27/04/2024
DidiMn Logo
Top

ماڵێک بێ سەقف لە فێستیڤاڵی میونیخ خەڵات کرا

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – فێستیڤاڵی فیلمی مونیخ
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

فێستیڤاڵی فیلمی میونیخ ٣٤ـەمین خولی خۆی لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ئەنجام دا و ٢٠٧ فیلم لە ٦٢ وڵاتی جیاوازەوە بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کردبوو. فیلمی ماڵێک بێ سەقف‌ـی دەرهێنەری کورد سۆلین یوسف بەشداری فێستیڤاڵەکەی کرد و خەڵاتی باشترین بەرهەمهێنانی پێ بەخشرا.
13559138_1217135414965211_1467261706107374530_o

خەڵاتی باشترین بەرهەمهێنان بەخشرایە هەریەکە لە جانا ڕاشکە و ئیگۆر دۆڤگاڵ بۆ فیلمی ماڵێک بێ سەقف‌ـی سۆلین یوسف. ماڵێک بێ سەقف گەشتی ئالان، جان و لیا دەگێڕێتەوە، سێ خوشک و برا کە لە باشووری کوردستان لەدایک بوون و لە ئەڵمانیاـش گەورە بوون. ئەم سیانە دەبێت دواهەمین خەونەکانی دایکیان بهێننە دی، کە ئەویش بریتییە لەوەی لە گوندەکەیان لە کوردستان لە تەنیشت باوکیان بنێژرێت. باوکیان پێشتر لەلایەن ڕژێمی سەدام حسێن‌ـەوە شەهید کراوە. لەم گەشتە ئۆدیسەیەیاندا لە کوردستان، ئەوان تەنها ڕووبەڕووی خێزانە گەورە کوردییەکەیان نابنەوە، کە نایانەوێت تەرمی دایکیان لە نزیک باوکیان بنێژرێت، بەڵکو ئەم سیانە ڕووبەڕووی یەکتریش دەبنەوە، لە کاتێکدا ئەم سیانە بە تێپەڕبوونی کات لە ڕووی دەروونییەوە دابڕاون لە یەکتری. لەم گەشتە تایبەتەیاندا، بە شوێن نیشتیمان، ناسنامە و ڕێگەی زانیندا دەگەڕێن. ئەوان پێدەکەنن، شەڕ دەکەن، دارە مەیتەکەی دایکیان ون دەکەن، ئازاری یەکتری دەدەن و دەگرین، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوەی دەیانەوێت بە دەستی دەهێنن و زیاتر وەک خێزانێک نزیکی یەکتر دەبنەوە. ئەم خەڵاتە لە چوارچێوەی ئەو خەڵاتانەدا بوو کە بەخشرایە دەرهێنەرە لاوەکان و وەک بەهرەمەندی نوێ توانیویانە کاری باش ئەنجام بدەن.

427516_195513627219188_1197720373_n

سۆلین یوسف ئەم فیلمەی وەک پڕۆژەی کۆتاییی دواهەمین ساڵی خوێندنی خۆی لە ئەکادیمیای فیلم ئەنجامداوە و توانی یەکێک لە خەڵاتە گرنگەکان کە بڕی پارەکەی ٢٠،٠٠٠ یۆرۆیە لە فێستیڤاڵی میونیخ بەدەست بهێنێت، کە ئەم فێستیڤاڵەش لە پاش فێستیڤاڵی بەرلین بەناوبانگترین فێستیڤاڵی وڵاتی ئەڵمانیاـیە.

هاوبەشی بکە

House Withoout Roof, PshtewanKamal, Soleen Yousif,