24/04/2024
DidiMn Logo
Top

ئەحمەد کايا، کوردزمانێک کە ڕێگە نەدرا بە زمانى کوردى گۆرانى بچڕێت

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

ديدى من – بى بى سى فارسى

ئامادەکردن و وەرگێڕانى لە فارسييەوە: سەليم جەمال

ساڵى ١٩٩٩، گۆرانيبێژى ناودارى کورد ئەحمەد کايا، بوو بە خاوەنى خەڵاتى باشترين گۆرانيبێژى ساڵ لە وڵاتى تورکيا، بەڵام ئەو مەڕاسيمەى کە لە شارى ئیستانبووڵ بەڕێوە چوو، بووە هۆى ئەوەى کە ژيانى ئەحمەد کايا بخرێتە ژێر مەترسى و بەرەو نەمان بچێت. بۆچى؟ چونکە کايا نيازى وا بوو بە زمانى کوردى گۆرانى بچڕێت، واتە بە زمانى دايکى.

لە خوارەوە چەن گوتەیەکی گوڵتەن کايا هاوسەرى ئەحمەد کايا دەخەينە بەر ديدى خوێنەران، کە دەربارەی ئەو ڕووداوانەن کە لە شەوى مەڕاسيمەکەدا ڕوويان دا:

”سەرەتاى مەڕاسيمى بەخشينى خەڵات، بە نۆشينى مەى لە ئێوارەخوانێکدا دەستی پێ کرد و دواتر خەڵاتەکەيان بە کايا بەخشى. مەڕاسيمێکى پڕ لە جۆش و خرۆش و شادى بوو، کە لە هۆڵێکى جوان و بە ئامادەبوونى کەسى شاييستە، بەڕێوە چوو.

بەڵام ئەحمەد کايا لە کاتى بەدەستهێنانى ئەو خەڵاتە، چەند گوتەيەکى پێشکەش کرد کە هەموو ئامادەبوانى ئەو مەڕاسيمەى هێنايە شۆک، لە هەمان کاتدا ئەو گوتانە بە خاڵى نەرێنى و مەترسى بۆ سەر ژيانى پەسن دەکران: ‘من وەک کوردزمانێک بڕيارم داوە لە ئەلبوومى داهاتوومدا گۆرانیيەک بە زمانى کوردى بڵێم و ڤيديۆکليپێکى تايبەتيش بۆ ئەو گۆرانیيە بەرهەم بهێنم. من ئەوە دەزانم کە ميدياگەلێکى بەهێز بوونيان هەيە ئەو گۆرانیيە بڵاو بکەنەوە، گەر بڵاويشى نەکەنەوە نازانم چۆن دەيانەوێت ئەو پاساو و ڕێگریيانە بۆ خەڵکى ڕوون بکەنەوە.”’

دواى ئەو گوتانەى کە کايا درکاندنى، دۆخى هۆڵەکە ڕاستەوخۆ گۆڕانکاریی بەسەردا هات. گوڵتەن کايا، هاوسەرى کايا، کاردانەوەى توند و دژوارى ئامادەبوانى ئەو مەڕاسيمەى بە باشى لە يادە و دەڵێت: ”لەناکاو هەموو ئەو خاتوون و پياوە بەڕێزانە وەک دێوێکيان لێ هات و هەرچى چەقۆ و چەتاڵى بەردەميان هەبوو ئاڕاستەى ئێمەيان کرد، جنێويان بە ئێمە دا و هووهايان لە ئێمە دەکرد. لە ماوەى پێنج خولەک کەشى مەڕاسيمەکە گۆڕانکاريیەکى تەواوى بەسەردا هات، هەموو ئەو خاتوون و پياوە شايیستانە بوون بە کەسى توندئاژۆ و دەيانەويست ئازار بە ئێمە بگەیەنن، گۆڕانکاريیەکى باوەڕپێنەکراو بوو، کە دەشێت بە شێواز و ژانرى بەرهەمەکانى کافکا بشوبهێندرێت. خەڵکى بە هاوارەوە بانگەشەى ئەوەيان دەکرد کە ”هيچ شتێک بە ناوى کورد بوونى نييە”، دواتر لەپڕ تێگەيشتم قسەوباسى سەرەکى لەسەر وشەى ”کورد”ە، کە ئەحمەد کايا سور بوو لەسەر کوردبوونى خۆى.”

لە ساڵانى ١٩٩٠ەکاندا، وڵاتى تورکيا بەگشتى ڕێگر بوو لە ناساندنى زمان و شوناسى کورد لە وڵاتەکەى، هەروەها هێنانە گۆى زمانى کوردى لە لايەن گۆرانيبێژێک، بە خيانەت لەقەڵەم دەدرا.

لە شەوى بەخشينى خەڵاتەکە، ئەحمەد کايا لەسەر تەختەى شانۆ گۆرانيیەکەى پێشکەش کرد و دواتر گەڕايەوە شوێنى خۆى. لەو بارەيەوە گوڵتەن کايا زياتر زانياریى دا: ”کاتێک کە  ئەحمەد کايا لەسەر تەختەى شانۆ گەڕايەوە شوێنى دانيشتنى خۆى، سووکايەتیی پێ کرا لە لايەن ئامادەبوانى ئەو مەڕاسيمە و هەندێکيش دەيانەويست هێرشى بکەنە سەر. ئەوان بە هاوارەوە دەيانگوت ”جوداخواز، خيانەتکار، ئەم پياوە لە وڵات فڕێ بدەنە دەرەوە!” هەروەها دەيانگوت ”شتێک بە ناوى کورد بوونى نييە”، من و کايا واقمان وڕما بوو! دواتر ئەحمەد کايا لە شوێنى خۆى وەڵامى ئەو ڕۆژنامەنووسانەى دايەوە کە چاوەڕوانى کاردانەوەى ئەو بوون و ڕاى گەياند: ‘ئێوە دەبێت لەو واقعە تێبگەن کە کوردەکان بوونيان هەيە و ناتوانن نکۆڵى لەمە بکەن.”’

maxresdefault-1

سەرئەنجام ئەحمەد کايا و هاوسەرى ناچار بوون شوێنى مەڕاسيمەکە جێ بهێڵن و لە ژێر چاودێرى هێزە ئەمنيیەکان ڕەوانەى ماڵەوە بکرێن.

”ڕۆژ لە دواى ڕۆژ ڕق و کينەى خەڵکى تورکيا بەرامبەر بە کايا زياترى لێ هات؛ لە هەر شوێنێک کە پۆستەرى ئەويان ببينيايە، ڕاستەوخۆ لێيان دەکردەوە و لەگەڵ ديسکى گۆرانيیەکانى پارچەپارچەيان دەکرد، ئەلبوومەکانيشى لە فرۆشتن بێبەرى ببوو. نيازيان وا بوو بەگشتى ئەحمەد کايا بسڕنەوە. ئێمە پەيام و فاکسگەلێکمان بە دەست دەگەيشت کە هەڕەشەى کوشتنيان لە کايا دەکرد. لە يەکێک لەو نامانەدا نووسرابوو: چ جۆرە مەرگێکت پێ شياوە؟ لەسێدارەدانت بە زنجير؟ يان بە شێوەيەکى تر؟”’

ئەحمەد کايا لە مانگى يەکى ساڵى ١٩٩٩ بۆ سازکردنى کۆنسێرتگەلێک لە ئەورووپا، وڵاتى تورکياى جێ هێشت. دواى تێپەڕبوونى ماوەيەک بەسەر گەشتەکەى بۆ ئەورووپا، ميدياکانى تورکيا گەشتى ئەويان بە هەڵهاتن لە وڵاتى تورکيا ناوزەند کرد.

لە ئەمڕۆدا لە وڵاتى تورکيا بە سەدان ئاواز و گۆرانيیەکانى ئەحمەد کايا هێشتاکەيش جێى سەرنج و باسن.

لە ديدى گوڵتەن کايا، تەنيا يەک گۆرانى هەيە کە دەتوانێت گێڕەرەوەى ڕووداو و ڕاستييەکانى شەوى مەڕاسيمى بەخشينى خەڵاتەکە بێت، گۆرانيیەک کە ئەحمەد کايا دەيەويست بە زمانى کوردى بيڵێت. ئەويش گۆرانى کاروان‌ە، کە لە شيعرەکەيدا هاتووە: “ڕۆژێک من هەر دەگەڕێمەوە.” ئەو ئەم هۆنراوەيەى بە دڵێکى تژى لە غەم و پەژارە نووسيوە.

ئەحمەد کايا لە ساڵى ٢٠٠٠، لە تەمەنى ٤٣ ساڵيدا بە هۆى جەڵتەى دڵ لە پاريسى پايتەختى وڵاتى فەڕەنسا کۆچى دوايى کرد. هەڵبەتە ئەم هەواڵ و بۆچوونە بە گوتەى کاربەدەستانى وڵاتى تورکيا و ڕۆژنامەنووسەکانى خراونەتە ڕوو، کە مەرگى ئەو ئاسايي بووە، بەڵام تا ئێستاش زۆرێک لە خەڵکى و هەوادارانى ئەحمەد کايا لەو بڕوايەدان کە ژەهريان دەرخواردى ئەو داوە و تيرۆريان کردووە.

هاوبەشی بکە

Ahmad Kaya, SaleemJamal,