02/05/2024
DidiMn Logo
Top

خولێکی فێرکاریی ئۆنلاین لە بواری هونەری شێوەکاریدا

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منئاراس عەبدولڵا

پێگەی کوردیا ئاڕت خولێکی پێدانی زانیاری و فێرکاری لە بواری هونەری شێوەکاریدا بە شێوازی ئۆنلاین دەکاتەوە. ئەم خولە ماوەی چوار هەفتە دەخایەنێت و بە گوتەی ستافی کوردیا ئاڕت خولەکە تایبەتە بەو فێرخوازانەی کە ئارەزو دەکەن داواکاری پێشکەشی کۆلێژ و پەیماناگەکانی هونەرەجوانەکانی کوردستان بکەن. ناونووسین بۆ بەشداریکردن هەتا بەرواری ٤/٨/٢٠١٦ بەردەوامە و خولەکە لە بەرواری ٦/٨/٢٠١٦ دەست بە کارەکانی دەکات و بێبەرامبەرە.

سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئەم خولە، پێگەی کوردیا ئاڕت لە ڕوونکردنەوەیەکیاندا کە بەتایبەت بۆ دیدی من نێردراوە، هاتووە: “ئێمە لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک گروپێکمان دروست کردووە تایبەت بە بەشداربووان بە ناوی کوردیا گفتوگۆ، بەشداربووانی خولەکە لەوێ کۆ دەکەینەوە و هیچ کەسی تر ناتوانن بابەتەکان ببینن و بچنە ناوی جگە لە بەشداربوان. ئێمە زانیاریی تایبەت بە هونەری شێوەکاری دادەنێین بەتایبەت بە فێرکاری بە شێوازی وێنەیی و ڤیدیۆیی و نووسین. هەوڵ دەدەین فێرخوازانی نوێ وا پەروەردە بکەین کە خۆشەویستییان بۆ کارەکانیان هەبێت و گرنگی بە هونەرەکە بدەن، چونکە لە ئێستادا خویندکارانی هونەر لە پەیمانگا و زانکۆکان بە ئاقارێکی خراپدا دەڕۆن و ئەمەش کۆمەڵێک هۆکاری تایبەتی هەیە و ئێمە هەوڵ دەدەین بە پێی توانای خۆمان لە بوارەکەدا ئەو کەسانە بە شێوەیەکی جوان و باش پەروەردە بکەین بەدەر لەوەی کە هەیە و دەگوزەرێت.”

cover (1)

ئەم خولە بێ بەرامبەرە و هەموو فێرخوازێک دەتوانێت بەشداریی تێدا بکات، بەڵام پێگەی کوردیا ئاڕت چەند مەرجێکی هەیە و دەبێت فێرخواز پابەندبێت پیانەوە، مەرجەکانیش بریتین لە:

پێویستە فێرخواز خۆشەویستیی بۆ سروشت هەبێت و سروست‌دۆست بێت

پێویستە فێرخواز خۆشەویستیی بۆ نیگار و تابلۆکانی دونیا هەبێت.

پێویستە فێرخواز دەبیت ئارەزووی نیگارکێشانی هەبێت.

پێویستە فێرخواز پابەند بێت بە رێنمایییەکانی ستافی پەڕە، بە پێچەوانەوە لە گروپ دەردەکرێت.

پێویستە فێرخواز پابەند بێت بەو ئەرکانەی کە لە لایەن ستافی پەڕەوە پیی دەدرێت و لەو ماوەیەی بۆی دیاری دەکرێت جێبەجییان بکات، بە پێچەوانەوە لە گروپ دەردەکرێت.

 

.بۆ ئەوانەی دەیانەوێت لەم خولەدا بەشدار بن، دەتوانن پەیوەندی بە پێگەی کوردیا ئاڕتەوە بکەن

هاوبەشی بکە

ArasAbdulla, Kurdia Art, Shewakari,