24/04/2024
DidiMn Logo
Top

سینەماکارێکی کورد لە چاوەڕوانیی لێدانی قامچیدایە

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – لاوک ئەبوبەکر

نووسین لەسەر شار، ناونیشانی ئەو بەڵگەفیلمەیە کە سینەماکاری کورد کەیوان کەریمی، ساڵی ٢٠١٥ لە وڵاتی ئێران دروستی کردووە، لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا نماییش کراوە و خەڵاتێکیشی بردووەتەوە. لە ئێستادا کەیوان لەبەر دروستکردنی ئەم فیلمە، لە گرتووخانەی ئەوینی شاری تارانی وڵاتی ئێران زیندانییە.

پۆستەری نووسین لەسەر شار

بەڵگەفیلمی نووسین لەسەر شار، گێڕانەوە و پیشاندانی نووسینی سەری دیوارەکانی شاری تارانی پایتەختی وڵاتی ئێرانە، لە شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩ەوە تا ئەم چەند ساڵانەی دوایی. بەڵگەفیلمەکە لە ڕێگەی ئەو نووسین و نەخشونیگارانەی بە درێژایی ئەو مێژووە لەسەر دیوارەکانی شاری تاران نووسراون و هەبوون، چ هیی هاووڵاتییانی شۆڕشگێڕ و چ هیی حکومەتە ئیسلامییە یەک لە دوای یەکەکان، ئەو قۆناغە جیاواز و پڕگۆڕانکارییانە دەگێڕێتەوە، کە باری سیاسیی ئێران لە دەستپێکی شۆڕشە ئیسلامییەکەیەوە تا ئەم دواییانە بە خۆیەوە بینویەتی.

کەیوان کەریمی ساڵی ٢٠١٢ دەستی کردووە بە دروستکردنی بەڵگەفیلمی نووسین لەسەر شار و ساڵی ٢٠١٥ کارەکانی تەواو کردووە. هەر دوابەدوای دابەزینی ترایلەری ئەو بەڵگەفیلمە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی یوتیوب لە ساڵی ٢٠١٣دا، بە پاساوی “دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامی” و “سوکایەتیکردن بە پیرۆزییە ئایینییەکان”، کەیوان لە لایەن هێزی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە دەستگیر کرا و پاشان لە ساڵی ٢٠١٥دا لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە، سزای شەش ساڵ زیندانی و لێدانی دووسەد و بیستوسێ قامچیی بەسەردا سەپێندرا، کە دواتر سزای زیندانییەکە بووە ساڵێکی تەعزیری و پێنج ساڵی هەڵپەسێردراو.

 

کەیوان کەریمی

لە دوای دەستگیرکردن و حوکمدانی کەیوان کەریمی، چەندین ڕێکخراو و لایەنی پەیوەندیداری جیهانی پشتگیریی خۆیان بۆ ئەو سینەماکارە کوردە دەربڕی، کە لە ناویاندا ڕێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور و ڕێکخراوی جیهانی قەڵەم هەن. هەروەها دووسەد و بیستوسێ سینەماکاری جیهانی و دەیان پەرلەمانتاری یەکێتیی ئەورووپا دژی ئەو بڕیارەی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەستانەوە.

بەڵگەفیلمی نووسین لەسەر شار تا ڕۆژی دەستگیرکردنی دەرهێنەرەکەی، نماییشی گشتیی بۆ نەکرابوو، بەڵام لە دوای دەستگیرکردنی کەیوان کەریمی، بۆ بەرپەرچدانەوەی هەوڵی لەناوبردنی کاریگەریی بەڵگەفیلمەکە، لە شاری پاریسی پایتەختی وڵاتی فەڕەنسا، بەڵگەفیلمەکە لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی بەرفراواندا نماییشی گشتیی بۆ کرا و دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

ڕائۆل ڤانئیخم، یەکێک لە ئەندامە دێرین و چالاکەکانی بزووتنەوەی ستیوانستیی جیهانی، کە ئامادەبووی ئەو نماییشە گشتییەی بەڵگەفیلمی نووسین لەسەر شار بوو، دوای بینینی فیلمەکە نامەیەکی بۆ کەیوان نووسی، کە لە دێڕێکیدا دەڵێت: “ئێمە ئارەزووی ئەو فیلمانە ناکەین کە دەیانەوێت ویژدانی خەڵک بخەوێت، ئەو فیلمانەی ئێمە دەمانەوێن و نووسین لەسەر شاریش لەوانەیە، ئەو فیلمانەن کە پرسیار دروست دەکەن و وەڵام نادەن.”

 

بەڕێوبەری هەفتەی ڕەخنەگرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس، جۆنا نازارۆ، لە نووسینێکدا دەرباری بەڵگەفیلمەکە، کەیوان کەریمی بە “بەرەنگاریکار” و فیلمدروستکەرێکی “داهێنەر” پەسن دەکات، باسی گرنگیی دروستکردنی ئەو بەڵگەفیلمە بۆ ڕاستیی گێڕانەوەی مێژووی سی ساڵی وڵاتی ئێران دەکات و دەڵێت: “نووسین لەسەر شار یەکێکە لە هەرە باشترین بەڵگەفیلمە ئێرانییەکان لە چەند ساڵی ڕابردوودا.”

یەکێک لە ڕەخنەگرانی سینەما، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئیسپانیی ئێل دیاریۆ، باس لە کۆدە گرنگەکانی بەڵگەفیلمی نووسین لەسەر شار دەکات و دەڵێت: “پانتاییەکەی کەریمی پێویستی بە لێتێگەیشتن و شیکردنەوە هەبوو، بەڵام حکومەتی وڵاتەکەی، کە حەزی بە مەتەڵ نییە، دەیەوێت ویستی زانینەکەی ئەو سزا بدات.”

لە دوای دروستکردنی و بەشداریکردنی لە چەندین فێستیڤاڵی جیهانیدا، بەڵگەفیلمی نووسین لەسەر شار لە هیچ یەکێک لە شارەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان نماییشی گشتیی بۆ نەکرا و لە لایەن هیچ یەکێک لە لایەنە فەڕمی و نافەڕمییەکان، چالاکی بۆ بەرپەرچدانەوە و دروستکردنی لۆبی لە دژی دەستگیرکردنی کەیوان کەریمی ڕێک نەخرا. کاوە قوڕەیشی، هاوڕێی کەیوان و چالاکوانی کوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا، لە نووسراوێکدا کە کۆپییەکی دەست دیدی من کەوتووە و باسکردنە لە بێهەڵوێستیی هاووڵاتییان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی باشووری کورستان بەگشتی و سینەماکارانی بەتایبەتی لە ئاست مەڕاسیمێکی ڕێکخراو بۆ پاڵپشتیی لە کەیوان کەریمی لە شاری سلێمانیی باشووری کوردستان، دەڵێت: “چاوه‌ڕێ ده‌كرا كۆمه‌ڵگەی سینه‌مایی و سینه‌ماكارانی كورد، ئه‌م بۆنەیە به‌ هه‌ل بزانن و به‌شداریی تێدا بكه‌ن، به‌ڵام وا دیاره‌ كه‌س تا ئێستا به‌ نموونه‌ هه‌وڵی بۆ پشتیوانیكردن له‌ كه‌یوان بە نووسینی بەیاننامەیەک نەداوە. دیاره‌ چاوه‌ڕێی زیاتر له‌وانه‌ ناكرێت و ئه‌وان ته‌نیا كاتێک ئاماده‌ن پچنه‌ پشت پڕۆژه‌یه‌كه‌وه،‌ كه‌ پاره‌ی تێدابێت و خۆیانی تێدا زل ببنه‌وه‌. بۆیه‌ ڕووی ئه‌م نووسینه‌ له‌ ئێوەی سینه‌مادۆستانە، كه‌ به‌بێ بوونتان سینه‌ما له‌ بنه‌ڕه‌تدا مانای نییه‌. ئێوەن له‌ ڕاستیدا مانا به‌ سینه‌ما ده‌ده‌ن، نه‌ک ئه‌وانه‌ی به‌ پاره‌ی نه‌وتی كه‌رکووک و له‌ ئاخوڕی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌ نه‌وتییه‌كان ده‌خۆن و خۆشیان به‌ سینه‌ماکا‌ر و ده‌رهێنه‌ر و به‌رپرس به‌ ئێمه‌ ده‌فرۆشنه‌وه‌.”

بەڵام دوابەدوای ئەو لۆبیکردنانەی دوای ساڵێک لە دەستگیرکردنی کەیوان کەریمیی دەرهێنەری بۆ ئازادکردنی کران، سینەما سالم لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان، بۆ یەکەم جار لە دوای نماییشە گشتییەکەی شاری پاریسی وڵاتی فەڕەنسا و بۆ یەکەم جار لە شارێکی کوردی، شەوی ١٧\١٢\٢٠١٦ لە مەڕاسیمێکدا بەڵگەفیلمەکەی هاوشان لەگەڵ دوو کورتەفیلمی دیکەی دەرهێنەر، نماییش کرد.

مەڕاسیمەکە، کە بە ئامادەیی بینەرانی سینەما و چەند سینەماکار و ڕۆشنبیرێکی باشووری کوردستان بەڕێوە چوو، پێک هاتبوو لە خوێندنەوەی گوتاری سینەما سالم بۆ پشتگیریی لە کەیوان کەریمی وەک ناوەندێکی سینەمایی لە باشووری کوردستان، کە تێیدا هاتبوو: “سینه‌ما سالم وه‌ک ناوه‌ندێكی سینه‌مایی كوردی، ده‌ستبه‌سه‌ربوونی ئه‌و سینه‌ماکا‌ره‌ به‌ توندی مه‌حكوم ده‌كات و داوا له‌ هه‌موو هونه‌ردۆستان و سینه‌مادۆستانی كورد له‌ هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان ده‌كات، سه‌باره‌ت به‌ زیندانیبوونی كه‌یوان كه‌ریمی بێده‌نگ نه‌بن و هه‌وڵ بده‌ن به‌ شێوازی جۆراوجۆر پشتیوانیی لێ بكه‌ن.” هەروەها کۆکردنەوەی واژۆ بۆ دروستکردنی لۆبی و دەنگخستنەپاڵ هەموو ئەو ڕێکخراو و لایەنانەی کە لە هەوڵدان بۆ فشارخستنەسەر حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئازادکردنی کەیوان کەریمی.

کەیوان کەریمی ساڵی ١٩٨٥ لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی لە زانکۆی تاران تەواو کردووە. دەستپێکی کاری سینەمایی کەیوان لە ساڵی ٢٠٠٣وە بوو، کە لە ماوەی چەند ساڵێکدا چەند کورتەفیلمێکی دروست کرد، ئەوانیش کانکس دژی بوومەلەرزە، پیاو و دەبە، منداڵانی کوێر، سنووری شکاو، جووڵە و ماجەرای ژنومێردی کرێکار. فیلمی تەپڵ، کە دوای بەڵگەفیلمی نووسین لەسەر شار لە ساڵی ٢٠١٦دا بەرهەم هێنرا، یەکەم فیلمی درێژ و دوا کاری سینەمایی کەیوان کەریمییە، کە بە نهێنی لە شاری تاران کاری وێنەگرتنی بۆ کرا.

 

هاوبەشی بکە

Keiwan Kerimi, LawkAbubakir, Writing on the city,