشنیارێک داواى کرد مەفرەزەى پۆلیس لە بنارى چیاى ئەزمڕ و لاى تونێلى پێشڕەو دابنرێت، تا وەک دادگاکانى پشکنین، پشکنین بۆ ئەو کچ و کوڕانە بکەن کە دەچنە ئەوێ یان بەوێدا تێپەڕ دەبن؛ دەبێت هەموان بەڵێننامەى هاوسەرگیرى (عەقدى زەواج)یان پیشانى هێزەکانى پۆلیس و ئیماندارەکانى دیکەی سەر  بە دەسەڵات بدەن، تا بیسەلمێنن کە ژنومێردن و خەریکى فەسادێکى گەورە نابن. لە دیوى ئەودیوى چیاکە و لاى ناوچەى سیتەکەوە، هەموو ڕێگاکان پڕن لە بازگە. لەم دواییانەدا لەسەر ڕێگاى سیتەک – عەربەتیش بازگەیەکى نوێ لەو دەشتە چۆڵەدا دانرا، بۆ هیچ نا، تەنها بۆ ئەوە نەبێت کە سەیارەک لەوێوە تێپەڕیی، کچ و کوڕە گەنجەکانى ناوى بەگیر بهێنن، دەنا چەندین ساڵە ئەم ڕێگایە و ئەم ناوچەیە هیچ کێشەیەکى ئەوتۆى نەبووە. ماوەیەک بەر لە بڕیارەکەى دادگاى چوارتاش، بەڕێوەبەرێتیى پەروەردەى ڕۆژئاواى سلێمانى بڕیارى داخستنى خوێندنگەی سەماى بالێى سلێمانیى دەرکرد، لە کاتێکدا هەمان وەزیرى پەروەردە، کە وەزیرى ئەوقافیشە، بەردەوام واژۆى دروستکردن و کردنەوەى زیاترى مزگەوتى دەکرد. تەنها یەک خوێندنگەی سەماى بالێ هەبوو، کەچى ئەویش لە عەقڵێکى تاریک و کۆنەخوازى جاهیلەوە داخرا.

لێرەدا پێویستە پرسیارێکى سادە و ئاسایى، بەڵام گرنگ بکەین: ئەم تەریبى و هاوشوناسییەى نێوان مزگەوت و پۆلیس بۆچى؟ ئەم هاوپەیمانێتییە چییە دژ بە ژیان و هونەر و مۆسیقا و فەلسەفە؟ من تەنها یەک وەڵام شک دەبەم: ئەمانە دەشێت ببنە کەرەستە و ئامڕازى ڕۆشنگەرانە دژ بە عەقڵى دواکەوتوو و تاریکخوازانەى حیزبە دەسەڵاتدارەکان و ئیسلامییەکان، دژ بە مێنتاڵێتیى خێڵ و نەریت، دژ بە قاڵبە کۆمەڵایەتییەکانى مومارەسەکردنى ژیان لەژێر جەبر و چاوى خێزان و دراوسێ و ئیماندار و پۆلیسدا. ئەوەى بۆ ئەم فەزا تاریکونوتەکەى کۆمەڵگەى ئێمە گرنگە، پڕۆژەیەکى گشتگیرى ڕۆشنگەرانەی بوێرە. گشتگیر بەو مانایەى لە هەموو کایە هونەرى و ئەدەبى و فیکرییەکاندا پەرە بە خۆى بدات و گەشە بکات. ڕۆژگارێک ڕۆشنبیرانى کورد هەوڵیان داوە پڕۆژەى لەم جۆرە سەرپێ بخەن و کەوتوونەتە ململانێکەوە، بەڵام بەگوێرەى ئەوەى لە دواى ڕابوونى ئیسلامی سیاسى لە حەفتاکانەوە و لە دروستبوونى دەسەڵاتى ستەمکار و خێڵەکیى خۆماڵییەوە لە دواى ڕاپەڕینەوە، ئەم پڕۆژەیە پاشەکشەى کردووە و نەیتوانیوە ببێتە جەمسەرى زاڵ لە ململانێکەدا، ئەوا کایەى ڕۆشنبیرییش خۆى یەکپارچە نەمایەوە و بەشێک لە ڕۆشنبیران بوونە یارمەتیدەرى ئەو بەرەى کە دەبوو لە دژ بجەنگن؛ بەڵام زەروورەتى پڕۆژەی ڕۆشنگەرانە هەروەک خۆى ماوەتەوە و گەر بە زوویى بە ئیرادەیەکى بەرەنگارانەوە دەست پێ نەکرێت، ئەوا بێگومان کۆمەڵگەى ئێمە لە ناو تاریکیى زیاتردا نغرۆ دەبێت.

ئایا دەشێت زانکۆ شوێن و دەستپێکى پڕۆژەیەکى لەم جۆرە بێت و نەوەیەکى نوێى گەنج بەم ئاراستەیەدا کار بکەن؟ لەم دۆخەدا ئەمە جێگاى ئومێد نییە، چونکە پۆلیس و عەقڵی ئایینى دەستیان بەسەریدا گرتووە. ئەوەتا ساڵى پار سەرۆکبەشى پەیکەرتاشیى پەیمانگەى هونەرە جوانەکانى هەولێر پەیکەرەکانى شکاند، گوایە ئەمانە بتن و دژى ویستى خودان! بڕیارێکى دیکە دەرچوو بۆ داخستنى مەشرووبفرۆشییەکان لە سەعات 10:00ی شەوەوە (لە هەولێر لە 8:00ی شەوەوە). بێگومان هەوڵی تر هەبووە و هەیە بۆ قەدەغەکردنى یەکجارەکیى مەشرووب. پەرلەمانتارە کوردە ئیماندارەکانیش لە پەرلەمانى بەغدا (ئەوانەى دوو سێ ژنیان هەیە و هەر شەوی لەگەڵ یەکێکیاندا دەخەون)، زۆر بە حەماسەتەوە کاریان بۆ داخستنى سایتە پۆڕنۆکان کرد، بە ئومێدى ئەوەى خودا ئەجریان بۆ بنووسێت و لەو دنیا بێکۆتاییەى دیکەدا لە باوەش و لەسەر سنگ و مەمکى حۆرییەکانیان بحەوێنەوە و پێکەوە زرنگەى پیاڵەى شەراب و بادەى بەهەشتیان بێت. لەو کاتەشەوە دەیان دیاردەى دیکەى لەم جۆرە ڕوویان داوە، کە هەر هەموویان نوقڵانەى زەمەنێکى تاریکتر و داخراوتر و خنکێنەرتر لێ دەدەن و دواتریش بەشێک لە گەنجان ناچار دەبن بەرەو هەندەران هەڵبێن، بەشێکیان دەبنە سەرباز و چەکبەدەست لە ناو دەزگاکاندا، بەشێکیان دەبنە مرۆڤى دڵڕەق و پاتۆلۆژیک، بەشێکیشیان دەبنە کەسانى بێباک و تێکشکاو. سایتەکان ڕۆژ بە ڕۆژ بە خۆشحاڵییەوە هەواڵى لاقەکردنە خێزانییەکان بڵاو دەکەنەوە، هەواڵى دەستدرێژییەکان، توندوتیژییەکان، کوشتنى ژنان، ئەشکەنجەى منداڵان و تا دوایی، بەڵام هیچ کەس لە ڕیشەى ئەو دیاردانە ناپرسێت و نایانەوێت بزانن بۆچى باوکێک کچەکەى خۆى، برایەک خوشکەکەى خۆى لاقە دەکات، نایانەوێت بزانن بۆچى ژنکوژى ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و شتى لەم بابەتە.

هێشتا نموونەى دیکە هەن: لە ڕۆژى ڤالانتایندا لە سەعات 2:00ی پاشنیوەڕۆوە دەرگاى بەشەناوخۆییەکانى کچانی سەر بە زانکۆى سلێمانى، لەسەر خوێندکاران داخراو و ڕێگرییان لێ کرا بێنە دەرەوە یان بچنە ناو زانکۆ. لە هەمووى سەیرتر ئەوە بوو بەرپرسى بەشەناوخۆییەکان بە پۆلیسە پاسەوانەکانى گوتبوو: ”هەر کچێک پەیوەست نەبوو بە بڕیارەکە و مشتومڕى چوونەدەرەوەى کرد، بە مۆبایل وێنەییم بۆ بگرن و بۆم بنێرن.“ هەر ئەوەندەش نا، پۆلیس بە ناو زانکۆدا بڵاو بوونەوە و یەخەى ئەو کچ و کوڕانەیان دەگرت کە لە گۆشەیەک یان سووچێکدا دانیشتبوون؛ تەنانەت ئەگەر هاوڕێش بن پێویستە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت. بەشێک لە خوێندکاران ئەمەیان ناو نا ”پۆلیسى ئەخلاق“، واتە پۆلیسێک کە لە سەدەکانى پێشترى ئەورووپادا هەبوو و ئێستاش لە وڵاتانى وەک سعودیە و ئێران و هیندستان هەیە. پۆلیسى ئەخلاق ئەوەیە ناهێڵێت ئەخلاقى کۆمەڵایەتى تێک بچێت و ڕەقیبە بەسەر ئادابى گشتییەوە! هەڵبەت کۆمەڵگەى ئێمە پڕیەتى لە پۆلیسى ئەخلاق، چونکە ئەوەى بۆ عەقڵى پۆلیسپەرست و ئەخلاقپەرست گرنگە، تەنها بڵاوکردنەوەى هەندێک ئەندامى سەر بە دەزگاى پۆلیس نییە بە جلوبەرگى فەڕمیى وەزیفییەوە، بەڵکو ئەوەیە چۆن هەموان ببنە پۆلیس لەسەر هەموان. لەو شوێنانەشى کە پۆلیسى ڕەسمى وجودى نییە، پۆلیسى ئەخلاق هەر دانراوە و هەیە. بە کورتى لە ناو زۆربەماندا پۆلیسى ئەخلاق چێنراوە، هەموو کچانیش بوون بە شەرەف و نامووسى هەموومان. هەڵبەت ئەم دیاردەیە لە ڕووى کۆمەڵایەتى و دەروونییەوە پێویستى بە لێکۆڵینەوە هەیە، چونکە ئەوە چییە وا دەکات کەسێکى نەناس ڕێگرى لە جلوبەرگى کچێکى سفوور بکات و بیەوێت پەچە بپۆشێت، ئەگەرنا بۆى بلوێت تێزاب بکات بە قاچیدا؟ دەروونشیکارى شتێکى سادە دەڵێت: ”حەسوودى ئەوەیە ئەوەى نیمە، تۆش نەتبێت.“ هەندێک لەم پۆلیسانە قەستى ئەوەیانە لەگەڵ تەواوى کچانى سەر زەویدا بخەون، گەر کچێک دڵ و جەستەى بداتە کەسێکى دیکە ئەوا دەبێ سزا بدرێن، چونکە لە بنەڕەتدا دەبووا هیى من بوایە. ئەمە دەمامکێکى نائاگایانە و هەندێک جار ئاگایانەى شەرەفە. ئیدى شتەکە لە ڕیاکارى و دووڕووییەکى درۆزنانە زیاتر نییە.

”تابلۆ ڕووته‌كه‌“ | کێشراوی شریهان یونس

دیسانیش نموونەکانى زانکۆ: تازەترین مەهزەلە لە زانکۆى گەرمیاندا ڕووی دا، لە پێشانگەیەکى شێوەکاریدا ”تابلۆ“یەکى نیمچەڕووتى یەکێک لە نیگارکێشە بەشداربووەکان پیشان دراوە. کۆمەڵێک بەڵتەجیى ئیماندار و شەرەفپارێز، بە هاوکارى و پاڵپشتیی چەند سەرۆکبەشێک و هەندێک لە مامۆستایان، هەڵیان کوتاوەتە سەر پێشانگەکە و هەڕەشەى شکاندن و تێکدانى پێشانگەکەیان کردووە، دیارە بەشێک لە خوێندکارانیش واژۆیان کۆ کردووەتەوە بۆ لابردنى  ئەو تابلۆیە (بێگومان ئەم خوێندکارە ئیماندار و نەریتپارێزانەى واژۆیان کردووە، خۆیان لە ژوور و ماڵەکانى خۆیاندا سەیرى دەیان فیلمى پۆڕنیان کردووە. بۆیە ئەمە دەڵێم، چونکە دەبێت ڕێک ئەم ڕیاکارییە و دووڕووییەیان کەشف بکەین). بە هەرحاڵ، ئەم ڕووداوەى زانکۆى گەرمیان خستمیەوە بیرى سەردانەکەى خاتەمى بۆ ئیتاڵیا، کە ئەو وڵاتە ناچار بوو پەیکەرە کۆنەکانى کەسایەتییە ئەفسانەییە ڕووتەکانى دابپۆشێت، تا ئاغاى خاتەمى بە گوناه و موسیبەتەوە نەگەڕێتەوە بۆ ئێران. ئەم نموونانە بەڵگەى یەک شتن: هیچ ئیسلامییەکى میانڕەو بوونى نییە، هەموان سەلەفى و تاریکخوازن. یەکگرتووەکان و ئیخوانەکانیش هەر سەلەفین، کۆمەڵ لەگەڵ مەلا کرێکاردا جیاوازیى نییە. ئێستا هەر ئەوەندەش نا، بەڵکو لە ڕێگاى تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆ و پەیجە بێشومارەکانى ئیسلامییەکانەوە، ئیماندارە سادەکانیش لەسەر هەمان خووخدە بارهێنراون، هەموان بە جۆرێک لە جۆرەکان کراونەتە پۆلیسى ئەخلاق و باس لە پاراستنى ئاداب و ڕەوشتى خێزانەکان دەکەن. پۆلیسى ئەخلاق پێویستى بەوەیە جۆرە پۆلیسێکى دیکەش هاوکارى بێت: پۆلیسى خەیاڵ. ئەمە واتاى ئەوەیە لە ناو هەریەکێکماندا پۆلیسێکى خەیاڵ دابنرێت بۆ ئەوەى وامان لێ بکات لە هەموو شوێنێکدا ببینە پۆلیسى ئەخلاق. پۆلیسى خەیاڵ هەر دەسەڵاتى پۆلیسە و ناواخن بووەتەوە، بۆ ئەوەى دواجار لە ناوەوە بۆ دەرەوە بچێتەوە و لە شێوەى پۆلیسى ئەخلاقدا دەربکەوێتەوە. پۆلیسى خەیاڵ پۆلیسێکى دووڕوو و درۆزنە، چونکە بەردەوام دەرفەت بە سوبێکت دەدات ڕەوایەتیی ئەو مومارەسانەى بە خۆى بدات کە بۆ ئەوانی تر قەدەغەى دەکات. واتە پێی دەڵێت پۆلیسێکى باشى ئەخلاق بە، ئیدى هەرچیت پێ خۆشە بە شاراوەیى بیکە، تەنانەت ئەگەر بینینى خوشکەکەشت بێت وەک ئوبێکتى سێکس. لەبەر ئەمەیە سەلەفییەکان لەوە دەترسن لە ماڵیشەوە و لە ناو خێزانیشدا کەمێک لە سنگى خوشکەکانیان دیار بێت؛ دەترسن لە نیگاى خۆیان بۆ جەستەى خوشکەکەیان، ترسەکەشیان لە عاقیبەتى کارەکەیانە. ئەم عەقڵییەتەیە کە لە پێشانگەکەى گەرمیاندا پەلامارى تابلۆیەکى نیمچەڕووتى بێگیان دەدات و وەک نیشانەى گوناه دەیبینێت. تابلۆ! ئەوان تەنانەت تواناى جیاکردنەوەى تابلۆ و پۆڕنۆشیان نییە، چونکە لاى ئەوان تەنها سێکس و ڕەپبوونى چووک بوونى هەیە. ئەوان خۆیان لە بەرامبەر تابلۆیەکى کێشراوەى کچێکدا ڕاناگرن کە بە فڵچە و بۆیە تەنها پشتى لە وێنەکەدا دیارە، زەوقیان پێی دەجووڵیت، دەبێت بە پەلە ڕابکەن دەسپەڕ بکەن بۆ ئەوەى پەلامارى کچانى ئەو دەوروبەرە نەدەن. ئەمە ڕیاکارى و دووڕوویى ئەوانەیە دەبنە پارێزەرى لەشولارى کچان. لە سایەى عەقڵى ئیماندارى ئیسلامیدا، هونەر و مۆسیقا مەحاڵە، نە تێدەگەیشترێن و نە گەشە دەکەن، بەڵکو دووچارى وشکهەڵاتن و تیاچوون دەبن. ئەگەر بەم ئاڕاستەیەدا بڕوات، چەند ساڵێکى دیکە بەشەکانى کۆلێژەکانى هونەرە جوانەکان دادەخرێن، چەند بەشێکیان ئەگەر بمێننەوە، ئەوا دەبێت تەنها هونەرى زەخرەفە و تاقى ئیسلامییان تێدا بخوێنرێت و هیچى دى. لە بەشى مۆسیقاش جگە لە دەف، ڕێ بە هیچى تر نادرێت. ئێستا ئەمە زەروورەتى بەرەنگارییش دەردەخات؛ کەوایە دەبێت هونەر و مۆسیقا و ئەدەبیات و فەلسەفە و شیعر و عەشق و هاوڕێیەتى، دژ بەم عەقڵە تاریکخواز و کۆنەپارێز و سەلەفپەرستانە بخرێنە بەرەنگارییەوە.

لە ئایارى 68ەوە خۆڕووتکردنەوەى کچان وەک دەربڕینى ناڕەزایەتى و کردنى جەستە و سنگ بە قەتعە و تابلۆى نووسینى دروشمەکان، لە وڵاتانى ڕۆژئاوا بووەتە شتێکى باو و خەریکە هێندە دووبارە دەبێتەوە، کە ڕادیکاڵیزمەکەى پێشترى لێ دادەماڵرێت، بەڵام ئەم کردەیە بۆ ئێمە زۆر گرنگە و دەبێتە خەنجەرێک لە مێشکى ئەوانەدا کە تابلۆیەکى نیمچەڕووتیشیان پێ هەزم ناکرێت. تا ئێستاش لە کۆمەڵگەى ئێمەدا ئەمە نەکراوە (ئەستێرە کەریم هەوڵێکى دا، بەڵام بەشبەحاڵى خۆم تێبینیى زۆرم لەسەر ئەو شێواز و پەیامەى ئەو هەیە). هێشتا شتێکى تریش هەیە: خۆ سەدان کچیش هەن جلوبەرگیان ئێجگار سفوور و ڕووتە و بەشێکى زۆرى جەستە و پێستیان دیارە، داخۆ ئەمەش هەر بەرەنگاری نییە؟ لە ڕاستیدا ئەوە گرنگە مرۆڤ بە ویستى ئازادانەى خۆى جل بپۆشێت، بەڵام ئازادییەکى تەواو سوبێکتیڤى لەم جۆرە بوونى نییە. ئەوەى دەڵێت من بە ویستى خۆم جلوبەرگەکەم هەڵبژاردووە، ڕاستییەکەى نەگوتووە، چونکە لۆژیکێکى تر پێش هەڵبژاردنەکەى ئەو حوکمى داوە، ئەویش لۆژیکى بازاڕ و مۆدە و فاشیۆنە. گەر کچان لەمڕۆدا بتوانن نیمچەڕووت بگەڕێن بەبێ ئەوەى نە وەک سوبێکتى مەسرەفکەر و بازاڕچى و مۆدەپەرست بڕیار لە پۆشاکەکانیان بدەن، نە بە خاترى ئەوەى ببینە بووکەڵە و ئوبێکتى سێکسى بۆ چاو و زەوقى پیاوان، ئەوا بە دڵنیاییەوە بەشدار دەبن لە بەرەنگارى دژ بەوانەى کە بەردەوام کار لەسەر داپۆشین و شاردنەوە دەکەن. چۆن دەتوانن ئەمە بکەن؟ لە چاوپێکەوتنێکدا، لارس ڤۆن ترییەى دەرهێنەرى سینەمایى دەڵێت: ”فیلمى نیمفۆمانیاک لەبارەى ژیانى سێکسیى مێیینەوەیە، بەڵام بەو مانایە نییە فیلمى پۆڕن بێت.“ ئەو لەو ڕووە ناهێلێت ببێتە فیلمى پۆڕن، کە دەرفەتى ئەوە نادات پیاوان چێژ لە دیمەنە سێکسییەکانى فیلمەکە ببینن. ئەمە گرنگە. چۆن عەشق و سێکس و شێوازى پۆشینى جلوبەرگ ببنە بەشێک لە خەباتى ژیانى ڕۆژانە، بەبێ ئەوەى لە ناو چێژگەرایی زێدەڕۆیانەدا نغرۆ ببن؟ ئەمە پێویستى بە هەندێک هۆشیارى و ئاگاداربوونە، پێویستى بە ڕوانینى هونەرییانەیە لە دنیا؛ لێرەدا پێویستمان بەو دروشمەى فۆکۆیە کە دەڵێت: ”ژیانت بکە بە تابلۆیەکى هونەرى.“ هونەر لە ژیاندا پێویستى بەوە نییە هەموان هونەرمەند بین و نیگارکێشى و مۆسیقا و پەیکەرتاشى بزانین، تەنها لە شتەکاندا بە دواى هونەردا بگەڕێین، یان هونەر بخەینە ناو شتەکانەوە، هەردووکیشیان یەک شتن. سێکس تەنها ڕەحەتبوون نییە، تەنها گۆڕینەوەى وێنەى ڕووت نییە، بەڵکو تێکەڵبوونى دوو جەستە جۆرێک لە هونەریشە. ئەمە ئەو شتەیە کە بازاڕ نایەوێت و دەسەڵات و ئایینییش قەدەغەى دەکەن. جلپۆشین گەر جۆرێک هونەر نەبێت و دروستکردنى تابلۆیەک نەبێت بە ڕەنگەکان و هارمۆنیا لەگەڵ جەستەدا، ئەوا تەنها دەبێتە جۆرێک لە مەسرەفگەرایى. هەموو ئەمانەش لەگەڵ جەستەدا گرنگە بخرێنە بەرەنگارییەوە. مادام ئەم هەموو ترسە لە جەستە هەیە، مادام جەستە بەردەوام سەرکوت دەکرێت و لە تابلۆیەکیشدا قبووڵ ناکرێت کە بە فڵچە و ڕەنگەکان کێشراوە، ئەوا بە ناچارى پێویستە یەکێک لە تەوەرەکانى وەرگرتنى وزەى خەبات لە جەستەوە بێت. دیسانیش پرسیارە سپینۆزاییەکە گرنگە: ”جەستەیەک دەتوانێت چى بکات؟“ بۆ نموونە دەتوانێت سەما بکات. سەماى هونەرى نەک ڕەقسى سێکسى. جەستە دەتوانێت سەما بکات، ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە بە بڕیارى پەروەردەى ڕۆژئاواى سلێمانى قەدەغە کرا. کەواتە دیسانیش جەستە بخەوە سەما، ئیدى جۆرێک بەرەنگارییت کردووە. ئەوان پۆلیس لەسەر چرپە و سۆزگۆڕینەوەى کچ و کوڕێک دادەنێن، کەواتە عاشق بن و هاوڕێیەتى بکەن، دەستى یەک بگرن، ئەوە خۆى بەرەنگارییە (لە مانگى ڕەمەزاندا دەستگرتنى ژنومێردەکانیش قەدەغەیە). بە کورتى بەرەنگارى شتێکى مەحاڵ و دوورەدەست نییە، دەتوانین لە ژیانى ڕۆژانەوە دەست پێ بکەین، لە بەرجەستەکردنى شێوازى پەیوەندییەکانمانەوە. هاوکات ئەمە پێویستى پە پشتیوانى و پشتگیریى هاوڕییانەى یەکترییشە. ئەگەر ئەو گرووپە بەڵتەجییەى هەڵیان کوتایە سەر پێشانگەکەى زانکۆى گەرمیان، هاوکات گرووپێکى دیکە هەبوونایە داکۆکییان لێ بکردنایە، ئەوا بە ئاسانى مەرامەکەیان نەدەچووە سەر و تابلۆکانیان پێ لا نەدەبرا.

ماوەتەوە بڵێم لەم ساتەدا گرنگە سەرجەم گرووپەکانى هاوڕێیان و گەنجان و خوێندکارانى زانکۆ و ڕۆشنبیران، لەسەر ئەم دیاردانە بێنە دەنگ و نەهێڵین بەم ئاڕاستەیەدا بەردەوامییان پێ بدرێت، هیچ نەبێت لەم شەوەوە دەتوانین لە فەزاى مەجازییەوە دەست پێ بکەین: ئەوان تابلۆکانیان قەدەغە کرد، ئێمەیش وەک هەڵوێستێک دەتوانین تابلۆ هونەرییە ڕووت و نیمچەڕووتەکان، بە ناوى هونەرمەندەکانیانەوە لە ئەکاونتەکانماندا بڵاو بکەینەوە.

هاوبەشی بکە

Art Exhibition, Hawar Muhemed, Wtari Art u Design,