20/07/2019
DidiMn Logo
Top

لەبارەی ڕۆمانە سەیرەکەی ستیڤنسنەوە

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
ڕێزان فەتاح

ڕۆمانی مەسەلە سەیرەکەی دکتۆر جیکڵ و مستەر هایدی نووسەری سکۆتلەندی ڕۆبەرت لویس ستیڤنسن، سەر بە ئەدەبی کلاسیکی ئینگلیزە، لە ساڵی ١٨٨٦دا بڵاو کراوەتەوە. دوای زیاتر لە سەدەیەک، ئێستاش دەقێکی ئەدەبیی گرنگە و بە نەمری ماوەتەوە. لەناو تەواوی بەرهەمەکانی دەنگدانەوەیەکی جیهانیی هەیە. چەند جارێک کراوەتە فیلم و شانۆ. بیرۆکەکەی لە خەونێکی خۆی وەرگرتووە. بە ڕۆمانێکی خەیاڵی، زانستی و ترسناک دادەنرێت. ڕووداوەکانی لە شاری لەندەن ڕوو دەدەن. بەسەر دە بەشدا دابەش کراوە، هەر لە بەشی یەکەمەوە نووسەر دەتباتە ناو دونیای گێڕانەوەی چیرۆکە تەلیسماوییەکەی، تامەزرۆ دەبیت سەرەداوی بەسەرهاتەکەت بۆ دەرکەوێت، کەچی درککردن بە مەسەلەکە لە سەرەتاوە کەمێک قورسە.

بەگشتی چیرۆکی ڕۆمانەکە دەربارەی پارێزەرێکی لەندەنییە، لێکۆلینەوە لە ڕووداوێک دەکات لە نێوان هاوڕێیەکی و کەسێکی نەناسراو، کە لە درەنگانی شەوێکی زستان لە شەقامەکانی شاری لەندەن ڕوو دەدات. کاتێک پارێزەر و هاوڕێکەی پیاسە دەکەن، بە لای دەرگەیەکدا تێپەڕدەبن، دەرگەکە چیرۆکێکی خەمناک و ترسناک بیری هاورێکەی دەهێنێتەوە و ئەویش دەیگێڕێتەوە.

کەیسەکە بە کراوەیی ماوەتەوە، وەک پارێزەرێک ڕۆڵی پشکنەرێک دەگێرێت، هەوڵی دۆزینەوەی نهێنیی ڕووداوەکە دەدات. پاڵەوانی ڕۆمانەکە دکتۆرێکە بە ناوی هێنری جێکڵ، بیرۆکەی ئەوەی لا گەڵاڵە دەبێت کە مرۆڤ یەکێک نییە و بەڵکو دوانە، واتا لە ناخی هەر یەکێکدا چاکە و خراپە بوونی هەیە. هەروەها بۆ سەلماندنی بیرۆکەکەی، دەست بە لێکۆلینەوە دەکات؛ گیراوەیەک دادەهێنێت تا ئەم دوو لایەنەی مرۆڤ لە یەکدی جیا بکاتەوە، سەرکێشانە هەر خۆیشی گیراوەکە دەخواتەوە، بەمەش گیرۆدەی لایەنی شەڕانیی ناخی خۆی دەبێت و لە کەسایەتیی هاید دەردەکەوێت.

ئەم ڕۆمانە لە ڕووی دەروونناسی و کۆمەڵناسییەوە، شایانی خویندنەوە و هەڵوەستەلەسەرکردنە، ئەوەی لێرەدا تیشکی دەخەمە سەر، هەریەکە لە تایبەتمەندیی کارەکتەرەکان و بابەتی سەرەکییە.


تایبەتمەندی کارەکتەرەکان

ئەگەر باس لە تایبەتمەندیی کارەکتەرەکان بکەین، ئەوا دەبینین نووسەر بە وردی وەسفی ئاکار و ڕەفتاری هەریەک لەو فیگەرانەی کردووە، کە ڕۆڵی سەرەکییان هەیە، لێرەدا کۆی دەقەکە لە خزمەت چیرۆکە سەیرەکەی فیگەری سەرەکیدایە و هیچ یەک لە کارەکتەرەکانی تر باسی چیرۆکی خۆیان نەکردووە.

 کارەکتەرەکانی بەسەر دوو چینی کۆمەڵایەتی دابەش کردووە: چینی خانەدان و چینی خزمەتکار. کارەکتەرە سەرەکییەکان خاسییەتەکانیان زۆر لە یەکەوە نزیکن، لە چینی خانەدانەکانن و پلەی کۆمەڵایەتیی بەرزیان هەیە و خاوەنی بڕوانامەن. لە ڕەگەزی نێرن زگورتین، پەیڕەوکاری ئایینێکی ئاسمانین، کە مەسیحییەتە. پابەندی دابونەریتەکانی کۆمەڵگەن. هەست بە بچووکترین جیاوازی ناکەین لە نێوانیان، تەنها لە شێوازی خواردن و بڕوانامەکانیان نەبێت. تاکی ئاقڵ و گوێڕایەڵن، گوێڕایەڵی ئەو دەسەڵاتە سیاسییەی کە وڵات بەڕێوە دەبات و هەروەها ئەو دەسەڵاتە ئایینییەی کە سەرچاوەکەی لە کڵێسا و قەشەکانەوەیە. ئەوان هەر لە بنەڕەتەوە وا بارهێنراون و پەروەردە کراون، تەنانەت ئایینیش وەک عادەتێک بۆیان ماوەتەوە، نەک ئەوەی بە ویستی خۆیان هەڵیانبژاردبێت. سەبارەت بە ڕۆڵی ژن، بە شێوەیەکی گشتی لە چەند دیمەنێکی کەمدا دەرکەوتووە، ئەویش وەک کەسایەتییەکی لاواز و پلەی کۆمەڵایەتیی نزم، تەنها لە حاڵەتی خزمەتکار و قوربانیدایە. ستیڤنسن لەم ڕێیەوە وێنای کۆمەڵگەی ئەوسای ئینگلیز و کۆمەڵگە هاوشێوەکانی دەکات کە کۆمەڵگەیەکی پارێزکارە.


بابەتی سەرەکی

بابەتی سەرەکیی ڕۆمانەکە کەسێتیی دوانەییە (واتە بوونی هەردوو رەگەزی چاکە و خراپە لە ناخی مرۆڤ)، ئەگەرچی هەندێ بابەتی تر لە باکگراوندی تێکستەکەدا دەردەکەوێ، وەک هاورێیەتی، کوشتن و توندوتیژی، بەڵام ئەوەی بە زەقی دیارە و جەختی لەسەر کراوەتەوە، دوانەییە، کە بووەتە پرسێکی ئاڵۆز لە ژیانی تایبەتیی مرۆڤەکاندا.

ئەم ڕۆمانە لە زەمەنێک نووسراوە کە زانست بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، ئەو کاتەی کە ئەقڵی زانستی وردەوردە زاڵ دەبوو، مرۆڤی لە هەقیقەت و سروشتی خۆی دادەبڕی و دووری دەخستەوە لە ئازادی. ستیڤنسن لە فەزایەکی زانستی و فۆڕمێکی ئەدەبی باسی لەو ململانێ سەختەی نێوان هەردوو لایەنی چاکە و خراپەی کردوە، کە لە ناخی مرۆڤدا سەرهەڵدەدەن لە ئەنجامی هۆکارگەلێکی دەرەکی، بەم هۆیەوەش تاک ڕووبەڕووی  فشار و شڵەژان دەبێتەوە و فاکتەرێکیشە بۆ توشبوون بە نەخۆشیی دەروونی. ئەگەرچی هەردوو هێزی چاکە و خراپە توانای ئاڕاستەکردنی مرۆڤیان هەیە، بەڵام کۆمەڵگە و ئەو ژینگەیەی کە خودی کەسەکەی تێدا پەروەردە دەبێت، ڕۆڵی سەرەکی دەبینن، چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکە لە بنەڕەتەوە خواستی لەسەر چاکەکارییە و خراپە تەنێکە سەر بە جیهانی دەرەوەی دەروونی مرۆڤە.

ستیڤنسن کاتێک وەسفی شەقامەکانی لەندەن و خەڵکەکە دەکات، ڕاستەوخۆ وێنای شێوازی ژیان لەناو کۆمەلگەیەکی چەقبەستوومان بۆ دەکات، ژینگەیەکی لەم شێوەیە رێخۆشکەرە تاکو تاک خودی خۆی نەبێت، سڵ لە ڕەفتارە سروشتییەکانی بکاتەوە، بەلایەوە نەنگی و عەیبە بێت ئەگەر کارێکی هەڵە ئەنجام بدات. ئەوان  هەست بەم واقیع و ڕاستەقینەیە ناکەن، کەچی کاریگەریی دۆخەکە لە ڕەفتاریاندا ڕەنگی داوەتەوە. ئەو کاتەی دکتۆر باس لە چاکە و خراپە دەکات، وەک دوو ڕەگەزی سروشتیی مرۆڤ، نزیکترین هاوڕێ و هاوکاری بە خەیاڵپڵاو و فیکرتێکچووی دادەنێت، کار دەگاتە ئەوەی پەیوەندییان لەگەل یەک دەپچڕێت.

ڕۆبەرت لویس ستیڤنسن

نووسەر درکی بە ئازار و دۆخی خراپی کۆمەڵگەکەی کرد، لەوێدا توندڕەوی بە ناوی ئایین و زاڵێتیی کۆتوبەندی کۆمەڵایەتیی مرۆڤی دۆگما و چەقبەستوی پێگەیاندبوو. مرۆڤ لەم جۆرە کۆمەڵگەیانە لە ترسی وەلانان و پەراوێزخستن، ناتوانێت ئارەزووەکانی دەستەبەر بکات، بۆیە یان پەنا دەباتە بەر شێوە ژیانێکی پەنهان و نهێنی، یان فەرامۆشکردن و کپکردنی ئارەزەوەکانی. لە هەردوو باردا لایەنی دەروونی ناجێگیر دەبێت.

کێشەی سەرەکیی کەسایەتیی دوانەیی، بریتییە لە چەپاندن و کپکردنی ئارەزووەکان، چونکە ئەو خواستی لەسەر ئەنجامدانی کارێکە، کەچی دەوروبەر و کۆمەڵگە کارێکی تری لێ داوا دەکات، بەمەش بەردەوام لەژێر فشار دەبێت. لەم بارەیەوە فرۆید پێی وایە مرۆڤ جگە لە عەقڵی ئاگایی (Conscious)، خاوەنی عەقڵێکی ترە، کە عەقڵی نائاگاییە (نەست) (Unconscious). لە نەستدا ئارەزووە کپکراوەکانی مرۆڤ جێگیر دەبێت. هەروەها کەسایەتیی مرۆڤی بەسەر سێ توخمی بنەڕەتی دابەش کردووە، ئەوانیش ئید، ئیگۆ و سوپەرئیگۆن. هەریەک لەمانە ئەرک و بەرپرسیارێتییان هەیە. کاتێک ئیگۆ بریتییە لە هەڵسوکەوت و کردارەکانمان لە واقعی ژیانی ڕۆژانە، ئید بریتییە لە ئارەزوو و خواستەکانمان، ئەمەش لە لایەن سێیەم توخمەوە بەرهەڵستی دەکرێت، کە سوپەرئیگۆیە، هێزێکی دەرەکی و چەپێنەر و سزادەرە، واتە بریتییە لە داواکارییەکانی دەوروبەر و ئەو کۆتوبەندانەی کە لەناو هەر کۆمەڵگەیەکدا بوونی هەیە.

سەرکوتکردنی ئارەزو و ویستەکان لە نەستدا، دۆخێکی ناجێگیری دەروونی بۆ مرۆڤ بەدی دەهێنێت. ئەوەی پێویستە، پاراستنی هاوسەنگییە. ئەگەر تاک توانیی بە شێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەل ئارەزووەکانی بکات، خۆی لە بەربەستەکانی کۆمەڵگە و خودی دەروونی ڕزگار بکات، ئەوە مرۆڤێکی ئازاد و بەرەو باڵایی و ئاسوودەیی ڕۆحی هەنگاو دەنێت. بۆیە دەبێت هۆشیار بێت و ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی بناسێت، تا زیاتر خۆی بناسێ، زیاتر دەتوانێت ئەم هاوسەنگییە ڕابگرێت.

لێرەدا لەناو دەقی ڕۆمانەکەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە جێکڵ حەزە چەپێنراوەکانی نەستی، ئەو حەزانەی لەبەر بەها باڵاکانی کۆمەڵگە و ناو ناوبانگی نەیتوانی تێریان بکات، هەوڵی دا لە فۆڕمێکی ئەخلاقی و عەقڵانی بەرجەستەیان بکات، هەر ئەمەش پاڵنەری لێکۆلینەوەکەی بوو. هەروەها زانیارییەکی ئەوتۆی سەبارەت بە ناسنامەی کەسێتیی خۆی نەبوو، بۆیە کاتێک گیراوەکەی لەسەر خۆی تاقی دەکاتەوە، لەپڕ کەسایەتییەکی تر لەو سەر هەڵدەدات، ئەویش هایدە. هایدێک، شەڕانگێز و نقومبوو لەناو ئارەزووە ڕەمەکیەکانی.

لە کۆتاییدا گرنگیی ئەم ڕۆمانە تەنها لە ڕووی دەروونناسی و کۆمەڵناسییەوە نییە، بەڵکو لە لایەنی زانستییشەوە پرسیاری ئەوە دەورووژێنێ، کە ئایا دەکرێت داهێنانی زانستی بگاتە ئەو ئاستەی لە ڕێی دەرمانەوە، گۆڕانکاریی ریشەیی لە ئەخلاقی مرۆڤ ڕوو بدات؟

  • ئەم ڕۆمانە لە لایەن جەبار سابیر، لە فارسییەوە وەرگێردراوەتە بۆ کوردی و ساڵی ٢٠١٦ چاپ و بڵاو کراوەتەوە

Rezan Fatah, Robert Louis Stevenson, The strange case of Dr Jekyll and Mr Hyde,