دیدی من
سه‌ركه‌وت جه‌بار
لویس بۆنوێڵ جارێكیان گوتبووی: “كاتێک بۆ یه‌كه‌م جار فیلمی پرته‌قاڵی میكانیكیم بینی، حه‌زم لێی نه‌بوو. به‌ڵام دواتر دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێكی دیكه بینیمه‌وه، بۆم ده‌ركه‌وت باشترین فیلمه كه ده‌رباره‌ی سه‌رده‌می مۆدێرنه دروست كرابێت.” یەکەم بینینی فیلمی نامه‌یەک بۆ پاشای هیشام زه‌مان هه‌مان حاڵه‌تی بۆ منیش دروست كرد؛ هه‌ر له كاتی ته‌ماشاكردنی فیلمه‌كه‌وه ڕقم له چه‌ند به‌شێكی و هه‌ندێك كاره‌كته‌ری بوو، فیلمه‌كه‌م پێ باش نه‌بوو، نه‌مده‌توانی لینكی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ر و ڕووداوه‌كان دروست بكه‌م. بۆیه فیلمه‌كه‌م به‌گشتی لا باش نه‌بوو، به‌ڵام سینه‌ماتۆگراف و ده‌نگ و ڕووناكیی فیلمه‌كه‌م پێ باش بوو، له هه‌ندێک شوێنیش‌دا تووشی شۆک ده‌بووم، كه چۆن ده‌رهێنه‌رێكی كورد ده‌توانێت هێنده عاقڵانه فره‌یمه‌كانی دروست بكات و هه‌ستی كاره‌كته‌ره‌كانی به باشی بۆ ئێمه بگوازێته‌وه.
له یه‌كه‌م بینین‌دا كاره‌كته‌ری میرزا بێزاری ده‌كردم، پێم وا بوو ئه‌م كاره‌كته‌ره زیاده‌یه و زیان به فیلمه‌كه ده‌گه‌یه‌نێت. به‌ڵام ئه‌مشه‌و گرنگیی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌م بۆ ده‌ركه‌وت، كه جارێكی دیكه سه‌یرم كرده‌وه. میرزا ده‌یه‌وێت له ڕێگه‌ی وه‌همێكه‌وه كه خۆی بۆ خۆی دروستی كردووه درێژه به ژیان بدات؛ مرۆڤ كاتێک ته‌مه‌نی هه‌ڵده‌كشێت، ئارام ده‌بێته‌وه، واز له‌و شه‌ڕانه ده‌هێنێت كه له‌گه‌ڵ ژیان و له پێناو ژیان ده‌یانكات، به‌ڵام كاره‌كته‌ری میرزا پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یه، میرزا ته‌مه‌نی هه‌ڵكشاوه و به‌ره‌و مه‌رگ ده‌ڕوات، ناچاره بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته ناو چاڵی بیركردنه‌وه له مه‌رگ، وه‌همێک ده‌دۆزێته‌وه و تێیدا ده‌ژی. هیشام زه‌مان عاقڵانه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وه‌همه‌مان پیشان ده‌دات، چیتر وه‌هم شتێكی پڕوپووچ نییه و به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه و له‌وانه‌شه هێزی ژیان و داهێنان له ناو ئه‌و وه‌همه‌دا خۆیان حه‌شار دابێت. گابرێل گارسیا ماركیز كاتێک یه‌كه‌مین ڕۆمانی خۆی نووسی، زریانی گه‌ڵا، هیچ چاپخانه‌یه‌ک بۆی چاپ نه‌ده‌كرد و گاڵته‌یان پێ ده‌كرد و پێیان ده‌وت باشتره کارێکی دیكه بدۆزیته‌وه، به‌ڵام ماركیز هه‌ر له‌وێدا گوتی: “به‌ڵێن بێت له چل ساڵیمدا گه‌وره‌ترین شاكاری خۆم بنووسم.” ئه‌م قسه‌یه بۆ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی ماركیز وه‌همێكه، به‌ڵام ئه‌م وه‌همه وای لێ ده‌كات بژی و داهێنان بكات و له چل ساڵیدا باشترین كتێبی خۆی نووسی، كه ڕۆمانی سه‌د ساڵ ته‌نهایی بوو. میرزا ده‌یه‌وێت نامه‌یه‌ک بگه‌یه‌نێته پاشای نه‌رویج، ئه‌مه هه‌م بۆ خۆی و هه‌م بۆ بینه‌ر له وه‌همێک زیاتر نییه، چونكه میرزا ده‌زانێت گه‌یاندنی نامه‌یه‌ک كه كوردێكی ئاواره نووسیویه‌تی هیچ كات ناگاته ده‌ستی پاشا، به‌ڵام میرزا ده‌یه‌وێت له‌م ڕێگه‌یه‌وه درێژه به ژیانی ئاواره‌یی بدات. ئه‌م وه‌همه له لایه‌كه‌وه هه‌م ئازاره‌كانی كه‌م ده‌كاته‌وه و هه‌میش له ڕێگه‌ی ئه‌م وه‌همه‌وه درێژه به‌و ژیانه كورته‌ی ده‌دات كه ماویه‌تی.
كاتێک دوای بینینی فیلمه‌كه له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌ک ده‌رباره‌ی فیلمه‌كه قسه‌مان ده‌كرد، زۆربه‌مان پێمان وا بوو كه كاره‌كته‌ری میرزا كاره‌كته‌رێكی زیاده‌یه و به لابردنی هیچ كێشه‌یه‌ک بۆ فیلمه‌كه دروست ناكات، به‌ڵام له ڕاستیدا وا نییه؛ ئه‌وه‌ی فیلمه‌كه ده‌كات به فیلمێكی باش هه‌ر ئه‌و كاره‌كته‌رسازییه‌یه كه هیشام زه‌مان زۆر به ئاگایییه‌وه خستوویه‌تیه فیلمه‌كه‌یه‌وه. كاره‌كته‌ره‌كانی یه‌ک جۆر له مرۆڤ نین، واته یه‌ک جۆر كاره‌كته‌ری دروست نه‌كردووه، به‌ڵكو چه‌ند جۆرێک له كاره‌كته‌ری جیاواز له یه‌كی دروست كردووه. كاره‌كته‌ری میرزا له ناو وه‌همدا ده‌ژی، وه‌همێک كه دروستی كردووه تاوه‌كو خۆی له مه‌رگ دوور بخاته‌وه. یه‌كێكی تر له كاره‌كته‌ره هه‌ر باشه‌كان كوڕه ئه‌فغانییه‌كه‌یه، دونیای ئه‌م كاره‌كته‌ره له كاره‌كته‌ره‌كانی فیلمه‌كانی ڕۆبێرت بریسن ده‌چێت، مرۆڤێكی زوڵملێكراو و بێچاره، كه‌مدوو و بێده‌نگ، بێده‌نگ به‌رامبه‌ر ئه‌و نایه‌كسانییه‌ی له دونیادا هه‌یه. ئه‌و پێچه‌وانه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی دیكه، بێده‌نگه و هیچ شتێک ناكات به‌رامبه‌ر ئه‌و چه‌وساندنه‌وانه‌ی به‌رامبه‌ری ده‌كرێت. ڕێک له ماریی كاره‌كته‌ری فیلمی باڵتازار و موشێتی فیلمی موشێت ده‌چێت. به‌ڵام دواجار ئه‌م كاره‌كته‌ره بێده‌نگییه‌كه‌ی ده‌شكێنێت و له ناو مزگه‌وته‌كه‌دا ئازاره‌كانی پیشانی خودا ده‌دات، به بڕوای من ده‌بوو هیشام زه‌مان هه‌ر له‌و شوێنه‌دا كه ئه‌م كاره‌كته‌ره ده‌گری بۆ چاره‌نووسی خۆی، بۆ نایه‌كسانییه‌كانی دونیا، بۆ ئه‌و زوڵمه‌ی كه خه‌ڵک و زه‌مه‌ن لێی ده‌كات، كامێراكه‌ی زۆرتر ڕوو بكردایه‌ته ئه‌و، تاوه‌كو ئێمه فرمێسكه‌كانی ببینین.
ته‌نها ڕه‌خنه‌ی من له فیلمه‌كه، هه‌ڵبه‌ت وه‌ك بینه‌رێک، ئه‌وه‌یه هیشام زه‌مان وه‌ک ئه‌وه‌ی په‌له‌ی بێت وه‌هایه، په‌لاماری ژیانی زۆر كاره‌كته‌ری داوه و له زۆر شوێندا پێویستی به‌وه‌یه زیاتر كامێرا له سه‌ر كاره‌كته‌ره‌كان بمێنێته‌وه، كه‌چی نامێنیته‌وه، یان كاتێک كاره‌كته‌ری ژنه‌كه شۆفێری ته‌كسییه‌كه ده‌كوژێت و له ناو شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كدا به ته‌نیا داده‌نیشێت و ده‌گری، ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی له گریانی ژنه‌كه تێبگه‌ین، ده‌بوو هیشام زه‌مان ئه‌و فره‌یمه زیاتر ده‌روونیتر پیشانی بینه‌ری بدات؛ ئێمه نازانین ئه‌و ژنه بۆ ده‌گری، ئایا ئه‌و گریانه گریانی كه‌سێكه كه خۆی به تاوانبار ده‌زانێت و كه‌سێكی كوشتووه، یان گریانی كه‌سێكه كه تۆڵه‌ی خۆی له دوژمنه‌كه‌ی كردووه‌ته‌وه؟
هه‌موو كاره‌كته‌ره‌كانی فیلمه‌كه ئازارێكیان هه‌یه، كه دواجاریش ئازاری هیشام زه‌مان خۆیه‌تی. كۆمه‌ڵێک مرۆڤ بۆ باشتركردنی ژیانیان له وڵاته‌كه‌یان هه‌ڵهاتوون، ده‌یانه‌وێت بژین. به‌ڵام مرۆڤ كاتێک ده‌بێته په‌نابه‌ر شوناسێكی دیكه‌ی بۆ دروست ده‌كرێت، چیتر ئه‌و وه‌ک مرۆڤێكی ئاسایی ناژی، ژیانی پڕ ده‌بێت له دوودڵی و ترس و دڵه‌ڕاوكێ. مرۆڤ كاتێک ده‌بێته په‌نابه‌ر بچكۆله ده‌كرێته‌وه، ئه‌م بچكۆله‌بوونه‌وه‌یه‌ی په‌نابه‌ر هیشام زه‌مان زۆر عاقڵانه و زیره‌كانه له ڕێگه‌ی لۆنگ شۆتێكه‌وه پیشانی ده‌دات. كاتێک زیره‌ک منداڵه‌كه ونده‌كات و له شه‌قامه‌كاندا به دوایدا ده‌گه‌ڕێت، له ڕێگه‌ی پیشاندانی ئه‌م كاره‌كته‌ره‌وه به لۆنگ شۆتێک وامان لێ ده‌كات هیوامان به هیشام زه‌مان هه‌بێت تاوه‌كو فیلمی باشتر ده‌رباره‌ی ئازاره‌كانی مرۆڤی كورد دروست بكات. ئه‌م گرته‌یه هیشام زه‌مان له ده‌رهێنه‌ره كورده‌كانی ئێره جیا ده‌كاته‌وه، چونكه هیشام زه‌مان وه‌ک ده‌رهێنه‌ره‌كانی ئێره ته‌نیا خه‌می بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی نییه، خه‌می ڕۆیشتن به سه‌ر فه‌رشی سووری نییه. ئه‌گه‌رچی ئه‌مه یه‌كه‌م فیلمی ئه‌و ده‌رهێنه‌ره‌یه كه من دیبێتم، به‌م فیلمه‌یدا هه‌ست به‌وه ده‌كه‌یت هیشام زه‌مان تراژیدیای مرۆڤی كوردی داوه به كۆڵیدا تاوه‌كو له ڕێگه‌ی سینه‌ماوه هه‌م پیشانی خۆمان وه‌كو كورد، هه‌م پیشانی ده‌ره‌وه‌ی بدات.
ئه‌وه‌ی زیاتر دڵخۆشكه‌ره، ئه‌وه‌یه هیشام زه‌مان نایشارێته‌وه كه كورده و شه‌رمیش ناكات كه كورده. لێره هه‌ندێک بینه‌ر تێڕوانینێكی هه‌ڵه‌یان هه‌یه، كه پێیان وایه ده‌بێت ده‌رهێنه‌ر فیلم ده‌رباره‌ی كێشه‌ی مرۆڤ به‌گشتی دروست بكات نه‌ک فیلم ده‌رباره‌ی ئازاری كورد دروست بكرێت. من پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچوونه بیر ده‌كه‌مه‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر ئێمه ئازاری خۆمان نه‌ناسین ناتوانین ئازاری میلله‌تێكی تریش بناسین و ئازار بچێژین له‌گه‌ڵیدا. كاتێک ده‌رهێنه‌رێكی كورد له ئازاری میلله‌ته‌كه‌ی خۆی تێنه‌گات، ناتوانێت له ئازار و كێشه‌ی جیهان تێبگات، ئێمه بۆیه له ئازاری مرۆڤێكی شاری هیرۆشیما تێده‌گه‌ین، چونكه خۆشمان ئازارێكی وه‌ک هه‌ڵه‌بجه‌مان هه‌یه. پاشان مه‌سه‌له‌ی په‌نابه‌ریش ته‌نیا تایبه‌ت نییه به كورد، به‌ڵكو كێشه‌ی مرۆڤه به‌گشتی؛ كاتێك مرۆڤێک له هه‌ر شوێنێكی ئه‌م دنیایه‌دا هه‌ستی به ئارامی نه‌كرد و وڵاته‌كه‌ی خۆی جێ هێشت ده‌بێت به په‌نابه‌ر له وڵاتێكی دیكه.
شتێكی دیكه كه بۆ من بووه پرسیار و وای كرد فیلمه‌كه له دوای ته‌واوبوونی له سه‌ر شاشه‌ی سینه‌ما ته‌واو نه‌بێت، گۆڕینی ئاراسته‌ی چاوی كامێرا بوو له زه‌وییه‌وه بۆ ئاسمان. له سه‌ره‌تای فیلمه‌كه‌وه تا كۆتایی چاوی كامێرا له سه‌ر كاره‌كته‌ره‌كانی و شته‌كانی ده‌وروبه‌ریه‌تی، وه‌ک مرۆڤ، خانوو، باڵنده، ئاو و شەمەندەفەر، به‌ڵام له كۆتاییی فیلمه‌كه‌دا ئه‌م ئاڕاسته‌ی چاوی كامێرایه ڕوو ده‌كاته ئاسمان. له‌وه ده‌چێت هیشام زه‌مان بیەوێت به خودا بڵێت: “سه‌یرم كه، شیوه‌نی من شیوه‌نی ئینسانییه.”
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.