24/07/2024
DidiMn Logo
Top

سەرپەرشتیاری بازاڕی هیوا: داوا لە هونەرمەندان دەکەم ڕیکلام بۆ بازاڕەکە بکەن

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من ئاراس عەبدولڵا

کاتێک لە شەقامی سالم‌ـەوە دەچیتە ناو کارگەی جگەرەی سلێمانی، لە کۆتاییی کارگەکەدا بازاڕێک کراوەتەوە بەناوی بازاڕی هیوا و تیایدا ژمارەیەک کەرەستە نماییشکراوە بۆ کڕیاران. داهاتی ئەم کەرەستانەش بەشێکی بۆ نەخۆشخانەی هیوا و هاوکاریی توشبووانی شێرپەنجەیە. خاوەنی بیرۆکەی کردنەوەی ئەم بازاڕە و سەرپەرشتیاری پرۆژەکە خاتوو ڕێزان نادرـە، کە بۆ خۆی دەرونناسە و ماوەیەک لەناو نەخۆشخانەی هیوا کاری کردووە.

1

ئێمە کە گەیشتینە بازاڕی هیوا، ئەو بەناو بازاڕەکەدا دەگەڕا، کاتێک لەبارەی بازاڕەکە و چۆنییەتی کردنەوەی ئەم بازاڕەوە لێمان پرسی، خاتوو ڕێزان نادر وەڵامی داینەوە و گوتی: “من پێشتر دوو ساڵ لە نەخۆشخانەی هیوا کارم کردووە، دەزانم نەخۆشخانەکە پێویستی بە چییە، هەمیشەش بیرم لەوە کردووەتەوە چۆن هاوکاریی نەخۆشخانەکە بکرێت، لەڕاستیدا نەخۆشخانەکە ساڵی ٨٠ ملیۆن دۆلاری پێویستە، بۆ ئەوەی کە بتوانرێت چارەسەری نەخۆشەکانی پێ بکەین، حکومەت بەتەنیا ناتوانێت ئەو کارە بکات، دەبێت هاوڵاتیشی لەگەڵدا بێت، پرۆژەی گەورەی بۆ بکرێت. ئەمانە زۆر گرنگە بیری لێ بکرێتەوە، منیش بیرۆکەیەکی وام لەلا دروست بوو کە بازاڕێک بۆ نەخۆشخانەکە بکرێتەوە. کاتێک چووم بۆ لای دکتۆر دۆستی، بەڕاستی زۆری پێ خۆشبوو و بیرۆکەکەی پەسەند کرد و منیش دەستم کرد بەم کارە.”

20160629_223603

لە درێژەی گوتەکانیدا ئەو خاتوونە بۆی ڕوون کردینەوە: “من هیوادارم نەخۆشخانەی هیوا بازاڕی تایبەت بە خۆی هەبێت و بەبەردەوامی کراوە بێت، ئەم بیرۆکەیەشم بە یەکەی کارگێڕیی نەخۆشخانە ڕاگەیاندووە، ئەم بازاڕەی ئێستاش ئەزموونێکە بۆ ئەوەی بزانرێت بازاڕەکە سوودی هەیە یان نا.”

20160629_223352

گفتوگۆی ئەوەمان لەگەڵ خاتوو ڕێزان کرد کە دەکرێت ئەم پرۆژەیە لە داهاتوودا گەورەتر بکرێت، پێشنیاری ئەوەمان کرد، دەتوانن لە ساڵانی ئاییندە لە ڕێگەی هونەرمەندانی ناسراوەوە کۆنسێرتی گەورە بکرێت لەناو بازاڕەکە وەکو ڕیکلام و هاوکارییەک بۆ بازاڕەکە، ئەو پێشنیارەکەی ئێمە پێ جوان بوو و گوتیشی: “ئێمە ئەمساڵ یەکەمین ئەزموونمان، ئەم بیرۆکانەی ئێوە و هاوڵاتیانیش هەیانە، هەموویان کۆ دەکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو بیرۆکە جوانانە بکەین بە پرۆژەی گەورە گەورە، بۆ ئەوەی داهاتێکی باش بۆ نەخۆشخانەکە کۆ بکەینەوە.”

20160629_224938

خاتوو ڕێزان، سەرپەرشتیاری بازاڕی هیوا بۆ هاوکاریی تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە، لە کۆتاییدا هیوای خواست هونەرمەندان زیاتر بەدەم پرۆژەی هاوشێوەوە بێن و گوتی: “لێرەوە داوا لە سەرجەم هونەرمەندان دەکەم کە بەشداری لەم پرۆژەیەدا بکەن و ڕیکلام بۆ بازاڕەکە بکەن.”

20160629_225758

لەناو بازاڕەکەدا لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەک کۆمپانیا و خاوەنکار کاڵاکانی خۆیان نماییش کردووە بۆ کڕیاران، هاوکات گروپێکی موزیک بەهاوکاری ماڵی موزیک و ژمارەیەک موزیسیانی گەنج، موزیک بۆ ئامادەبوان دەژەنن، بەو هیوایەی بتوانن لەو ڕێگەیەوە ئەوانیش کۆمەک بۆ نەخۆشخانەکە کۆ بکەنەوە، محەمەد سەعید، سەرپەرشتیاری ماڵی موزیک دەربارەی چالاکییەکانی ماڵی موزیک لە بازاڕەکە، گوتی: “لەگەڵ کردنەوەی ئەم بازاڕەدا، ماڵی موزیک ستەیجێکی دروست کردووە و شەوانە نزیکەی دوو کاتژمێر لایڤ موزیک‌ـمان هەیە، ئەو گروپانەی بەشداری دەکەن لە کارە موزیکییەکاندا بەشێکیان سەر بە ماڵی موزیکن و بەشێکی دیکەش موزیسیانانی دیکەن.”

20160629_225936

لە بەشی پشتەوەی بازاڕی هیوا، سەرنجمان دا ژمارەیەکی بەرچاو لە تابلۆ و کاری هونەریی هونەرمەندانی شێوەکاری کورد نماییش کراون و کارەکان بۆ فرۆشتن بوون، دوای پرسیارکردنمان لە هونەرمەندی شێوەکار هەرێم جەمال، دەربارەی ئەم بەشەی بازاڕەکە، بەم جۆرە وەڵامی داینەوە: “ئێمە وەکو کۆمەڵێک لە شێوەکارانی کورد لە شارە جیاجیاکانی کوردستان‌ـەوە هەستاین بەم کارە، کە بریتییە لەوەی هەر هەونەرمەندێک بە چەند تابلۆیەکی خۆی بەشداری بکات لەم بازاڕەدا و داهاتی تابلۆکانیش بە پێی خواستی هونەرمەندەکە لە سەدا سی تا پەنجای دەگەڕێتەوە بۆ نەخۆشخانەی هیوا.”

لە بەشێکی بازاڕەکەدا خێزانێک کە هاتبوون بۆ بازاڕکردن، بەشێک شتیان لە بازاڕەکە کڕی بوو و بەدوای پێداویستی دیکەی خۆیاندا دەگەڕان، ساسان لەتیف یەکێک لە ئەندامانی ئەو خێزانەمان دواند، سەبارەت بە کردنەوەی بازارێک کە داهاتەکەی بۆ هاوکاریکردنی نەخۆشانی تووشبوو بە شێرپەنجەیە، ئەو کڕیارە گوتی: “کردنەوەی بازاڕێکی لەم جۆرە بە شتێکی زۆر باش دەزانم و ئامادەم گەر بازاڕێک بکرێتەوە سەرجەم پێداویستییەکانی ئێمەی تێدا بێت، ئێمە بێین و لێرە بازاڕ بکەین و پێداویستییەکانمان بکڕین، هیوادارم لە ئاییندەدا بازاڕێک بکرێتەوە سەرجەم پێداویستییەک لەخۆ بگرێت بۆ ئەوەی بتوانین لە ڕێگەی کڕینی ئەو پێداویستییانەوە زۆرترین سوود بگەیەنین.”

20160629_230300

بازاڕی هیوا لەناو کارگە جگەرەی سلێمانی، لە ڕۆژی ٢٦/٦/٢٠١٦ کرایەوە و ڕۆژانە لە کاتژمێر ٦:٠٠ـی ئێوارەوە بەڕووی کڕیاراندا کراوەیە تا کاتژمێر ٢:٠٠ـی شەو، ئەم بازاڕە بڕیارە تا ٢/٧/٢٠١٦ بەڕووی کڕیاراندا کراوە بێت و لە کۆتاییشدا داهاتی بازاڕەکە دەدرێتە نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی، کە نەخۆشخانەیەکی تایبەتە بە چارەسەرکردنی نەخۆشانی تووشبوو بە شێرپەنجە.

 

هاوبەشی بکە

ArasAbdulla, Hiwa,