دیدی من – خوێنەر و کتێب
کتێب: پڵنگە سپییەکە
نووسەر: ئەرڤەند ئەدیگا
خوێنەر: عەلی ئەحمەد
پڵنگه سپییه‌که به یه‌کێک له‌و ڕۆمانانه ده‌زانم، که فره‌ڕه‌هه‌ند و خاوه‌نی په‌یامی مرۆڤایه‌تییه. ئارژهند ئه‌دیگای نووسه‌ر، که به ڕه‌گه‌ز هیندییه، له‌چاو ته‌مه‌نی خۆی له ده‌رگەی زۆر بابه تو گرفتی هه‌نوکه‌یی و مێژوویی ده‌دات، که له ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانین به‌بێ پاسپۆرت به نێو کوچه و گوند و شاری گه‌وره و جه‌نجاڵی دێلهیدا گوزه‌ر بکه‌ین.
یه‌ک له‌و ڕه‌هه‌ندانه په‌روه‌رده و کلتووری وڵاته‌که‌یه، که ئاشنامان ده‌کات به‌و وابهستهییە ئایینی و کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی، که هه‌ریه‌ک له هاووڵاتییانی هیندستان به جۆرێک پێوه‌ی گرێ دراون، سیستمی خوێندنگە و شێوازی مامه‌ڵه‌ی مامۆستا و که‌رتی په‌روه‌رده، که کاریگه‌ریی جه‌وهه‌ری له ژیانی تاکی هیندی هه‌یه. منداڵی هه‌ژاره‌کان ناتوانن بگه‌نه ئه‌نجامێک، به چه‌ندین بیانوو، که سه‌ره‌کیترینیان خودی هه‌ژارییه.
یه‌کێکی تر له‌و مه‌سه‌لانه‌ی که نووسه‌ر زۆر جه‌ختی له‌سه‌ر کردووه، جیاوازیی چینایه‌تییه، که وه‌ک درزێکی گه‌وره و ڕوون له نێوان خێڵ و جوگرافیادا ده‌بینرێت.
دێلهیی پایته‌خت، وه‌ک شارێکی مۆدێرن به ئاشکرا له نێوان گه‌ڕه‌که هه‌ژارنشینه‌کان و سه‌رمایه‌داره‌کان و کونسوڵخانه و هۆتێله پێنج ئه‌ستێرکان، له ڕووی خزموتگوزاری و پاک‌وخاوێنی و ئاستی هۆشیاریی تاکه‌کان، جیاوازییه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه. ماهیه‌تی شار و ئاستی پایتهختێتیی دێلهی، له‌و دێڕه‌دا خراوه‌ته به‌ر نه‌شته‌ری ڕه‌خنه‌یه‌کی جیدیه‌وه: ”هیندستان ته‌نها پایته‌ختی یه‌ک وڵات نییه، به‌ڵکو پایته‌ختی دوو وڵاته (تاریکی و ڕوناکی).” نووسه‌ر ئه‌م دوو چه‌مکه وه‌ک له زۆر شوێنی ڕۆمانه‌که به‌کار دێنێت، وه‌ک دوو دنیای ته‌واو دژیه‌ک.
یه‌ک له سیما دیاره‌کانی هیندستان، که نووسه‌ر ده‌یخاته ڕوو، بوونی ئه‌و هه‌موو خودا و ڕێچکانه‌یه، که هه‌ریه‌که‌یان سه‌رچاوه‌گرتوون به مێژووی تایبه‌تی خۆیان و ئه‌داکردنی دروشمه جیاوازه‌کان.
نووسه‌ر توانیویه‌تی وێنه‌یه‌کی بێ ڕتووشی مرۆڤی هیندیمان پیشان بدات، له به‌پیرۆززانینی شوێن و کات و په‌رستراوه‌کان.
گوزارشتکردنی هێنده به زمانێکی پاراو کراوه، که له هه‌ندێ شوێنی ڕۆمانه‌که خه‌ریکه خۆت له کلکڕاوهشانی گامێش و گاکانی سه‌رجاده و بازاڕکان لا بده‌یت و بۆنی هاڵاوی شیاکه و جۆگه‌له‌کان دێن به لووتتدا.
ئارڤه‌ند ئه‌دیگا، لە ڕێگه‌ی کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی (باڵرام حه‌ڵواچی)، ڕه‌خنه‌ی توند له سیستمی سیاسیی هیندستان ده‌گرێت، که به ناوی دیموکراسییه‌وه گه‌وره‌ترین پێشێلکاریی دیموکراسی و مافی مرۆڤه، که خۆی له گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل و قۆرخکردنی بازاڕ و ئابووریی وڵات ده‌بینێته‌وه.
باڵرام له ڕێگه‌ی نامه‌یه‌ک، که بۆ جیاباو، سه‌رۆکی وڵاتی چین ده‌ینووسێت، کاتێک بۆ سه‌ردان دێته هیندستان، به‌راورد لە نێوان چین و هیندستاندا ده‌کات، له هه‌ندێ لایه‌نه‌وه، داوا له جیاباو ده‌کات که پێچه‌وانه‌ی قسه‌کانی سه‌رۆکی هیندستان به ڕاست وه‌ربگرێت.
باڵرام له شوێنێکدا که قسه له‌سه‌ر بانگه‌شه‌ی ده‌نگدان و دیموکراسی ده‌کات، ده‌ڵێت: ”ئه‌گه‌ر من وڵاتم بونیاد بنایه، پێش هه‌موو شتێک بۆریی ئاوه‌ڕۆم داده‌نا، دوای ئه‌وه دیموکراسی، دواییش ده‌چووم نامیلکه و په‌یکه‌ری گاندیم پێشکه‌ش به خه‌ڵک ده‌کرد.” ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌کی ڕوونه به‌وه‌ی که سیاسییه‌کان هه‌میشه مه‌زنیی که‌سایه‌تییه مێژووییه‌کانی وڵات، وه‌ک شه‌رعییه‌تدان به ئاڕاسته سیاسییه‌کانیان به‌کار دێنن.
کارەکتهری باڵرام، که له خوێندنگە ده‌رده‌هێنرێت و ده‌خرێته به‌ر کاروکاسپی، ئه‌مه له کاتێکدایه که باڵرام خوێندکارێکی زیره‌که، به جۆرێک، مامۆستاکه‌ی به پڵنگی سپی وه‌سفی ده‌کات.
هه‌ر بۆیه به دوورخستنه‌وه‌ی له خوێندنگە، برینێکی قووڵ ده‌کاته ڕۆحیه‌وه. به شێوه‌یه‌ک، که دواجار ده‌یکاته پیاوکوژ، ئه‌ویش به کوشتنی ئاسۆک، خاوه‌نکاره‌که‌ی. به هه‌مان ئاڕاسته‌ی کوشتنی پیره‌ژنه سووخۆره‌که له لایه‌ن ڕاسکۆلنیکۆڤ، له ڕۆمانی تاوان و سزای فیودۆر دۆستۆیڤسکیدا، به‌ڵام له فۆڕمێکی تردا.
نووسه‌ر ناوی سێ شاعیری به‌ناوبانگی دنیا دێنێت، که ئه‌وانیش مه‌ولانا، ئیقباڵی لاهوری و میرزا غالیبن، که کاریگه‌ریی دنیابینی و ڕۆحی فه‌لسه‌فه‌گه‌راییان له‌سه‌ر مرۆڤایه‌تی هه‌یه.
لایه‌نێکی تری ڕۆمانه‌که، پیشاندانی دیوێکی تری ژیانی هیندییه‌کانه، له‌ژێر ڕه‌حمی خاوه‌نکاره‌کانیان، که وه‌ک کۆیله‌یه‌ک ده‌ڕوانێته به‌رده‌سته‌کانیان. به شێوه‌یه‌ک، نووسه‌ر ژیانی ئه‌وانی شوبهاندووه به‌و کهڵەشێرانهی که له ناو قه‌فه‌سدان له بازاره هه‌ژارنشینه‌کانی دێلهی.
باڵرام پاش چاوخشاندنی به یه‌کێک له کتێبه کۆن و زه‌رده‌کاندا، ئه‌م گوته‌یه‌ی به‌رچاو ده‌که‌وێت: ”ساڵانێک بوو به‌دوای کلیلدا ده‌گه‌ڕایت، به‌ڵام ده‌رگە هه‌میشه کراوه بوو.” ئه‌مه‌ش وه‌ک گوزارشتکرن له به هه‌ڵه هه‌نگاونانی مرۆڤ بۆ هێنانه‌دیی خولیا و ئاواته‌کانی و بوونی گه‌نجینه‌که له به‌رده‌مماندا، یان له ته‌نیشتماندا، له کاتێکدا ئێمه بۆ گه‌یشتنمان، دورتر ده‌ڕۆین.
دواجار له‌بیرمان نه‌چێت، ئاماژه به وه‌رگێڕانه جوان و پاراوه‌که‌ی شلێر ڕه‌شید بکه‌ین، که سه‌لیقه‌یه‌کی تایبه‌تی به‌کار بردووه له گه‌یاندنی په‌یام و بیری نووسه‌ر به خوێنه‌ری کورد.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.