دیدی من – ئامانج عەبدوڵڵا
لەندەن ـ وەک نمونەی شارێک لە جیهاندا
سلێمانی ـ وەک نمونەی شارێک لە کوردستان و عێراقدا
یەکێک لە پایەکانی دروست بوونی شارستانیەت و ڕۆشنبیری لە مێژوی ژیانی خۆرئاوادا شانۆیە. مێژوی شارستانییەتی ئەوروپا کە دواتر کاریگەری بەسەر دروست بوونی شارساتنییەتی جیهانەوە دەبێت، لە یۆنانی کۆنەوە دەست پێدەکات، وە هونەری شانۆ بەشێکی سەرەکی ئەو پێکهاتە شارستانیەیە.
دوو هەزار و پێنج سەد ساڵ بەر لە ئێستا هاوشان و تەریب لەگەڵ کایەکانی فەلسەفە، سیاسەت، زانست، ئابوەری و …هتد هونەری شانۆش دەبێتە یەکێک لە پایەکانی ئەو بونیاتە شارستانییە و بە شێوەیەکی دروست و هونەریانە دێتە ناو خەڵکەوە.
دەقە شانۆییەکانی هەر یەک لە نوسەرە ناودارەکانی ئەوکات سۆفۆکلیس، یۆرپیدس، ئەسخیلۆس و فێستیڤاڵە نمایش ئامێزە شانۆییەکان دەبنە بەشێکی گەورەی ژیانی کولتوری ئەو زەمەنەی شاری ئەسینا. هەر لەو کاتەشەوە هەر دوو ژانری کۆمیدیا و تراژیدیا بە شێوەیەکی زانستی دێنە ناو هونەری دراماوە. فێستیڤاڵ و نمایشە شانۆییەکانی شاری ئەسینا هێز و زیندوییەکی گەورە دەبەخشنە ئەو شارە. خەڵکی جیاواز لە ژیانی ڕۆژانە و کارکردن، بۆ خۆشحاڵی و دووبارە بینینەوەی ژیان لە شێوەیەکی جیاوازدا ڕوو دەکەنە شانۆ و فێستیڤاڵەکان. تەختەی شانۆکانی ئەسینا دەبنە شوێنی کۆبوونەوەی بینەرێکی زۆر و چەندەها ڕۆژی بینراوی پڕ لە ساتە وەختی کۆمیدی و تراژیدی بەڕێ دەکەن.
کەواتە شار وەک شوێنی پێکەوە ژیانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی جیاواز لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا، چالاکییەکی کولتوری یان دروستر بڵێین هونەرێکی پێویست و کاریگەر بەرهەم دێنێت. شانۆ زیندوییەک دەبەخشێتە ژیانی شار کە پێشتر هیچ کام لە کایەکانی تری ژیان نەیان توانیوە پێی ببەخشن. شانۆ دەبێتە خاڵی گۆڕانکاری لە ژیانی دانیشتوانی شاردا و دەبێتە شوێنێک بۆ کۆکردنەوەی هەموان، کۆکردنەوەی هەموان بۆ ڕوانین لە ژیان لە فۆڕمێکی جیاوزتردا. لە ئێستادا گەر بمانەوێت لە مێژووی بەشێکی زیندوی ئەو شارستانییەتە بڕوانین کە بۆ دوو هەزار و پێنج سەد ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، دەبێت برۆینە شاری ئەسینا لە یۆنانی کۆن و لە پاشماوەی شانۆکەی بڕوانین کە تا هەنوکە هەر بە پێوەیە و وێنەی ئەو ڕۆژگارەی تیا دەبینینەوە کە چەند کاریگەر و زیندو بووە. شوێنێک کە لەو سەردەمە دێرینەدا خەڵکی وێڕای هیلاکی کاری ڕۆژانە و سەختی ژیان زۆرترین کاتە خۆشەکانیان لەوێدا بەسەر بردووە و هەستیان بە ژیان کردووە تیادا.
لەوێوە لەگەڵ تێپەڕ بوونی زەمەن و پێشکەوتنی شارستانییەتدا شانۆش بەرەو پێش دەچێت و لە سەرجەم قۆناغەکانی ژیاندا وەک چالاکییەکی رۆشنبیری و کولتوری دەردەکەوێت و شارەکان ئاوەدان دەکاتەوە و پریان دەکات لە جوڵەی ژیان.
لەسەدەکانی ناوەڕاستدا و لە سەردەمی ڕێنیسانس ـ دا مێژووی ڕۆشنبیری و شارستانییەتی ئەوروپا گۆرانێکی گەورەی بەسەردا دێت و دەچێتە قۆناغێکی نوێوە. بەهەمان شێوەی هەنگاوی یەکم شانۆ دەبێتە بەشێکی گەورەی ئەو گۆڕانکارییە و فروانتر و کاریگەرتر لە سەردەمی یۆنانی کۆن دەردەکەوێت. لەم قۆناغەدا ژیان لە شاردا فۆرمێکی فروانتر و جیاوازتر لە خۆ دەگرێت، بەشێکی زۆر لە خەلكی زیاتر لە جاران گرنگی بە ژیانی تایبەتی خۆیان دەدەن و بیر لە بەسەربردنی کاتی خۆش و جیاواز لە ژیانی دوبارەی ڕۆژانە دەکەنەوە. بۆ ئەمەش شانۆ زیندو ترین و کاریگەرترین هونەری ڕۆژ دەبێت لەو رووەوە و پایەکانی خۆی زیاتر و قوڵتر لە ناو ژیانی شار و شارنشینەکاندا جێگیر دەکات و ڕویەکی جیاواز و زیندویان پیدەبەخشێت. هاوکات دەبێتە شوێنیک بۆ نمایشکردن و بەیانکردنی فکر و ئایدیای نوێ بۆ بینەرانی.
کۆمیدیای دیلارتێ لە ئیتاڵیا و شانۆی شەکسپیر یاخود شانۆی ئێلیزابێزی لە ئینگلاند، دوو نمونەی زیندووی ئەو سەردەمەن. کە هەریەک لەوان کەریگەری گەورەیان بەسەر مێژووی شارستانییەتەوە هەیە و بەشێکی گەورەی پێک دەهێنن. بەجۆرێک گەر شانۆی شەکەسپیر و هاو شێوەکانی لە مێژووی ژیانی سەدەکانی ناوەڕاستی شاری لەندەن دەربهێنین، دەبینین چ بۆشاییەکی گەوەرە لە مێژووی کولتور و ڕۆشنبیری ئەو شارەدا درووست دەبێت و چ پێکهاتەیەکی ناتەواو دەبێت.
لە دوای بوژانەوەی کایە کولتوری و ڕۆشنبیرییەکان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا کە بە سەردەمی ڕێنیسانس ناودەبرێت، شارەکان وەک چەقی گۆڕانکاری و چالاکییە کولتورییەکان بەرەو فروان بوون و کرانەوەی بەردەوام دەچن. لەناو ئەو بەرەو پێش چوون و کرانەوەیەشدا شانۆ زیاتر و زیاتر دەچێتە پێش، وە خواستی شار نشینەکان بۆ بینینی نمایشە شانۆییەکان بەردەوام لە هەڵکشاندا دەبێت. ئیتر هێواش هێواش و سەدە لە دوای سەدە ڕەگەکانی شانۆ درێژ دەبنەوە و بەناو زۆرێک لە شارەکانی ئەوروپادا بڵاو دەبێتەوە.
زۆر بوونی خواستی خەڵکی بۆ بینینی نمایشە شانۆییەکان وا لە گروپە شانۆییەکان دەکات کە لە ڕێگەی شانۆی گەڕۆک و گەشتە نمایشەوە بەناو شارەکانی ئەوروپادا بگەڕێن و نمایشەکانیان بگەیەننە زۆرتین ناوچەکان. هاوکات بۆ سود وەرگرتن لە ئەزمون و شێوەی کارکردنی یەکتری، بەشێک لە نمایشکارەکان سەردانی وڵاتانی تر دەکەن و لە نزیکەوە ئامەدەی بینینی کارەکانی یەکتر دەبن.
بە هاتنی سەدەی نۆزدەیەم و لەگەڵ پەیدا بوونی شۆڕشی پیشەسازی و پێشکەوتنە بەرچاوەکانی ئەوروپا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ژیانی خۆرئاوا بە گشتی و ژیانی شار بە تایبەتی بە تەواوەتی دەچێتە قۆناغێکی نوێوە. بە سوود وەرگرتن لەو پێشکەوتنانە و هاتنە ئارای شێوازێکی نوێ و مۆدرێنانەی ژیان، شانۆ خۆی لە قۆناغێکی نوێدا دەبینێتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ڕوو لە هؤڵەکانی شانۆ دەکەن و ئامادەی بینینی نمایشەکان دەبن. هەر لەو سەردەمەدا ژمارەیەکی زۆر و گەورەترین هۆڵەکانی شانۆ و ئۆپێرا لە شارە پێشکەوتووەکاندا دروست دەکرێن و چالاکییە کان گەورەتر و فراوانتر دەبن و هونەری شانۆش زیاتر دەناسرێت و دەبێتە جێی سەرنج و بایەخی خەڵکی.
نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم و تەواوی سەدەی بیستەم قۆناغی پڕ بایەخ و باڵا کردنی هونەری شانۆیە، لەم قۆناغەدا شانۆ دەچێە قۆناغی بە ئەکادیمی کردن و پڕۆفێشناڵیەتی کارکردنەوە. لە ڕێگەی تیۆر و رێبازە شانۆییەکانی هەریەک لە ناودارانی شانۆ: ستانسلاڤسکی، برێخت، مایرهۆڵد، ئاڕتۆ، کرۆتۆڤسکی، پیتەر بروک و زۆرێکی تر لە دەرهێنەرە شانۆییەکان و دەقە شانۆییەکانی ژمارەیەکی زۆر لە نوسەرە ناودارەکانی جیهان، هونەری شانۆ دەچێتە ناو چالاکییە ڕۆشنبیرییەکانی زۆرێک لە وڵاتانی جیاهان بە گشتی و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا بە تایبەتی. بەجۆرێک شارەکان پڕ دەبن لە گروپ و کۆمپانیای شانۆیی، وە لە ڕێگەی نمایشەکانیانەوە زیندویی و جموجۆڵێکی کلتوری فراوان دەبەخشنە شارەکان. بە جۆرێک گەر بەبێ هۆڵەکانی شانۆ و نمایشە شانۆییەکان لە مێژوو و بونیاتی شارەکان بڕوانین دەبینین چەند ناتەواو و بێ رۆحی پێوە دیارە.
تۆ بڕوانە گەر شانۆ لە مێژوو و بونیاتی کولتوری و ڕۆشنبیری بەرلین ـی پایتەختی ئەڵمانیا، پاریس ـی سەنتەری ڕۆشنبیری ئەوروپا، لەندەن ـی سەنتەری کولتوری وڵاتی شانشین، نیویۆرک ـی دڵی ئەمەریکا و زۆرێکیتر لە شارە گەورە و ناودارەکانی خۆرئاوا بێنیتە دەرەوە چی ڕوو دەدات؟ بێ گومان بۆشاییەکی گەورە دروست دەبێت، وە هەریەک لەو شارانە تەواو جیاواز دەبن و ئەو هێز و ئەفسونەی ئێستایان نامێنێت. هێز و ئەفسونێک کە شانۆ و مێژووەکەی پێی بەخشیون و خاوەنی یەک لە خەسڵەتە هەرە جوان و زیندوەکانی ئەو شارستانیەت و پێشکەوتنەیە کە ئێستا هەیانە. لە روویەکی ترەوە گەر بڕوانینە زۆرێک لەو شارانەی کە ژیان تیایاندا بەرادەیەکی زۆر پێشکەوتووە و ئاستی ڕۆشنبیری دانیشتوانەکەی لە ئاستێکی بەرزدایە، ئەوا ئەو شارانەن کە هەم لە ڕووی مێژووییەوە و هەم لە ساتی ئێستایاندا شانۆ لە پێگەیەکی گەورەدایە و بەشێکە لە گاریگەرییەکانی درووست بوونی ئەو ڕۆشنبیرییە گشتییە.
ئێستا کە ئێمە لە سەرەتای هەزارەی سێیەمدا دەژین، ژیان لە قۆناغێکی ئێجگار پێشکەوتوو دایە و گۆرانکارییەکان بە ئەندازەیەک خێران مرۆڤ ناتوانێت بە زۆرێک لە گۆڕانکاری و شتەکانی نێو جیهانەکەی خۆی ڕابگات. لە سەردەمێکدا پەیوەندی مرۆڤ و هونەر و کایە کولتورییەکان لە چەندەها ئاست و بە چەندەها جۆری جیاوازە. ئێستا سەردەمی پەیوەندی و کاریگەری ئامێرە پێشکەوتووەکانی تەکنەلۆژیا و کەناڵەکانی سۆشیال میدیایە. مرۆڤی ئەم سەردەمە چەندەها چانسی هەمە جۆری بۆ پەیوەندی و ئاڵوگۆڕە هونەرییەکان لەبەردەستدایە. سینەما و هونەرە جیاوازەکانی تر کە ڕەگی سەرەکیان لەناو تەکنەلۆژیا و ئامێرە پێشکەوتوەەکاندایە، چانسی بە بینەربونیان زیاتر هەیە و ئاسانتر بە گۆشە جیاوازەکانی دونیا دەگەن.
بەڵام لەناو ئەم ژیانە جەنجاڵ و ئاخنراو بە دونیای ئینتەرنێت و ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان کە ئاماژەم پێدا، شانۆ هێشتا لە ترۆپکی چالاکییە کولتوری و هونەرییەکاندایە و لە زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتودا هێشتا هەمان ئەفسون و هێزی خۆی هەیە و ڕەهەندێکی سەرەکی بە زیندو هێشتنەوەی شارەکانە. چونکە شانۆ خاڵی بەریەک کەوتنی ڕاستەوخۆی نێوان نمایش و بینەرانە، وە کاریگەری ڕاستەوخۆش لەسەر بینەر و کۆمەڵگا بەجێ دەهێڵێت. لە یەک کاتدا شوێنێکە بۆ مومارەسەکردنی چێژ و خۆشی لە لایەک، ئاراستەکردن و وەرگرتنی فکرە و ئایدیای جیاواز لە لایەکی تر. وە شانۆ ئەو هەنەرەیە کە بناغەکەی لەسەر هێز و قودرەتی مرۆڤ بونیات نراوە، سەنتەری بەرهەمهێن و بەکارهێن و ئاڕاستەکردنی شانۆ مرۆڤە و لەگەڵ هاوشێوەکەیدا مامەڵە دەکات و یەک دەگرن، وە لە ئەنجامدا ئەو پێکهاتە زیندوە دروست دەکەن کە شانۆیە و هەڵگری ئەو خەسڵەتە مێژووی و ڕۆشنبیرییەیە کە لە پێکهاتەی شار و شارستانیەتدا جێگەی دیار و زیندووە.

لێرەدا من لەندەن وەک نمونەی شارێکی جیهانی وەردەگرم و باس لە کاریگەری و هێزی شانۆ دەکەم لەو شارەدا. هەروەها شاری سلێمانی وەک نمونەی شارێک لە کوردستان و عێراق ـدا کە تا چەند شانۆ کەریگەری بەسەر زیندویی ئەو شارەوە هەیە.
لە ئێستادا شاری لەنەدەن بە پایتەختی شانۆی جیهان دادەنرێت، کە بە بەراورد بە شارەکانی تری دونیا زۆرترین بینەری شانۆی هەیە. هەڵبەت کۆمەڵێک هۆکاری جیاواز هەن کە ئەو نازناوەی پێ بەخشیوە کە دەکرێت لە بابەتێکی تایبەتدا باسی لێوە بکەین و شیکارێکی ورد و فرە لایەنی بۆ بکەین . بە شێوەیەکی گشتی شانۆ مێژویەکی دوور و درێژی هەیە لەو شارەدا، کە بە شانۆی ئێلیزابێزی سەدەکانی ناوەراست و بەتایبەت لەسەر دەستی نوسەری ناوداری جیهانی شەکسپیر ـەوە دەست پێدەکات و هەناگاو بە هەنگاو دەگاتە ئەو ئاستەی ئێستای.


شانۆ یەکێکە لە شا دەمارەکانی ژیانی هونەر و ڕۆشنبیری لەندەن و زیندوییەکی هەمیشەیی پێ بەخشیوە. هاوکات لە ڕووی ئابورییەوە سودێکی ئێجگار گەورەی پێگەیاندووە کە دواتر هەندێ لە داهاتی ساڵانەی کۆی نمایشە شانۆییەکان دەخەمە ڕوو.
لە ڕووی ژمارەوە و بە شێوەیەکی ڕەسمی (٢٤١ ) هۆڵی شانۆ لەو شارەدا هەیە، ئەمە ئاماری ئەو شوێنانەیە کە بە فەرمی مۆڵەتی کارکردنیان هەیە و وەک هۆڵی شانۆ و ناوەند و شوێنی نمایشکردنی شانۆ تۆمارکراون. لەگەڵ ئەو ژمارەیەشدا چەندەها کافێ و باڕ و شوێنی گشتی تر هەیە کە ستەیجی تایبەت بە خۆیان هەیە و پێرفۆرمانس و هونەری شێوە جیاوازی تیا نمایش دەکەن. بەڵام ئەوانە لە دەرەوەی داتا فەرمییەکانن و هەژمار نەکراون.
لە ڕووی ڕێژەی شوێنی دانیشتنی بینەرانەوە و بە کۆی ئەو (٢٤١ ) هۆڵە شانۆیانە توانای لە خۆ گرتنی سەد و دە هەزار (١١٠،٠٠٠) بینەریان هەیە لە یەک کاتدا. کە ئەمەش ژمارەیەکی زۆر گەورەیە و هاوشێوەی کەمە لە شارەکانی تردا. بە جۆرێک لە ئێستادا ساڵانە چواردە بۆ هەژدە (١٤ ـ ١٨ ) ملیۆن بینەر سەردانی هۆڵەکانی شانۆ دەکەن و ئامادەی بینینی نمایشە شانۆییەکان دەبن. وە کۆی نمایشەکان لە ساڵێکدا لە نێوان حەڤدە بۆ نۆزدە ( ١٧ ـ ١٩ ) هەزار نمایشە.
لە ڕووی داهاتەوە و بە پێی ئاماری بۆکس ـ ئۆفیس ـی بەرهەمە شانۆییەکان، ساڵانە بڕی شەش سەد بۆ حەوت سەد و پەنجا (٦٠٠ ـ ٧٥٠ ) ملیۆن پاوەند فرۆشی بلیتی نمایشە شانۆییەکانە. کە دەکاتە نزیکەی نۆسەد و پەنجا (٩٥٠) ملیۆن دۆلار. وە هەندێ جار ڕێژەی فرۆشی بلیتی بۆکس ـ ئۆفیس ـی شانۆ زۆر زیاترە لە هی سینەما.
شتێک کە جێگەی ئاماژە پێدانە ئەوەیە، کاتێک باس لە ژمارەی هۆڵ و بینەران و نمایشەکان دەکەین مەبەستمان سەرجەمی نمایشە شانۆییەکانە کە چەندەها شیوەی جیا لە خۆ دەگرێت لەوانە: شانۆی مۆسیقا ئاماێز، شانۆی ئۆپێرا ئامێز، نمایشی بالێ و شێوە و ستایڵە جیاوازەکانی تریش.
وەک نمونەیەک و داتایەکی بەردەست لێرەدا چەند ژمارەیەک لەسەر نمایشە شانۆییەکانی ساڵی ٢٠١٧ دەخەینە بەردەست.
داتای نمایشە شانۆییەکانی شاری لەندەن، ساڵی ٢٠١٧
بەدەر لەو داتاو ژمارە زۆرانەی بینەر و داهاتەکەی کە نیشانە و سەلمێنەری ئەو راستییەن شانۆ لە چ ئاست و بەهایەک دایە لەو شارەدا، لە هەمان کاتدا پرۆسەی شانۆ وەک هونەرێکی کاریگەر لە سەر ڕۆشنبیری بینەرانی و وەک چالاکییەکی کولتوری شوێن دەستی بەسەر جەستەی هونەر و ڕۆشنبیری شارەکەوە دیارەو بە روونی دەیبینیت. هاوکات خودی هۆڵەکانی شانۆ جوانیەکی مێژوویی و ئەفسوناویان پێ بەخشیوە.
لە نمونەی دووەم دا باس لە شارێک دەکەین کە لە جیهانێکی زۆر جیاوازتر لە نمونەی یەکم دایە. جیاواز لە ڕووی جوگرافی، سیاسی، ڕۆشنبیری، ئاینی، هونەری ….هتد . بەڵام ئێمە بەراوردکاری ناکەین، بەڵکو وەک خۆی و بە پێی شوێن و پێگەکەی خۆی لێی دەروانین، کە تا چەند هونەری شانۆ توانیویەتی زیندویی پێ ببەخشێت. ئەو شارەش شاری سلێمانی ـە کە وەک پایتەختی ڕۆشنبیری باشوری کوردستان ناودەبرێت.
ئەگەر لە ڕووی مێژووییەوە لێی بڕوانین دەبینین کە شانۆ هونەرێکی تارادەیەک نوێیە لە کوردستان، کە لە سەرەتاکانی نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردووەوە دەستپێدەکات. بەڵام لەگەڵ درەنگ سەرهەڵدانیشیدا زوو گەشە دەکات، وە بە ئەندازەی پێشکەوتنی ئاستی ڕۆشنبیری هاوڵاتیان لە هەندێ لە ناوچەکان شانۆش بەرەو پێش دەچێت و دێتە ناو کایە ڕۆشنبیری و کولتورییەکانەوە. لەم ڕووەشەوە شاری سلێمانی هەر لە سەرەتاوە پێشەنگی ئەو بەرەو پێشچونە دەبێت و تیایدا شانۆ گەشە دەکات. هاوکاتی ئەو گەشە سەندنەش چەندەها کۆمەڵە و گروپی شانۆیی دادەمەزرێن و چەندەها نمایشی شانۆیی ئاست جیاواز پێشکەش بە بینەران دەکەن و بەردەوامی پێدەدەن تا ئەم ساتەوەختەی ئێستامان. بە جۆرێک کە بە درێژایی نیو سەدەی ڕابردوو شانۆ بەشێکی گەورەی چالاکییە هونەری و ڕۆشنبیریەکانی ئەو شارە بووە و کاریگەری گەورەی هەبووە بەسەر پێگەی ڕۆشنبیر و زیندویی شارەکە. من لێرەدا ناچمە ڕەهەندی مێژووییەوە و باسی قۆناغەکانی شانۆی شارەکە ناکەم، بەڵکو باس لە پێگەو کاریگەرییەکانی دەکەم لە ئێستادا.
لە ئێستادا بە بەراورد بەزۆربەی شارەکانی تری باشوری کوردستان و تەنانەت عێراقیش، شانۆ لە شاری سلێمانی ـدا لە چالاکییەکی بەردەوام و گەورەدایەو بەشێکی گەورەی ئەو پێکهاتە ڕۆشنبیرییەیە کە ئەو شارە بە زیندویی دەهێلێتەوە. لە وڵاتێکدا کە هەموو سەکتەرەکان سست و لاواز کار دەکەن، سیاسەت و حیزبایەتی بە کۆمەڵ ژیانی شارستانییەت و کولتوری نزیک لە مەرگ خستۆتەوە و شارەکان نغرۆی بێگیانی هونەر و ڕۆشنبیری بوون. لە شارێکی وەک سلێمانی ـدا ساڵانە هەزاران کەس ڕوو لە هۆڵەکانی شانۆ دەکەن و ئامادەی بینینی نمایشی شانۆکارەکان دەبن. لێرەوە شانۆ دەبێتە دەروازەیەکی ڕوناک بۆ ڕۆشنکردنەوەی بەشێک لەو تاریکی و مردنەی دەیەویت خۆی بەسەر شاردا بسەپێنێت.

هەڵبەت لێرەدا وەک نمونەی یەکەم زۆر ئاماژە بە داتا و ڕێژەی بینەران و داهاتی شانۆکان ناکەین، بەڵکو باس لەوە دەکەین کە چۆن لە وڵاتێکی ئاخنراو بە بێ هیوایی و نا ئومێدی، شانۆ بوونی خۆی دەسەلمێنێت و زیندویی بە شار دەبەخشێت. چونکە ئەوە حیکمەتێکی گەورەیە، شەڕێکە لەگەڵ دژە کولتور و دژە ڕۆشنبیرییەکان. بەخشینی هەناسەیەکە بە شار بۆ بەردەوامیدان و بە زیندو مانەوەی. لای من هەموو نمایشێکی شانۆیی لەو شارەدا بانگدانێکە بە گوێی ئەوانەدا کە پێیان وایە شانۆ هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت و ژیانی شار تەنیا بریتییە لە بەرزکردنەوەی تەلاری چەندین نهۆمی و کۆڕی سیاسەت مەدارەکان و بازرگانی کردن. چونکە شانۆ ئەو هێزەی هەیە و دەتوانێت جوڵە و هەناسەیەک بە شار ببەخشێت و ئاگایی بە کۆمەڵ دروست بکات.
ڕەنگە لێرەدا هەندێک ئەو پرسیارە بکەن، بۆ بە تەنیا هونەری شانۆ ؟ ئەی هونەرەکانی تر چی؟ بێگومان ئەوە پرسیارێکی درووستە. بەلام لە هەمان کاتدا وەڵامی دروست ئەوەیە کە لە ڕووی چۆنییەتی و بەهاوە پێگەی شانۆ لە ناو چالاکییە کولتوری و ڕۆشنبیریەکاندا جیاواز و ڕاستەوخۆ ترە، هەروەها لە ڕووی چەندایەتییەوە ژمارەی چالاکییە شانۆییەکان زۆرن، ئەو جموجۆڵە هەستپێکراوە و کاریگەری گەورەی خۆی هەیە. کە بە داخەوە بەشێکی زۆر لە خەڵکی و تەنانەت خودی ڕۆشنبیران و هونەرمەندانیش هەست بەو کاریگەری و زیندویەتیە ناکەن کە شانۆ بەو شارە و مێژووەکەی بەخشیوە. هەڵبەت لای زۆرینەی سیاسییەکان و کەسانی خاوەن دەسەڵاتی ئیداری ئەم باسە جێگەی پێکەنینە! چونکە تۆ دەبێت ئەمە بۆ کەسێک باس بکەیت کە مێشکی کراوە بێت و خاوەن هۆشیارییەکی باش بێت بۆ درک کردن بە شتە بە بەهاکان، نەک کەسێك کەتەنیا پارە و سیاسەتێکی بێکار لە مێشکیدا بێت.
لێرەدا خالێکی جەوهەری دێتە پێش، ئەویش ئەوەیە کە پرۆسەی شانۆ تا ڕادەیەکی زۆر چالاکییەکی ڕۆشنبیری و کولتوری سەربەخۆیە و پەیوەندییەکی کەمی بە دەسەلات و پلانەکانییەوە هەیە. ئەمەش پارێزەرێکی گەورەی بەها ڕاستەقینەکەیەتی، چونکە سیاسەت و دەسەڵات نەیان توانیوە وەک زۆربەی کایەکانی تر دەستی بەسەردا بگرن و ئاڕاستەی بکەن. واتە ئەوەی کە هەیە بوونییەتی سروشتیانەی شانۆیە، کە لە دەرەوەی ئەو فەوزا سیاسی و کۆمەڵایەتیە پەرتەوازەیەی شاردا کاری خۆی دەکات و پەیامی خۆی دەگەیەنێت.
ئەگەرچی هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییە و دەکرێت شانۆ چالاکتر و کاریگەرتر بێت. بەڵام لە ئێستادا بە بەراورد بە ناوچەکانی تری کوردستان و تەنانەت لە عێراق ـدا، سلێمانی یەکێکە لە شارە چالاک و بە بەرهەمەکان لە هونەری شانۆدا.
چەند تێبینییەک:
سەرچاوەکان
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.