24/04/2024
DidiMn Logo
Top

كامێراكه‌ی شیندۆ ئازاری هیرۆشیما ده‌چێژێت

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

سەرکەوت جەبار

شیندۆ ده‌رهێنه‌رێكی گومناوه‌ و كه‌مترین كات باس ده‌كرێت، هیچ فیلمێكی له‌ لیستی ده‌رهێنه‌ره‌كاندا نییه‌ بۆ باشترین فیلمی مێژووی سینه‌ما، ته‌نانه‌ت له‌و لیسته‌ی كه‌ كورۆساوا وه‌ک سه‌د باشترین فیلمی مێژووی سینه‌ما داینا، هیچ فیلمێكی شیندۆی تێدا نییه‌. لێره‌ش فیلمه‌كانی كه‌م بینراون، یان هه‌ر نه‌بینراون. شیندۆ سه‌د ساڵ ژیا و زیاتر له‌ شه‌ست ساڵی ته‌مه‌نی كاری له‌ سینه‌مادا كرد، چلوپێنج فیلمی دروست كرد و شاكارترین فیلمه‌كانی به‌ بڕوای من: منداڵانی هیرۆشیما، كۆرۆنیكۆ، ئۆنیبابا، دورگه‌ی ڕووت، دره‌ختی بێ گەڵان. ئه‌گه‌رچی فیلمی منداڵانی هێرۆشیما فیلمێكی ئه‌زموونی بوو بۆ شیندۆ، به‌ڵام یه‌كێكه‌ له‌و باشترین فیلمانه‌ی تا ئێستا ده‌رباره‌ی ئازاری مرۆڤ دروست کرابێت. شیندۆ خۆی منداڵی هێرۆشیما بوو، له‌وێ له‌دایک بوو، هه‌ر له‌وێش له‌ ته‌مه‌نی سه‌د ساڵیدا مرد. فیلمی منداڵانی هێرۆشیما گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ئازاری میلله‌تێک، پاشان بۆ ئازاری ده‌رهێنه‌رێک، كه‌ منداڵیی له‌و شاره‌ به‌سه‌ر برد و دواتریش بوو به‌ ئازارێكی هه‌میشه‌یی بۆ شیندۆ. تاكاكۆ ده‌یه‌وێت سه‌ردانی شاری هێرۆشیما بكات، چونكه‌ ئه‌ویش هاوشێوه‌ی شیندۆ له‌و شاره‌ له‌دایک بووه‌. شیندۆ ڕاسته‌وخۆ تراژیدیای هیرۆشیما ناگێڕێته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی تاكاكۆوه‌ بۆ ڕۆژانی هه‌رزه‌كاریی خۆی و بینینی كاره‌ساته‌كه‌وه‌ تراژیدیای هیرۆشیما پیشانی بینه‌ر ده‌دات. شیندۆ پێمان ده‌ڵێت بیره‌وه‌ری چه‌ندێک پێویسته‌، هێنده‌ش ئازارده‌ر و جه‌رگبڕه‌. فیلمه‌كه‌ كه‌مترین گرته‌ی تێدایه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوه‌كه‌، چه‌ند گرته‌یه‌ک به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تراژیدیترین ڕووداوی مێژوو ببینین، كامێراكه‌ی شیندۆ ده‌بێته‌وه‌ به‌ خۆی، وه‌ک شیندۆ ئازار ده‌چێژێت، به‌رده‌وام كامێرا ده‌جوڵێت، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ی ڕووداوه‌كه‌ پیشان ده‌درێت، كامێراكه‌ش وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ پرسه‌یه‌كدا بێت، له‌ جووڵه‌ ده‌كه‌وێت. كامێراكه‌ی شیندۆ سه‌یری ئازاره‌كانی خه‌ڵكی هیرۆشیما ده‌كات. دیمه‌نی گینگڵدانی باڵنده‌ی ناو قه‌فه‌زه‌كان، جه‌سته‌ی سوتاوی منداڵ و ژنه‌كان، په‌ژمورده‌بوونی گوڵه‌كان، كاولبوونی بیناكان، به‌هه‌ڵمبوونی پیاوێک، فیلمه‌كه‌ ده‌كات به‌ شاكارترین فیلمی شیندۆ. دیسانه‌وه‌ كامێرا ده‌ست ده‌كات به‌ جووڵه‌، تاوه‌كو زۆرترین به‌ركه‌وتووی ئه‌و چه‌كه‌ كۆمه‌ڵكوژه‌ بدۆزێته‌وه‌، كامێراكه‌ی شیندۆ به‌ شه‌قامه‌كانی هیرۆشیمادا شانبه‌شانی تاكاكۆ ده‌گه‌ڕێت، له‌ناكاو ئیوا سان ده‌بینێت، كه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان كه‌وتووه‌ و سواڵ ده‌كات. له‌م دیمه‌نه‌وه‌ جارێكی تریش شیندۆ تراژیدیای خه‌ڵكی هیرۆشیما ده‌خاته‌وه‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما و دواتریش ده‌یگوێزێته‌وه‌ بۆ ئێمه‌. ئیوا سان دۆستی پێشووتری تاكاكۆیه‌، به‌ڵام كاتێک ده‌بینێت، خۆی له‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان خه‌ریكی سواڵكردنه‌، پێی شه‌رمه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات، خۆی ده‌گۆڕێت و نایه‌وێت تاكاكۆ بیناسێته‌وه‌. كاتێک  تاكاكۆ ده‌یه‌وێت چاوی به‌ ژن و منداڵه‌كه‌ی ئیوا سان بكه‌وێت، ئیوا سان ده‌ست ده‌كات به‌ گێڕانه‌وه‌ی نه‌هامه‌تی و ئازاره‌كانی. بیره‌وه‌ری وه‌ک دێوه‌زمه‌یه‌ک له‌م فیلمه‌دا به‌ جوانترین شێوه‌ ته‌وزیف كراوه‌؛ شیندۆ به‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ڕابردوو، هه‌م ئازاری خۆی، هه‌م ئازاری كاره‌كته‌ره‌كانی ده‌دات، به‌ڵام ئه‌و ناچاره‌ تا ئه‌م تراژیدیایه‌ بخاته‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما.  ئیوا سان كاره‌كته‌رێكی دیكه‌ی فیلمه‌كه‌یه‌ تا مردنی زۆربه‌ی ڕووداوه‌كان به‌ ده‌وری ئه‌م كاره‌كته‌ره‌دا ده‌سوڕێنه‌وه‌. بارودۆخی خه‌ڵكی هیرۆشیما دوای ئه‌و كاره‌ساته‌ خراپتر بوو، خه‌ڵكی زۆربه‌ی به‌ هۆی ئاسه‌واره‌كانی ئه‌و بۆمبه‌وه‌ ده‌یانناڵاند، ئه‌م هه‌موو ئازاره‌ له‌ كاره‌كته‌ری ئیوا ساندا به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، ئه‌و جگه‌ له‌نه‌وه‌كه‌ی، تارو، هیچ كه‌سێكی له‌ خێزانه‌كه‌ی بۆ نەماوەتەوە، دوا یادگاریی خێزانه‌كه‌ی تارووە، تارو ئه‌و منداڵه‌ بچكۆله‌یه‌ی كه‌ ده‌بێته‌ قوربانیی شه‌ڕه‌كان. ئه‌گه‌رچی ته‌نها شیندۆ ڕووداوه‌كان و تراژیدییه‌كان ده‌گێڕێته‌وه‌ و پیشانی بینه‌ری ده‌دات، به‌ڵام هه‌ست به‌ نەفرەت و بێزاریی شیندۆ سەبارەت بە مرۆڤەکان دەکرێت.

چه‌ند ساڵێك دواتر فیلمی كۆرۆنیكۆ دروست ده‌كات، به‌ ئاشكرا هه‌رچی پیسی و قێزه‌ونی كۆمه‌ڵگه‌ی ژاپۆنی هەیە دەیکاتە فیلم.

ئەوەی فیلمەکە دەکات بە شاکارێکی گەورە، کلۆز ئەپی کۆتاییی فیلمەکەیە؛ تاکاکو کاتێک دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ تۆکیۆ و کاتێکیش کە دەیەوێت سواری ئەو بەلەمە ببێت کە دەیگەیەنێتەوە تۆکیۆ، دەنگی چەندفڕۆکەیەک دەبیستێت. شیندۆش بۆ پیشاندانی ترس و قەلەقییەکانی کارەکتەرەکەی کلۆز ئەپێکی ڕوخساری دەگرێت، تا ئەوەمان پیشان بدات هەر کاتێک فڕۆکەیەک بەسەر ئاسمانی هێرۆشیمادا بڕوات، ترسی ئەوە هەیە هێرۆشیمایەکی تر ڕوو بداتەوە.

 

هاوبەشی بکە

Hiroshima, Sarkawt Jabar, Shindo,