18/04/2024
DidiMn Logo
Top

دوای ساڵێک بەرهەمێکی نوێی کۆڕی شانۆی با نمایش دەکرێت

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – لاژە تەها

بیر ئەچیتەوە وەک ئەوەی هەر نەبووبیت، ناوی نوێترین شانۆیی کۆڕی شانۆی بایە، لە لایەن حەمە مستەفاوە کاری دەرهێنان و دراماتورگی بۆ کراوە، وەرگیراوە لە دەقی نەوڕەسی ئەنتوان چیخۆف، بە سوودوەرگرتن لە چەند شیعرێکی مەحموود دەرویش و دیالۆگێک لە شانۆیی گەردەلوول و هاملێتی ویلیام شەکسپیر. کاروان سۆفی کاری نووسینەوەی شانۆییەکەی کردووە و دیالۆگی حیکایەتخوان لە لایەن هێمن قەرەداغییەوە نووسراوەتەوە. هەریەک لە ئەکتەران حەمە ڕەشید هەرەس، ژیان ئیبراهیم خەیات، هێرۆ سەباح، دیاری عومەر، ڕێباز محەمەد، سۆزان بابەعەلی، زەریا سامی، بێساران جاسم، میران ئازاد لە شانۆییەکەدا ڕۆڵ دەبینن و موزیکی تایبەت بە شانۆییەکە لە لایەن توانا حەمەوە دانرواە. دیزاینەری سینۆگرافیا شیراز حەسەنە و شەنگە حەسەنیش دیزاینەری جلوبەرگ.

دەرهێنەر حەمە مستەفا دەربارەی ئەم کارە نوێیە و کارکردنی ئەوان لە دەقدا، بۆ دیدی من گوتی: ”بناغەکەمان بناغەی دەقی نەوڕەسی چیخۆفە، هەوڵمان داوە لەسەر چەند هێڵێکی سەرەکی ئیش بکەین.
یەکەم هێڵ کە لە ناو دەقی چیخۆفدا هەیە، شەڕی نێوان دوو نەوەیە، نەوەی نوێ و نەوەی کۆن، کە بەردەوام بە درێژایی زەمەن ئەم شەڕە هەیە و لە داهاتووشدا هەر بەردەوام دەبێت، چونکە هەمیشە نەوەیەکی نوێ دێت کە حەزی لە تازەگەرییە، دەیانەوێت شتێکی تازەتر تاقی بکەنەوە و ئەمەش کێشەیان بۆ دروست دەکات و لە لایەن ئەوانەی کە پێشووتر هەن قبووڵ ناکرێن، بەشێکی کێشەکەش ئەوەیە گەنجەکانیش گەنجانێکی یاخین، قبووڵی ئەو ئەزموونەی نەوە کۆنەکە ناکەن کە وەریان گرتووە بە درێژایی ئیشکردنیان. ئەوەی ئێمە زیاتر ئیشمان لەسەر کردووە هونەرە، لە ناو هونەردا ئەم شەڕە زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت.
هێڵێکی تری ئیشەکەمان باس لە خۆشەویستییەکی ناکام، خۆشەویستییەکی یەکلایەنە دەکات کە لە ناو دەقەکای چیخۆفدا بە ڕوونی دیارە، ئێمەش هەوڵمان داوە سوود لەوە ببینینەوە و بیهێنینەوە ناو ئەم دەقەی خۆیشمان و ئیشی لەسەر بکەین. کۆمەڵێک کارەکتەرمان هەن، ئەم کارەکتەرانە هەریەکەیان کەسێکی خۆش دەوێت، بەڵام ئەو کەسە ئەمی خۆش ناوێت، کەسێکی تری خۆش دەوێت؛ سێگۆشەییەکی بەردەوامە، ئەمەش بەشێک لە ژیانی گەنجەکانی ناو ئیشەکەی داگیر کردووە.
هێڵێکی تری ئیشکردنمان لەسەر پیرییە، کە مرۆڤ پیر دەبێت چیی بەسەر دێت، بە پیری هەست دەکات کۆمەڵێک شت هەبوون دەبوایە لە گەنجیدا بیکردنایە و ئێستا ئیتر ناتوانێت جارێکی تر بیانکاتەوە.
بەشێکی ترمان ئیشکردنە لەسەر سروشت، مرۆڤ بەردەوام سروشت دەشکێنێتەوە، پیسی دەکات، بەردەوام وێرانی دەکات، سروشتیش بە بێدەنگی تا ئێستا ئیشی خۆی دەکات، خزمەت دەکات. یەکێک لە کارەکتەرەکانمان باکگراوندەکەی باکگراوندێکە باسی سروشت دەکات، لە دنیای میتافیزیکەوە هاتووەتە ناوەوە، ئەم کارەکتەرە تا کۆتایی بە بێدەنگی ئیش دەکات، دێت و دەڕوا، بەڵام لە کۆتاییدا، دوای ئەوەی شەڕێکی زۆر خراپیی مرۆڤەکان دەبینێت لەگەڵ یەکدا، دەڵێت ئیتر تەواو، من ناتوانم لەگەڵ ئینساندا بمێنمەوە، دەچێتەوە شوێنەکەی خۆی و لە خزمەتکردنی مرۆڤ دەوەستێ. سروشت ماندووە و مروڤ وا خەریکە لە ناوی دەبات، کاردانەوەکانیش بۆ پاراستنی و ڕاگرتنی ئەو لەناوبردنە، بە بەراورد بە وێرانکارییەکانی هیچ نین.
ئیشمان لەم خاڵانەدا کردووە و ویستومانە بە ڕوونی لە ناو ئیشەکەدا دیار بێت.”

لەبارەی سوودبینین و تێکەڵکردنی چەند دەقێکی شانۆیی و شیعر و نووسینەوە بۆ ئەم شانۆییە و هۆکار و چۆنێتیی تێکەڵکردنەکە، حەمە گوتی: ”بەپێی ئەوەی ئیشەکە داوای دەکات ئەم تێکەڵکردنەمان کردووە، ئێمە لە هەندێک شوێندا ئیشمان لەسەر شەڕی نەوەکان کردووە لە لای چیخۆف، هەوڵمان داوە لە لای شەکسپیرەوە سوود لە دەقی هاملێت ببینین، کە لە هاملێتدا بۆ شەڕی نێوان دایک و کوڕ شتێکی ترە، بەڵام لێرە هێناومانە بە شێوازێکی تر تەوزیفمان کردووەتە ناو ئیشەکە، بۆ ئەوەی کە جیاوازیی نواندنی نەوەی کۆن، بەتایبەتی لە شانۆدا، لەگەڵ جیاوازیی نواندنی نەوەی نوێ، ئەو تازەگەراییەی نەوەی نوێ پێیەتی و ئەو ئەزموونەی نەوەی کۆن پێیەتی، چۆن بەریەک دەکەون، چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، لای شەکسپیر سوودمان لێی بینیوە، سودمان لە دوو دەقی بینیوە، گەردەلوول و هاملێت. هەروەها سوودمان لە هەندێک شیعری مەحموود دەرویش وەرگرتووە و تەوزیفمان کردووەتەوە. واتە ئامانجمان گەیاندنی ئەو پەیامەیە کە لە ئیشەکەدا هەمانە، تا ڕوونتر، قووڵتر و زیاتر بەر خەڵک بکەوێت.”

بۆ ئەم شانۆییە موزیکی تایبەت لە لایەن موزیسیان توانا حەمەوە ئامادە کراوە؛ دەرهێنەر لەبارەی موزیکی تایبەت بۆ شانۆیی پێی وایە ئەمە پێویستە و گرنگیی خۆی هەیە، وا دەکات بینەر زیاتر بێتە ناو ئیشەکەوە. بۆ ئەمەش دەڵێت: ”هەموو ئیشێک پێویستی بەوە هەیە مۆسیقای تایبەت بە خۆی هەبێت، کێشەکە ئەوەیە لێرە تا ئێستا ئەم دیاردەیە کەمە و لەم دواییانەدا وردە وردە شانۆکارەکان هەوڵی ئەوە دەدەن موزیکی تایبەت بە ئیشەکانیان هەبێت، چونکە ناکرێت تۆ موزیکێک بهێنیت پێشتر ئاوازدانەرێکی بیانی یان هیی خۆمان ئامادەی کردبێت بۆ مەبەستێکی جیاواز، تۆ بیهێنیت تەوزیفی بکەیتەوە بۆ ناو شانۆییەکەت، بەڵام بەم جۆرە فەبێت بە هیی ئیشەکە خۆی، ئاوازدانەرێک دێت، موزیکێک تایبەت بە نمایشەکەی خۆت، تایبەت بەو ساتانەی کە لە ناو نمایشەکەدا هەیە بۆت دروست دەکات. من و توانا حەمە دانیشتووین قسەمان کردووە، لە کوێدا دەبێت موزیک هەبێت، لە کوێدا دەبێت نەبێت، ئەمەش زۆر یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بینەریش زیاتر ڕاکێشینە ناو ئێشەکەوە.”
هەروەها سەبارەت بە سینۆگرافیای هۆڵ و فەزای ناو هۆڵەکە بۆ نمایشکردن گوتی: ”هەوڵمان داوە وا پیشانی بدەین لە کەشی دەرەوەداین، کەشێکی کراوە، وەک لە باخچەیەکدا بێت، بەڵام باخچە نییە، لمە، ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە مرۆڤ وردە وردە شتەکان لە ناو دەبات. درەختێکمان هەیە وشکە، هیچ ژیانێکی تێدا نەماوە، بەردەوام لە ناو ئیشەکەدا ئاماژەی پێ دەدرێتەوە کە ئەم درەختە سەردەمانێک سێبەرێکی زۆری هەبووە، چەندەها کەس لە ژێر سێبەری ئەم درەختە گەورەیەدا حەساونەتەوە، بەڵام ئێستا هیچ سێبەری پێویست نییە، لەبەر ئەوەی مرۆڤەکان چوونەتە ناو ماڵەکانیان، ماڵە ساردوسڕەکانیان، چوونەتەوە ناو چوار دیوارەکانیان، سروشتیان بەجێ هێشتووە. هەوڵمان داوە سینۆگرافیا تەوزیف بکەینەوە بۆ ناو ئیشەکە و قووڵییەکی زیاتر بدات بە ماناکەی.”

حەمە مستەفا لە ڕابردوودا کاری دەرهێنانی بۆ شانۆییەکانی وشکەساڵی و درۆ و خواحافیز تا نازانم کەی کردووە، کە هەردووکیان لە نووسینی محەمەد یەعقوبین. بیر ئەچیتەوە وەک ئەوەی هەر نەبووبیت سێیەمین کاری دەرهێنانی دەرهێنەر دەبێت. لەسەر تایبەتمەندی و جیاوازیی ئەم ئیشەی لەگەڵ ئیشەکانی پێشوویدا، پێکەنیی و گوتی: ”دڵنیام لە دواییدا زۆر خەڵک قسە لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە من دوو ئیشی ترم کردووە هەردووکیان لە دەقی محەمەد یەعقوبیدا بوون، کە ئیشی سادەن، لە شێوازی نواندن و شێوازی دەرهێنانیشدا قورسیی تێدا نییە، بەڵام ئیشەکان سەرنجڕاکێشن، بەر خەڵک دەکەون؛ وەک ئەوەی کە کاردانەوەی لای بینەر هەبووە. بەڵام ئەم ئیشە زۆر جیاوازە، لەبەر ئەوەی بۆ ئەم ئیشە من هاتووم لە دەقی نووسەرێکی گەورەی جیهانییەوە دراماتورگیم کردووە، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی زۆرم تێیدا کردووە، کارەکتەرم لێی لابردووە و کارەکتەرم بۆی زیاد کردووە، کە ئەمانە بۆ من وەک ئیشکردنی خۆم تازەیە و تا ئێستا نەمکردبوو، شێوازی نواندن و شێوازی دەرهێنانیش جیاوازیی هەیە و شتێکی تازەتر دەبێت بۆ خۆم.”

ڕۆژی ٢٠/١١/٢٠١٧، سەعات ٠٤:٣٠ی عەسر لە هۆڵی ڕۆشنبیریی شاری سلێمانی، یەکەم ڕۆژی نمایشی ئەم بەرهەمەیە و تا ٣٠/١١ بەردەوام دەبێت.

هاوبەشی بکە

Hama Mustafa, Kori Shanoy Ba,