20/04/2024
DidiMn Logo
Top

ئایا کۆلێژی هونەرەجوانەکانی هەولێر دادەخرێت؟

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منئاراس عەبدولڵا

دوای ئەوەی بە نووسراوی ڕەسمیی ڕاگری کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سەڵاحەدین داوا لە سەرۆکایەتی زانکۆی سەلڵاحەدین کرا، بۆ نەهێشتنی سەرجەم لقەکانی ناو بەشە جیاوازەکانی کۆلێژی ناوبراو بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٦ – ٢٠١٧، لە ئێستادا ئەو داواکرییە بووە بە بڕیار و بەشێوەیەکی ڕەسمی لەلایەن سەرۆکایەتی زانکۆ داواکراوە بۆ ساڵی خوێندنی نوێ لە کۆلێژەکەدا پەیڕەو بکرێت، هاوکات و بەپێی نووسراوێکی ڕەسمیی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی وەرگرتنی قوتابیانی زانکۆی سەلڵاحەدین، داوا لە سەرۆکایەتی زانکۆی ناوبراو کراوە کە کۆلێژی هونەرەجوانەکان بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٦ – ٢٠١٧ هیچ فێرخوازێک بۆ هیچ کام لە بەشەکانی کۆلێژەکە وەرناگرێت، سەرۆک بەشێکی کۆلێژەکەش ڕایدەگێنێت، ئەم بڕیارە تەنیا بۆ چاکسازیی ئێدارییە و هیچی تر.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم دوو بڕیارەی کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سەلڵاحەدین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و بەشێکی زۆر لە هونەرمەندان ئاماژەیان بەوە دەدا کە ئەم بڕیارانە سەرەتایەکە بۆ داخستنی کۆلێژی ناوبراو، بەڵام لە بەرامبەردا مامۆستا فەرهاد کەریم، سەرۆکی بەشی شانۆی کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سەلڵاحەدین بۆ دیدی من گوتی: “وەرنەگرتنی قوتابیان لە کۆلێژی هونەر، تەنیا بۆ ساڵێکە و بۆ ڕێکخستنەوەی کۆلێژە، بەهیچ جۆرێک هیچ بڕیارێک لە ئارادا نییە بۆ داخستنی کۆلێژەکە.”

13434942_10205147923972834_3289553378965132454_n

ڕوونیشیکردەوە: “ئەمساڵ سەرۆکی زانکۆ بە سەردانێک هاتە کۆلێژی هونەر و گوتی ئەمە کۆلێژ نییە و پێویستە ڕێکبخرێتەوە، بەتایبەتی لەسەر مەسەلەی نەبوونی کادری پێویست بۆ بەشەکان، بەتایبەتی بەشی سینەما و شانۆ.”

سەبارەت بە داخستنی لقەکانی کۆلێژی هونەر، سەرۆکی بەشی شانۆ گوتی: “داخستنی لقەکان کارێکی وا ئاسان نییە، ڕاستە فەرمانی بۆ دەرچووە و لەلایەن ڕاگری کۆلێژەکەوە داواکراوە لقەکان دابخرێن، بەڵام ئەمە کارێکی قورسە بۆ سەرۆک بەشەکان و پێویستی بە کۆنگرە و کۆبوونەوە هەیە.”

 

هاوبەشی بکە

ArasAbdulla, Fine Arts, Hewler, Salahadin University,