19/04/2024
DidiMn Logo
Top

ئاسن، لە کەرەستەی جەنگەوە بۆ هونەر

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منلاژە تەها

لە کاتێکدا کە هونەری سەرشەقام و دیواربەندی هونەری لە باشووری کوردستاندا هونەرێکی پشتگوێخراوە، شێوەکار عوسمان ئەحمەد، دوایین پڕۆژەی هونەریی خۆی لە شێوەی پەیکەری لادیوار، بە ناوی پڕۆژەی ئەنفال، نماییش کرد.

کارەکە گێڕانەوەی یادەوەریی هونەرمەندە وەک شایەتحاڵێکی کارەساتەکە لە ڕێگەی هێڵکارییەوە، لە دوازدە فیگەر و سەگێک پێک هاتووە و بە مادەی ئاسن نەخشێندراوە.

شێوه‌كار عوسمان ئه‌حمه‌د

دیدی من دیمانەیەکی تایبەتی دەربارەی پڕۆژەکە، لەگەڵ شێوەکار ڕێک خستووە:

هەڵبژاردنی جێگە بۆ ئەم کارە چۆن بوو؟

لەڕاستیدا من هیچ هەڵبژاردەیەکم نەبوو، کاتێک کاک دڵشاد تەلەفوونی بۆ کردم، که له بەڕێوبەرایەتیی شێوەکاریی سلێمانی پێشنیاریان کردووه، که یەکێک له کارەکانم بکەن به دیواربەند لای گردی ڕیعایه. منیش خۆشحاڵیی خۆم دەربڕی و هەر بەیانی چووم بۆ توێژینەوە و وێنەگرتنی ئەو دیواره، تا تێگەیشتنی تەواوم هەبێت له جوگرافیای ناوچەکه. حەز دەکەم ئاماژه بەوه بدەم، ئەم شوێنه زۆر ڕووی باشی تێدایه و هەندێ خراپییشی هەیه، بەڵام لایەنە باشییەکەی زیاتره و خزمەتی کارەکە دەکات و زۆرترین بینەری دەبێت له چاوی گەنجان و منداڵانی شار، ون نابێت. منیش ئەوەم دەوێت، بۆ ئەوەی ئاییندەیەکی شکۆمەند و ئازاد مسۆگەر بکەین، دەبێت هەمیشه ڕابردووە ناخۆشەکانمان لەبەرچاو بێت.

هەبوونی ئاژەڵێک لە کارەکەدا، تایبەتمەندییەکی تری بە کارەکە داوە؛ گەر باسی ئەم خاڵە بکەیت و هۆکاری هەڵبژاردنی سەگ چییە؟

ئیمه لەگەڵ گیانلەبەردا هاوبەشی ژیانین، که ژیان له ئێمه تێک چوو، ئەوانیش لێیان تێک ده‌چێت و سرووشتی ژیان وایه. دوای ئەو کەسانه دەکەون که ئولفەتیان پێوه گرتووه و ئاگەداری بوون، به یەکەوه ژیاون. بەتایبەتی سەگ، که ئاژەڵیکی بەوەفایه مرۆڤ جێ ناهێڵیت له ناخۆشییەکانیشدا هاوبەشیی دەکات دوای دەکەوێت.

بۆچی کارکردنی تۆ بە شێوەیەکی گشتی لەسەر ئەنفالە؟ ئایا ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ یادەوەریی تایبەتیت وەک شێوەکار؟

من وەک شایەتحاڵێکی ئەنفال، که له ئەنفالی دوو و سێدا به چاوی خۆم گوندەکانی ناوچەکەم بینی چۆن دەسووتان، خەڵکەکەیان ناچار دەکرد که زێدی خۆیان جێ بهێڵن و دواتر له کەمپی کراوەدا کۆیان بکەنەوه و ئەوسا له یەکیان داببڕن و به زیلی عەسکەری و تراکتۆر و پاس بەرەو خوارووی عێراقیان ببەن. لەو کاتەوه، واتا لە ساڵی ١٩٨٨ەوە، بڕیارم دا گەر زیندوو مام، دەبێت چیرۆکی ئەنفالکراوکان و کۆمەڵکوژییەکان له هەموو ئەو کەسانەی که بێئاگا بوون لەم مەرگەساته، بەئاگا بهێنم و کاریگەرییان لا بەجێ بهێڵم. خۆشحاڵم ئەم کارەم کرد و بینەرێکی گەورەم بۆ کارەکانم پەیدا کرد، بەوەی چەند جارێک له بەناوبانگترین مۆزەخانەی جیهانیدا کارەکانم پیشان داوە و ئەرشیڤ کراوه.

هەر بۆیه یادەوەرییەکانی خۆم له مەرگەساتی ئه‌نفال کرد به خوێندنێکی ماستەر، له ٢٠٠٧دا تەواوم کرد و پاشان بۆ ئەوەی یادەوەرییه نیشتمانییەکان زیندوو ڕابگرم، له مەرگەساتی ئەنفالدا خوێندنی دکتۆراکەم لەسەر دۆکیومێنتکردنی یادەوەریی قوربانییان و زیندوانی ئەنفال جێبەجی کرد، که پانزە زیندووی کەمپەکانی نوگرەسەلمان و تۆپزاون و به سەده‌ها وێنەم بۆ کێشاون و دیۆکیۆمێنت ئەرشیف کراون.

کاری هاوشێوەی ئەم پڕۆژەیەت لە داهاتوودا هەیە؟

به دڵنیاییەوه. ئەمه سەرەتایه و گەر پشتیوانی هەبێت، ئەوا کاری ئامادەکراو هەیه و دەمەوێت هەموو یادەوەریی قوربانییەکان بە مۆنۆمینت و پەیکەر له شوێنه گشتی و مۆزه‌خانەکاندا دابنێم.

جیاوازیی ئەم کارە بەراورد بە کارەکانی ڕابردووت، بەتایبەت لە ڕووی کەرەستەوە، چییە؟

جیاوازییەکی زۆری هەیه، چونکه من بە قەڵەم و کاغاز و کانڤاز کارم کردووه و ئیستا گۆڕیومه به ئاسن. بەڵام ئەم ئەزموونه خۆشحاڵم دەکات، چونکه کارەکەم له کارێکی تاکەکەسییەوە چووه قۆناغی کارێکی گرووپییەوه و ئەزموونی جیاواز تێکەڵ به یەک بوو، من زۆر لەو گرووپه فێر بووم که به یەکەوه کارمان کرد بۆ ئەم پڕۆژەیه. لێرەوه دەمەوێت سوپاسی هونەرمەندان کاک تەها کەریم، بەرهەم تەیب و سەفینی ئاسنگەر و هەموو ئەو بەڕێزانەی که به شێوەیەک هاوبەشییان کردەووه له سەرکەوتنی کارەکەمان.

ئیستا ئەم کاره یادەوەریی ئیشەکانی نەتەوەیەکه و به گرووپێک دروستمان کردووه، ڕازیبوونێکی زۆرم هەیه لەو سنوورەی که بڕیم، ئەویش بەوەی که توانیم هیڵه ئاسنەکان که به هەست گوزارشت له نەهامەتی و دابڕان و مردن دەکات، به ئاسنێکی ڕەق جێبەجی بکەم. ئەو ئاسنەی که ئێمەی پێ بۆمبباران و کیمیاباران دەکراین، فیشەک و ناپڵمەکانیان به فڕۆکە دەخسته خواره‌وه، ئیستا من هەستی هێڵێکی ناسکم پێ داوه، که گوزارشت لە کۆمەڵکوژی و نەهامەتییەکانی نەتەوەکەم دەکات.

هاوبەشی بکە

Diwarbandi Anfal, LazhaTaha, Osman Ahmad,