20/04/2024
DidiMn Logo
Top

فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیسیا بە فیلمەکەی ڕایان گۆسلینگ و ئێما ستۆن دەست پێدەکات

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من– لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیسیای ئەمساڵ بە فیلمە ڕۆمانسییە موزیکاڵەکە، خاکی لا لا، کە لەلایەن دەرهێنەری فیلمی ویپلاش، دامیان گازێڵ، دەرهێنانی بۆ ئەنجامدراوە، دەستپێدەکات.

فیلمەکە هەردوو ئەکتەری بەتوانا ڕایان گۆڵدین و ئێما ستۆن ڕۆڵی تێدا دەگێڕن، فیلمەکەش وەک ستایشێکە بۆ سەردەمی زێڕینی ژانری موزیکاڵی هۆڵیوود. بڕیارە فیلمەکە لە ٣١ی ئۆگەستی ئەمساڵدا لە فێستیڤاڵی فیلمی فێنیسیادا نمایش بکرێت. سەرۆکی لیژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵەکە سام مێندزە.   

گۆسلینگ ڕۆڵی پیانۆژەنێکی جاز دەگێڕێت کە عاشقی نواندنە بەرزەکەی ستۆن دەبێت بەڵام هەردووکیان ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە کاتێک زیاتر بەرەو سەرکەوتن هەنگاو دەنێن. جەی کەی سیمۆنس، کە بۆ ڕۆڵەکەی لە فیلمی ویپلاش دا خەڵاتی بەدەستهێنا، هەروەها جۆن لیجەندی گۆرانیبێژ ڕۆڵ دەگێڕن.

ئەلبێرتۆ باربێرا، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی ڤێنیسیا، دەڵێت، “ئەم فیلمە ژانری موزیکاڵی داناهێنێتەوە، بەڵکو دەستپێکێکی نوێی پێدەبەخشێت.” بەردەوام دەبێت و دەڵێت، “ئەگەر فیلمی ویپلاش فیلمێک بێت بۆ دەرخستنی ئەم دەرهێنەرە، ئەم فیلمە نوێیە بۆ دەرهێنەر دەبێتە ناسنامە.”

ساڵی ڕابردوو فێستیڤاڵەکە بە فیلمی ئێڤەرێست دەستیپێکرد، کە هیچ دەنگدانەوەیەکی لەنێو ڕەخنەگراندا دروست نەکرد، بەڵام ساڵانی پێشوو فێستیڤاڵەکە بە فیلمەکانی براوەی خەڵاتی ئۆسکار دەستیان بە چالاکیەکانیان کرد.

گازێڵی تەمەن ٣١ ساڵ بە فیلمی ویپلاش ناوی خۆی وەک دەرهێنەرێکی باش ناساند کە بەهۆیەوە توانی سێ خەڵاتی ئۆسکار بەدەستبهێنێت و بۆ دوو خەڵاتی تریش پاڵێوراوبوو.

گۆسلینگ لە ماوەی پێشوودا لە فیلمی ئەکشنی کۆمیدیی، پیاوە باشەکان، بەشداری کردووە و لە دواتریشدا بڕیارە لە فیلمی بێ کێشی تێرەنس مالیک دا ڕۆڵ بگێڕێت. دواهەمین کاری ستۆن بریتییە لە بەشداریکردنی لە فیلمی کۆمیدیی ئەلۆهای کامیرۆن کڕۆودا.

 

سەرچاوە: زە گاردیان

هاوبەشی بکە

Damien Gazelle, La La Land, PshtewanKamal, Whiplash,