بە ئامادەبوونی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، یەکەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی لە باشووری کوردستان دەستی پێ کرد.
ڕێوڕەسمی دەسپێکردنی فێستیڤاڵەکە بە ئامادەبوونی مەلا بەختیار سەرۆکی بۆردی پشتیوانیی فێستیڤاڵ، بەشێک لە کەسایەتییە بەرچاوە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، مەزهەر خالقیی گۆرانیبێژی ناوداری کورد، فوئاد جەلال بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە، د. سەلاحەدین سەعید سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، ئەندامانی لیژنەی دادوەرانی بەشی جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی فیلمە درێژ و کورتەکانی سینەمای جیهان و سینەمای کوردی، عەبدولی حەمە جوان سەرۆکی بۆردی فێستیڤاڵ، ئەحمەد سالار ئەکتەری ناوداریی سینەمایی و تەلەڤیزیۆنی کوردی، سینەماکارانی ناوخۆیی و بیانی، دانەر عومەر بەڕێوەبەری هونەریی فێستیڤاڵ و ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە هۆگرانی هونەریی سینەما، کاتژمێر رۆژی ١\١٠\٢٠١٦ لە هۆڵی کۆنگرەی زانکۆی سلێمانی لە باشووری کوردستان بەڕێوە چوو.
لە سەرەتادا میوانانی بەشداربوو و ئەکتەر و دەرهێنەرە ناودارەکانی سینەما، شانۆ و تەلەڤیزیۆنی باشووری کوردستان بە ئەسپ و داشقەوە کە یەکێک بووە لە کەرەستە کۆنەکانی گواستنەوە لە شاری سلێمانی، گواسترانەوە بۆ شوێنی ڕێوەڕەسمی فەرشی سووری ئەم فێستیڤاڵە و لە بەرچاوی کامێرای کەناڵە جۆراوجۆرە تەلەڤیزیۆنییەکان و هەروەها وێنەگرانی ئامادەبوو بەسەر فەرشی سووری ئەم فێستیڤاڵەدا تێپەڕ بوون.
لە درێژەدا، شوان عەتووف یەکێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەما و شانۆی کوردی و عێراق و ناوچەکە، بە گوتەکانی خۆی بووە کەسایەتیی دەستپێکی ڕێوڕەسمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکە و لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی: ”ئەم فێستیڤاڵە ئێمە لەگەڵ خۆی بۆ ڕوانینێکی بەربڵاوتر دەبات کە لەسەر بنەمای سینەما و شوناس بونیاد نراوە کە یەکەمین خولی ئەمڕۆ لە شۆنێکی ئاکادیمیا دەست پێ دەکات و قسەی زۆری بۆ ئاسۆکانی سبەی و داهاتوو و خولەکانی دواتری خۆی پێیە.” هەروەها گوتیشی: ”ئێمە لە فیلمەکانماندا بە شوێن سینەمای تێلۆرانسدا دەگەڕێین، دەبێت لە یەکتری خۆش بین و تەحەمولی یەکتری بکەین، چونکە لەم ڕۆژهەڵاتە جەنجاڵی و خوێناوییەدا، ئێمە تەنیا لە ڕێگەی هونەر و بەتایبەت سینەماوە دەتوانین پێ بنێینە ناو دونیایەکی دیکەوە. هیوادارم کە ئەم بەهارەی ئازادیی سینەما لە سینگی سلێمانییەوە بێتە دەرێ و بۆ هەمیشە ئێمە و ئێوەش بە شێوەی ئازادنە و بوێرانە لەم سەکۆی ئازادییەدا کە سینەمایە، چیژیی لێ وەربگرین، چونکە سینەما ئازادی، بوێری، بەردەوامی، ڕوانینی جیاواز، داهێنان و هەقیقەت بە شوێن خۆیدا دێنێت.”
لە درێژەی ئەم ڕێوەڕەسمەدا مەلا بەختیار لە دوای بەخێرهاتنی میوانانی ئامادە بوو لە فێستیڤاڵدا، ئاماژەی بە پێگەی سینەما لە شارستانییەتی مرۆڤایەتیی ئەمڕۆکەدا کرد و گوتی: ”سینەما لە کۆنەوە و لە دەیەی 30ی زایینیدا لە عێراق و هەروەها لە شاری سلێمانی و بەتایبەت لە شاری خانەقین زێدی خۆم بوونی هەبووە، سینەما یەکێکە لە جوانترین لایەنەکانی شارستانییەتی مرۆڤایەتی و هیوادارم کە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی پێگەیەکی بەهێز بۆ داهاتووی سینەما لەم ناوچەیەدا بەدی بێنێت و لە داهاتوودا سەرکەوتنی زیاتر لە بواری هونەر و بەتایبەت سینەمادا ببینین.”
لە بەشێکی دیکە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی فێستیڤاڵەکەدا، دانەر عومەر بەڕێوەبەری هونەریی ئەم فێستیڤاڵە گوتی: ”بۆ بەشداریی لەم فێستیڤاڵە لە لایەن سینەماکارانی 105 وڵاتی جیهانەوە، 7200 فیلم ڕەوانەی نووسینگەی فێستیڤاڵ کرابوو کە لە یەکەمین هەنگاودا کاری ئێمەی تووشی گرفت کرد و بووە هۆی ئەوەی کە بۆ ئەمساڵ و هەروەها ساڵانی داهاتووش بەرنامەیەکی ڕێکوپێکی بۆ دابڕێژین.”
لە درێژەی ئەم میهرەجانەدا گروپی سەمای نەتەوەیی سلێمانی هاتنە سەر شانۆ و تابلۆی گوڵی خوێناوییان پێشکەش کرد و پاشان فیلمی سینەمایی بیرەوەرییەکانی ئەسپە ڕەش لە دەرهێنانی شەهرام عەلیدی و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە، خاتوو دیمەن زەندی ئەکتەری کورد و هەروەها عەزیز چاپلووک ئەکتەری کورد لە بەشی پێشبڕکێی سینەمای کوردی فێستیڤاڵەکە نماییش کرا.
ئەندامانی لیژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی فیلمە درێژەکانی سینەمای جیهان و سینەمای کوردی فێستیڤاڵەکە بریتین لە د. سەربەست ڕەسوول مامۆستای زانکۆ و دکتۆرای سینەما لە باشووری کوردستان، کە سەرۆکی لیژنەی دادوەرانە، شەوکەت ئەمین کورکی دەرهێنەر و سیناریۆنووس لە باشووری کوردستان، توورەج ئەسڵانی بەڕێوەبەری وێنەگرتن، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر لە وڵاتی ئێران، خاتوو کوشلا دیلۆن مونتێر لە وڵاتی نیوزلەندا و کامەران ڕەئووف ئەکتەر و دەرهێنەر لە باشووری کوردستان.
هەروەها ئەندامانی لیژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی کورتەفیلمە نێودەوڵەتییەکان، واتە سینەمای جیهانی ئەم فێستیڤاڵەش بریتین لە د. دڵشاد مستەفا مامۆستای زانکۆ و دەرهێنەر لە باشووری کوردستان، کە سەرۆکی لیژنەی دادوەرانە، رۆتا نۆنیز ئەکتەر لە وڵاتی ئیسپانیا و خاتوو نیکۆڵ گویڵێمێت بەڕێوەبەری هونەری لە وڵاتی ئەمەریکا.
ئەندامانی لیژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی کورتەفیلمە نەتەوەییەکان، واتە سینەمای کوردیی ئەم فێستیڤاڵەش بریتین لە ئاوات عوسمان عەلی دەرهێنەر لە باشووری کوردستان، کە سەرۆکی لیژنەی دادوەرانە، باسم کەهار دەرهێنەر و ئەکتەر لە وڵاتی عێراق و وەفا مەلا ڕەحیم بەڕێوەبەری وێنەگرتن لە باشووری کوردستان.
لە لایەن ئەندامانی لیژنەی دادوەرانی ئەم فێستیڤاڵەوە 14 خەڵات دابەش دەکرێن، لەوانە لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە درێژەکانی سینەمای جیهان و سینەمای کوردی، خەڵاتەکانی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان، باشترین سیناریۆ، باشترین بەڕێوەبەری وێنەگرتن، باشترین مونتاژ و خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لیژنەی دادوەران بە هەڵبژێردراوان پێشکەش دەکرێت. لە بەشی پێشبڕکێی کورتەفیلمەکانی سینەمای جیهان و سینەمای کوردییشدا خەڵاتەکانی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان و خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لیژنەی دادوەران بە براوەکان دەبەخشرێت و هەروەها لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی مەستی فیلمیش خەڵاتێک بە باشترین سیناریۆ پێشکەش دەکرێت و بە بەرهەمهێنانی ئەم کۆمپانیا سینەماییە، ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی داهاتوودا دەکرێتە فیلمی سینەمایی.
لەم فێستیڤاڵەدا بەرهەمی وڵاتانی فەڕەنسا، ئێران، تورکیا، فینلەندا، بەڕیتانیا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، فەڵەستین، بڕازیل، یۆنان، کەنەدا، ئارژەنتین، چین، ئەمەریکا، سوید، سلۆڤانیا، ئیرلەندا، عێراق، ڕوسیا، ئیسپانیا، ژاپۆن، بەلژیکا، ئیتاڵیا، نۆڕوێژ، پورتوگال، هیندستان و باشووری کوردستان بەشدارن.
فێستیڤاڵەکە لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی مەستی فیلم بە بەڕێوەبەرایەتیی فوئاد جەلال و بە بەڕێوەبەری هونەریی دانەر عومەر و بە پێشکەشکردنی خەڵاتی تەها کەریمی و بە ڕێزگرتن لەم سینەماکارە کوردە، بە نماییشی 52 فیلمی درێژی سینەمایی و کورتەفیلم لە سینەماکارانی زیاتر لە 30 وڵاتی جیهان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی فیلمە درێژەکانی سینەمایی و کورتەفیلمەکان لە دوو بەشی پێشبڕکێی سینەمای جیهان و سینەمای کوردی و هەروەها کردنەوەی ۆرکشۆپی پسپۆڕانەی سینەمایی و چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەی زانستی و ئاکادیمیک لە رۆژانی ١-٤/١٠/٢٠١٦ لە زانکۆی سلێمانی لە باشووری کوردستان بەڕێوە دەچێت.
فۆتۆ: مەنسوور جیهانی
لەم لینکەوە زانیاری بەدەستبهێنن:
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.