17/03/2024
DidiMn Logo
Top

وتاری بەختیار عەلی لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی نیلی زاکسدا

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

به‌ختیار عه‌لی | ئیلوستره‌یته‌ر: سابات عه‌باس، بۆ دیدی من

به‌ختیار عه‌لی | ئیلوستره‌یته‌ر: سابات عه‌باس، بۆ دیدی من

دیدی منڕه‌خنه‌ی چاودێر
لە ئەڵمانییەوە: سیروان ڕەحیم

به‌راواری 10ی 11ی 2017، لە سەنتەری شاری دۆرتمۆند و بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتیی گرنگی شارەکە و بە ئامادەبوونی پارێزگار بریگیت یۆردەر، خەڵاتی نیلی زاکس درایە نووسەر و ڕۆماننووسی کورد بەختیار عەلی. نووسه‌ر له‌ كاتی وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌ وتارێكی به‌ زمانی ئه‌ڵمانیی خوێنده‌وه‌، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی وتاره‌كه‌یه‌ به‌ زمانی كوردی:

 

زۆر بەڕێز خانمی پارێزگار بیرگیت یۆردەر
زۆر بەڕێزان ئەندامانی ئەنجوومەنی شار
ئازیزان ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندنی خەڵاتی نیلی زاکس

ئامادەبووانی بەڕێز،

خۆشحاڵییەکی گەورەیە بۆم، کە هەلی ئەوەم بۆ ڕەخسا لێرە بە دیدارتان شاد دەبم. دەستپێک دەمەوێت سوپاسی تایبەتی خۆمتان پێشکەش بکەم؛ بە پێشکەشکردنی خەڵاتی ئەمساڵی نیلی زاکس، شانازییەکی گەورەتان پێم بەخشی.

ئەوەی بە تایبەت من وا لێ دەکات بە وەرگرتنی ئەم خەڵاتە سەربەرز بم، ئەوەیە پێشتر بە گەورە نووسەرانی وەکو ئێلیاس کانێتی، ئێریش فرۆم و میلان کۆندێرا بەخشراوە، ئەو نووسەرانەی من لە چەندین قۆناغی جیاوازی ژیانمدا خوێنەریان بووم. بەڵام شتێکی گرنگتر لەوەش ئەوەیە، ئەم خەڵاتە وەکو ئاماژەیەکی واتادار تەماشا دەکەم بۆ پشتگیریکردن لە ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵات. بەلامەوە گرنگە هەموومان لەوە ئاگادار بین، کە نووسەرانی ڕۆژهەڵات، بە تایبەت نووسەرانی کورد، لە هەلومەرجی تەواو جیاوازدا گەورە بوون و تاکو ئەمڕۆش لە دۆخێکی تەواو جودادا دەژین و دەنووسن.

ئەوەی ئەمڕۆش من دەتوانم لێرە بم و سەبارەت بە ئەدەبیاتی کوردی قسە بکەم، پێویستە سەرنجتان بۆ ئەوە ڕابکێشم، ئێوە لەوە ڕابمێنن و تێبفکرن کە هێشتا میلیۆنان کورد ڕێگەیان پێ نادرێت بە زمانی زگماک و بە ئازادی باس لە خۆیان بکەن، ناتوانن بێ بەربەست بە زمانی زگماکی خۆیان بخوێننەوە یان بنووسن. بۆیە خەڵاتی نیلی زاکس ئاماژەی هیوایەکیشە بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە هەوڵ و تەقەلای پاراستن و ڕزگارکردنی زمانەکەیاندان، ئیتر مرۆڤگەلێکی کورد یان سەر بە هەر گرووپ و نەتەوەیەکی تر بن. بێگومان وەک نووسەر من خەونم هەمیشە لەوە گەورەتر بووە تەنها وەک زمانپارێز ببینرێم، لە یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا وەکو نووسەرێک بۆ سازکردنی کۆڕی ئەدەبی سەبارەت بە ڕۆمانەکانم هەلم بۆ ڕەخسا لە زۆر شار و شارۆچکەی ئەڵمانیا، ئۆتریش و سویسرا، کۆڕ ساز بکەم. لە هەموو ئەو شوێنانە لە منیان دەپرسی: ”لە ناوچەکەی ئێوە ڕۆڵی ئەدەبیات چییە؟” یان بە شێوەیەکی تر بڵێم: ”لە نێو ئەو هەموو خوێنڕشتن و کارەساتەدا ئەدەبیات دەتوانێت چ بۆ ئێوە بە دەست بخات؟

پرسیارێک کە لە جێی خۆیدایەتی و ڕەوایە، بەڵام ئازاربەخشیشە، چونکە پرسیارەکە لە نووسەرانی تر ناکرێت. بەڵێ ئەدەبیات لە نێو شەڕ، لە نێو خوێن و لە شەڕگەکاندا بە ڕاستی دەتوانێت چی بجووڵێنێت و چی بکات؟

هەر نووسەرێک ڕوونکردنەوە و بۆچوونی خۆی لەو بارەیەوە هەیە کە بۆچی نووسینی بۆ گرنگە. هیچ کات دوو نووسەر هەمان وەڵامیان بۆ ئەو پرسیارە نابێت. بۆچی ئەدەبیات دەنووسرێت و چۆن دەخوێنرێتەوە، پەیوەندیی بە ئەزمونی تایبەتیی هەر مرۆڤێکەوە هەیە. ئەوەی منی بەرەو نووسین جووڵاند و برد، بەر لەوەی پێش ساڵانێکی زۆر دەست بە نووسین بکەم، سەرسووڕمانی بێسنووری من بوو بۆ مرۆڤەکان، بۆ توانای مرۆڤەکان و بۆ ویست و بۆ زیرەکییان. من تا ئەمڕۆش لە نێوجەرگەی ئەو سەرسووڕمان و ئەفسوونەدا دەژیم. بۆ ئەوەی مرۆڤ ببێت بە نووسەر، پێویستە بە مرۆڤەکان سەرسام بێت. سەرسووڕمان بۆ دەق یاخود بۆ دنیابینی دواتر و درەنگتر دێت. هەموو ڕۆمانەکانم لەو سەرسامییەوە سەرچاوە دەگرن. خەیاڵ و فەنتازیا هەمیشە کەرەستەی من بووە، بۆ ئەوەی باس لە جوانییەکانی ژنان، پیاوان و منداڵان بکەم، چیرۆک و بەسەرهاتەکانیان بگێڕمەوە، چیرۆکی ئەو مرۆڤانە بپارێزم کە لە چەقی شەڕ، کارەساتەکان و ململانێکاندا ڕۆحی زیندووی خۆیان و مرۆڤبوونی خۆیان دەپارێزن و ئەوانی تر فەرامۆش ناکەن. بۆ من گرنگە پیشانی بدەم، هەر مرۆڤێک هەرچەندە خاوەنی دەسەڵاتێکی ترسناکیش بێت، شەڕەنگێز یان بێدڵ یاخود ڕقاوی و پڕکینەش بێت، کەسێکە، مەخلووقێکە، ئێمە دەتوانین لە هەناویدا، لە ناخیدا، شتێک بدۆزینەوە کە مایەی سەرسووڕمان بێت.

من خەڵکی ناوچەیەکم کە شەڕ و کارەساتەکان بوون بە تانوپۆی. هەرگیز نەمویستووە ڕوخساری هیچ شتێک جوان و پاک دەربخەم، هەر بۆیە بەرهەمەکانم نیشانەکانی ڕق و زەبروزەنگیان پێوە دیارە. هەرگیز نەمویستووە هیوای درۆ بئافرێنم، یان تەنها تیشک بخەمە سەر سیما ناسک و نیانەکانی ژیان و بە تەنها ئەوان بەسەربکەمەوە. بەڵام من هەمیشە بەرگریم لە بڕوا و ڕاستییەک کردووە: مرۆڤ دەتوانێت بە نێو دۆزەخدا تێپەڕ ببێت و سەرباری ئەو تێپەڕبوونەیش لەوسەرەوە وەکو مرۆڤ بێتە دەرێ. سیاسەت و ئایین دەتوانن مرۆڤەکان بکەن بە خەڵکی دڵڕەق، دەستوەشێن، بەڵام ئەو هیوایەش دەمێنێتەوە، هیوای ئەوەی سەرلەنوێ ئەو کەسە بگەڕێتەوە و ببێتەوە بە مرۆڤ، بەڵێ، ئەو هیوایە هەمیشە دەمێنێت و هەر لەئارادایە.

ئەوەی کە ئایا مرۆڤ باشە یان خراپ، من هەرگیز ئەو پرسیارەم لە خۆم نەکردووە. من سەبارەت بە هێزی ناوەکیی مرۆڤ بەرهەمم نووسیوە، بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی بێخەیاڵی، گوێنەدان و لەبیرکردن. سەرسووڕمانی من بۆ مرۆڤ لە پێناسەیەکەوە سەرچاوە دەگرێت: ئەو، مرۆڤ دەزانێت بەرپرسیارێتییەکی هەیە و دەبێت شانی بداتە بەر و هەڵی بگرێت. هەستکردن بەم بەرپرسیارێتییە ئەرکێکی سیاسی و ئایینی نییە، لە یاساکانەوە سەرچاوە ناگرێت یان زادەی فەرمان و باوەڕداری نییە، بەڵکو هەڵکەوتەی ڕاستەوخۆی بەرپرسیارێتیی مرۆڤە بەرانبەر بە مرۆڤ. بەرپرسیارێتیی سەرەکیی ئەو ئەوەیە، مرۆڤانە ڕووبەڕووی ئەوانی تر ببێتەوە و مرۆڤانەش بیانبینێت. ئەم بەرپرسیارێتییە لە کاتە ئاساییەکاندا تاقی ناکرێتەوە و نابینرێت. ئەوە دەبێت لە ترۆپکی ترس و گیرۆدەییدا خۆی بسەلمێنێت، ئەو کاتەی کە مرۆڤبوون بۆ خۆی مەترسییە و مرۆڤ لەسەر مرۆڤبوونی ڕووبەڕووی کێشە و دەردەسەری دەبێتەوە، تەنها لە ترۆپکی بێهیواییدا خۆبەدەستەوەنەدانی مرۆڤ مانای خۆی وەردەگرێت.

خوێنەرانی من دەبێت هەرگیز ئەوە لە بیر نەکەن، کە سەبارەت بە ڕۆژگارێک دەنووسم، ڕۆژگارێک لە بۆتەیاندا بۆ تاکەکان ترسناکە و ئاسان نییە وەک مرۆڤ بمێننەوە و لە مرۆڤبوون لا نەدەن. هەر بۆیە ویستوومە لە بەرهەمەکانمدا، لە نێو هەناوی شەڕ و کارەساتەکاندا ڕێز لە لاوازیی مرۆڤ بگرم. من هەوڵم داوە ئەوە پیشان بدەم کە لەگەڵ هەموو توندوتیژی و زەبروزەنگێکیشدا توخمێک دەمێنێتەوە، توخمێک کە شایستەی سەرسووڕمان و ڕێزە.

 

به‌ختیار عه‌لی چاپی ئه‌ڵمانیی ڕۆمانی شاری مۆسیقاره‌ سپییه‌كانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ || فۆتۆ: ئانژا كادۆر، ماڵپه‌ڕی فه‌ڕمیی شاره‌وانیی دۆرتموند

به‌ختیار عه‌لی چاپی ئه‌ڵمانیی ڕۆمانی شاری مۆسیقاره‌ سپییه‌كانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ || فۆتۆ: ئانژا كادۆر، ماڵپه‌ڕی فه‌ڕمیی شاره‌وانیی دۆرتموند

 

زۆر کەس ئەم سەرسووڕمانەی من بۆ ئەو توانا بێسنوورەی مرۆڤ، کە تەنانەت لە ڕۆژگاری پڕکارەساتدا، شتی جوان بەرهەم بهێنێت، وەکو خەیاڵ یان فەنتازیا پێناسە دەکەن. بەڵام ئەوە هەڵەیە. بێ بڕوا و متمانەم بەو هێزە من نەمدەتوانی ڕستەیەک بنووسم. مرۆڤەکان وەکو تاک، وەکو دەرهاویشتەی سیاسەت و جڤات دەتوانن ئێمە بێهیوا و خەیاڵشکێن بکەن، دەتوانن دڵڕەق و دەستوەشێن بن، بەڵام نابێت هەرگیز ئێمە باوەڕمان بە مرۆڤایەتی و مرۆڤبوون لە دەست بدەین. سیاسەت و شەڕەکان لە ڕۆژهەڵات هەمیشە گومڕامان دەکەن، گومڕامان دەکەن تا مرۆڤ کەموکورت ببینین و خۆمانی لێ بەدوور بگرین. بەرهەمەکانی من هەوڵێکە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو وێنە هەڵەیەی مرۆڤ. ئەو بەرهەمانە هەوڵێکن بۆ گەیشتن بەو توخمە، بەو جەوهەرە ئینسانییەی لە هەناوی ئێمەدا ئامادە بوو، بەرلەوەی سیاسەت و ئایین لە نێوی ببەن یان بیشێوێنن. من دۆزینەوەی ئەو توخمە مرۆڤانەیە وەکو ڕێگەیەک بۆ ڕزگاربوون و فریاکەوتن دەبینم.

هەموو مرۆڤێک، تەنانەت ئەوانەش کە بە هەموو کەرەستە و ئامێرێک وەک دەستوەشێن و دڵڕەق پەروەردە دەکرێن، لە جەوهەری خۆیاندا بەشێکیان لەو مەخلووقە هۆشیار و زیرەکە تێدایە، ئەو مەخلوقەی جۆرە جوانییەکمان پێشکەش دەکات و ئێمە خودی ئەو جوانییە بە ”مرۆڤ” ناو دەنێین. هیچ ئایدۆلۆژیایەکی فریادڕەس، هیچ سەرکردەیەکی ڕزگارکەر و هیچ ئایینێکی پیرۆز ناتوانن لە ڕۆژهەڵات ئێمەی مرۆڤ ڕزگار بکەن. تاکە هیوای ئێمە پەیوەستە بەو مرۆڤەوە، بەو مرۆڤە بریندارەوە، بەو مرۆڤەوە کە لاواز کراوە و تینوتوانای لێ داماڵدراوە، ئەو مرۆڤەی من تێکستەکانمی بۆ دەنووسم.

هیوادارم پەیامی سادە و ڕوونی خۆم ڕاستگۆیانە گەیاندبێت.

من بۆ ئەوانە دەنووسم، ئەوانەی کە لە شەڕ و بەدبەختییە گەورەکاندا ژیاون و دەژین. نامەوێت هیوای درۆیان پێ ببەخشم، بەڵام هەوڵ دەدەم خوێنەرەکانم جیهان بە چاوێکی تر ببینن.

ڕەنگبێت زۆرێک لە بەرهەمەکانم بۆ خوێنەری ئەورووپایی تێگەیشتنیان سەخت بێت، لەبەر ئەوەی من سەبارەت بە بەشێک لە دنیا دەنووسم، هەندێ ڕووداو دەگێڕمەوە، باس لە کارەساتی دیرۆکی و سیاسی دەکەم، شتگەلێک تاکو ئێستا ئەدەبیات بە ڕاستی جێگەیەکی وای پێ نەداون. سەرباری هەموو ئەو دۆخە جیاوازانەش ئەوە دەبینم، بوونی من ئەمڕۆ لێرەدا و لە بەردەم ئێوەدا هەڵگری ئاماژەیەکە، ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ئەدەبیات هەمیشە ڕەهەندێکی گەردوونیی هەیە و هیچ سنوورێک ناناسێت.

من هەوڵم داوە و ئێستاش هەر هەوڵ دەدەم، بەشدارییەکم لەوەدا هەبێت کە گەلی کورد لە ڕەهەندە گەردوونییەکانی خۆی باشتر حاڵی ببێت، لە هەوڵی گەڕاندا بێت بۆ شتە هاوبەشەکان و لە سنووری خۆیدا چەق نەبەستێت.

جارێکی تر سوپاسی بێسنوورم پێشکەش بە ئێوە و بە شارەوانیی دۆرتموند دەکەم.

ئەم خەڵاتە، شتێکە کە بە درێژایی هەموو ژیانم شانازیی پێوە دەکەم.

 

به‌ختیار عه‌لی له‌ دوای وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌ و پێشكه‌شكردنی وتاره‌كه‌ی، له‌ ده‌فته‌ری ئاڵتوونیی شاری دۆرتمۆند یادداشت ده‌نووسێت || فۆتۆ: ئانژا كادۆر، ماڵپه‌ڕی فه‌ڕمیی شاره‌وانیی دۆرتموند

به‌ختیار عه‌لی له‌ دوای وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌ و پێشكه‌شكردنی وتاره‌كه‌ی، له‌ ده‌فته‌ری ئاڵتوونیی شاری دۆرتمۆند یادداشت ده‌نووسێت || فۆتۆ: ئانژا كادۆر، ماڵپه‌ڕی فه‌ڕمیی شاره‌وانیی دۆرتموند

هاوبەشی بکە

BaxtiarAli, Baxtyar Ali, Nelly Sachs Prize, Xalati Bashtrin,