28/03/2024
DidiMn Logo
Top

حەمە قادر یەکەمین ئەزموونی خۆی وەک فیلمساز ئەنجام دا

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منپشتیوان کەمال

حەمە قادر کورتەفیلمی عێراق.سلێمانی ٠٦١٠ـی بەرهەم هێناوە و لە ئێستادا ئامادەی نماییشە. ئەم کورتەفیلمە یەکەمین ئەزموونی دەرهێنەرە و پێشتریش لە کۆمەڵێک کاری تردا بەشداریی کردووە. هەر وەک دەرهێنەر خۆی ئاماژەی پێ کردووە، ئەم کورتەفیلمەی ئێپیزۆدی یەکەمی پڕۆژەیەکە کە دەربارەی کابوس، شیعر و سیاسەت دەدوێت.

دەربارەی چیرۆکی فیلمەکە حەمە قادر بۆ دیدی من گوتی: “ڕەنگە هەر بینەرێک ڕای تایبەتی خۆی هەبێت لە سەری و بۆ ئەمەش گرنگ بووە بەلامەوە فیلمەکە وەک دۆخێک وا بێت.” هەروەها دەڵێت: “بۆ خۆم فیلمەکە دەستپێکی پڕۆژەیەکە و دەکرێت ئەمە یەکەم ئێپیزۆدی بێت، هەڵبەت بە سەربەخۆیی خۆیەوە. پڕۆژەیەکە کە سێ چەمکی سەرەکی لای من دەوروژێنێت: کابووس، شیعر و سیاسەت.” ئەو پێی وایە سینەما دەبێت زیاد لە هەر کاتێکی تر بەوەفا بێت بەرامبەر بەو سێ چەمکەی باسی کردووە.

ئەو ڕایەکی جیاوازی هەیە دەربارەی چیرۆکی فیلم و دەڵێت: “من بەڕاستی نازانم فیلمەکە باسی چی دەکات و گرنگترین پەیام کە فیلمێک بتوانێت لەم دۆخەی جیهاندا بیگەیەنێت گەڕانەوەیە بۆ گرنگیی ئەو بکەرە و پڵۆتە سینەمایییانەی کە نازانن باسی چی دەکەن و تاکە ئومێدێک مابێت هەر ئەمەیە.” ئەو پێی وایە زۆر گرنگە بتوانیت فیلمێک دروست بکەیت کە نەزانیت باسی چی دەکات.

دەرهێنەری ئەم فیلمە پێشتر چەند کتێبێکی وەرگێڕاوە و چەندین بابەتیشی دەربارەی سینەما لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو کردووەتەوە. ئەو پێی وایە: “هەموو ئەو کارانەی پێشتر کردوومن ڕاهێنان بوون بۆ من وەک چۆن ئەم کارەش هەر وایە. ڕاستییەکەی لانیکەم بۆ ئێستا من نامەوێت ناونیشانێک لە خۆم بنێم.” هەروەها دەڵێت: “سینەما حاڵەتێکی تایبەتی هەیە و ڕەنگە زیاتر تەرکیزم لەبەر ئەوە بێت.”

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ناونیشانی فیلمەکە چی دەگەیەنێت، حەمە قادر گوتی: “ناونیشانی فیلمەکە پەیوەندی بە ناوەڕۆکەکەیەوە هەیە، یانی دەبێت هەیبێت.” ئەو بڕوای وایە بینینی کورتەفیلمەکە ناوی فیلمەکەش ڕوون دەکاتەوە.

13895261_1408749845808153_189741777233406890_n

یەکێک لەو شتانەی پێش هەموو شتێک بەر فیلمەکەی قادر دەکەوین پۆستەری فیلمەکەیە، ئەویش پۆستەرێکە جیاوازە لە هەموو ئەو پۆستەرانەی پێشتر لە کاری فیلمسازی کوردیدا بینیوومانە و کۆسار جەلالی شێوەکار دروستی کردووە. قادر دەڵێت: “لە باشووری کوردستان گرنگی بە زۆر شتی ناو فیلم نادرێت. بەلامەوە گرنگ بوو پۆستەرەکە شتێکی جیاواز بێت. جیاواز لەو جوانییەی میدیا سەپاندوویەتی و پێی وایە دەبێت پۆستەر، فۆنت و گرافیک جوان بن.”

دەربارەی ترەیلەری کورتە فیلمەکەی دەرهێنەر ڕوونی کردەوە: “ترەیلەری فیلم مەرج نییە شتێکی ئەوتۆ لە سەر فیلم بڵێت.” هەروەها دەڵێت: “ئەمە تەواو پێچەوانەی ئەو دیدە زاڵەیە بۆ ترەیلەرسازی کە ڕیکلامێکە بۆ فیلمەکە. لەم جۆرە کارانەدا کە بۆ بازاڕ نین یان لانیکەم هیوایان بە بازاڕ نییە، ئێمە دەست کراوەین کە چۆنمان پێ خۆشە پۆستەر و تیزەر دروست بکەین و بەم جۆرە ئازادتر دەبین.”

هاوبەشی بکە

Hama Qadir, Iraq.Slemani 0610, PshtewanKamal, Short Film,