دیدی من – دهۆک ئای ئێف ئێف
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال
ڕۆژی یەکشەممە، بەرواری ٢٦\٧\٢٠١٦، هەواڵی ڕاگرتنی چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک بە هۆی نەبوونی هاوکاری و قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستانەوە بڵاو کرایەوە. ئەم هەواڵە بینەرانی فێستیڤاڵەکە و خەڵکی بەگشتی تووشی شۆک کرد و هەموان بە جۆرێک لە جۆرەکان کاردانەوەی خۆیان دەربارەی ڕاگرتنی ئەو فێستیڤاڵە پیشان دا. فێستیڤاڵەکە لە لایەن ڕۆژنامەنووسان و فیلمساز و هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی کوردستان و نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی کرا و دەنگەکان داوای ئەوەیان دەکرد کە فێستیڤاڵەکە بەردەوام بێت بۆ بەردەوامبوونی کاریگەریەکانی ئەو چالاکییە بۆ سەر تەواوی کۆمەڵگە و ناوچەکە.
چەند کەمپینێک دروستبوون و سەدان کەسایەتیی هونەری و سینەماییش پشتیوانیی خۆیان بۆ فێستیڤاڵەکە دەربڕی و واژۆیان بۆ پشتیوانی لەم فێستیڤاڵە کۆ کردەوە، هەروەها لە ڕۆژی سێشەممە خەڵکی دهۆک کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و داوای بەردەوامبوونی فێستیڤاڵەکەیان دەکرد.
ئەم کەمپەین و کاردانەوانە کاریگەرییەکی بەهێزی بۆ سەر ڕێکخەران و حکومەتی هەرێم دروست کرد تا لەم هەلومەرجە خراپەی ئابووریدا بەردەوامی بە فێستیڤاڵەکە. ئەمەش پاش ئەوە دێت کە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ پارێزگاری دهۆک، فەرهاد ئەترووشی، بۆ قسەکردن سەبارەت بە بەردەوامیی فێستیڤاڵەکە و چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەنجام درا، کە پاش ئەو کەمپەین و پشتگیرییە بەهێزەی سینەماکارانی ناوخۆ و دەرەوە بۆ ئەم فێستیڤاڵەیان پیشاندا. هەر بەو جۆرە بوو کە پارێزگاری دهۆک بەردەوامبوونی فێستیڤاڵەکەی ڕاگەیاند و هەموو پشتگیرییەکی بۆ فێستیڤاڵەکە و بەردەوامبوونی پیشان دا.
بەرپرسانی فێستیڤاڵەکە دەیانەوێت سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بکەن بۆ پشتگیریی بەردەوامیی بۆ فێستیڤاڵەکە و بە هۆکاری سەرەکیی بەردەوامبوونی فێستیڤاڵەی دەزانن، بەرپرسانی فێستیڤاڵەکە سوپاسی فەرهاد ئەترووشی، پارێزگاری دهۆکیش دەکەن و پێیان وایە کە ئەو بووەتە هۆکاری ئەوەی کە فێستیڤاڵەکە نەمرێت، هەروەها سوپاسی خالید دۆسکی، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان دەکەن بۆ ئەو هاوکارییانەی پێشکەشی فێستیڤاڵەکەی کردوون.، سوپاسی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و ماڵی سینەمای سلێمانییش دەکەن بۆ پشتگری و هاوکارییەکانیان.
لە کۆتاییدا، سوپاسێکی تایبەتی خەڵکی دهۆک دەکەن بۆ کەمپینی پشتگیریکردنیان، بە هۆی ئەوەی ئەوان سەلماندیان کە ئەم فێستیڤاڵە هیی هەمووانە، هەروەها دادوەران و فیلمسازان و بەشداربوانیش، بە هۆی ئەوەی لە دۆخەکە تێگەیشتوون،. هەر لەبەر ئەم هۆکارانە بەردەوامیی چوارەمین فێستیڤاڵی دهۆک لە لایەن ئەیووب ڕەمەزان، سەرۆکی فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک ڕاگەیەندرا، کە بڕیارە لە بەرواری ٩-١٦\٩\٢٠١٦ئەنجام بدرێت.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.