23/07/2024
DidiMn Logo
Top

ڕۆمانێکی نووسەری ئەمەریکی جودی بلووم دەکرێتە کوردی

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منئاراس عەبدولڵا

خوایە تۆ لەوێی؟ منم مارگرێت، ناونیشانی ڕۆمانێکی نووسەری ئەمەریکی جودی بلووم‌ـە، کە هەژار عوسمان لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردی و بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە لایەن ناوەندی غەزەلنووس‌ـەوە چاپ و بڵاو بکرێتەوە. ئەم ڕۆمانە لەناو ئەدەبی جیهاندا گەلێک ناودارە و بەم چاپە کوردییەیەوە ١٥٠ جار بە زمانە جیا جیاکانی دونیا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

JudyBlume2009(cropped)

جودی بلوم

دەربارەی ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانە، هەژار عوسمان وەرگێڕی ڕۆمانەکە بۆ خوێنەرانی دیدی من گوتی: “ڕۆمانەکە باس لە کچێک دەکا بە ناوی مارگرێت، کە لە دایکێکی مەسیحی و باوکێکی جوولەکە لەدایک بووە و هەردووکیان دەستیان لە ئایینەکانی خۆیان شتووە وازیان لێ هێناوە،  ڕێگەیان بە کچە دوانزە ساڵانەکەشیان داوە کە بۆ خۆی ئایینێک لەو نێوەدا هەڵبژێرێت- هەڵبەت ئەگەر بیهەوێت ئایینی هەبێت. هەر لە دوای بارکردنیان لە نیویۆرک سیتی‌ـیەوە بۆ ناوچە کەنارنشینەکانی نیو جێرسی و تێکەڵبوونی بە کۆمەڵە کچێکی دیکەی هاوپۆلی خۆی، مارگرێت کەڵکەڵە و پرسیار و خەمی مەمککردن و عادەبوون و هەڵبژاردنی ئایین دەکەوێتە سەری و بەدرێژاییی ڕۆمانەکە لەگەڵ ئەم باسانەدا دەژی و دەخوا و دەخەوێ و دەبنە گرفت بۆی.”

73507_125023197671744_1779775354_n

هەژار عوسمان

سەبارەت بە گرنگیی ئەم ڕۆمانە بۆ خوێنەرانی کوردی زمان، وەرگێڕی ڕۆمانەکە ڕوونی کردەوە: “ئەگەر ڕۆمانەکە پوخت وەک ئەدەبی لاوان وەربگرین و لەو ڕووەوە باس لە گرنگییەکەی بکەم ، ئەوا دەکرێت بڵێم گرنگە بۆ هەمان ئەو ترس و کەڵکەڵە و خەمەی لای مارگرێت‌ـە کوردەکانیش هەن، دەکرێت ئەم کتێبە کۆمەک بە مارگرێت‌ـەکانی ئێمەی کوردزمان بکات، تا وەک ئەو بەدرێژایی نزیکەی یەک ساڵ لە ترس و قەلەقی و گریاندا ڕۆژ نەکەنەوە و نەیگوزەرێنن. ئەگەر وەک دەقێکی سەربەخۆی ئەدەبی، کە بە بڕوای من دەقێکی ئەدەبیی گرنگیشە، سەیری ڕۆمانەکە بکەین، ئەوا گرنگییەکەی لە تەکنیکە مینیماڵیستی و ستایڵی نووسین و پلۆتە ئێجگار پتەوەکەی و تیشک خستنە سەر تەنز و ئەو زمانە بەڕیتم و تۆن و سادەیەیە کە بیانی ڕۆمانەکەیان کردووە. ”

گوتیشی: “ئەم ڕۆمانە بە چاپە کوردییەکەیەوە ١٥٠ـیەمین جاری چاپیەتی ‌و بۆ حەوت زمانی جیاواز وەرگێڕدراوە‌ و لەجیهاندا بە ملیۆنان خوێنەری هەبووە. گۆڤاری تایمزـی بەڕیتانی بە یەکێک لە باشترین ئەو ڕۆمانانەی داناوە کە لە ساڵی ١٩٢٣ـەوە هەتا ئێستا بە زمانی ئینگلیزی نووسرا بن.”

هاوبەشی بکە

ArasAbdulla, Are you there God? Its me Margrette, Hazhar Osman, Judy Blume,