17/01/2019
DidiMn Logo
Top

پڕۆژەی ئێستا، پڕۆژەی چاوەڕوانبوون

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منپشتیوان کەمال

فۆتۆ: پشتیوان و شێنێ

پڕۆژەی ئێستا، پڕۆژەیەکی هونەریی وماڵپەری کلتووریی سولی ئۆنە و لە ڕۆژانی ٢٧-٣١\٣\٢٠١٧، لە ژێرزەمینی ئەمنەسوورەکەی شاری سلێمانی لە نماییشدا بوو. پڕۆژەی ئێستا بۆ ماوەی نۆ مانگ کاری تێدا کراوە، سەرەتای دەستپێکردنی ئەم پڕۆژەیە بۆ ساڵێک و سێ مانگ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بەڵام  نۆ مانگی تەواو کاریان لەم پڕۆژەیەدا کردووە. ئەم پڕۆژە هونەرییە شەش هونەرمەند بە حەوت کاری هونەری تیایدا بەشدارن.

پۆستەری پڕۆژەی ئێستا

ئازەر عوسمان، ڕێکخەری پڕۆژەکە، لەبارەی کۆنسێپتی پڕۆژەکەیانەوە بۆ دیدی من گوتی: “ئێمە کارمان لەسەر چاوەڕوانیکردن یان چاوەڕوانی لە کۆمەڵگەی ئێستادا کردووە. پڕۆژەکە پەیوەستە بەو کێشە و ڕووداوانەی کە لە کۆمەڵگەی ئێستای ئێمەدا ڕوو دەدەن، یان لەو واقیعەی کە ئێستا خۆمانی تیادا دەژین. ئەو شوێنەی ئێمە کارمان تیادا کردووە، بۆ دروستکردنی پرسیارێکی نوێیە، تا بتوانین لە فۆڕمێکی نوێدا پیشانی بدەینەوە، بە شێوازێک کارمان کردووە تاوەکو کێشەیەک بخەینە ڕوو لە بەرانبەر ڕۆڵی کلتووردا، چونکە کاتێکیش دەڵێین کلتوور، بەرکەوتەیە لەگەڵ ئەم کێشانەدا، بۆ ئەوەیە بتوانین کلتووریش ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە فۆڕمێکی تردا.”

هەروەها دەڵێت: “ئێمە هەمیشە دەڵێین هونەر کێشە دەخاتە ڕوو، ئەویش بە پیشاندانی وێنەیەک، جا ئەو وێنەیە چ واقیعی بێت یاخود وێنەیەکی خێرابێت لە گوزارشتیدا، کە لە بەرانبەر بینەردا دەیخاتە ڕوو. کارەکان هەریەکەو لە پرسیاری هونەرمەند خۆیەوە دەستی پێ کردووە، لە نموونەی کارەکان کە خۆتان دەیبینن، بە شێوەیەک کاری تیادا کراوە، کە بەر واقیعی کەسەکە خۆی بکەوێت، یاخود کەسێک ئەو تاکەی لە پڕۆژەکەدا بەشدارە لە کوێدا بەر چاوەڕوانی دەکەوێت، یاخود لەو دۆخەی ئێستا تیایدا دەژین، لە کوێدا شتێک دەبێتە پرسیارێکی دیاریکراو بۆی.”

هەڵوەرینی قژ

کۆکردنەوەی قژی خۆم کە لە ماوەی٢٧٠ڕۆژدا لە چاوەڕوانی و سترێسدا وەریون.

دیدەن عەلی

 بۆ کارە هونەرییەکەی دیدەن، خۆی لەویادا بەر چاوەڕوانی دەکەوێتەوە، لە بابەتێکی کۆمەڵایەتییەوە کە ئەویش هۆنینەوەی قژە، کاتێک باس لە چاوەڕوانی دەکەین، یاخود لە گێڕانەوەی شتێک کە پەیوەست بووە بەوەی تا چەند ئەو قژە دەهۆنیتەوە بۆ درێژبوونەوەی، بۆ ئەوەی ماوەکەی بزانیت. سێسەد و چلوپێنج دانە لە ژمارەی قژی خۆی، سێسەد و چلوپێنج دانە ڕۆژ دیدەن قژی خۆی هۆنیوەتەوە و کۆی کردووەتەوە و ئەم کارە هونەرییەی پێ ئەنجام داوە. واتە ڕۆژانە ئەم لەگەڵ کارەکەدا ژیاوە.

 لە کارە هونەرییەکەی ئازەر عوسماندا، ئەو کاری لەسەر دوو بەش کردووە، ئەوانیش ئەوەن کە پرسیارێکی ڕاستەوخۆ لە بینەر دەکرێت: ”ئایا ئەو چاوەڕوانی چییە؟” لایەنێکی تری کارەکە، بریتییە لە پەیوەستبوون بە میدیای نوێوە، میدیای نوێ ڕۆڵێکی کۆنترۆڵ دەگێڕێت، یان چاودێریکەر. ئەم کارە کارێکی ئۆنلاینە و لە شوێنێکی تر بەری دەکەوینەوە و بەر وەڵامەکەی خۆت دەکەویتەوە. بەشێکی تری بریتییە لەو ترسەی کە لە بەرانبەر کامێرادا، لە بەرانبەر ئۆنلایندا هەیە. ئەو ترسەی هەتە کە ناتەوێ بگوازرێتەوە بۆ ئەوی دیکە، هەمیشە دەتەوێت لە چوارچێوەیەکدا بمێنێتەوە، کە پارێزراو بێت.

ئازەر دەڵێت: “زۆرترین وشە کە لە پڕۆژەکەی مندا نووسراوە، وشەی هیچە، یاخود گۆدۆ، چەند جارێک ئەم وشەیە نووسراوەتەوە، بۆیە دەبینین ڕەنگە ئەمە بەرکەوتەیەکی شانۆییش بێت. بەتاییەتی لەسەر دۆخی ژینگە شتی نووسیوە یاخود کلتوور یان سیاسەت. من لێرەدا کارم لەسەر ئەوە کردووە. لە دوو شوێندا کارم کردووە و شوێنت بۆ دیاری دەکەم بۆ ئەوەی ترست نەبێت و ترست بۆ دروست نەبێت و سەربەست بیت لە وەڵامەکەتدا، سەربەست بیت لەوەی کە پرسیارێکت لێ دەکرێت.”

خاتوو ڕووز بە دوو ئیش بەشدارە، لە کاری یەکەمدا ئیشی لەسەر ژماردنی ڕۆژەکانی خۆی کردووە. کارەکە کارێکی پێرفۆڕمانسە، ئیشی لەسەر ژماردنی ڕۆژ کردووە، کە ئەمە خەڵکیش تیایدا بەشداری دەکات. وەک یارییەک وایە و خەت دەکێشین. “ئەو لێرەدا کاری لەسەر پووچی کردووە، یاخود ئەو پاسیڤییەی چاوەڕوانی، کە هەر چاوەڕێ دەکەیت و بە هیچیش ناگەیت. وەکو ئاماژەم پێ دا، هەموو ئەمانە پەیوەستن بە کۆمەڵگەی ئێمەوە، بۆ نموونە ئێمە هەموومان چاوەڕوانین و هیچیش ڕوو نادات”؛ ئازەر گوتی.

 کاری دواتر بریتییە لە کارەکەی بەهرۆز خالید، کە کارێکی هونەریی مینیماڵە و کاری لەسەر فۆڕمێکی خێرا کردووە، کە ڕاستەوخۆ پێت دەڵێت تۆ چاوەڕێیت.

هەروەها ئازەر گوتی: “شتێکی جوانی تری ناو پڕۆژەکە، ئەوە بوو کە ڕاستە خۆمان کارمان لەسەر چاوەڕوانی دەکرد، بەڵام خۆیشمان لە هەمان کاتدا بەر چاوەڕوانی کەوتین. چاوەڕوانی ئەوەین کە بەردەوام فۆڕمەکان دروست ببێت، چاوەڕێی ئەوەین کە گفتوگۆکانمان چڕتر بێت، چاوەڕێی ئەوەی فۆڕمێک دروست بکەین ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو واقیعەدا بێت کە خۆمانی تێداین.”

مووچە

مووچە دیارترین بابەتی چاوەڕوانییە لەم بارودۆخەی ئێستادا بە جۆرێک هێندەی چاوەڕوانییە بۆ لێدانی دڵ و لە کار کەوتنی.

گۆڤار بابە

گۆڤار کاری لەسەر مووچە کردووە، ساڵەکانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٧، لە ساڵی ٢٠١٤ چەند مووچە دراوە و ساڵانی دواتریش. هەموو ئەم کارە پشتی بە داتا بەستووە و داتاکان لە وەزارەتی دارایی وەرگیراوە.

دواهەمین کار، کاری شێرۆیە و بەرکەوتەی لایەنە سیاسییەکانە. تۆپێک هەڵدەدرێت، لای شێرۆ ئەو تۆپە چارەسەرە و ئەوانەی لە ناو خانەکاندان لایەنەکانن، لەوانە حکومەت و پەرلەمان و حیزبەکان و تا دوایی. تۆ یاری بە تۆپەکە دەکەیت، تا بزانیت چارەسەر لای کامیانە، بەڵام کاتێک یاریی پێ دەکەیت، دەبینین کە چارەسەر لای هیچیان نییە و تۆپەکە لای هیچیان ناوەستێت.

سەرەتا چارەسەر دواتر گەڕان، بە دوای لایەنی بەرپرس و پەیوەندیدارپاشان چاوەڕوانکردنی ئەنجام ٨ لایەن بوونیان هەیە لەم قەیرانە.

بەڕای تۆ کۆتایی لای کێیە؟

شێرۆ بەهرەدار

سەبارەت بە کۆکردنەوەی ئەم هونەرمەندانە بۆ دروستکردنی ئەم پڕۆژەیە و کارکردن لەسەر هەمان کۆنسێپت، کە ئەویش چاوەڕوانییە، ئازەر گوتی: “دەتوانم بڵێم ئەمە مێژوویەکی هەیە. من لە ٢٠٠٧ەوە وەک ڕێکخەری هونەری کارم کردووە لە بواری هونەری نوێدا. وەک ڕێکخەری هەشت پڕۆژە کارم کردووە. پێشتر وەک گرووپی سولی ئۆن کارمان کردووە و ئێستاش وەک ماڵپەری سولی ئۆن. ئەمە دووەم پڕۆژەی وێبسایتی سولی ئۆنە. پڕۆژەی یەکەم پڕۆژەی Touch بوو، ئەمەشیان پڕۆژەی ئێستا. وەک چۆن خۆمان لە بواری کلتووردا کار دەکەین، خۆمان بە بەرپرسیاریش دەزانین کە پڕۆژەمان هەبێت و تەنها لە چوارچێوەی تێکستدا کارەکانمان نەکەین. وەک ئەزموونی خۆم، لە دروستکردنی پڕۆژەدا، کۆنسێپتی کارەکان دەنووسمەوە و کۆنسێپتەکەش لە بۆشایی ناو خەڵکەوە وەردەگرم. هەمیشە حەزم کردووە لەو بابەتەدا کار بکەم کە بەر خەڵک دەکەوێتەوە. لە پڕۆژەکەی پێشترمان، Touch، کارمان لەسەر ئەوە کردبوو کە تەکنەلۆژیا چ کاریگەرییەک لەسەر تاک دروست دەکات، وەک دەبینین چاوەڕوانی لە هەموو چینوتوێژێکدایە، چاوەڕوانیی باشبوونی مووچە، چاوەڕوانیی کارەبا، قەیران نەمێنێت، جەنگ نەمێنێت، هەموو شتێک، هەموو شتێک وابەستە دەبێتەوە بە چاوەڕوانییەوە، بەڵام کەسیشمان جووڵەمان نییە. لێرەدا ئیشی کلتوور ئەوەیە قسەی هەبێت و ئایا دەبێت چی بکات؟ هەر ئەمەش ئەو پڕۆژەیەی دروست کردووە.”

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە چاوەڕوانی چ پەیوەندییەکی بە مۆدێرنەوە هەیە، ئازەر گوتی: “تایبەتمەندیی من لە میدیای نوێدایە. میدیای نوێ هەمیشە نوێ دەبێتەوە. ئەم نوێبوونەوەیە هەمیشە خەڵک کاری لەسەر دەکات، بەرکەوتەی هەیە لەگەڵیدا، بەڵام پرسیار ناکات بۆ، کاتێک بەر تازەترین تەکنەلۆژیای مۆبایل دەکەوین، بەر تازەترین ئەپدەیتەکان، بەکاری دەهێنین، بەڵام نازانین بۆ، نازانین ئۆنڵاین بۆ، تەنها وەک چاتێک دەیبینینەوە. لەو وردەکارییە تێناگەین کە لە ناو میدیادا بۆ دروست دەبێت، لەو سیستەمە سیاسییە تێناگەین کە بۆ میدیا دەخاتە ناوەوە، دەیەوێت چی کۆنترۆڵ بکات، چ پرسیارێک بکات یاخود چ بزنسێکی پێوە بکات. بۆیە زیاتریش کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەین، چونکە بابەتێکە ڕۆژانە بەری دەکەوین و ڕۆژانە لەگەڵیدا دەژین. کاتێکیش پڕۆژەکە دەخەمە بەردەم هونەرمەندەکە، کۆنسێپتەکەی دەخەمە بەردەم وەک ڕێکخەرێک، جۆریک لە هەڵبژاردەیان دەدەمێ تاوەکو هەڵبژاردەکان لە نێو میدیای نوێدا بێت.”

Amna Swraka, Art Exhibition, Azar Osman, Esta, Sulyon,