25/04/2024
DidiMn Logo
Top

بۆچی ئێرانییەکان دژی لیۆناردۆ دیکاپریۆن؟

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئەلمۆنیتەر – وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

بڕیارە هۆڵیوود لە ماوەیەکی نزیکدا فیلمێک دەربارەی ژیانی شاعیر و زانای سەدەی سیانزەی فارس، جەلالەدین محەمەد بەڵخی، دروست بکات. سیناریستی براوەی خەڵاتی ئۆسکار، دەیڤد فرانزۆنی، کە سیناریۆی فیلمی گلادیەیتەرـیشی نووسیوە، کار لەسەر سیناریۆی ئەم فیلمە دەکات بە هاوکاری حکومەتی تورکیا.

ئەم شاعیرە لە ئێران بە مەولانا (گەورەی ئێمە) یاخود مەولەوی (گەورەی من) ناسراوە و لە ڕۆژئاواش بە ڕۆمی. بەڵخی لە شاری بەڵخ لە ئەفغانستان‌ـی ئەمڕۆ لەدایک بووە، کە پاشان بووە بەشێک لە ئیمپراتۆرییەتی خواریزم‌ـی فارسەکان.

لە ئێستادا دروستکردنی ئەم فیلمە دەنگۆی لەناو خەڵکدا دروست کردووە، ئەوەی تا ئێستا قسەی لەبارەوە کراوە ئەوەیە کە لیۆناردۆ دیکاپریۆ ڕۆڵی ڕۆمی دەگێڕێت، ئەمەش بووەتە هۆی مشتومڕی زۆر لە هەرسێ وڵاتی ئێران، ئەفغانستان و تورکیا، کە هەر یەکێک لەو سێ وڵاتە ڕۆمی بە شاعیری نەتەوەییی خۆیان دەناسن.

نووسەر و ڕەخنەگری فیلمی ئێرانی، ئەحمەد تاڵیب نەژاد، بە مۆنیتەرـی ڕاگەیاندووە: “سەرسامیی ڕۆژئاواییەکان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە مەولانا، کە ئەوان بە ڕۆمی ناوی دەبەن، بۆ چەند ساڵێک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. ئەو تەنها لە جیهانی سینەمادا سەرنجڕاکێش نییە، بەڵکو لە شیعر و موزیکیشدا بە هەمان شێوەیە. ڕەنگە ئەمە هەمووی بەهۆی تێڕوانینیەوە بێت بۆ جیهان. مەبەستم ئەوەیە، ئەگەر سەیری تێڕوانینی ئەو بکەین بۆ ژیان و بوون، درک بەوە دەکەین کە هەموو گەردوونی لە ماڵەکەی خۆیەوە بینیووە، هەر لەبەر ئەوەشە کە ئەو تایبەت نییە بە گروپێک لە خەڵک.”

تاڵیب نەژاد ئاماژە بە کتێبی ڕۆومی: ئاگری عەشق دەکات, کە لەلایەن نووسەری بەتوانا نەهال تەجەدود نووسراوە. ئەو کتێبە ژیانی ڕۆمی دەگێڕێتەوە، دەڵێت: “ڕوون نییە کە چەندی ئەو چیرۆکە لە واقیعەوە ڕەگی داکوتیووە، لەگەڵ ئەوەشدا وەک تاکێکی تایبەت وێنای مەولانا دەکات. هەر بەم جۆرەشە کە بە گشتی خەڵک خۆی و نووسینی ئەم شاعیرە دەبینن. هەر بۆیە دەکرێت بڵێین هۆڵیوودـیش مافی خۆیانە فیلمێک دروست بکەن دەربارەی ئەو شاعیرە.”

کاتێک کە ڕۆمی منداڵ دەبێت، خێزانەکەی لە کاتی هێرشی مەغۆلەکان‌ـدا بەڵخ جێدەهێڵن، بو بەغداد، مەککە و دیمەشق‌ـدا دەڕۆن تا دەگەنە قۆنیا، کە دەکاتە تورکیای ئەمڕۆ. لەوێ جێگیر دەبن. مەولانا تا تەمەنی ٣٠ ساڵی وانەی ئیسلامی وتووەتەوە، تا ئەو کاتەی شەمسی تەبریزی، سۆفی فارس، دەبینێت. ئەو گۆڕان لە ژیانی ڕۆمی‌ـدا دروست دەکات و دەبێتە سەرچاوەی ئیلهامەکانی بۆ نووسینی شیعرەکانی.

دەڵێن کە بینینی ئەم دوانە چل ڕۆژ دەخایەنێت، کە تیایدا تەبرێزی تەنیایی فێری ڕۆمی دەکات. دواتر ڕۆمی هەزاران شیعر دەنووسێت بۆ شەمس، تاوەکو خۆشەویستی خۆی بۆ دەربڕێت کە لە دوو دیواندا کۆ کراونەتەوە.

رۆژنامەنووس و ڕەخنەگری سینەمایی، ڕەزا سادق، بە مۆنیتەر دەڵێت کە ئەو پێی وایە بەرهەمهێنەرانی هۆڵیوود توانای ئەوەیان نییە لەم پەیوەندییە ڕاستگۆیەی ڕۆمی و شەمس تێبگەن. دەڵێت: “ڕەنگە کەسایەتییەکی وەکو خەیام‌ـی شاعیر جێی سەرنجی زیاتر بێت بۆ هۆڵیوود، چونکە شیعر و ڕەفتارەکانی زیاتر لە ژیانی مۆدێرنەوە نزیکە. بۆ نموونە، خەیام دەڵێت ‘دڵخۆش بە بۆ ئەم ساتە. ئەم ساتە ژیانی تۆیە.’ بۆیە دەبێت ئەو پرسیارە بکەین بۆ هۆڵیوود دوای کەسایەتیی مەولانا کەوتوون: ئایا بەرهەمهێنەرانی ڕۆژئاوا لە سۆفیگەرێتیی ڕۆژهەڵات تێدەگەن؟ ئایا چ تێگەیشتنێکیان هەیە بۆ مەسنەوی؟ ئایا دەتوانن بگەن بە تێگەیشتنی پێویست بۆ ئەو تێکستانە؟ بەداخەوە وەڵامەکە نەخێرە.”

فارزۆنی، سیناریسی ئەم فیلمە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ زە گاردیان دەربارەی وێنەی ڕۆمی لە فیلمەکەدا، دەڵێت: “ئەو وەک شکسپیر وایە. ئەو کارەکتەرێکە چەندین بەهرەی هەیە و بە بەهایە بۆ کۆمەڵگەکەی و خەڵکەکەی، بێگوومان وێنەی ئەمڕۆ لە چیرۆکی ژیانی ئەودا دەبینیت. ئەو خەڵکانە هەمیشە شایەنی ئەوەن لێیان بکۆڵیتەوە.”

سادق بە مۆنیتەرـی وتووە کە ئەو پێیوایە هۆڵیوود وێنەیەکی شێواوـی ڕۆمی و شەمس پیشان دەدەن، دەڵێت: “ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە هۆڵیوود کردوویەتی و بەردەوامیش دەبێت لە شێواندنی مێژوودا، بەتایبەتیش مێژووی ڕۆژهەڵات. ئەگەر یەکێک سەیری فیلمی نوح بکات، کە دارین ئارنۆفسکی کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجام داوە، هەموو کەس دەتوانێت درک بەو جیاوازییە بکات کە لە چیرۆکە ڕاستییەکەدا هەیە و بەو شێواندنەش کە هۆڵیوود ئەنجامی داوە. چۆن هۆڵیوود دەتوانێت لەم ڕووداوانە تێبگات کاتێک پێیان ئاشنا نییە، یاخود لەگەڵ ئەو ڕووداو و ئەو کەسایەتییە گرنگانەی ڕۆژهەڵاتدا نەژیابن؟”

ئەوەی زۆر جێگەی باس بوو دەربارەی ئەم فیلمە و زۆر قسەی لەبارەوە کرا، ڕۆڵگێڕانی لیۆناردۆ دیکاپریۆ و ڕۆبێرت داونی بوو بۆ ئەم دوو کەسایەتییە گرنگەی ناو فیلمەکە. بینەران بە هاشتاگی ‘ڕۆمی سپی پێست نەبوو’ لە توویتەر ڕەخنەیان لەم دەنگۆیە دەگرت. ڕەخنەگرەکان دەپرسن “بۆچی هیچ ڕۆڵێکی گرنگ نادرێتە ئەکتەرەکانی ڕۆژهەڵات.” هەندێک لە ئالوودەبوانی ئینتەرنێت بەو پرسیارە نووسیوویانە ئەوە خۆی بەشێکە لە زیادکردنی ڕەگەزپەرستی.

تالیب نەژاد دەڵێت هەموو ئەمەی ڕوودەدات پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە: “ئێمەی ئێرانی بڕوامان وایە کە مەولانا هی ئێمەیە، ئەفغانییەکانیش بە هەمان شێوە. بەڵام ئەوە تورکیایە کە مەولانای داگیر کردووە. لە ڕاستیدا نەبوونی سیاسەتی ئێمە سەبارەت بەو پرسە، وای کردووە مەولانا ببێتە موڵکی تورکەکان. من دەترسم لە داهاتووشدا هەمان شت بەسەر شاعیرانی تری وەک خەیام و سەعدی شیرازی ڕوو بدات.”

سەبارەت بە ڕۆڵبینینی دیکاپریۆ، تالیب نەژاد دەڵێت: “ئەو تایبەتمەندیی گرنگ لە ڕووخساریدا هەیە، کە ڕەنگە ئەمەش ببێتە هۆی ئەوەی ڕۆحی ڕۆمی زیاتر و زیاتر بەدی بکەین. لە ڕوویەکی تریشەوە ئەوەیە کە نازانین بەتەواوی چ وێنەیەکی مەولانا لە ڕاستییەوە نزیکە.”

بە بڕوای سادق، بەشداربوونی تورکیا لەم پڕۆژەیەدا بە هیچ جۆرێک نابێت وەک کێشەیەکی کلتووری سەیر بکرێت: “ئەمە ڕوونە کە ئەمە بابەتێکی سیاسییە؛ هەردوو حکومەتی تورکیا و هۆڵیوود ئەوەی دەیانەوێت بەدەستی دەهێنن.”

هاوبەشی بکە

LeonardoDiCaprio, Mawlana, Mevlawi, PshtewanKamal, Rumi, Tabrizi,