19/04/2024
DidiMn Logo
Top

ماڵێک بێ سەقف لە فێستیڤاڵی فیلمی میونیخ بەشدارە

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئینستیتوتی فیلمی دۆحە – ئیسێنس فیلم
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

فیلمی درێژی ماڵێک بێ سەقف‌ـی دەرهێنەر سۆلین یوسف، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی میونیخ نماییش دەکرێت. فیلمەکە لە باشووری کوردستان و شاری شتوتگارت لە ئەڵمانیا وێنە گیراوە. فێستیڤاڵەکە لە بەرواری ٢٣\٦ـەوە دەستی پێ کردووە و بڕیارە لە بەرواری ٢\٧ـدا کۆتایی بە چالاکییەکانی بهێنێت.

hod_still_1-crop-u146493

چیرۆکی فیلمەکە:

ماڵێک بێ سەقف گەشتی ئالان، جان و لیا دەگێڕێتەوە، سێ خوشک و برا کە لە باشووری کوردستان لە دایکبوون و لە ئەڵمانیاش گەورە بوون. ئەم سیانە دەبێت دواهەمین خەونەکانی دایکیان بهێننە دی، کە ئەویش بریتییە لەوەی لە گوندەکەیان لە کوردستان لە تەنیشت باوکیان بنێژرێت. باوکیان پێشتر لە لایەن ڕژێمی سەدام حسێن‌ـەوە شەهید کراوە. لەم گەشتە ئۆدیسەیەیاندا لە کوردستان، ئەوان تەنها ڕووبەڕووی خێزانە گەورە کوردییەکەیان نابنەوە، کە نایانەوێت تەرمی دایکیان لە نزیک باوکیان بنێژرێت، بەڵکو ئەم سیانە ڕووبەڕووی یەکتریش دەبنەوە، لە کاتێکدا ئەم سیانە بە تێپەڕبوونی کات لە ڕووی دەروونییەوە دابڕاون لە یەکتری. لەم گەشتە تایبەتەیاندا، بە شوێن نیشتیمان، ناسنامە و ڕێگەی زانیندا دەگەڕێن. ئەوان پێدەکەنن، شەڕ دەکەن، دارەمەیتەکەی دایکیان ون دەکەن، ئازاری یەکتری دەدەن و دەگرین، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوەی دەیانەوێت بە دەستی دەهێنن و زیاتر وەک خێزانێک نزیکی یەکتر دەبنەوە.

hod_still_3-crop-u146475

دەربارەی دەرهێنەر:

سۆلین یوسف لە شاری دهۆک لە باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٨٧ لەدایک بووە. لە تەمەنی نۆ ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەیدا بە هۆی بارودۆخە سیاسیەکانی ئەو کاتە، ڕوو دەکەنە ئەڵمانیا. پاش تەواوکردنی قۆناغی دواناوەندی پەیوەندی دەکات بە ئەکادیمیای هونەری شانۆ و وەک گۆرانیبێژێک و خانمە ئەکتەرێک ڕاهێنان دەکات. لەگەڵ ئەوەدا وەک یاریدەدەری بەرهەمهێن بۆ یەکەمین ڕیکلامی میتۆس فیلم کار دەکات. لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە لە ئەکادیمیای فیلمی بادن ورتنبێرگ بۆ دەرهێنانی فیلمی درێژ دەخوێنێت و کاری لە چەند کورتە فیلمێکدا کردووە، کە لە چەندین فێستیڤاڵی گرنگی نێودەوڵەتی پیشان دراون. لە ئێستادا ئەم خانمە دەرهێنەرە لە نێوان ئەڵمانیا و کوردستاندا کار دەکات و دەژی.

hod_still_5-crop-u146495

دەربارەی کۆمپانیای بەرهەمهێنەر:

میتۆس فیلم کۆمپانیایەکی سەربەخۆی بەرهەمهێنە لە بەرلین و هەولێر کارەکانی خۆی ئەنجام دەدات. فیلمی درێژ و دیکیۆمێنت دروست دەکەن، کە کوالیتییەکی بەرزی هونەرییان هەیە و چیرۆکی گرنگ دەگێڕنەوە. ئامانجەکانی ئەوان بریتییە لەوەی کە فیلمەکان بگەنە بینەرانی فیلم لە سەرانسەری جیهاندا، ئامانجی سەرەکیشیان بریتییە لەوەی پردێک لە نێوان کلتووری کوردی و ئەوروپیدا دروست بکەن و پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوانیاندا دروست بکەن.

ترەیلەری فیلمەکە ببینن:

دەرهێنەر و سیناریست: سۆلین یوسف

بەرهەمهێنان: میتۆس فیلم بە هاوکاری سور، ئاڕتێ

کاست: مورات سێڤەن، سوسان سایان، مینا ئۆ سادیچ، وێداد سەبری، ئەحمەد زیرەک، فەیاز دومان و حسێن حەسەن.

بەرهەمهێنەر: مەهمەت ئاکتاش

 

هاوبەشی بکە

House Withoout Roof, PshtewanKamal, Soleen Yousif,