22/07/2019
DidiMn Logo
Top

لاسایی: ڕوونکردنەوەی ڕیالیزم لە ئەدەبی ڕۆژئاوادا

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من لەندەن ڕیڤیو ئۆف بوکس

نووسین: ئێریک ئاوەرباک
ڕاپۆرت: تێری ئیگلتۆن

لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد

ڕیالیزم لە هونەردا وشەیەکی فریودەرە، بۆ نموونە کارێکی ھونەری دەکرێت ڕیالیستی نەبێت، بەڵام لە ھەمان کاتدا وێنەیەکی باوەڕپێکراوی جیھان بێت. بێرتۆڵد برێخت پێی وا بوو ڕیالیزم پەیوەندیی بە کاریگەریی ھونەرەکەوە ھەیە وەک لەوەی بیرھێنەرەوەی دیاردەیەکی ئاشنا بێت. بە پێی ئەم تیۆرییە، ڕیالیزم پەیوەندییەکە لە نێوان کارێکی ھونەری و بینەرەکەی؛ ڕیاڵیزمی کەسێک دەکرێت فانتاسی کەسێکی دی بێت. بەم پێناسەیە، ڕیالیزم ئەو بابەتەیە کە بینەر یان خوێنەر لە تەماشاکردنی کارێکی ھونەرییەوە پێی دەگات وەک لەوەی بابەتێک بێت و ھونەرمەند ھەوڵ بدات لە کارەکەیدا بۆ بینەرانی ڕوون بکاتەوە.

ئەگەر پێناسەی ڕیالیزم ئەوە بێت کە ”ڕوونکردنەوەی جیھانە بەو جۆرەی کە ھەیە”، ئەوا دیبەیتێکی زۆر لەسەر ئەوە دەکرێت کە چ شتێک دەچێتە چوارچێوەی ئەم پێناسەیەوە. ناکرێت تەنھا بە تەماشاکردنی کارێک بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت کە ڕیالیستە. پێدەچێت ڕەخنەگرانی ئەدەبی لە داھاتوویەکی دووردا نەتوانن کۆتایی گەمە بە کارێکی ناڕیالیسی ھەژمار بکەن تا بەڵگەیەکی مێژووییان لە بەر دەستدا نەبێت کە پیاوی پیر لە تەنکەی زبڵدا خوویەکی ئاسایی بەتەمەنەکان نەبووە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا.

بە پێی ئەمەش ڕیاڵیزمی ھونەری بە واتای ”ڕوونکردنەوەی جیھان بەو جۆرەی کە ھەیە” نایەت، بەڵکو ڕوونکردنەوەی جیھانە لەسەر بنەمای ڕێککەوتن لەسەر ڕاستیی ژیان. بەڵام لە ھەر کلتوورێکدا ژمارەیەکی زۆر جیاواز لەم بنەمایانە ھەن، ئێمە ناتوانین دیدی ھونەرمەندێک بۆ جیھان بە جیھان خۆیەوە بەراورد بکەین، بەڵکو تەنھا دەتوانین ڕوونکردنەوەی ھونەرییانە بۆ جیھان بە ڕوونکردنەوەی ناھونەری بەراورد بکەین.

ڕوونکردنەوەش سنووری خۆی ھەیە؛ لە وێناکردنی جیھاندا، خود لە مەترسیی ئەوەدایە کە بکەوێتە دەرەوەی چوارچێوەی ڕوونکردنەوەکانی خۆی. لە پشتی ئەم پڕۆسەیەدا ھێزێکی داینامیکی ھەیە کە دۆزینەوەی سەختە، واتە مرۆڤ دەبێتە خاڵێکی ونبوو لە ناوەڕاستی وێنەکەدا، ئەمەش واتە ونبوونی جووڵەی جیھان. بۆ مۆدێرنیستەکان ئەمە کێشەیەکە کە تەنھا بە توانج چارەسەر دەکرێت، ئەو توانجەش ڕوونکردنەوە و دیاریکردنی سنورداریی ڕوونکردنەوەکانە لە ھەمان کاتتدا.

ئەگەر ھونەریش یاساکان پەیڕەو نەکات، خراپ نییە کە ھەموو ڕۆژێک بوونمان بە یاسا و ڕێکەوتنەکانەوە بەستراونەتەوە؟ ئەوە کاری ھونەرە کە ئەو سنوورە بێزارکەرانە بشکێنێت. پێدەچێت ڕەگی سەرسامبوونمان بە ”لەسەرگرتنەوە” بگەڕێتەوە بۆ پەیوەندییە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بە چواردەوریەوە. لەم حاڵەتەشدا ئێریک ئاوەرباک لە لێکۆڵینەوە بەنرخەکەیدا بە ناوی لاسایی دەڵێت کە پێگەیشتووترین فۆڕمی ھونەر لە گەڕانەوەیدایە بۆ فۆڕمە پێنەگەیشتووەکان.

ناوبردنی شتێک بە ڕیاڵیست واتە دانپێنان بەوەی کە شتە ڕاستییەکە نییە، ئەگەر کارێکی ھونەری بە تەواوی نوێنەری ئۆبجێکتێکی ڕاستی بێت، ئەوا ئێتر نوێنەر نابێت و دەبێتە ئۆبجێکتەکە.

جیۆرجی لوکاکس، فەیلەسوف و ڕەخنەگری ھەنگاری، باوەڕی وا بوو کە دەبێت ھونەری ڕیالیزم لە ھەمان کاتتدا دیسکریپتیڤ بێت، واتە دەبێت ماناکەی ڕوون و پەسەندکراو بێت، ئەمەش وای لێ دەکات لە ڕووی ئێستاتیکاوە باڵا بێت. ئەم پێناسەیەش ئەوە دەگەیەنێت کە ھونەر تەنیا نوێنەری ڕووداوێک یان دیمەنێک نییە، بەڵکو ھونەر بە ناو ژیانی کۆمەڵایەتیدا بڵاو دەبێتەوە بۆ دۆزینەوەی پەیوەندییە دیالیکتییەکان. زانیاریی ڕاستەقینە بریتییە لە ھەبوونی زانیاری دەربارەی میکانیزمی شاراوەی شتەکان. دەبێت ھونەر زۆرترین توانای ھەبێت بۆ ئاشکراکردنی ھێزە شاراوەکانی مێژوو، هەروەها لە ڕاستیشدا ئەم جۆرە ھونەرە دەتوانێت لە ھەقیقەت ڕاستتر بێت، چونکە بە دەرخستنی بونیادی شاراوەی دیاردەکان، ھونەر دەتوانێت شتێکی زۆر گرنگتر بڵێت وەک لەوەی کە بە چاوی خۆمان دەیبینین.

کتێبی لاساییی ئاوەرباک یەکێکە لە جوانترین کتێبە ئەدەبییەکان کە ئاوەرباک لە ساڵی 1942 تا 1945سەرقاڵی نوسینی ئەم کتێبە بووە. چاپی تازەی ئەم کتێبە لە لایەن ئێدوارد سەعیدەوە پێشەکیی بۆ نووسراوە. ئاوەرباک لەم کتێبەدا بوونی نیشانەکانی ڕیالیزم لە کارەکانی ھۆمەر، دانتێ، ڕبێڵەیس تا مۆنتەین، سێرڤانتز، گۆتە، ستێنداڵ و زۆر نووسەری دیکە لێک دەداتەوە. یەکێک لە خاڵە بەھێزەکانی ئاوەرباک ئەوەیە کە ڕیالیزمی لە کلتووری کۆندا شی کردووەتەوە. ئەگەر ھەر لێکۆڵەرێکی ئەدەبی زەمەنێکی دیاریکراو بۆ توێژینەوەکانیان ھەڵبژێرن، ئاوەرباک کار لەسەر زمەنێکی زۆر دوورودرێژ دەکات، کە بە نزیکەیی دەگاتە 3000 ساڵ.

Realism,