19/03/2024
DidiMn Logo
Top

دایکم پاشناومە 

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
لاوک ئەبووبەکر – لاوک بەناز

دایکم پاشناومە، ناونیشانی کورتەڤیدیۆیەکە کە تیایدا چەند کەسیاتییەکی کورد لە جێی ناوی باوکیان، ناوی دایکیان وەک پاشناو بەکار دەهێنن.

ئامانج لەم هەوڵ و چالاکییە، خستنە ژێر پرسیاری هەژموونی پیاوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا و دروستکردنی گومانە لەسەر ئەو تێڕوانینە باو و کلاسیکییانەی بۆ دوانەی ژن و پیاو هەیە، کە تەواویان لە نایەکسانییەکی قووڵدا خۆیان دەبیننەوە. ئەمەش لە ڕێگەی کارکردن لەسەر یەکێک لەو تێما سەرەکییانەی کە وێنەی ئەو هەژموون و تێڕوانینانەیە، ئەویش پاشناو و ناوی دووەمی هەر یەکێک لە ئێمەیە، کە بە باپەندبوونێکی کەلتووری، ئایینی و یاسایی دەبێت ناوی باوکمان بێت.

هەڵبژاردنی ئەم تێمایە بۆ کارکردن، دەگەڕێتەوە بۆ سادەیی و گرنگیی تێماکە لە یەک کاتدا؛ سادەیە بەوەی دەتوانرێت لە ڕێی ئەم تێمایەوە، ئاسان ئەو پرسیارانە دروست بکرێن کە سەبارەت بە یەکسانیی جێندەریین و لە کۆمەڵگەی کوردیدا گەڕان بۆ وەڵامیان تابۆن، هەروەها گرنگە چونکە دەکرێت لە ڕێیەوە لەو تێڕوانینە نالۆژیکیانە بدرێت، کە سەبارەت بە سەروەریی پیاو و نمرە دووییی ژن هەن.

دەکرێت ئەم جۆرە کارکردنە لەسەر ئەم تێمایە، لە هەر تێمایەکی تردا کە ڕەنگ و بۆی نایەکسانیی جێندەری لێ دێت، مانیفێست بکرێتەوە؛ بەو واتایەی جگە لە پاشناوی هەر یەکێک لە ئێمە، کۆمەڵێکی زۆر تێمای تر هەن، کە تیایاندا پیاو سەروەرە و ژنیش پەراوێزکەوتوو. هەر ئەم تێمایانەشن، کە تەواوی سیستەمی کلتووری، ئایینی و یاساییی کۆمەڵگە و وڵاتی ئێمەیان داڕشتووە و ژیانمانیان ڕێک خستووە و لە دەرئەنجامدا ئەو نایەکسانییە جێندەرییە قووڵەیان بەرهەم هێناوە.

دواجار پاشناوی هەر یەکێک لە ئێمە ناوی دایک یان باوکمان بێت؛ گرنگ ئەوەیە درک بەو نایەکسانییە جێندەرییە بکەین کە لەسەر ژیانی ژنانی کۆمەڵگەی کوردی بەرهەم هاتووە و لێرە بەدوا، بە چەشنی کارکردن و ئامانجی ئەم کورتەڤیدیۆیە، لە هەوڵدا بین بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە یەکسانیی جێندەری.

”دایکم پاشناومە،“ پڕۆژەیەکی هاوبەشی کۆمەڵەی 68 و سەنتەری جێندەر و لێکۆڵینەوە زانکۆی ئەمریکی، سلێمانی‌ە. ژیوار نازەنینژیوار جەوهەر کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.

 

[aesop_video align=”center” src=”youtube” id=”zYzvWEggOrQ” disable_for_mobile=”on” loop=”on” autoplay=”on” controls=”on” viewstart=”on” viewend=”on” revealfx=”frombelow”]

هاوبەشی بکە

Dayk, Femenism, Gender Eqaulity, LawkAbubakr, ZhiwarNazanin,