28/03/2024
DidiMn Logo
Top

زەریا سامی چوارەم شانۆنامەی داریۆ فۆ دەخاتە سەر تەختەی شانۆ

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منئاراس عەبدولڵا

شانۆیی هەموو دزەکان دز نین، دوایین کاری شانۆیی شانۆکار زەریا سامییە، بڕیارە لە بەرواری ١٠/١٢/٢٠١٦ و ڕۆژانی دوایی لەسەر شانۆی هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی کاتژمێر ٣:٣٠ی پاشنیوەڕۆ نماییش بکرێت. هەموو دزەکان دز نین، لە نووسینی شانۆنامەنووسی ئیتاڵی و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب داریۆ فۆیە و مەریوان هەڵەبجەیی لە زمانی فارسییەوە بۆ کوردیی وەرگێڕاوە و کەسایەتییەکانی ناو شانۆنەماکە لە لایەن چەند شانۆکارێکەوە بەرجەستە دەکرێن.

دەربارەی هەڵبژاردنی ئەم دەقە بۆ نماییشکردن، زەریا سامی دەرهێنەری شانۆییەکە، بۆ دیدی من گوتی: “بۆمن وەک دەرهێنەر هەمیشە ئەو دەقانە سەرنجم ڕادەکێشن و خەون بە کارکردن دەبینم تیایاندا کە زیاد لە چەند چیرۆکێکی تێدا بێت، بوونی ڕووداوی هەمەچەشنە، زمانێکی سادە و تەکنیکی بەرز.”

zarya-sami

زەریا سامی– دەرهێنەری شانۆیی هەموو دزەکان دز نین

سەبارەت بە ستایلی کارکردن لەم نماییشەدا، دەرهێنەر گوتی: “بۆمن لەم کارە و لە کارەکانی پێشوتریشمدا نە خۆم نە ئەکتەرەکانیشم، لە ناو بازنەی قوتابخانەیەک قەتیس ناکەم، هەر تەکنیکێک هەر قوتابخانە و ڕێبازێک خزمەت بە کارەکەمان بکات، ئەوە دەیهێنینە ناو کارەکەمان.”

گوتیشی: “لە یەکەم کارمەوە تا ئەمەی ئێستامان هەمیشە ئەوەم بۆ ئەکتەرەکان دووپات کردووتەوە، شانازی دەکەم بینەر بڵێت نواندن زاڵە بەسەر سەرجەم پێکهاتەکانی تری نماییش. لای من ئەکتەر ڕۆحی نماییشە، بۆیە زۆر بە وردی کارمان لەسەر ئەکتەر و نواندن کردووە، هەمیشە بۆ ئەو تەکنیک و جووڵە و کردارانە دەگەڕێم کە خزمەتێکی گەورە بە ئەکتەر و بە نواندن بکات.”

ئەم بەرهەمە دەبێتە چوارەم شانۆنامەی داریۆ فۆ لە دوای هەرسێ شانۆنامەی بەڕێکەوت مردنی ئەنارشستێک، بۆ شتکڕین نابێت پاڕە بدەین و پەیوەندیی کراوەی هاوسەرێتی، کە زەریا سامی کاری دەرهێنانی بۆ دەکات.

15253393_1370165269700777_5428005328382519077_n

پۆستەری شانۆییەکە

هاوبەشی بکە

Dario Fo, Hamw Dzakan Dz nin, Not All Thieves are Harmful, Zarya Sami,