20/04/2024
DidiMn Logo
Top

دەرهێنەرێکی کورد بە هۆی بڕیارەکەی دۆناڵد تڕەمپەوە ناتوانێت بەشداریی فێستیڤاڵی میامی بکات

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

حوسێن حه‌سه‌ن

دیدی منهۆڵیوود ڕیپۆرتەر

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

 

 

جیهانی فیلم خەریکە یەکەمین لێدانی بەردەکەوێت، بە هۆی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکاوە، تڕەمپ، بۆ ڕێگریکردن لە سەردان و چوونی هاووڵاتیانی حەوت وڵاتی زۆرینەی موسڵماننشین.

 

فێستیڤاڵی فیلمی میامی لە مانگی دواییدا کاری زۆری بۆ ئەوە کردبوو نماییشی فیلمەکەی دەرهێنەری کورد، حسێن حەسەن، ڕەشەبا، لە ئەمریکای باکوور بکات. بەڵام پلانەکان هەمووی هەڵوەشانەوە، پاش ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا، تڕەمپ، بە هۆی دەرکردنی بڕیارێکەوە بە ڕێگریکردن لە حەوت وڵاتی ئیسلامی، کە عێراقیش یەکێکە لەوان. بڕیارەکەی تڕەمپ لەژێر ناوی یاسایەکدا دەری کردووە بە ناوی “پاراستنی نەتەوە لە کردەوە تیرۆریستیەکان”. وڵاتەکانی تریش کە ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە، بریتین لە لیبیا، سۆماڵ، سوودان، سووریا، یەمەن و ئێران.

 

بڕیارە تڕەمپ لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەم یاسایە ئیمزا بکات و ئەوکات فێستیڤاڵەکە و حەسەنی فیلمسازیش بێبەش دەبن لەو کارە هاوبەشەی نێوانیان.

 

جای لاپلانتی، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە، گوتی: “من حەپەساوم کە هونەرمەندان بێدەنگ دەکرێن لە پیشاندانی کارەکانیان. ناتوانین ڕێگە بدەین فیلمسازەکانمان بێدەنگ بکرێن. ئەمە شتێک نییە وا بکات دابنیشین و پاڵی لێبەینەوە و بڵێین ‘باشە’. ئەمە ئەو جۆرە نییە کە ڕۆح و گیانی ئەمریکا لەسەری دەژی.”

 

تەنانەت پێش ئەوەی کە یاساکە دزە بکاتە ناو ڕاگەیاندنەکان، فێستیڤاڵەکە درکی بەوە کردبوو کە شتێک لەئارادەیە، بەوەی حەسەنی فیلمساز لە وەرگرتنی ڤیساکەیدا لە هەولێری پایتەختی کوردستان، کێشەی بۆ دروست کرابوو؛ پێیان ڕاگەیاندبوو کە هەڵەیەک هەیە. کارمەندانی کونسوڵخانەی ئەمریکا ئەوەیان بە حەسەن ڕاگەیاندووە، کە جارێکی تر ناو بنووسێتەوە بۆ وەرگرتنی ڤیسا. ئەو ناوی نووسییەوە، بەڵام هیچ هەواڵێکی بۆ نەهاتووەتەوە.

پۆسته‌ری فیلمی ڕه‌شه‌با

حەسەن لە ئیمەیڵێکدا ئەوەی ڕاگەیاندووە کە “فیلمی ڕەشەبا شتێک بە بینەر دەڵێت کە میدیا ناتوانێت پێی بڵێت. فیلمەکە لە بەشێک لەو نەهامەتییانە وەرگیراوە کە بە هۆی شەڕەوە بەسەر عێراقدا هاتووە. ئەمریکا یاریکەرێکی گرنگە لە شەڕی دژ بە داعشدا. هەر لەبەر ئەوەشە کە حەز دەکەم فیلمەکەم بۆ بینەرانی ئەمریکا نماییش بکەم و باسی ڕووداوی ڕاستی ناو وێنەی فیلمەکە بکەم.”

 

سیوچوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی میامی، لە ٣-١٢\٣\٢٠١٧ دەست بە کارەکانی دەکات و نماییشی کۆمەڵێک فیلمی گرنگ لە سەرانسەری جیهان لەخۆ دەگرێت.

هاوبەشی بکە

Donald Trump, Hussein Hassan, PshtewanKamal, Resheba, The Dark Wind,