23/07/2024
DidiMn Logo
Top

گفتوگۆى موحسین چاوەشى دەربارەی دوایین ئەلبومی خۆی، ميرى بێ زيان

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

چاوەشی دەربارەی بەرهەمەکانی درامای “شەهرەزاد” قسە دەکات

دیدی من – وەرگێرانی لە فارسییەوە: سەلیم جەمال

لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی “شەرق”ی وڵاتی ئێران لەگەڵ هونەرمەندی بەناوبانگ موحسین چاوەشی، گفتوگۆیەکی هونەرمەندی ناوبراو بڵاوکراوەتەوە دەربارەی دوایین ئەلبومیی ئەو هونەرمەندە”میری بێ زیان” کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە وڵاتی ئێران بڵاوکرایەوە، چاوەشی هاوکات باس لە بەرهەمەکانی خۆی دەکات بۆ درامای “شەهرەزاد” کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو لە وڵاتی ئێران و ڕیکۆردی نوێی لە بەرهەمە موزیکییەکانی ئەو وڵاتەدا تۆمار کرد. دیدی من سەرجەمی ئەو دیمانەیە بۆ خوێنەرانی بە زمانی کوردی بڵاودەکاتەوە.

زۆرجار بۆ هونەرمەندان كاتێ لە بەرهەمێكيان سەركەوتوو بوونه، بەرهەمهێنانى كارێكى تر ڕاستەوخۆ لە دواى ئەو، ڕيسكێكى گەورەى هەيە، ئەلبومێكى نوێی تۆ بڵاوبووەتەوە و لە يەكەم پرسيارمدا، دەمەوێت هەستى دەرونیى تۆ لە بارەى ئەو ئەلبومهوە بزانم، ئايا ئەم ڕيسكە لەگەڵ بارودۆخى تۆش گونجا؟ نيگەران نەبوويت لەوەى كە نەتوانيت بە رێكۆردى گۆرانى ” كجايى؟ ” لە دراماى شەهرزاد بگەيت؟

موحسین چاوەشی: لە سەرەتا دا بۆ وەڵامدانەوەى پرسيارى تۆ دەبێت بڵێم كە شوناس و زاتى ئەم دوو بەرهەمە جياواز گەلێكى زۆريان لەگەڵ يەكترى هەيە، بە هەرحاڵ، ئەو كارانەى بۆ دراماى شەهرزاد بەرهەمهاتن، بەپێى بنەما و ڕێسا و ئەو مەنتقەى كە تايبەت بوون بە دراماى شەهرزاد دروستكران و لە قاڵبى دراماكە يا بە ڤيديۆ كليپ بڵاوبوونەوە، لە ڕاستيدا بەشێوەى ڕاسپاردە بوو كارەكان، هەڵبەتە من شكل و شێوەى ئەم ڕاسپاردەيەم كە لە فۆڕمى دراماكە پێشان دەدرا بە دڵ بوو، و لە ڕابردووشدا ئاماژەم بەوەكرد، بەڵام لە بارەى ئەو ڕيسكەى كە تۆ ئاماژەت پێدا؛ پێم وابێت بۆ هەركەسێک ئەم ڕيسكە بوونى هەيە؛ بەڵام ئامارى بەرز و ئەو ڕێكۆردانەى كە گۆرانيەكانى دراماى شەهرزاد بەدەستيان هێنا، هەرگيز نەبوونه هۆى نيگەرانیی من؛ چونكە لەگەڵ ئەم ڕووداوانە ئاشناييم هەيە و بێ ئەوەى كە تێكەڵ و بە قەولى تۆ نيگەران ببم، هەوڵ دەدەم تەركيز(فوكۆس) بكەم لەسەر كارەكانى داهاتووم. “شەهرزاد” چيڕۆكى شەهرزاد بوو و “ميرى بێ زيان “یش، چيڕۆكى محسن چاوشى.

13418879_1016527595096295_7085632584300873109_n

لە ئەلبومى نوێدا، ئێمە لەگەڵ تۆ وەك پێگە و پۆستى گۆرانىبێژ نا، بەڵكو وەك پۆستى ئاوازدانەريش ڕووبەڕوين، هەروەها ئەو موزيكانەى كە بەرهەمت هێناون نوێگەريەك لەخۆى دەگرێت، بە جۆرێک؛ ئاوێتەيەكى ڕۆژهەڵاتى(ئاسيايى) لە موزيكى گۆرانيەكان هەستى پێ دەكرێت، كە كەمتر لە موزيكى ئێرانى جێگە و پێگەى خۆى هەبووە. ئەم هەوڵ و كۆششە لە كوێوە هاتووە؟ محسن چاوشى چۆن چۆنى بەم ئاوێتە كردنە گەيشتووە ؟

موحسین چاوەشی: سەرەتا خۆشحاڵم كە تۆ ئەم درك و هەستەت لە نوێگەرى و خاڵە سەرەكيەكانى ئەو موزيكانە هەبووە و ئەم بۆشاييیانەت هەستپێكردووە لە موزيك. لەم ئەلبومەدا هەوڵدرا كە خاڵە سەرەكيیەكان و نوێگەریی جياواز بەكاربهێنرێت، لە ڕۆژهەڵات تاكو ڕۆژئاوا، لە جێگەی جياواز، دەنگ و ئاوازى نەتەوەيى و فۆلكلۆرى ئێران تا وڵاتانى ديكە، لەوانەيە بەشێكى ئەوە بەهۆى ئەمە بێت كە خودى من لە بنەڕەتدا موزیکە جیهانییەکان زۆر گوێ لێ دەگرم و بێجگە لە گوێگرتنيش، سەرنج دەخەمە سەر كواليتى. هەروەها بەهاى هونەریى ئەوان بۆ من گرنگە. ئەوانيش لەسەر شيعرەكانى مەولانا گۆرانى دەچڕن و گەر سەرنج نەخەينە سەر دەنگى گۆرانيبێژ، دەبێ سەرنج بخەينە سەر ئەو خاڵەی كە لە ڕێكخستن و ئاوازدانانيان چى ئەنجام دەدەن، لە چ كواليتيەك زياتر سوودمەند دەبن، هەڵبەت من واى بۆ دەچم زۆرێك لەو موزيكانەى لە ئێران بەرهەم دێن دەنگى باشترە لەو موزيكانەى كە لە ئەوروپا بەرهەم دێن، يا هەر چۆنێك بێت لەوان شتێكى واى كەمتر نييە، لە سەرەتادا كە لەسەر شيعرەكانى مەولانا كارم دەكرد بۆ ئەم ئەلبومه، دڵخوازبووم سنوورەكان لەسەر شيعرەكانى مەولانا هەڵبگيرێن؛ هەر بەو شێوەيەى كە خودى مەولانا سنوورێكى نييە و گشت جيهان سەرسامى ئەوە. مۆسيقا، زمانى هاوبەشى گشت دونيايە و ئەگەر تۆ ڕوانينێكى باشت هەبێت، بە دڵنياييەوە دەتوانيت جێگەيەك بۆ خۆتان لەنێو ئەم زمانە هاوبەشە فەراهەم بكەيت؛ جا هەر كەسە و بەپێى قەبارە و چۆنيەتى تێڕوانينى لەم بابەتە دا .

ئەلبومى نوێ كەمێك دواکەوت و درەنگ بڵاوبۆيەوە، هۆكارى ئەوە چى بوو؟ هۆكارى تەكنيكى ڕێگر بوو يا شتێكى تر ؟

موحسین چاوەشی: زياتر هۆكارى تەكنيكى بوو. خۆشبەختانە لەگەڵ تيمێك كارم كرد كە بە ئەندازە يا زياتر لە من لەم كارەدا هەستيارى و هيلاكيیان نواند، ئێمە هەوڵماندا باشترين و ناوازەترين ئەلبوم پێشكەش بە خەڵك بكەين. لە ڕاستيدا گەر بتەوێت ئەلبومێك بە پەلە پەل و بێ سەرنجدان بەرهەم بهێنیت و بڵاوىبكەيتەوە، دوو هەفتە زياتر ناخايانێت؛ بەڵام ئەگەر بڕيار وابێ ورد ورد و نۆت بە نۆت لە بەيانى تاكو شەو خەريكى گۆرانيەكان بيت، ئەم پاشكەوتنوو درەنگ بڵاوبوونەوەيە ئاساييیە. “ميرى بێ زيان ” ئەلبومێكى تايبەت بوو بۆ من. يەك بە يەكى شيعرەكانى كە لەم ئەلبومەدا هەن، هەزاران جار لەگەڵ خۆم و لە تەنياييدا بە موزيك و بێ موزيك خوێندومەتەوە و لەگەڵيان ژياوم. مەولانا تايبەتە. لە شوێنێكى تر وەستاوە. خۆى بەسەر مندا سەپاند. با بوگزەرێين… بە هەر حال من لە هەموو ئەو خەڵكانەى كە خۆڕاگرى و سێبووريان نواند، سوپاس گوزارم و ئومێدەوارم ئەوە بزانن كە هەموو ئەو پاشكەوتن و دواكەوتنە لەبەر خاترى ڕێزگرتن و هەست و تەركيزى گوێگرتنى موزيكەكان و هۆشيان بووە .

بەپێى وتەكان زياتر پێداگر بوويت لە هەڵبژاردنى شيعرەكان؛ ئێستا ئيتر شاعيرى جێگيرت نيیە و هەندێک جاریش پەنادەبەیتە بەر شیعرە کلاسیکییەکانی شاعیرانی کۆنی ئێران، ئەم هەڵبژاردنە لە ڕوانگەى جيهانییەوە، دروست و ڕەوايە؟ يان كارێكى نەتەوەيى و فۆلكلۆرە و بۆ مەوداگرتنە لە جەنجاڵى دنياى شاعيرانى تازە؟

موحسین چاوەشی: بەداخەوە زۆر دەمێكە ئەم ناوانە هەن كە قسە دەكەن و نيازيان وايە، نەك نەريتەكان. بەڵام بۆ من هەرگيز گرنگ نييە ناوى چ كەسێك لە پاڵ شيعر يا هۆنراوەيە. هەر وەكو لە وەڵامى پرسيارى پێشوتان ئاماژەم پێدا. من بە دواى ئەو شيعرانە دەگەڕێم كەوا خۆى بەسەرمدا بسەپێنێت هەروەها ئێسکەکانی، ئێسقانەكانم تێكبشكێنێت. ئێستا چ جياوازيیەكى دەبێت كە شاعيرى ئەو شيعرە چ كەسێكە؟ بەداخەوە شتێك كە زۆر كات من ئەيبينم ئەمەيە كە هەندێک شاعیر بەبێ کاریگەریی لەسەر گۆرانیبێژ، کە هەستەکانی گۆرانیبێژ بەیان بکات، شیعرەکانیان ناتوانن کاریگەری بەجێ بهێڵن و بنیشنە سەر دڵ.

13445478_1016569948425393_8533676064175130079_n

بەشێوەيەكى نهێنى و تايبەت ئەم پرسيارەش دێتە پێش؛چى بووە كە ئيتر هەواڵێك لە شاعيرانى كارەكانى ڕابردووتان نييە؟ ئەو هاوڕێيەتيیە هێشتا هەر لەسەر جێگەى خۆيەتى؟

موحسین چاوەشی: بەڵێ. هيچ كێشە و گرفتێك بوونى نييە و ئێستاكەيش لەگەڵ يەكترى هاوڕێ و لە پەيوەندى داين.

١٨ مليۆن بيسەر و بينەری گۆرانى ” كجايى؟- لە كوێى؟ ” پەيامێكى شاراوەى بۆ منى گوێگرى كارەكانى تۆ هەبوو؛ ئەوەيە كە هەندێ جار بۆ پتەوكردنى پەيوەندى نێوان هونەرمەند و گوێگر پێويست بە جەوهەر و ناوبژيوانكار، يان واستە هەيە، بۆ نموونە دراماى “شەهرزاد” بۆ تۆ بوو بە جەوهەرێك و ناوبژيوانێك تاكو گۆرانيیەكانى وەك “كجايى”، گوێگرانێكى زياتر بدۆزێتەوە. ئەگەر لەگەڵ ئەم بۆچوونە هاوڕايت، پێتوایە چ ناوبژيوانكار و واستەیەكى ترت ئەنجام دەدا تاكو پەيوەنديت لەگەڵ گوێگران دوو هێندەى تر بووايە؟

موحسین چاوەشی: من وا بیردەكەمەوە هيچ واستە و ناوبژيوانكارێك بوونى نييە و كار گرنگترين جەوهەرە لە نێوان ئەم دووانە. تەنيا و تەنيا بابەتى تەكنيكى گرنگە و دەبێ هونەرمەند و گوێگران لەپاڵ يەكترى بڕوێن و گەشە بكەن، نەوەك لە دۆخێك بمێنيت و پێشنەكەويت. زۆر بە ڕاشكاوانە دەڵێم من ئەهلى پاشكەوتن و بەرەو پێش نەچوون نيم. بۆ من زۆترين لەزەت لە هەوڵدان و كۆششە؛ هەميشە هەوڵدان. تاكو ئەگەر ئەو هەوڵ و كۆششە باش نەبێت و لە دواى ئەو بە تەواوى ناڕازى بم، ديسان هەوڵ و كۆششێك بوونى هەبووە كەوا لە كاتى خۆى بيرم لێ كردۆتەوە و دەبێ ئەنجامى بدەم، ئەگەر ئەم كارە نەكەم، دەڕزێم و دەمرم.

لە چۆنيەتى دەربڕينى دەنگ (مێلۆدى) و هەڵبژاردنى هۆنراوەكانى تۆ، غەمێك بوونى هەيە، كە بۆ زۆرێك لە گوێگرانى تۆ بە نۆستالۆژى، يان دڵتەنگیی بۆ عەشەقە لەدەستچووەکان ڕاڤه دەكرێت، بەڵام زياتر پێدەچێ ئەم خەمە، خەمى لەدەستدانى شتێك لە مێژوو و تەنانەت جوگرافياى سياسەت بێت. كاتێ بەسەر شێر دا دەڵێيت، كاتێ لەسەر مير دەخوێنيت، ئايا ئەمانە مانايەكى تريان هەيە؟ ئايا هەڵبژاردنى شيعرێك لە مەولانا بيانوويێك نييە بۆ ئەوەى كە ڕوانينى خۆت بە تايبەت لە دونياى ئيمڕۆ دا بەشێوەيەكى پەنهان يان شارراوە بەيان بكەيت؟

موحسین چاوەشی: خۆت بە باشى وەڵامى خۆت دايەوە. غەمى لە دەستدانى شتێك، ماناكەى خۆت بينووسە.

13445783_1016527655096289_1303953609696362780_n

لەوانەيە هەزار جار وەڵامى ئەم پرسيارەت دابێتەوە يان لە تۆيان پرسيبێت، بەڵام بە بۆچونى من دواى پێشهاتى دراماى شەهرزاد و بڵاوبوونەوەى ئەم ئەلبومە، كاتى ئەوە هاتبێت كەوا بەشێوەيەكى جدى و كامڵ وەڵامى ئەم پرسيارە بدەيتەوە، بۆچى پەيوەندى لەگەڵ گوێگرانت بەشێوەى ڕاستەوخۆ و لايڤ پەسند ناكەيت؛ ئەويش لە گۆڕەپانێك كە گۆرانيبێژەكان، بە گشتى داهاتێكى زۆر باشیان تێدا دەستدەکەوێت؟

موحسین چاوەشی: ئێستا دۆخم باشە. تەواوى ڕۆژ و شەو كاتم هەيە كار بكەم و لە خەڵوەتگەى خۆم شتێك دابهێنم، ڕۆژێك كە كاتى كۆنسێرت سازكردن بڕەخسێت، بە دڵنيايى ئەم كارە ئەنجام دەدەم، بەڵام ئێستا هيچ پەلەيێكم نييە بۆى.

يەكێك لە هۆنراوەكان كە لەم ئەلبومدايە و لە تراكى يەكەمى ئەلبوم جێگيرە، ئەم ڕۆژانە بووەتە قسەو باسى ئەملاو ئەولا واتا “ميرى بێ زيان “، ئاوازەكان بە بانگى “موئەزن زادەى ئەردەبيلى” دەست پێدەكات و بە ئاوازەكانى كە ئێرانى نين و زياتر وەك نزا كردنن، كۆتايى پێدێت. دەمويست لە دەستپێك لەبارەى ئەو ڕێكخستنانەى كە لەنێو ئەم ئەلبومەدا هەتبوون، پرسيار بكەم، لە ڕێكخستنى گۆرانيەكانت زياتر لەسەر چ شتێك سەرنجت هەبوو؟

موحسین چاوەشی: ڕێكخستن شتێك نييە كە بكرێ لە بارەيەوە بەشێوەيەكى زۆر تەكنيكى باسى لێ بكرێت و بگووترێت، بۆ نموونە پێكهاتووە لەم شتانە. بە هەرحال بۆ من بەم شێوەيە نييە و زۆركات ناكرێ بۆ هەموو شتێك مەتر و پێوەر و هێڵ و شێوەى ئەندازيارى پەيڕەو بكرێت. بەم كارانە تەنيا دەتوانيت يارمەتى كواڵێتى كارەكان بدەيت، بەڵام جۆر و كوالێتى هەر كارێك پەيوەستە بە ئەو. من ناتوانم زۆر لەسەر پێكهاتەى ئەم بابەتە قسە بكەم. حاڵێك كە بە دەست مرۆڤ دەگات و تۆ لە باسكردنى ئەو دۆخە و چۆنيەتى پێگەيشتن بەو دۆخە، زمان و وشەى داماوت پێيە. دۆخى من بە تايبەتى لەگەڵ مەولانا بەم شێوەيە بوو، لە بەشى هۆنراوەكان چيڕۆكێك بوونى هەيە و ئەو چيڕۆكە زۆر كات پێت دەڵێت چى بكەيت و چى نەكەيت. بە تايبەتى بەشێك لە هۆنراوەكان لەگەڵ ژيانى ماددى ئێمە لە پەيوەندىدايە و دەشێت بگوترێت، هەوڵ و كۆششى هاوبەشى مرۆڤەكانە كە ئالوگۆڕ كراوە و بووە بە شيعر. بەڵام بەتايبەتى لە شيعرەكانى مەولانا تەنيا ڕۆح و گيان بەرجەستەيە و مسۆگەرە لەنێويدا. لە گۆرانىی “ميرى بێ زيان” لەنێو هزرى مندا هەموو خەريكى نزا كردنن. هيچ داوەريیەك يا ناوبژيوانيێك دەربارەى هيچ مرۆڤێك بوونى نييە. هەموويان گرێدراو و لە دۆخى پەرستن و نزا كردنن؛ چ ئەو دەنگەى موئەزەن زادە چ دەنگى ئەوانى دى. هيچ داوەرییەك بوونى نييە. هەموويان بەيەك جێگە لكێنراون و لەگەڵ سروشت بوونەتە يەك. هەموويان جێگەى ڵوتف و بايەخ پێدانن. لەم گۆرانيەدا مرۆڤەكان، ئەمنيەت و ئاراميیان هەيە. دۆخيان باشە. من خۆشحاڵم بە گوتەى تۆ كە ئەم دۆخە باشە، گواستراوەتەوە بۆ ئەوانەى كە گوێیان لە ئەلبومەکە بووە. بەو شێوەيەى كە گوتم، زۆركات ئەندازيارى و هێڵ كێشان وەڵامدەرەوە نييە و تەنيا دەبێ دڵ بسپێرى و دڵى بۆ دابنێيت، ئەم گۆرانيەم لە تراكى يەكەمى ئەلبوم جێگير كردووە تا هەموو گوێگرێك وەك من هاوبەش و شەريكى ئەم ئاراميیە بێت.

لە ڕێكخستنى گۆرانيەكانى ئەلبوم ناوى بەهرۆز سەفاريان دەبينرێت، كە نيگايێكى ناسراوى بوارى موزيكە، هەروەها فەرشادى هێسامى و لاوێك بەناوى عادلى رۆحژەن، يان هەمان روحنواز كە ژەنيارى ئەلكتريك گيتار بووە لەم ئەلبومە دا. پێدەچێت لەسەر ئەم بابەتە بۆ ناساندنى هونەرمەند و كەسانى لاو و تازە پێگەيشتو زۆر پێداگر بيت؟ .

موحسین چاوەشی: لە ڕاستيدا من لە هەموو ئەو هاوڕێيانەى كە لەم ئەلبومەدا بە دڵسۆزانە لەگەڵ من كاريان كردووە، سوپاس گوزارم. ڕاستی هيچ كاميان بۆ هاوكارى كردنى ئەم ئەلبومە درێخيان نەكرد، بە تايبەتى بەهرۆز، فەرشاد و عادل. بەهرۆز سەفاريان، هەميشە دڵسۆزانە بۆچوونى خۆى لە بارەى يەك يەكى كارەكان بە من دەگوت و لەگەڵ يەك هاوبير و هاوڕا بووين لە زۆربەى كارەكان تا بەشێوەيەكى كۆتايى بگەين بە ئەنجام. بەهرۆز بە هەموو ئەو پەرێشانى و پڕكاريەى خۆى لە خۆڕانەگرى و بێتاقەتیی من ئاگادارب و ئاگادارە، هەميشه لەكاتى خۆى كارەكانى ڕادەپەراند و ئەگەر كێشەيێك بهاتبايە پێش بە خێرايى چارەسەرى دەكرد و كارەكانى ترى خۆى وەلا دەنا. فەرشادى هێسامى لە بەشى ميكس و ماستێر، لە ڕاستیدا بە نيەتێكى پاك و دڵسۆزانە هەوڵ و كۆششەكانى لە هەمبەر من دانا و زۆربەى جار پێكەوە بەسەر گۆرانيەكاندا دەچووينەوە و گفتوگۆمان لەسەرى دەكرد، تا بگەينە دوا ئەنجام. فەرشادى هێسامى تا بڵێى مرۆڤێكى قابيلى ڕێز و باوەڕپێكراوە. عادليش لە ڕاستيدا بۆخۆى بليمەتێكە و هەقى وايە زۆر لەمە زياتر ناوبانگى و بليمەتيەكەى بناسرێت، پەيوەندى من و عادل، پەيوەنديێكى ڕاستەقينە و هاوڕێيانەيە ئەوەندەى كە ئەم كوڕە وەك مانگ جوانە و هەڵبەتە خۆش ستايليشە. من واى بۆ دەچم عادلى رۆحنەواز لە ئێران باشترينە. ئەمە تەنيا بۆچون و قسەى من نيیە، پێشبڕكێى جيهانى ئەمە دەڵێت، كە عادل خەڵاتى ژەنيارى ئەلەكتريك گيتارى تێدا وەرگرت. لە ڕاستيدا من زۆر خۆشحاڵم لە بوونى ئەم هاوڕێيانە لە كەنار خۆم و دەستيان بە ميهر و گەرمى دەگوشم .

سەرچاوە : ڕۆژنامەى شەرق

هاوبەشی بکە