20/04/2024
DidiMn Logo
Top

ئـایـا لاساییکردنەوە یان دزین کارێکی ناشاییستەیە؟ بەشی یەکەم

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

مەریوان جەلال

مرۆڤ هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە  بیری لە ئاسانکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەی کردووتەوە بە دروستکردنی کەرەستەی پێویست. هەر کەرەستەیەکی دروست کردبێت بە داهێنان هەژمار دەکرێت و کە پێشتر نەبووە، هەروەک چۆن ئێستا کەسێکی تر نییە بتوانیت جارێکی تر پێچکە دروست بکات، لەبەر ئەوەی لە پێش هەزاران ساڵەوە دروست کراوە، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پێشکەوتن و دیزاینی تازەی بەخۆیەوە بینیوە.
4

مرۆڤەکان بێگومان کاریگەرییان لەسەر کرداری داهێنان هەیە، ئەگەر وا نەبێت ئەوا بەردەوام کەڕ و لاڵ  وکوێرانە دەڕۆین.

سوودوەرگرتن لە کاری کەسانی تر بەتایبەت پێشانگە هونەرییەکان، بێگومان کاریگەریی هەیە لەسەرمان و دەکرێت بەو کاریگەرییە بەرئەنجامی گۆڕانکاری و وەرچەرخانی تایبەت و کارا، بگۆردرێت بە داهێنانی جیا و جیاواز و نوێ‌ بۆ بەرژەوەندیی بونیادنانی ئەزموونی هونەریی کەسانێکی تر. ئەگەر بە کەسێکی تر کاریگەر بووین دەبێت هێڵێک لە نێوان سرووشی کارەکەی ئەو و کۆپیکردن بکێشین. بە شێوەیەکی تر و بە ئاوختنێکی ڕاشکاوەنەتر، دەبێت لە لەبەرگرتنەوە/چاپکردنەوە و وەرگرتن/دزین و دەستدرێژی کردنەسەر کارەکە. دەبێت زۆر بە ئاگا بین و سنووری ئەو هێڵە تایبەتە نەشکێنین و تێنەپەڕێنین.

5

کۆپیکردنی شاکارە هونەرییەکان، هۆکارێکی زۆر باشن بۆ فێربوونی شێواز و تەکنیکی کارکردن، لە داڕشتن و ڕەنگگرتنەوە و پاشان زیاتر ئاشنابوون بە ئەزموونی هونەریی هونەرمەندەکە و ئاشنابوون بە کارەکانی. ئەم کارکردنەش لە سەرەتای فێربوون و خۆێندنی هونەرەوە دەست پێ دەکات، هەندێک جاریش کەسانێک وەک ئارەزووکردن بە هونەر ئەمە بە ڕێگەیەکی شاییستە و گونجاو و باش دەزانن بۆ فێربوونی تەکنیکەکانی هونەر بەگشتی و نیگارکێشان بەتایبەت.

لاساییکردنەوە یان دزین

بەکارهێنانی کارێکی هونەری یان نووسینی کەسێکی تر بەبێ ئاماژەپێدان و گەڕانەوە بۆ خاوەنەکەی یان مۆڵەتوەرگرتن لە خاوەن بەرهەمەکە، بە کارێکی نەشیاو و ناشاییستە هەژمار دەکرێت و کردە هونەرییەکە دەچێتە خانەی پڕۆسێسێکی دزینەوە. هاوکات دەبێتە هۆی ئەوەی کە خاوەنەکەی بەدواداچوون و لێپرسینەوەی لەسەر بکات، لەم حاڵەتەشدا دەبێت کەسی وەرگر، ئامادە بێت بۆ هەر سزایەک کە دەدرێت.

لاساییکردنەوە بە شێوەیەکی تەواو لەیەکچوو یان بەکارهێنانی کاری کەسێکی تر و بازرگانیکردن پێوەی، بەتایبەتی کە هونەرمەندەکە لە ژیاندا مابێت بە هەمان شێوە ئەمەش بە دەستدرێژیکردنە سەر کاری کەسانی تر دادەنرێت.

 ئەگەر هەردوو ئەم کارە بە یەکەوە ئەنجام دران، لاساییکردنەوە و وەرگرتن/دزین، بێ مۆڵەت و ئاماژەپێدان، بە ناوی خۆتەوە بڵاوت کردەوە و بووە کارێکی بازرگانی یان نماییش کرا، ئەوا دەبێت کەسی وەرگر چاوەروانی سزاکەی بکات.
3

زۆرن ئەوانەی لە مێژووی هونەردا کاری هونەرمەندانی تریان کۆپی کردووە، وەک هونەرمەند هان ڤان، سەرەتا بەلاساییکردنەوەی کارێکی هونەرمەند رامبرانت دەست پێ دەکات پاشان لە ڕێگەی کەسێک کە کاری هونەری کۆ دەکاتەوە  و بۆ ساغکردنەوەی کارەکانی دەست دەکات بە کۆپیکردنی کارەکانی هونەرمەندی هۆلـەندی جۆن هانس ڤێرمیر بەڵام بە شێوەیەک لە لایەن گەورە زانایانی هونەرەوە بڕوای پێ هێنرا، هەرەوەها هۆی هەڵبژاردنی ئەم کارانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کارەکانی ڤێرمیر کەم بوون و ئەمیش شارەزاییەکی باشی هەبووە لە کارەکانیدا و هەرووەها میگەرێن کەسێکی زۆر شارەزا بووە لە زانستی کیمیادا. ئەمە دەستپێکی کارکردنی بوو لەسەر کارەکانی ڤــێرمیر بەڵام ئەم جارە بە بەکارهێنانی
کەنڤـاس و بۆیاخی سەدەی حەڤـدەیەم، هەروەها بە تێکەڵاوکردنی مادەیەک بە ناوی باکلیت کە لە پلەیەکی گەرمیی بەرزدا گۆڕانکاری بەسەر گیراوەی بۆیاخەکەدا دەهێنێت و دەیکاتە کارێکی هونەریی کە هەستی کارێکی کۆن ببەخشێت و کارە کۆپیکراوەکە وەک کاری ڤـێرمیر لە مۆزەخانەی بۆینجماس
وەرگیرا و بووە کارێکی کۆنی 400 ساڵی گەلەرییەکە. بەڵام پاش ئەوەی کە دەرکەوت ئەمە کاری هونەرمەند ڤێرمیر نییە هانس ڤـان مـیگەرێن وەک تاوانبار ناسێنرا و بۆ ماوەی یەک ساڵ زیندانی کرا.

ئەگەر چی ئەم چیرۆکە نەبووە پەندێک بۆ نەوەکانی دوای خۆی و دووبارەبوونەوەی بە شێوەیەکی جیا و  لە کاتێکی تردا کە تا ئەمرۆ وەک کێشەیەکی دیاری ناو ناوەندی بازرگانی و نماییشی هونەری هەر بەردەوامە.

6

چیرۆکەکە لەوێوە دەست پێدەکات کاتێک دایمن هیرست لە ساڵی 1992  دەچێتە نیویۆرک و لەوێ چاوی بە هونەرمەند جۆن لی کەی دەکەوێت کە چوار ساڵ جیاوازیی تەمەنیان هەیە.

جـۆن وەک بیرهێنانەوەیەک باس لەوە دەکات کاتێک هیرست لە چەند بۆنەیەکدا سەردانی  ستودێوکەی دەکات، هیرست زۆر بە گرنگییەوە لە کارەکانی دەروانێت. ئەو کاتانە هیرست لەسەر وێنە پینەکراوەکان کاری دەکرد و جۆن زۆر بێشەرمانە کارەکانی بە قێزەون پەسن کرد.

هاوڕێیەتیی ئەم دوو هونەرمەندە زۆر ڕووداوی جیاوازی لێ کەوتەوە، بە شێوەیەک هیرست بە تەواوەتی کەوتبووە ژێرکاریگەریی جـۆن‌ەوە، کە وەک خۆی دەڵێت کار گەیشتبووە ئەوەی کە لاسـایی کەسایەتیی جۆن بکاتەوە، زۆر جار ویستوویەتی دەق وەک ئەو بێت.

لەگەڵ ئەمانەشدا لی هەر یارمەتی داوە و وەک خۆی دەڵێت: ”هیرست بە دوای چەند سەرچاوەیەکدا دەگەڕا کە وێنەی پەپوولەی تێدا بێت، منیش کتێبێکی کارۆلینا بیولۆجیکەڵ کە یارمەتیدەری کۆمپانیای کەتەلۆکی زانستییەکان بوو وخۆم وەک سەرچاوەی بیرۆکەی کارەکانم بەکارم دەهێنا، پێشکەشم کرد.”

لی کەی لە کاتێکی تردا وێنەی کارێکی خۆی پیشانی هیرست دا کە بریتی بوو لە مەڕێک  لە سنگەوە قاش کراوە و لە خاچ دراوە. ”هیرست پرسیاری کرد کە ئەم کارە ساڵی چەند دروست کراوە، منیش گوتم ساڵی 1986-1987، پاشان زۆر بێدەنگ بوو و بە جرتوفرتێکی زۆرەوە ژوورەکەی بەجێ هێشت و گەڕایەوە بۆ شارەکەی خۆی و لە بەر خۆیەوە چەند قسەیەکی هەڵبزرکاند کە هیچ مانایەکی نەبوو. دواتر بۆ بەیانییەکەی، تانیا زۆر بە شڵەژاوییەوە پەیوەندیی پێوە کردم پێی وتم کە چێشتخانەکەی داوە بەسەر یەکدا و دنیایەک شتی شکاندووە. ‘پێم بڵێ چیت پێ گوتووە؟’ منیش گوتم تەنیا هەندێک لە کارە کۆنەکانی خۆمم پیشان داوە، کە یەکێک لەوانە پارچە گۆشتەکە بوو تا بزانیت من چەند ساڵێک پێش ئێستا و لە پێش ئەوەوە کارێکی وەهام ئەنجام داوە. ئەمە بۆ من کارێکی گەورە نییە بەڵام دیارە بۆ ئەو، بەڵێ. بە هەر هۆکارێک بێت. ئەگەر من بمزانیایە هەرگیز ئەو کارانەم پیشان نەدەدا. تانیاش گوتی ‘تۆ نازانیت ئەو چەند چاوچنۆکە، بەتایبەتی بەرامبەر بە تۆ.”’

پاش ماوەیەک دیارییەکەی لی، کەتەلۆکی کارۆلینای زانستی، بووە سەرەتایەکی دراماتیکیی پێشکەوتوو بۆ کارەکانی هیرست، لە ماوەی چەند مانگێکدا یەکێک لە کارەکان مانگایەکی لەتکراو لە  ناوەڕاستەوە، لەگەڵ بێچووەکەی کە لەسکیدایە، ساڵی 1993 لە باینالی ڤـێنس پیشانی دا.

هیرست ساڵی 1995هەستا بە بەرجەستەکردنی چەند کارێک لە سووڕاندنەوەی تابلۆ
چواردانە بە ناوی نیگاری جوان بە ڕشتنی بۆیاخ بەسەر ڕووکەشێکی بازنەییدا، ئەم  جۆرە کارکردنە، وەک جمووجۆڵێکی تازەگەری لە ساڵەکانی 1950 سەری هەڵدا، کە هونەرمەندی سویسری ئالفۆن و هونەرمەندی فەڕەنسی ئانیک جێنرۆن لە ساڵی ١٩٦٠ زیاتر پەرەیان پێ دا.

واڵتر رۆبینسۆن کە هونەرمەندێکی ئەمریکییە کۆمەڵێک کاری لەم جۆرەی لە ساڵی 1980 نماییش کرد. هەروەها جۆن لی کەی
جۆرێکی جیاواز و تایبەت بە خۆی لە ڕشتنی بۆیاگ دروستکرد کە هیرست لە ساڵی 1993  لە لای جۆن بینیبوونی. بە بەکارهێنانی مێزێک کە بازنەیەکی خڕی لەسەرە و دەسووڕێتەوە، لی کەی دەڵێت: هیرست ئەم کارەی منی زۆر بە لاوە جوان بوو و پێی ووتبووکارێکی زۆر وروژێنەرە.”

لەساڵی 1993 هونەرمەندی بەریتانی ئاندی شۆ کۆمەڵێک کاری سوڕاندنەوەی تابلۆی دروست کرد کە پێشتر لەگەڵ جەی چوبلین، کە ئەمیش لە پێش هیرست‌ەوە بە چەند مانگێک هەستاوە بە پیشاندانی کارەکانی.

هیرست لە ساڵی 1996 هەندێک لەو کارانەی لە گاگسۆن گەلەری لە نیۆیۆرک نماییش کرد بە ناوی هەستنەکردن بە ناپاکییەکی ناتەواو. دواتر دایڤید ڕایمانیلی لە کۆڕێکی هونەریدا گوتی: ”جیاوازیی نێوان رۆبنسن و هیرست تەنیا ئەوەی هیرست ماتۆڕێکی هەیە کە کارەکەی پێ دەکات.” لی کەی گوتی: ”هیرست گرنگییەکی تەواوی دا بە تابلۆیەکم کە من لە تەوالێتەکە هەڵم واسیبوو.”

کارێکی ئینستلەیشن کە هیرست لە ساڵی 1996 لە گاگسۆن گەلەری پیشانی دابوو بریتی بوو لە تۆپێک بە هۆی هەوایەکی خێراوە لە هەوادا جێگیر دەبوو. هانس هاسکی ئەم ئینستلەیشنەی لە ساڵی 1964 دروست کردووە بە هەمان شێوە تۆپێکە بە هۆی هەوایەکی خێراوە لە هەوادا جێگیر بووە. تەنیا جیاوازیی لە نێوان ئەم دوو کارەدا تۆپەکەی هیرست ڕەنگاوڕەنگە ئەوەی هانس سپییە.

ئەو کارانەی کە هیرست کۆپی کردوون زۆرن، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە فرۆشی کارەکانی لە سەرەتای ساڵەکانی 2004 بۆ 2005 تا ساڵی 2010 بەرزبوونەوەیەکی باش بە خۆیەوە ببینێت، بەڵام لەوە بە دواوە تاساڵی 2013، 30% لە نرخی کارەکانی دابەزی.

هاوبەشی بکە

Mariwan Jalal,