19/04/2024
DidiMn Logo
Top

بێلا تار ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی پڕۆژەی خوێندنگەی فیلمەکەی داخست

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

Copyright 2016 The Associated Press. All rights reserved. This material may not be published, broadcast, rewritten or redistributed without permission. Mandatory Credit: Photo by Abdeljalil Bounhar/AP/REX/Shutterstock (7554299s) Jury president Bela Tarr attends the closing ceremony of the the 16th Marrakech International Film Festival in Marrakech, Morocco Film Festival, Marrakech, Morocco - 10 Dec 2016

دیدی من

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

فیلمسازی ناوداری هەنگاری بێلا تار، لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ ئیندی وایەر لە فێستیڤاڵی فیلمی مەڕاکیش سەبارەت بە ئەزموونی خۆی لە بواری پەروەردە، پاش ئەوەی لە بەرهەمهێنانی فیلم وەستاوە، قسە دەکات.

کۆتایی هەفتەی پێشوو، بێلا تار بەشێکی تری کارکردنی کۆتایی پێ هێنا، ئەو بۆنەیەی لە تویتێکدا ئاماژە پێ دا. فیلمسازەکە، کە کارەکانی بە فیلمی هونەری و تێمای فەلسەفی و گرتەی درێژ ناوبانگیان دەرکردووە، گوتی: “هاوڕێیانی ئەزیز، دەمەوێت پاش چوار ساڵ و نیو ئەوەتان پێ ڕابگەیەنم، کە دوێنێ سارایڤۆم جێ هێشت. هیوای باشی بۆ هەمووان دەخوازم. بێلا.”

ئەمە یەکەم جار نییە بێلا تار ماڵئاوایی دەکات؛ تار لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٢دا بەرەو پایتەختەکەی بۆسنە باری کرد، پاش ئەوەی بە تەواوەتی و بە شێوەیەکی فەڕمی وازهێنانی خۆی لە بەرهەمهێنانی فیلم ڕاگەیاند. بڕیاردانەکەشی لە کاتێکدا بوو، کە ئەو لە ساڵی ٢٠١١دا فیلمی ئەسپی تورینی بەرهەم هێنا، پاشانیش گوتی هەموو ئەوەی ویستوومە لە ڕێگەی فیلمەوە بیڵێم، لە ڕێگەی ئەو فیلمەوە گوتوومە و هەر بەو جۆرەش فیلمەکەم دروست کردووە. ئەو لە سارایڤۆ خواستی ئەوەی هەبوو دەزگایەکی ئەکادیمیی فیلم دروست بکات لە خوێندنگەی زانست و تەکنەلۆژی، تا لە ڕێگەیەوە کۆمەڵێک دەنگی نوێ و جیاواز بەرهەم بهێنێت، بەڵام بە هۆی کۆمەڵێک کێشەوە خوێندنگەکە داخرا.

ئەسپی تورین

ئیندی وایەر پرسیاری ئەوەی ئاڕاستە کرد تا ڕوونکردنەوە بدات سەبارەت بەو بڕیارە، تار لە گفتوگۆیەکدا لە فێستیڤاڵی فیلمی مەڕاکیش، کە ئەو تیایدا سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندنە، گوتی: “بە هۆی نەبوونی پارەوە. ئێمە بەشێک بووین لە زانکۆیەکی تایبەت و پڕۆگرامەکەشمان زۆر دەکەوت لەسەر شانی ئەوان.” لەوە باشتر ڕوونکردنەوە نادرێت.

بێگومان هیچ شتێک لەمە ئاسانتر نییە بۆ ئەم دەرهێنەرە ٦١ ساڵە، کە بە پێشەنگی بزووتنەوەی سینەمای هێواش دادەنرێت، هەروەها ئەو بە یەکێک لە کاریگەرترین دەرهێنەرەکانی سی ساڵی ڕابردوو دادەنرێت، هەرچەندە فیلمەکانی گەلێک قورسن بۆ تێگەیشتن. بۆیە بە پێکەنینەوە گوتی: “دەبێت من چی بکەم؟”

لەگەڵ ئەوەی تار یەکێکە لە هەرە دەنگە دیارەکانی هەنگاریا، بەڵام هەمیشە دامەزراوە سیاسی و هونەرییەکانی هەنگاریا ویستوویانە ئەو دەنگە کپ بکەن. تار لە ئاماژەدا بۆ ڤیکۆر ئۆربانی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی، دەڵێت: “بەڕێز ئۆربان جێگەی شەرمی وڵاتەکەمانە.”

بێلا تار

تار خۆیشی بە کەسێکی خانەنشین لە بواری فیلمسازیدا نابینێت و دەڵێت: “من هێشتا فیلمسازم، چونکە فیلمدروست کردن دەرمانە، ناتوانیت وازی لێ بهێنیت، کاتی دەوێت! بەڵام هێشتا هەلومەرج لە ژیاندا دەبینم، هێشتاش بیر دەکەمەوە. مێشکم نەوەستاوە. چۆن مێشکی دەرهێنەر کار دەکات؟ فیلمدروستکردن ڕێگەیەکە بۆ بیرکردنەوە. بە دڵنیاییشەوە، جۆرێکیشە لە بەرپەرچدانەوە بۆ ژیان، جۆرێک لە پەیوەندیبەستن. شتێک لە ژیاندا دەبینیت. پاشان دەیگۆڕیت و لە تێڕوانینی خۆتەوە پیشانی دەدەیت.”

بێگوومان ئەمەش جێی سەرسامی نییە، کە مارتن سکۆرسیسی دەڵێت: “یەکێک لە هونەرمەندە هەرە سەرکێشەکانی ناو بواری سینەما”، کە هەر ئەویش پێی وایە “کاتێک فیلمێک دەبینیت، دەرهێنەرەکە دەبینیت، بە ڕووتی”، بەڵام ئەوە لەبەرچاو بگرە کە تار هەرگیز نەیویستووە شتی وا ڕوو بدات.

ڕوونی کردەوە: “من نەمویست ببم بە دەرهێنەر، من یەکەمین کامێرای هەشت ملیمم لە ڕۆژی لەدایکبوونمدا لە لایەن باوکمەوە پێم درا، بۆ ماوەی دوو ساڵیش هیچ دەستم لەو کامێرایەوە نەدا. من بیرم لەوە دەکردەوە کە کامێرا تەنیا پارچە ئامێرێکە، چونکە من دەمویست ژیان بگۆڕم، پێم وا بوو دەتوانم ئەم شتە نەفرەتییە بۆ ئەو مەرامە بەکار بهێنم. ئەوەش ڕەفتارەکەم بوو.”

   ئەو دەڵێت: “کاتێک فیلمێک تەواو دەکەیت، پرسیارێکی نوێت دێتە ڕێ. بۆ پرسیارە نوێیەکەش، ناتوانیت وەڵامە کۆنەکە بەکار بهێنیت، هەر بەو جۆرەیە کە هەنگاو بە هەنگاو، تۆ دەچیتە پێش و ستایلێک و زمانێک لە سینەمادا بۆ خۆت دروست دەکەیت.” ئەو بەم هەنگاونانە توانی لە ساڵی ٢٠١١دا شاکارترین فیلمی خۆی، ئەسپەکەی تورین، دروست بکات. ئەو لەبارەی ئەو فیلمەیەوە دەڵێت: “من بیرم لە زمانی فیلمەکە کردەوە. تەواو بوو. پرسیارە سەرەکییەکانیشم وەڵام دابوونەوە.” هەر بۆیە بەرەو سارایڤۆ ڕۆیشت.

 

هاوبەشی بکە

Bela Tar, IndieWire, PshtewanKamal,